جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسی بەرنامە موشەکییەکانی ئێراندا

2021-06-19

وەرگێڕانی/ شاهۆ عەبدوڵڵا
نووسینیی/ مەجید خەیامدار

لەكاتژمێر یەكی سەرلەبەیانیی مانگی (9/ 2019) گەورەترین وێستگەی پاڵاوگەی نەوتیی جیهان هێرشی كرایە سەر.
ڕادارەكانی وڵاتی سعودیە چاودێریی بەرزاییەكانی ئاسمانیان كرد تاكو پێش بەهێرشی مووشەكیی بالستیك ئێران و یەمەن بگرن، كەچی لەپڕدا لەئاستێكی نزمی زەوی ژمارەیەك مووشەكیی كرووز و فۆركەی بێفڕۆكەوان بەر پاڵاوگەی ئارامكۆ كەوتن.
بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتی سعودییە بۆ ماوەیەك گەیشت بەنیوە، یەمەنییەكان بەرپرسیارێتیی هێرشەكەیان گرتە ئەستۆ، بەڵام سعودیە و وڵاتانیی ڕۆژئاوا پەنجەی تۆمەتباركردنیان بۆ ئێران كێشا.
ئێران ئەم تۆمەتباركردنەی ڕەدكردەوە. بەڵام گفتوگۆی هەڕەشە مووشەكییەكانی ئێران، چ ڕاستەوخۆ و چ لەلایەن هاوپەیمانەكانیەوە زیاتر بوو.
كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند؛ بەرنامەی مووشەكییان بەمەبەستی بەرگرییە لەهەر هێرشێكی بیانی. بەڵام هێزە ڕۆژئاواییەكان و هاوپەیمانە ناوچەییەكانیان، بەرنامە مووشەكییەكانی ئێران بەمەترسی بۆسەر خۆیان دەزانن. هەروەها پرسی ناوەكیی ئێران و بەرنامەی مووشەكیی ئێران بەتەواوكەری یەكتر دەزانن. هەرچەند ئێران جەخت دەكاتەوە كەهەردوو بەرنامەكە پەیوەندییان بەیەكەوە نیە و هەریەكەو بۆ مەبەستێكی دیاری كراون.


ئێران تەنیا وڵاتە خاوەن مووشەكە بەتوانایی (2000) كیلۆمەتری بەبێ چەكی ناوەكیی. هەر ئەمەش وای كردوە تا هانی ئێران بدات بۆ دەست گەیشتن بەچەكی ناوەكیی. هەڵبەت ئێران جەت دەكاتەوە كە مەبەستێكی لەو شێوەی نیە و نابێت. بەڵام ئاشكرابوونی ناوەندی ناوەكیی لە ساڵی ( 2002 )، كە پێكهاتبوو لە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز و ڕاكتۆری ئاوی قورس و پاشماوەی پلۆتۆنیۆم لە ئەراك، ئەو گومانەی زیاتر كرد كە ئێران بەدوای بەدەست هێنانی چەكی ئەتۆمییەوە یا لانی كەم بەرهەمهێنانی. لەم ڕووەشەوە بەرنامەی ناوەكیی و مووشەكیی ئێران بەتەواوكەری یەكدی لەیەكدرانەوە.


حسین موسەوییان؛ كە لەسەرەتای ساڵەكانی ئاشكرابوونی بەرمانەی ناوەكی ئێران سەرۆكی كۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنجوومەنیی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بوو، ئەوەی خستەڕوو بەرنامەی مووشەكیی و ناوەكی وڵاتەكەی لەساتەكانی جەنگی ئێران و عێراق دەستی پێكردووە و بەمەبەستی درووستكردنی هێزێكی ناچاركەر. ئەو لەكتێبی یادگارییەكانی دا كە لەدەرەوەی ئێران و بەزمانی ئینگلیزی بڵاوی كردوەتەوە نووسیویەتی((ڕەوشێكی وەهادا، هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو بەهەمان شێوە مامەڵە دەكات. هەرچەند ئێرانییەكان لەمەبەستی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەبارەی قەدەغەكردنی بڵاوكردنەوەی چەكە كۆمەڵكوژەكان وەك بژاردەیەكی فیڵبازانە دەزانن)) لەگفتوگۆی ناچاركردن، مەبەستی من لێرەدا بوونی چەكی ناوەكی نیە، بەڵكو توانایی پیتاندنە بەپێی پەیمانی قەدەغەكردنی بڵاوبونەوەی چەكی ناوەكی (ان پی تی)ە، كەكردارییەن ڕێگە بەهەر وڵاتێك دەدات تا ئەگەر بڕیاری دا بتوانێت چەكی ناوەكی درووست بكات. ئەگەر چی سیاسەتی یەكلاكەرەوەی ئێران ئەوەیە بەرەو بۆمبی ناوەكی نەچێت.
پێشكەوتنی بەرنامەی ناوەكی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا و بەرهەمهێنانی ئەو مووشەكانەی كەدەتوانێت كڵاوەی ناوەكیی هەڵبگرن، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانی لەبەرنامەی مووشەكیی ئێران.

،،

بەڵام ڕێككەوتنی ناوەكیی ئێران لەتەك وڵاتانیی ڕۆژئاوا، تا ئاستێك لەو نێگەرانیانەی كەم كردەوە. هەروەها هێزە جیهانییەكان بڕیارنامەیەك لە ئەنجوومەنیی ئاسایش دەركرد بەمەبەستی ڕێگری كردن لەبەرنامەی مووشەكیی ئێران. كەچی ئێران هەرگیز ڕەزامەند نەبوو لەسەر ئەو ڕێگریانە و درێژەی بەبەرنامە مووشەكییەكانی دا.


دوای دەرچوونی ئەمریكا لەرێككەوتنی ناوەكی ئێران، كەمبوونەوەی پابەندییەكانی ئێران بەبەرنامە مووشەكییەكانی، دوبارە ئەو نیگەرانییانەی بەهێزكردەوە، لەوانەشە ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نزیك بێتەوە لەبەرهەمهێنانی ئەو مووشەكانەی توانایی هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیان هەیە یا بەلایەنی كەمەوە ئامانجەكەی بەدەست بهێنێت.
ئێران سەرەڕای پەرەپێدانی بەرنامە مووشەكییەكانی، لەهەوڵدایە توانای خۆی لەزەمینەی جەنگی نابەرابەر و هێرش بۆ پێگە و كەشتی و هێزە بیانییەكان لەناوچەكانی دەوروبەری زیاتر بكات. هەروەها پڕچەككردن و بەهێزكردنی گرووپە چەدارەكانی وابەستەی، بەتایبەت لەعێراق و ناوچەكانی دراوسێی ئیسرائیل. ئەم هەوڵەش لەلایەك هێزی ناچاركردن و قوڵایی سیتراتیژیی ئێران زیاتر دەكات، لەلایەكی دیكەوە نیگەرانی ئاسایشی هێزە ڕۆژئاواییەكان و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە زیاتركردوە.

كۆگای مووشەكیی ئێران
بەرنامەی مووشەكیی ئێران لەدەیەی هەشتا و لەكاتی شەڕی ئێران و عێراق دەستی پێ كرد. عێراق لەسەرتای شەڕەكەدا بەمووشكی بالستیكی شارەكان و ناوەندە ستراتیژەكانی ئێرانی دەكردە ئامانج. ئێران لەم جۆرە تواناییەی لەبەردەست نەبوو، تاكو وەڵامدانەوەی هاوشێوەی هەبێت بۆ مووشەكەكانی عێراق.
لەدواتردا ئێران ئەو بۆشایەشی پڕكردەوە بەكڕینی مووشەكییەكەی لە لەلیبا و كووریای باكوور. لەدوای جەنگ، ئێران بەهاوكاری دەرەكی (كۆریای باكوور و تا ئاستێكیش ڕووسیا و چین) بەرنامەی مووشەكییەكی پەرەپێدا و تائاستێكی باش هەنگاوی ناوە.
ئێستا ئێران خاوەن ژمارەیەكی نادیار مووشەكیی بالستیك و كرووز و ڕۆكێتە. ژمارەكەیان بەفەرمی ڕانەگەیەنراون، بەڵام سەرچاوە جیاوازەكان هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی ئێران خاوەن گەورەترین جبەخانەی مووشەكییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


مووشەكیی بالستیكی لەڕووی مەوداوە بەشێوەیەكی ئاسایی دەبنە سێ بەشەوە:
مەوداكورت: كەمتر لە 1000 كیلۆمەتر.
مەودا مامناوەند: 1000 كیلۆمەتر تا 5500 كیلۆمەتر.
دوورمەودا (كیشورەبڕ): زیاتر لە 5500 كیلۆمەتر.
ئێران ئێستا خاوەن مووشەكە بەتوانای زیاتر لە (2000) كیلۆمەتر، بەڵام دەستی بە مەشەكی دوور مەودا نەگەشتووە، بەرپرسانی سەربازیی ئێران لەو دابەشكارییە مووشەكیی ستانداردی نێودەوڵەتی وەلا دەنێن و مووشەكیی مەودا مامناوەند بە مووشەكیی دوور مەودا ئەژمار دەكەن.
مووشەكە بالستییەكان، هەنگاوی سەرەتا بەسوود وەرگرتن لە هێز میكانیكی وەردەگرن، بەڵام باقی هەنگاوەكانی دیكە تا پێكانی ئامانجەكەی سوود لە هێزی كێش كردنی زەوی وەردەگرن.
هەندێك لەمووشەكە بالستیكە مەوداكورتەكان لەچیوارچێوەی بەرگە هەوای زەوی دەرناچن. بەڵام لەمووشەكە دوور مەوداكانی دیكە لەبەرگەهەوای زەوی دەچنەدەرەوە پاش بڕینی مەوداكەی، دوبارە بەرەو زەوی دێنەوە.

فڕینی مووشەكە بالستیكیەكان سێ هەنگاوە:
قۆناغیی یەكەم: كاتی هەڵدان تا كاتی كوژاندنەوەی بزوێنەر. ئەم قۆناغە بەشێوەیەكی گشتی لەچوارچێوەی بەرگە هەوای زەوییە پەیوەندی بەجۆری مووشەكەكەوە هەیە و لە سێ تا پێنج خولەك دەخایەنێت.
قۆناغیی دووەم: دوای كوژاندنەوەی بزوێنەر، مووشەكەكە تا كۆتا خاڵی بەرزبوونەوە بەرز دەبێتەوە. لەدوای ئەوە ڕووەو زەوی دەبێتەوە. بەشێوەیەكی گشتی ئەم ئەم قۆناغە لەدەرەوەی بەرگە هەوای زەوی دەبێت. لەباری مووشەكە مەودا دوورەكانەوە لەوانەیە تا بیست خولەك بخایەنێت.
قۆتاغی كۆتایی: لەم قۆناغەدا مووشەكەكە یان كڵاوەی مووشەكەكە دەگەڕێتەوە بەرگە هەوای زەوی و بەرەو ئامانجەكەی دەبێتەوە. ئەم قۆناغە لەوانەیە كەمتر بێت لەیەك خولەك.
مووشەكیی كرووز هاوشێوەی فرۆكەن و هەلگری بزوێنەرن هاوشێوەی فڕۆكە. خێرایی و بەرزییان كەمتر لە مووشەكیی بالستیكی. مووشەكیی كرووز لەكاتی هەڵدانەكەیەوە تا پێكانی ئامانجەكەی لەبەرگە هەوای زەوی دەرناچن و دەتوانن لەنزمترین ئاستی نزیك لەزەوییەوە قۆناغەكانی هەڵدان تێپەڕێنن. هەر ئەمەشە وادەكات دۆزینەوەیان لەڕێگەی ڕادارەوە دژوار بێت.
دەتوانرێت مووشەكیی كرووز لە زەوی و دەریاوە هەڵبدرێت. بەپێچەوانەی مووشەكیی بالستیكییەوە تا كاتێكی كورت ئاڕاستە دەكرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی. بەڵام مووشەكیی كرووز تا گەیشتن بەئامانجەكەی ئاڕاستە دەكرێت. دەتوانن تاگەیشتن بەئامانج چەندین جار بەرزی و ڕێرەویان بگۆڕن.
جۆری سێیەمی مووشەك ڕۆكێتەكانن. بەشێەیەكی گشتی توانای ئاڕستەكردنیان نیە لەپاش هەڵدان. هەرچەند هەندێك لەڕۆكێتەكان بەئامڕازی كۆنترۆڵ كردن و ئاڕاستەكردن ئاستی پێكانی ئامانجەكانیان بەرز دەكەنەوە. بەڵام ئەم جۆرە لە مووشەك لەبەرگە هەوای زەوی ناچنە دەرەوە و مەودایان كەمتر لە مووشەكیی بالستیكیە.
مووشەكیی بالستیكی بەسووتەمەنی شل یان ڕەق كاردەكەن. سووتەمەنی ڕەق لەچاو سووتەمەنی شل كارایی بەرچاوتریان هەیە، ئەمەش لەو ڕوەوە ئامادەكردنی بۆ كاتی هەڵدان پێویستی بەپڕكردن نیە و زوتر ئامادە دەبێت.
خێرایی ئامادەكردن و پێویست نەبوون بە پڕكردنی سووتەمەنی، ئەو تواناییەی پێ دەبەخشێت توانای جوڵە و گواستنەوەی زیاتر بێت، هەم دەستنیشان كردنیان و تێكشانیان دژوارتر بێت. هەروەها هەڵمەتیان لەكاتی هەڵدانیان لەقۆناغیی سەرەتا زیاتر بێت لەو مووشەكانەی سووتەمەنیان شلە و هەر بەو هۆیەشەوە دۆزینەوە و ناسینەوەیان لەكاتی هەڵدان دژوار بێت.

دیقەت و كارایی
مووشەكیی سوتمەنی شلی ئێران: لەشەهابەوە تا خوڕەمشار
ئێران لەكاتی شەڕ لەگەڵ عێراق ژمارەیەك مووشەكیی جۆری (ئسكاد)ی لەكۆریای باكوور كڕی، دواتر هەر بەهاوكاریی كۆریای باكوور درووست كردنی ئەو جۆرە مووشەكەی بەناوی شەهاب دەست پێكرد. مووشەكیی شەهاب لەبنەچەدا ڕووسین و بەسووتەمەنی شل كاردەكەن.
مووشەكیی (شەهاب1) نمونەیەكی كۆپی كراوی مووشەكیی جۆری (ئسكاد1)ە. ئەم مووشەكە بەمەودای سێ كیلۆمەتر دەبڕێت و دەتوانێت كڵاوەیەكی (1000) كیلۆگرامی هەڵبگرێت. مووشەكیی (شەهاب2) هەمان مووشەكیی (ئسكاد سی)ە. ئەم مووشەكە دەتوانێت كڵاوەی (770) كیلۆگرامی تا (500) كیلۆمەتر هەڵبگرێت.
ئەم مووشەكە سیستەمی ئاڕاستەكردن و كۆنترۆڵ كردنی پێشكەوتووی نیە و زۆریش ورد نییە لەپێكانی ئامانجدا. هەڵەی پێكانی ئامانجەكەی نزیكە لە(1000) مەترەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ژمارەیەكی زۆر لەم مووشەكانە ئاڕاستەی نزیكی شارەكان و ناوچەی نیشتەجێبوون بكرێن، تەنانەت بەكڵاوەی ئاسایی و ناسراویش، ئەوە ترسێكی زۆر درووست دەكەن.
لەكاتی (جەنگی شاری) لەنێوان ئێران و عێراق، مووشەك بارانكردنی تارانی پایتەخت، یەك لەسەر چواری شارەكە هەڵهاتن. ئەمەش بەیەكێك لەهۆكارە كاریگەرەكانی ناچاركردنی ئێران دادەنرێت بۆ ڕەزامەندبوونی لەسەر كۆتایی هێنان بەجەنگ نێوانیان.
لەدوای جەنگ، ئێران لەهەوڵدابوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو مووشەكانەی مەودایان زیاترە. مووشەكیی (شەهاب3)ی بەسوود وەرگرتن لەتەكنەلۆژیای مووشەكیی (نۆدانگ)ی كووریای باشوور درووست كرد. بەم شێوەیەش ئیسرائیل لەخۆرئاوی ئێران بەدووری هەزار كلیۆمەتر دەكەوت سنووری مەودای مووشەكەكانی ئێرانەوە.
ئێران لەدواتردا مووشەكیی (شەهاب3)ی پەرپێداو و نمونەیەكی پێشكەوتووتری بەناوەی (قەدر) و (عیماد) درووست كرد. لەتوانایاندایە تادووری (2000) كیلۆمەتر ئامانج بپێكن.
شارەزایانی ڕۆژئاوا هەڵەی پێكانی مووشەكیی (شەهاب 3) نزیكەی دوو هەزار مەتر هەڵدەسەنگێنن. بەڵام بەوتەی ئەوان ئێستا نموونەی ئەو جۆرە مووشەكە لەڕووی هونەرییەوە پێشخراوە و توانای پێكانی بەرزكراوەتەوە. بەوتەی كاربەدەستانی ئێرانی هەڵەی پێكان لەو جۆری مووشەكیی (شەهاب 3) بەچەند مەترێك گەیشتووە.
نوێترین مووشەكیی سووتەمەنی شلی ئێران بەدووری دوو هەزار كیلۆمەتر مووشەكیی (خوڕەمشار)ە. كە لەتوانایدایە چەندین كڵاوە هەڵبگرێت. تواناییەكی بەرزی هەیە و لەپێش پێكانی ئامانجەكەی توانای ئاڕاستەكردنی هەیە و دەشتوانێت ڕادار تێپەڕێنێت. گومان دەكرێت ئەم مووشەكە لەبەرگیراوەی مووشەكیی (مۆسۆدان)ی كۆریای باكوور بێت. مووشەكیی مۆسۆدانی كۆریای باكوور لەتوانایدایە چوارهەزار كیلۆمەتر ببڕێت. بەوتەی ئێرانییەكان، ئێران لەئێستادا مەبەستی نیە مووشەكیی زیاتر لە دوو هەزار مەودا درووست بكات.
یوزی ڕۆبن، بنیادنەری پارچەی مووشكی ئیسرائیل، بەسەرنج لەسەر تاقیكردنەوەی مووشەكیی خوڕەمشهەر ئێژێت (( بەو مانایە نیە مووشەكیی خورەمشار توانای بڕینی چوار هەزار كیلۆمەتر نەبێت، بەڵكو ئەو مووشەكەیان لەمەودایەكی كورتدا تاقیكردووەتەوە. ئێرانییەكان خۆیان لەبەرزترین ئاستی دوو هەزار كیلۆمەتردا سنوورداركردووە. مووشەك بەو تواناییەوە تەنیا مەترسین بۆ ئەورووپای ڕۆئاوا، نەك ئەورووپای ناوەڕاست، ئەگەر مەترسیی هەبێت لەبەرزترین ئاستدا دەگاتە ڕۆمانیا و یونان، نەك ئەڵمانیا، ئێرانییەكان ئەو بەرزترین ئاستەیان بۆ خودی خۆیان لەپێش چاوگرتووە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت لەو سنوورەش تێپەڕن، ئەوا لەتوانایدایە هەرچەندێكیان بوێت بۆ مەودای مووشەكەكانیان زیاتر بكەن )).

وێنەی پێكهاتەی مووشەكیی شەهاب


مووشەكیی سووتەمەنی ڕەق یان وشك : لە عەقابەوە تا سجیل
ئێران لەماوەی جەنگی لەتەك عێراق بەهاوكاری هونەری و تەكنیكیی چین ڕویكردە ڕۆكێتی سووتەمەنی ڕەق (عەقاب). پرۆژەی درووستكردنی ڕۆكێت بەمەودای 40 كیلۆمەتر و بەقورسایی 70 كیلۆگرامی لەوانەیە یەكەمین هەنگاوی ئێران بێت بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكیی.
ڕۆكێتی (فەجر) لەسەر هەمان نموونەی درووستكراوی چین و كۆریای باكوور درووست كرا. ئێران ژمارەیەكی نادیاری لەم جۆرە مووشەكە بەخشیووەتە حزبوڵای لوبنانی و گرووپە فەلەستینییەكان لەغەزە. لەماوەی ڕوبەڕوبوونەوەی ساڵانی ڕابردوو لەتەك ئیسرائیل ئەو گرووپانە بەكاریان هێناوە.
ئێران خاوەن ڕۆكێتی بەهێزترە بەناوەكانی (ناز عات) و (زلزال). ئەندازیارانی ئێرانی بەپێشخستنی سیستەمی ئاڕاستەكردن و كۆنترۆڵ كردنی مووشەكیی زلزال، مووشەكێكی وردتریان بەناوی خێزانی (فاتح) درووست كرد. مووشەكەكانی خێزانی فاتح پێكهاتوون لە (مووشەكیی دژە كەشتیی كەنداوی فارس و هورمز)، بەوردترین مووشەكیی ئێرانی دەناسرێت. ئێران دەڵێت هەڵەی پێكانی چەند مەترێكە. بەڵام سەرچاوەكانی دیكە ئەمە بەزیادەڕۆیی دەزانن لەتوانای پێكاندا. مەودای ئەم جۆرە مووشەكە 300 بۆ 700 كیلۆمەترە.
لوتكەی پێشكەوتنی ئێران لەدیزاین و درووست كردنی مووشەكیی بالستیك سووتەمەنی ڕەق لەساڵی 2008 بەتاقیكردنەوەی مووشەكیی (سجیل) خرایەڕوو. كاربەدەستانی ئێران، مەودای ئەم مووشەكەیان بە نزیكەی (2000) كیلۆمەتر خەمڵاند. هەرچەندە هەندێك سەرچاوەی بیانی ئەوەیان ڕاگەیاند، توانای مووشەكیی سجیل دەتوانێت تا (2500) كیلۆمەتر ببڕێت.
مووشەكیی سجیل دوو قۆناغە. دوای تەواوبوونی سووتەمەنی بەشی یەكەمی مووشەكەكە، بەشی زیادەی مووشەكەكە جیادەبێتەوە و بزوێنەری دووەم دەكەوێتەكار.
بەوتەی چاودێرانی عەرەبی، دیزاین و درووست كردنی ئەم مووشەكە تا ئاستێك ناوخۆییە و بۆ دەست خستنی پارچەكانی مووشەكەكە بەراورد بە مووشەكە مەودا مامناوەندەكانی دیكە لەناوخۆی ئێران دابین كراوە و پەیوەستییەكی كەمتری بە دەرەوە هەبووە. هەرچەند گومان دەكرێت بۆ تەواوكردنی لایەنی هونەری مووشەكەكە هاوكاریان لەچین وەرگرتبێت.

،،

ئێران بە پەرەپێدانی ژێرخانی تەكنەلۆژیی مووشەكیی كارایی و پێكانی ئاست بەرز، پێویستی بەوەبەرهێنان ئابووری و سیاسی و تاقیكرنەوەی زیاترە لەدوور مەودادا. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆكاری هەستكردن بەمەترسیی بەهێزبوونی توانای هێرشكردنی ئێران لەلایەن نەیارەكانییەوە.


بەشێوەیەكی گشتی مووشەكیی بالستیك لەجیهاندا لەخاڵی پێكاندا ورد نیە، زیاتر توانایی هەڵگرتنی كڵاوەی ناوەكیی و وێرانكاری لەبەر چاوگیراوە بەلەناوبردن و وێران كردنی شارە گەورەكان و باڵاوكردنەوەی ترس. ئێران ئەوەی ڕاگەیاند، مەبەستی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم نیە و لەهەوڵدایە توانا و وردیی پێكانی مووشەكەكانی بەرزبكاتەوە، بەمەبەستی بەئامانج كردنی ئیسرائیل و پێگەكەكانی ئەمریكا لەناوچەكە. لەبەر ئەوەی ئەگەر مەبەستیان بەستنی كڵاوەی ناوەكیی بێت لەمووشەكەكانی ئەوە پێویست بەبەرزكردنەوەی ئاستی وردیی پێكان ناكات.
بەرپرسانی سەربازیی ئێرانی زۆربەی مووشەكەكانیان بە پێكانی ورد ناساندووە. ئەوەیان ڕاگەیاندووە هەڵەی پێكانی مووشەكیی كورت مەودای (فاتح) كەمترە لەدە مەتر. مووشەكیی (زولفەقار) كەلەماوەی ڕابردوودا چەند پێگەی داعشیان لەسوریا كردە ئامانج، یەكێكە لەخێزانی مووشەكە وردەكان لەپێكاندا. بەڵام سەرچاوەكانی دیكە لەو باوەڕەدان ئێران لەبارەی وردیی پێكانی مووشەكەكان زیادەڕۆیی دەكات. هەرچەندە بە بەكارهێنانی سیستەمی كۆنترۆڵكرن و ئاڕاستەكردن توانیویەتی هەڵەی سەدان مەتر كەم بكاتەوە بۆ دەیان مەتر.
لەو ڕاپۆرتانەی بەرپرسانی ئێرانی لەباری وردیی پێكانی مووشەكەكانی ئێران لەڕاگەیاندنەكاندا بڵاویان كردووەتەوە لەساڵانی ڕابردوودا، پێچەوانەی ئەنجامەكانی پێكانی مووشەكەكان بووە. لەساڵی 2006 عەلی شەمخانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەك وەزیری بەرگریی، ڕایگەیاند؛ هەڵەی مووشەكیی (شهاب3) تەنیا یەك مەترە. هەروەها دووپاتی كردەوە ( هەڵەی مووشەكیی زەوی بە زەوی گەشتووە بەدوو مەتر ) چەند مانگ دوای ئەو لێدوانە، ڕایگەیاند هەڵەی پێكانی مووشەكیی ئاڕاستەكراو وردییەكەی گەشتووە بە پێنج مەتر. بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە، هەرچەند هەڵەی مووشەكەكانی ئێران زیاتر بووبێت بەرپرسانی سەربازیی لەباری وردیی پێكانی ئامانجەكانیانەوە زیادەڕەویان كردووە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، لەساڵی (2015) كۆبوونەوەی لەتەك بەرپرسانی بەرگریی، هۆشداری داوە بەبەرپرسانی سیاسی لەبارەی وردیی پێكانی ئامانجە مووشەكییەكان لەپێدانی زانیاریی هەڵە و وتی(( ئەوكەسەی ورد قسەدەكات شەهید تهرانی بەرپرسی ئەو كاتەی كارگەی مووشەكیی سوپا))بوو. پێم وت دەڵێن هەڵەی پێكانی ئامانجەكان ئەوەندەیە، وتی نەبەوشێوەیە نیە. ڕاستی كرد. ئەگەر ئێمە ورد قسە نەكەین بەرپرسانی سیاسی وڵات دووچاری هەڵە دەبن لەكارەكانیاندا.
لەتەك ئەوەی بەرپرسانی سیاسیی ئێران زیادەڕەوی دەكەن لە وردیی پێكانی ئامانجە مووشەكییەكان، بەڵام ئێران هەنگاوی گرنگی ناوە لەوردیی پێكانی ئامانجەكانی.
ئاستی توانای مووشەكەكانی ئێران، تائاستێك خۆی نواند لەهێرشكردنە سەر پێگەی هێزەكانی ئەمریكان لەعەین ئەلئەسەد، ئۆپراسیۆنێك بوو لەبەرامبەر كوشتنی قاسم سولیمانییەوە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە.
بەوتەی بەرپرسانی بەرگریی ئەمریكا، لەهێرشەكەدا (16) مووشەكیی بالستیك ئاڕاستەی هێزەكانی ئەمریكا كران لەعێراق. یازدە مووشەكیان پێگەی هێزەكانی ئەمریكا لەعەین ئەلئەسەد پێكا و یەكێك لەمووشەكەكان ئاڕاستەی پێگەیەك كرا لەهەولێر. چوار لەو مووشەكانە لەكاركەوتن و نەگەشتەنە ئامانجەكەی. دوو لە مووشەكەكان لەسنووری ئێران كەوتنە خوارەوە. بەڵام بەشێك لەیەكەكانی بنكەی سەربازیی عەین ئەلئەسەد وەك شوێنی ڕاگرتنی فڕۆكە و شوێنی پشوودانی سەربازەكان و چادرگە سەربازیییەكان وێران بوون. هەرچەندە بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریكا هیچ سەربازییك نەكوژرا لەو هێرشە مووشەكییەدا. بەڵام دواتر ڕاگەیەندرا چەندین سەرباز توشی بەركەوتەی مێشكی بوونەتەوە.
ڕوون نیە ئەو ئامانجانەی مووشەكە ئێرانییەكان كردبوویانە ئامانج، هەمان ئەو ئامانجانەبوون یان نا. بەڵام لەهەر بارێكدا بێت دەتوانین ئەوە بێژین، ئێران ئەگەر ژمارەیەكی زۆر لەمووشەك ئاڕاستەی هەر ئامانجێك بكات، بەتایبەت ئەگەر ئەو پێگەیە سیستەمی دژە مووشەكیی نەبێت، دەتوانێت وێرانكارییەكی زۆر درووست بكات، ئەگەر خودی ئامانجە بپێكێت یان نزیك بێت لەناوچەی ئامانجەكانییەوە. بەوتەی سوپای پاسداران لەهێرشی عەین ئەلئەسەد دا مووشەكیی (فاتح 313 - قیام) بەكارهاتووە.


ئێران لەپێكانی ئامانجە مووشەكەكیانی ئەنجامی بەرچاوی بەدەست هێناوە. ئەو ئەنجامە نوێیەش لەهێرشی مووشەكیی بۆ سەر ناوچەی دێرەزووری سوریا لەساڵی 2018 بوو. بەوتەی سوپا، مووشەكەكان لەپارێزگای كرماشان و سنە بەئاسمانیی عێرق و هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی ئامانجەكەی كراوە لەسوریا. بەپێی سەرچاوەكانی ئیسرائیلی و خۆرئاواییەكان تەنیا دووان لەو مووشەكانە ئامانجەكانیان پێكاوە. هەرچەندە سوپای پاسداران لەچەندین گۆشەوی جیاوازەوە ڤیدیۆی ساتی پێكانی مووشەكەكانی بەئامانجەكە بڵاوكردەوە.
لەهەر ڕوویەكەوە ئەو ئۆپراسیۆنە گرنگ بوو بۆ ئێران، لەبەر ئەوەی بۆیەكەمجار هێرشی مووشەكیی لەدەرەوەی دراوسێكانی ئەنجام داوە. لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیشەوە دیمەنی كاریگەریی مووشەكیەكانی بڵاوكردەوە و توانای مووشەكیی خۆی خستەڕوو.
لەدوای یەك ساڵ لەهێرشی مووشەكیی لەسنووری سوریا، بەهۆی پێكدادانی هێزە كوردییەكان لەتەك سوپای پاسداران لەسەر سنووری نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان. ئێران بە مووشەكیی (فاتح 110) قەڵای حزبی دیموكراتی لەكۆیە كردە ئامانج و ژەمارەیەك لەپێشمەرگەكانی دیموكرات لەو هێرشەدا شەهیدبوون. لەدوای یەك مانگ لەو هێرشە و بەهۆی هێرشێكی چەكدار لەمەراسمێكی سەربازییدا لەئەحواز كەداعش هێرشەكەی لەئستۆ گرتبوو، لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا، ئێران چەند مووشەكێك ئاڕاستەی ئەبوكەمالی سوریا دەكات و ساتی هێرشەكەش بە فرۆكەی بێفڕۆكەوان تۆماردەكات.
هەڵبەت دەستنیشانكردنی پێگە بەفرۆكەی بێفرۆكەوان سنووردارە، چون دەبێت لەنزیك سنووری فڕینەوە كۆنترۆڵ بكرێت. ئەگەر مەودای كۆنترۆل دور بێت، ئەوە پێویستی بەمانگی دەستكرد دەبێت.
ئێران بۆ بەرزكردنەوەی وردیی پێكانی مووشەكەكانی سوودی لەسیستەمی (جی پی ئێس) بینیوە. ڕاستە بەكارهێنانی ئەو سیستەمە توانای وردیی پێكانی مووشەكەكانی بەرز دەكاتەوە، بەڵام بۆ قۆناغیی كۆتایی پێكانەكە پێویستی بە تەكنەلۆژیای پێشكەوتووترە. لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتانەی چەكی سەربازیی وەك مووشەك دەفرۆشن، كۆی سیستەمەكە لەبەردەستی خۆیانە و هەركات بیانەوێت ئاڕاستەی مووشەكەكان دەگۆڕن، وەك ( جی پی ئێسی ئەمریكی، گلۆناسی ڕووسی، بیدۆی شینی، گالیلۆی تایبەت بەئەورووپا ).

،،

كارەبەدەستە سەربازیییەكانی ئێران ئەوەیان ڕاگەیاندووە، خۆیان سنووردار نەكردووە بەو سیستەمانەی لەلایەن وڵاتانیی دیكەوە درووست دەكرێن و سوودیان لەسیستەمی جی پی ئێسی ناوچەیی وەرگرتووە.

مووشەكە زیرەكەكان دەتوانن هاتووچۆی چەكدارە پارتی زانەكانی سەر سنوور سنووردار بكەن. ئەو جۆرە مووشەكانە دەتوانن بەندەرە ئاوییەكانی وڵاتانیی عەرەبی و كەنداو و كاری دامەزراوە گازی و نەوتییەكان ڕاگرن. هەروەها لەتوانایاندایە ئاستەنگ بۆ پێگەی ئاسمانی وڵاتانیی عەرەبی و هاوپەیمانەكانیان درووست بكەن. مووشەكە زیرەكەكان ئەوەشیان لەتوانادا هەیە مەترسیی یۆ سەر ئەو كەشتیانە درووست بكەن كەلە ئاوەكانی كەنداودا هاتووچۆ دەكەن. بەشێوەیەكی گشتی مووشەكیی كرووز بۆ پێكانی كەشتی بەكاردەهێنرێت. بەڵام مووشەكیی كرووز خێرایی كەمتر و بەئاسانی دەتوانرێت تێك بشكێنرێت لەلایەن دژە مووشەكەوە، هەر بۆیە ئێران بیری لە بەكارهێنانی ڕۆكێت و درووست كردنی مووشەكیی بالستیكی كردەوە بۆ مەبەستی تێكشكانی كەشتی. كەمەبەستی سەرەكی ئێران لەدرووست كردنی ئەو جۆرە مووشەكانە زیاتر بۆ پێكدان و كردنە ئامانجی كەشتیهەڵگری فڕۆكەی جەنگییە. لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە كەشتیانە بەردەوام لەجوڵەدان، بۆكردنە ئامانجیان پێویستی بە تواناییەكی تەكنەلۆژیی بەرز هەیە.