نهێنی دەنگ هەڵبڕینی فراكسیۆنی زەرد لە پەڕلەمان چی بوو؟

2021-06-30

جیاواز لە هەمووو دانیشتنەكانی پەڕلەمان و بگرە جیاواز لە مێژووی فراكسیۆنی زەرد بە درێژایی پەڕلەمان، بۆ یەكەمجار لە دانیشتتنەكانی پەڕلەماندا پەڕلەمانتارانی پارتی بەرامبەر حكومەت دەنگی ناڕەزایەتیان هەڵبڕی.

نهێنیەكە چییە؟ چۆن ئەم گۆڕانكاریە گەورەیە لەناو فراكسیۆننی پارتی رویدا؟
بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین، هۆكاری سەرەكی قسەكردن و بگرە رەخنەی توند و دابەزینە سەر وەزیرەكان لەلایەن پەڕلەمانتارانی پارتیەوە بەشێوەیەكی سەرەكی پەیوەست بووە بەو ڕێكەوتنە پێشوەختەیەی كە لە نێوان سێ لایەنە سەرەكیەكەی پێكهێنەری حكومەت، پارتی و یەكێتی و گۆڕان ئەنجامدراوە و لەسەر ئەوە رێكەوتوون كە نابێت دانیشتنەكەی پەڕلەمان بە دەنگدان لەسەر پاشەكەوتی مووچە و ئیلزامكردنی حكومەت كۆتایی بێت و تەنها دەبێت راسپاردە و پێشنیار بدرێتە حكومەت.

دوابەدوای ئەوەی كە پارتی دڵنیابووە لە ئاراستەی دانیشتنەكەی پەڕلەمان فراكسیۆنەكەیان سەرپشكردووە بە ئارەزووی خۆیان رەخنە لە حكومەت و ئەدای وەزیرەكان بگرن.

ئامانجی سەرەكی پارتی لەو كارە ئەوەبووە میمبەری رەخنەگرتن لە حكومەت لە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و پەڕلەمانتارەكان بسەنەوە و خۆیان بكەن بە داكۆكیكاری كێشە و ئازارەكانی خەڵكی.

رەخنەكانی فراكسیۆنی پارتی هەر بە كەموكوڕیەكانی حكومەتەوە نەوەستا بەڵكو زمانی توندو برینداركەریش بەرامبەر بە وەزیرەكان بەكارهێنرا.

ریبوار بابكەیی،پەڕلەمانتاری پارتی ووتی" ناچارم بە زمانی خەڵك قسە بكەم،كاتێك كەسێك لەگەڵ موعاناتی خەڵكدا نەژیابێت حەتمەن پلانیشی نییە بۆ ئەوەی دۆخەكە چارەسەر بكات 

،،

كاتێك كە من بەنزینم بەلاش بێت،كاتێك كە من كارەبام هەبێت،كاتێك كرێ‌ خانوو نەدەم و لە ڤێلایەك بژیم حەتمەن ئاگام لە موعاناتی خەڵك نییە".

هەروەها ووتی" لێرەوە داوا دەكەم ئەگەر بۆ 24 سەعاتیش بێت ئەم بەڕێزانە هەموو ئیمتیازێكیان لێوەربگرینەوە و بیاننێرینە ناو خەڵك"

هەروەها جەلال پەرێشان ووتی" وەزیرە بەڕێزەكان ئێوە لە راقیترین ڤێلای هەرێم دەژین،باشترین موچە و ژیانتان هەیە،لەكاتێكدا پەڕلەمانتاران برنج و ترشی دەخۆن و دەڵین گۆشت شمولتان ناكات"

هەروەها سەروان هەركی،پەڕلەمانتاری پارتی رایگەیاند" بەهۆی یاسای چاكسازییەوە ژمارەی پاسەوانی وەزیر زیادكراوە بۆ 10 پاسەوان، وەڵاهی ئەگەر بمزانیایە یاسای چاكسازیتان بۆ ئەوەیە پاسەوانەكانتان بكەنە 10 كەس دەنگم بە یاساكە نەدەدا".


بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین فراكسیۆنی پارتی لەلایەن حیزبەوە پاسی ئەوەی پێدراوە بۆ راكێشانی سەرنجی جەماوەر و نێگەرانی ناو رێكخستنەكانیان لە ژیان و گوزەرانیان بە توندی رەخنەی حكومەت و وەزیرەكان بكەن،ئەوەش دەرفەتێك دەبێت بۆ پارتی كە بەر لە هەڵبژاراردنەكانی عێراق جەماوەرەكەی ئاشت بكاتەوە.

رەخنەی پەڕلەمانتارانی پارتی لە دوا كۆبونەوەی پەڕلەماندا وەزیرەكاننی یەكێتی و گۆڕانی بەتواوی نیگەرانكردوە و پێیان وایە لە كاتێكدا رێكەوتنی پێشوەختیان هەبووە لەلایەن پەڕلەمانتارانی پارتیەوە ئیهانەیان پێكراوە و تۆمەتباریان كردوون بە دزی و گەندەڵی و كەمتەرخەمی و ژیانی هایلاڤ و بێ‌ ئاگابوون لە ئازارەكانی خەڵك.