ئیبراهیم ڕەئیسی لەبەردەم قەیراندا

2021-06-19

ئیبراهیم رەئیسی لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لە بەردەمیدا و لە ماوەی پۆستی سەرۆكایەتیدا كۆمەڵێك كەیسی قورسی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، كە لە حەسەن ڕوحانیەوە بۆی بەجێماوە، هەندێك لەو كەیسانە ناوخۆیین و هەندێكیشی دەرەكی.
ئیبراهیم رەئیسی بە بەدەستهێنانی لەسەدە 62ی دەنگەكان بوو بە سەرۆك، وەك لە راپۆرتە هەواڵیەكانیشدا باس دەكرێت ڕێژەی بەشداری لەسەدە 50ی تێپەڕ نەكردووە، واتە نیوەی گەلی ئێران هەر لە بنەڕەتەوە دەنگی نەداوە، ئەمەش واتەی نەمانی متمانە لای هاوڵاتیانی ئێرانی بە پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان، بێگومان ئەمەش ئاڵنگارییەكە كە ڕووبەڕووی رەئیسی دەبێتەوە، بەسەیركردنی دۆخی ئێران و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەرەوە، ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئیبراهیم رەئیسی دەخەینە ڕوو كە ئەمانەن:

یەكەم: نەمانی متمانە و دابەش بوونی هاوڵاتیان:

بەشداری كەمی هاوڵاتیانی ئێرانی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دوایەدا، واتەی ئەوەیە كە دابەش بوونێك لە نێوان هاوڵاتیاندا ڕوویداوە، هەروەها متمانەشیان بە دەسەڵاتداران نەماوە،بەتایبەت دوای ئەوەی كە چەند كاندیدێكی بەرەی ڕیفۆرم دوورخرانەوە،بەمەش لەسەرانسەری ئێران ناڕەزایەتی سەری هەڵدا و داوای بایكۆت كردنی هەڵبژاردنیان دەكرد، هەروەها لە ئێران ماوەیەكی زۆرە بەهۆی ناڕەزایەتیەكانی هاوڵاتیانەوە، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان خراونەتە ژێر چاودێری یان قەدەغە كراون، بۆیە هاوڵاتیان داوا دەكەن ئازادی رادەربڕینیان پێبدرێت،بۆیە یەكەم ئاڵنكاری بەردەم رەئیسی ئەوە دەبێت، كە چۆن بتوانێت متمانەی هاوڵاتیان بەدەستبهێنێتەوە، كە بەهۆی سیاسەتی پێشووی وڵاتەكەیانەوە لەدەستچووە.

دووەم: قەیرانی دارایی:

قەیرانی دارایی یەكێكە لەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی سەرۆكی نوێی ئێران دەبێتەوە،بێگومان كێشەیەكە كە چارەسەركردنی ئاسان نیە،چونكە قەیرانی دارایی تەنها پەیوەست نیە بە سیاسەتی ئابوری سەرۆك یان ناوخۆی وڵاتەوە، بەڵكو زیاتر پەیوەستە بەو سزایانەی كە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەكەوە بەسەریدا سەپێنراوە.
رەئیسی و كاندیدەكانی دیكەش لە ماوەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەڵێنیان دا، كە دۆخی ئابوری و گوزەرانی هاوڵاتیان باش بكەن، هەروەها هەلی كار بڕەخسێنن و كێشەی هەڵئاوسان چارەسەر بكەن و هاوكاری كەسانی كەم دەرامەت بكەن، بەبێ ئەوەی باسی میكانیزمەكانی بكەن و بە هاوڵاتیان بڵێن چۆن ئەو كارە قورسە دەكەن و پارە لە كوێوە دەهێنن!.
دۆخی ئابوری ئێران زۆر خراپە، بەپێی دواین ئامار كە بەرپرسێك لە ئەنجومەنی دیاری كردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران ئاشكرای كردووە، ڕێژەی هەژاری لەسەدە 60ی تێپەڕاندووە.
هەڵئاوسان بۆتە مۆتەكەی ژیانی خەڵكی ئێران، تەنانەت كڕینی سادەترین خۆراك و كەلوپەل بۆتە خەونێكی بەدی نەهاتوو، بۆ نموونە كڕینی برنج زۆر زەحمەت بووە، چونكە ڕێژەی هەڵئاوسان لە نێوان لەسەدە 40-50یە،ئەمە جگە لەوەی سەدان هەزار كەس لە ئێران بێكارن، دەسەڵاتداران دەڵێن ڕێژەی بێكاری بۆ لەسەدە 11 بەرزبۆتەوە، پسپۆڕانیش دەڵێن ڕێژەكە زۆر لەوە زیاترە كە بەرپرسانی حكومی ئاشكرای دەكەن.
چارەسەركردنی كێشەی ئابوری، یەكێكە لە هەرە كارە قورسەكان كە پێویستە سەرۆكی نوێ چارەسەری بكات.

سێیەم: دانوستانی ئەتۆمی:
كەیسی سێیەم كە چاوەڕێی رەئیسی دەكات، پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە، كە ئێستا لە ژنێفی سویسرا دانوستانی لەسەر دەكەن.
ئێران ئێستا لە دانوستانێكی سەختی ئەتۆمیدایە، كە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنێك ئەنجامی دەدات،بەهیوای ئەوەی بگەنە ڕێكەوتنێك و سزا سەپێنراوەكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگیرێت.
رەئیسی لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیدا، چەندین جار دووپاتی كردەوە، كە كاری لە پێشینەی هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەكانی سەر وڵاتەكەیەتی، بۆ ئەوەی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان باش بكات و وەبەرهێنانی بیانی ڕابكێشێت، بەڵام ئەم كارە هەر وا ئاسان نیە، چونكە ئێستا بێمتمانەییەكی زۆر لە نێوان ئێران و ئەمریكادا هەیە، هەروەها هەردولاش سورن لەسەر ئەوەی كە درێژە بە بەرنامەی خۆیان بدەن، واتە ئێران درێژە بە بەرنامەی ئەتۆمی بدات و ئەمریكاش لەسەر سزاكانی بەردەوام بێت، بەڵام لە كۆتاییدا یەكێكە لە كێشەكان و دەبێت چارەسەر بكرێت، هەرچەندە ئەم پرسە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و عەلی خامەنەئیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە، بەڵام رەئیسیش بەشێك لە بەرپرسیارێتی بەردەكەوێت.

چوارەم: بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا:
لەگەڵ خراپی دۆخی دارایی ئێران، ڤایرۆسی كۆرۆناش بە شێوەیەكی مەترسیدار لەو وڵاتەدا بڵاوبۆتەوە، تاكە ڕێگاش بۆ چارەسەركردنی ئەم پەتا جیهانیە، كوتانی هاوڵاتیانە، بەڵام ئەمەش دیسان كارێكی ئاسان نیە،چونكە لەسەردەمی رۆحانیدا زۆر بە خاوی كوتان ئەنجام دەدرا،بۆیە ڕەخنەیەكی زۆر لە حەسەن ڕوحانی گیرا.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی ئێران تەنها لەسەدە یەكی هاوڵاتیان هەردوو ژەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتوە، ئەوانەشی یەك جار كوتراون لە سەدە 5 تێپەڕ ناكات، هۆكاری ئەم خاویەش بۆ كێشەی هاوردە كردنی ڤاكسینەكە دەگەڕێتەوە، كە بەهۆی سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێرانەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ناتوانن ڤاكسینەكە لە هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری جیهان بكڕن،ئەمە جگە لەوەی كێشەی دارایی ئێرانیش هۆكارێكی دیكەی كەمی ڤاكسینەكەیە.
ئەمانەی سەرەوە كۆمەڵێك ئاڵنگاری سەرەكی بوون، كە ڕووبەرووی سەرۆكی نوێ دەبێتەوە و پێویستیان بە چارەسەرێكی خێرا هەیە، جگە لەم ئالنگاریانەش، ئێران كێشەی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و دراوسێكانی و وڵاتانی هەرێمی هەیە، كە بەهۆی دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆیان و پاڵپشتی لە میلیشیا چەكدارییەكان ڕووبەڕووی كێشەی پەیوەندییەكانی بۆتەوە، گرنگە ئەمەش چارەسەر بكات.