مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆککۆمارێکی هەڵگەڕاوە لە سیاسەتی وڵاتەکەی

2021-06-14

فەرەیدون بێوار

مەحمود ئەحمەدی نەژاد کە بۆ دوو خول سەرۆک کۆماری ئێران بوو، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش خۆی کاندید کرد، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژوەندییە باڵاکانی ئێران رەتکرایەوەو بە شیاوی سەرۆککۆماری نەزانرا.


مەحمود ئەحمەدی نەژاد، بەردەوام رەخنەی لەسیاسەتی وڵاتەکەی بەتایبەتی حەسەن رۆحانی گرتووەو پەردەی لەسەر چەند رووداوێکی نهێنی هەڵداوەتەوە، بەتایبەتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی نهێنی ئیسرائیل لەناو ئێران پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێت "چەند دۆسیەیەکی ئەتۆمی دزراون".

ئەوەی ئاشکراکردووە، ئیسرائیلیەکان هاتوونەتە تۆرقۆز ئاباد و ئەو کارەیان ئەنجامداوە و چەندین بەڵگەشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

هاوکات باسی لەوەشکردووە، ئەو بەڵگەنامانە لە کۆگای نوسینگەی سەرۆکی ڕێکخراوی سیستمی ئاسمانییدا بووە، چونەتە ژوورەوە و کۆگاکەیان کردووەتەوە و بەڵگەنامەکانیان بردووە و مافیاکانی دەزگا ئەمنیەکانیش ئەو ڕوداوەیان شارودووەتەوە و زانیاری درۆو ناڕاستیان داوە بە وەزیر بەوەی کە ڕوداوێکی دزی ئاسایی بووە.

،،

هەفتەی رابردوو ئەحمەدی نەژاد، ڕەخنەی لە دەزگای هەواڵگری ئێران گرت و وتی "تەنانەت لەبەردەم دەرگای ماڵە تایبەتیەکەشمدا کامێرای چاودێریان داناوە، مافیای ئەمنی دەیانەوێت هەڕەشەکان بکەنە بابەتێکی کەسی".

هەروەها دەشڵێت "باشترە دەزگا ئەمنیەکان گرنگی بە دامەزراوە ئەتۆمیەکان بدەن لەجیاتی ئەوەی گوێ لە خەڵک بگرن".

سەبارەت بەرەتکردنەوەی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران راگەیاندووە "داوا لە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێستا دەکەم دەستلەکار بکێشێتەوە، سەبارەت بە هۆکاری رەدکردنەوەم لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانەوە بۆ کاندیدی سەرۆکایەتیی ئاگادارنیم، هەروەها بێدەنگ نابم و هەڵوێستی یەکلاکەرەوەم دەبێت".

هاوکات رەخنەش لەرۆحانی سەرۆککۆماری ئێران دەگرێت و دەڵێت "دۆخی سیاسیی و ئابووری و ئیداریی ئێران زۆر خراپە و حکومەتەکەی رۆحانی بەرەو رووخان هەنگاو دەنێت، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتییدا رێژەی بەشداریکردن زۆر کەمدەکات و کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

پێشتریش ئەحمەدی نەژاد ئەوەی راگەیاندبوو "ئەگەر کاندیدبوونم قبوڵ نەکرێت و رەتبکرێتەوە، هەڵبژاردن قبوڵ ناکەم و بەشداری تێدا ناکەم، تەنانەت پاڵپشتی لە هیچ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خۆشم وەکو کاندید ناکەم".

لەبەرامبەر ئەو رەخنە و قسانەی کە ئاراستەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانی کردووە، وەزارەتی هەواڵگری ئێران لە ڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت "وتەکانی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەبارەی پرسە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بووەتە هۆی نیگەرانی ڕای گشتی”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، “وتەکانی ئەحمەدی نەژاد ناواقیعین و لەکاتی گونجاودا وەڵامی ئەو لێدوانانە دەدەینەوە”.


پێشتریش لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کە چەندین هاوڵاتی تێدا کوژراو بریندار بوون، ئەحمەدی نەژاد حکومەتەکەی رۆحانی بەداپلۆسێنەر و کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار کرد و خودی رۆحانی بەهۆکاری داڕوخانی ئابووری وڵاتەکەی وەسفکرد.

هەروەها ئاشکرای کردبوو، کە کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان بە جل و بەرگی مەدەنییەوە دەچنە ناو خۆپیشاندەران و ئاژاوە دەنێنەوە تاوەکو لەنێوان خۆپیشاندەران و دەزگا ئەمنییەکان روبەروبوونەوە رووبدات.

،،

سەرۆککۆمارە هەڵگەڕاوەکەی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت "کۆمەڵگە لەئان وساتی تەقینەوەدایە و ئەو نایەوێت لەو داڕوخانە بەشدار بێت و لەبەرامبەر رەتکردنەوەی تا گیان سپاردن بەرگری دەکات".

هەڵبەت ئەمە یەکەمجار نییە و دواجاریش نابێ کە لەلایەن ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژوەندییە باڵاکانی ئێرانەوە، کەسانی سیاسیی و کاندیدانی سەرکەوتوو رەتدەکرێنەوە، پێشتریش چەند جارێک کاندیدانی سەرکەوتوو رەتکراونەتەوە، بەتایبەتی خالید تەوەکولی نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە بۆ پەرلەمانی ئێران لەخولی شەشەم وێرای دەرچوونی, کەچی لەلایەن ئەنجومەنەکەوە بەتۆمەتی (بێدینی) رەتکرایەوەو رێگەی پێنەدرا بچێتە پەرلەمان و چەندجارێکیش ئەندامانی ئەنجومەنی شار و پارێزگاکان بەپاساوی جیاجیا رەتکراونەتەوە.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد، لەرۆژی 6 تشرینی دووەمی 1956 لە ناحیەی (ئارادان)ی سەر بە (گەرمسار) لە پارێزگای (سمنان) لە دایکبووە، بەر لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، قایمقامی ماکۆ، قایمقامی خوی، راوێژکاری پارێزگاری کوردستان بووە، دواتر لە 1996 تا 2000 پارێزگاری پارێزگای ئەردەبیل و هەروەها پارێزگاری تاران و بۆ ماوەیەکیش بەڕێوەبەری رۆژنامەی هەمشەری بووە، بۆ یەکەمجار لە نۆیەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەساڵی 2005 بە نۆهەمین سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. هەروەها لە هەڵپژاردنەکانی ساڵی 2009شدا بۆ دووەمجار بە سەرۆککۆماری داگیرکەری ئێران هەڵبژێردرایەوە. بەڵام بۆ خولی ئەمجارەى سەرۆکایەتى کۆماری ئێران، ئەنجومەنی دەستنیشانکردنى بەرژوەندییە باڵاکانى ئێران کە پیاوێکی ئایینی بە ناوی ئەحمەد جەنەتی سەرۆکایەتی دەکات، مەحمود ئەحمەدی نەژادی لە کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی ئەو وڵاتە دوورخستەوە.