ئەرسەلان بایز: هیوادارم خوشكەكانی هێرۆخان خۆشی لەخۆیان نەبینن

2021-07-06

لەمیانی چاوپێكەوتنێكی دورو درێژدا باسلە كۆمەڵێك وێستگەو ڕووداوی ژیانی سیاسی خۆی دەكات‌و لەو میانەیەشدا باسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ مام جەلال‌و ناكۆكییەكانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.
كتێبی " ژیان‌و خەباتی سیاسی دكتۆر ئەرسەلان بایز لە چاوپێكەوتنێكی مێژوویدا" بەشێك لە قۆناغ‌و ژیان‌و خەباتی سیاسی ئەرسەلان بایزەو ئەو لەو كتێبەدا كە " ئیسماعیل كوردە"ی ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی ئامادەی كردووە، هەر لە پەیوەندیكردنی بە باڵی مەكتەبی سیاسی پارتییەوە تا ڕێكەوتننامەی "دەباشان"ی نێوان مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفا، وەڵامی كۆمەڵێك پرسیار دەداتەوە.


هەمیشە كاك نەوشیروانم بە براگەورە دەزانی، بەڵام ئەو منی قبوڵ نەبوو

ئەرسەلان بایز كە پاش چوونی بۆ شاخ لە ساڵی 1980 لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا بووەتە لێپرسراوی دەزگای ڕاگەیاندنی یەكێتی، باس لە یەكەم بەریەككەوتنی لەگەڵ ئەودا دەكات‌و دەڵێت:" ساڵی 1981 بووە، بۆ داواكاری نوسەران‌و هونەرمەندان چووەتە لای نەوشیروان مستەفا تا ئەوان ژیانیان بۆدابین بكرێت‌و گللەییەكانیان بەو بگەیەنێت، بەڵام ئەو لێی توڕەبووەو بەكەسێكی دواكەوتوو ناوی هێناوەو وتوویەتی ئەوە ڕای خۆتە‌و ڕایەكی هەڵەیەو ڕای پیاوێكی دواكەتووی شارێكی دواكەتوویشە.
ئەرسەلان بایز دەڵێت، كاك نەوشیروان قسەی توندی كردو منی نیگەران كرد، لەبەرانبەریدا بێدەسەڵات بووم، هەر ئەوەم پێكرا هەستاو ڕۆشتم‌و دوو فرمێسكیش بەچاومدا هاتە خوارەوە، نامەی دەستلەكاركێشانەوەم بۆ مام جەلال نووسی بەڵام قبوڵی نەكرد.
ئەرسەلان بایز باسی ئەوەش دەكات كە جارێك نەوشیروان مستەفا لەڕێگەی بێتەلەوە پەیوەندی پێوەكردووە‌و پێیووتووە كە حەمە سەعید حەسەن كەسێكی نووسەرو ڕۆشنبیرەو دێتە لاتان نامیلكەیەكی هەیە بۆی چا بكەن.
" كە نامیلكەكەمان بۆ چاپكرد، نەوشیروان مستەفا زۆر بە ناڕەحەتییەوە وتی تۆ كاری خۆت ناكەی بۆ شتەكان ناخوێننەوەو وتی ئەو نامیلكەیەی كە بۆ " حەمە سەعید حەسەن"تان چاپكردووە نەتخوێندووەتەوە تا بزانی چی تیایە،

،،

وتم كاك نەوشیروان نە حەمە سەعید حەسەن دەناسم نە نامیلكەكەشم دیوە، تۆخۆت پێت وتم بۆی چاپ بكەن، وتی دەبوایە بتخوێندایەتەوە".

وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە لەسەروەختی گفتوگۆی نێوان یەكێتی‌و حكومەتی عێراقیدا لە ساڵی 1984، جارێكی دیكە لەسەر چاپكردنی نامیلكەیەك لەسەر ئێزیدییەكان كە " سەربەست حسێن" نووسیبووی‌و بە ئەڵقەش لە ڕادیۆكەی یەكێتی خوێندرابوویەوە نەوشیروان مستەفا لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا لێی توڕە دەبێت‌و پێیوتووە بۆ شتەكان ناخوێنیتەوەو كارەكان بە باشی ناكەیت،" وتم چی بووە، وتی ئەو نامیلكەیەی بەناوی ئێزیدییەكان بڵاوبووتەوە شتی خراپی تێدایە، منیش وتم سەربەست لەسەر ئەو ڕێنماییانە نووسیوویەتی كە تۆو مام جەلال پێتانداوە".
ئەرسەلان باییز دەڵێت" ئەو ڕەفتارو قسە ڕەقانەی كاك نەوشیروان بوون بەهۆی ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەیەكتر دوربكەوینەوە، كاك نەوشیروان پیاوێكی قسە ڕەق‌و ڕووشكێن بوو، تا شەش حەوت مانگ لەكاك نەوشیروان نزیكبووم‌و دوور بەدوور پەیوەندیم لەگەڵ مام جەلال هەبوو، دواتر بەلای مام جەلالدا شكامەوە، كاتێكیش كاك نەوشیروان كارەكەی وا بینی زۆری پێناخۆشبوو، تا ڕۆژی جیابوونەوەشی لە یەكێتی كاك نەوشیروان برای گەورەو لێپرسراوم بوو، هەمیشە ئەوم بە براگەورە دەزانی، بەڵام ئەو منی قبوڵ نەبوو".
ئەرسەلان باییز لەو چاوپێكەوتنە دورو درێژدا باسیلەوە كردووە كە نزیكی ئەم لە مام جەلالەوە وایكردووە نەوشیروان مستەفا ئەرسەلان بایزی قبوڵ نەبێت" كاك نەوشیروان دەیوویست لەو نزیكتربم، منیش وانەبووم، بۆیە هەمیشە هەوڵی لادانی منی لە دەزگای ڕاگەیاندن دەداو دوای ئەنفالەكانیش لە بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندنی یەكێتی لایبردم‌و فەرەیدون عەبدولقادری لە جێی من داناو بە مەبەستی دوور خستنەوەم منی كردە نوێنەری یەكێتی لەبەرەی كوردستانی، دواتریش لەسەر ئەوەی لە مانگنامەی " بەرەی كوردستانی" گۆشەیەكم هەبوو بەناوی " خەرمانە"‌و ڕەخنەم لەسەركردایەتی هەموو حیزبەكان گرت، بەهۆی ئەمەو وتارێكی عەلی بچكۆل"ەوە، لە ڕاگەیاندنی بەرەی كوردستانیش لایبردم‌و لەسەركردایەتی یەكێتیش تەجمیدی كردم".

ئەوەی بە " یوسف محەمەد"ی كرد دەیوویست بەمنی بكات
هەر لەبارەی ناكۆكی‌و بەریەككەوتنەكانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا، ئەرسەلان بایز دەڵێت:" پاش ڕێكەوتنی دەباشان، ئەوكاتەی كە سەرۆكی پەرلەمان بووم، مام جەلال بانگی كردم‌و وتی لەگەڵ كاك نەوشیروان هەندێك ڕێكەوتنمان كردووە بچۆ سەرێكی لێبدە، چوومە لای كاك نەوشیروان، وتی ئێمە ئیشێكمان بەتۆیە‌و بزانین چیمان بۆ دەكەی، وتم چ ئیشێكە، وتی یەكێتی‌و گۆڕان ڕێكەوتووین بۆئەوەی دژایەتی پارتی بكەین، منیش وتم نە مام جەلال قسەی وای لەگەڵدا كردووم‌و نە لە مەكتەبی سیاسیش شتیوا بەرانبەر پارتی باسكراوەو نەخۆشم بڕوام بەوە هەیە، وتیشم ئەمە كارێكی خراپەو وایشم پێنەگوتراوە تا ئەوە بكەم‌و ئەمە سیاسەتی یەكێتی نییە، لە قسەكانم ناڕەحەت بوو، وتی كەواتە ئیشمان بۆ ناكەیت‌و هاوكاریمان ناكەیت، من لەوە تێگەشتم ئەوەی لە خولی دواتری پەرلەمان بە " یوسف محەمەد"ی كرد دەیوویست بەمنی بكات.

هێرۆخان هەڕەشەی لێكردم‌و وتی بەسەرتەوە ناچێت
بەوتەی خۆی لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی كاتێك ململانێ لەنێوان كوتلەی كۆسرەت ڕسوول‌و خەتی مام جەلال توند دەبێت‌و كوتلەی كۆسرەت ڕسووڵ دەیانەوێت كۆنگرە بەجێ بهێڵن، "ئیسماعیل مەحمود" پێیدەڵێت كە داوا لە مام جەلال بكات كە لە كۆنگرەدا كۆسرەت ڕەسووڵ‌و بەرهەم ساڵح بكات بەجێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، ئەمیش ئەو پێشنیارە بۆ مام جەلال دەكات‌و مام جەلالیش لەناو هۆڵی كۆنگرە پێشنیارەكەی ئەرسەلان بایزی خستوەتە ڕوو، تەنها هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو شانازی خوشكی‌و كافیە سلێمان" ناڕەزاییان بەرانبەر بەو پێشنیارە دەربڕیوە.
ئەرسەلان بایز ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو پێشنیارەی بۆ مام جەلال وایكردووە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەرانبەری گڕ برێت‌و هەڕەشەشی لێبكات:" ئەوكاتەی كە من لەگەڵ مام جەلال لەماڵەكەی خۆی ئەو پێشنیارەم بۆ كرد، هێرۆخان‌و عیماد ئەحمەد هاتن‌و كە ئەوەیان بیست هێرۆخان گڕی گرت‌و دەیووت هەموو كەسێك دەبێت بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ئیتر لەوێوە ساردی لە نێوان من‌و هێرۆخاندا دروست بوو، تەنانەت هەڕەشەی لێكردم كە بەسەرمەوە ناچێ".

،،

ئەرسەلان بایز لە چاوپێكەوتنە دورو درێژەكەیدا وتوویەتی:" پێشتر پەیوەندی زۆر بەهێزم لەگەڵ هێرۆخاندا هەبوو، بەڵام كاتێك خوشكەكانی هاتنەوە بۆ كوردستان بوونە هۆی تێكدانی پەیوەندی نێوان من‌و هێرۆخان، ئومێد دەكەم ئەو خوشكانەی لە ژیانیاندا خۆشی لەخۆیان نەبینن كە پەیوەندی من‌و هێرۆخانیان تێكدا".

ئەرسەلان بایز لە میانی باسكردنی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا باسیلەوە كردووە ئەوكاتەی كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووە، دوو سێجار لەسەر پرسی درێژكردنەوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی قسەی لەگەڵدا كردووەو هێرۆ ئیبراهیم پێیوتووە وادەی سەرۆكایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژ بكەنەوەو وەكو ئەو دەڵێت پێیشیوتووە "هەرچی هاتە پێشەوە سڵی لێمەكەرەوە، لە ڕاستیدا خۆیشم هەر قەناعەتم وابوو".

" بەو نییەتە بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان خۆم كاندید كرد كە ببمەوە بە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ڕقە بەرایەتی ماڵی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە لایەك‌و هێرۆخانیش لە لە لایەكی دیكە كە دژم بوو، چونكە لەچەند وێستگەیەكدا پشتیوانی دكتۆر بەرهەمم كردبوو، بۆیە قوبادی كوڕی خۆیان هێنایە پێشەوە بۆئەوەی ببێتە جێگری سەرۆكی حكومەت‌و یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرێت‌و من نەبمە سەرۆكی پەرلەمان".
هەر لەمیانی پەیوەندی‌و ناكۆییەكانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا، ئەرسەلان بایز وایوتووە.


مام جەلال وتی لە دوای خۆم ئایندەی یەكێتی بەرهەمە

" لەدوای ئەوەی بڕیاریاندا كاك كۆسرەت دوای هەشت ساڵ لەسەرۆكی حكومەت لا ببەن، ڕۆژێكیان مام جەلال بانگی كردم، وتی لە نێوان عومەر فەتاح‌و دكتۆر بەرهەم كێت پێباشە بیكەینە سەرۆكی حكومەت، بە بێ دوو دڵی وتم عومەر فەتاحم پێباشە، وتی بۆ، وتم ڕاستە بەرهەم بە توانایەو چالاكەو گەنجە، بەڵام بەرهەم لە ئەمەریكا بووەو پێشمەرگە نەبووە".
ئەرسەلان بایز، لەو چاوپێكەوتنە دورو درێژەیدا كە بەشێوەی كتێب بەناوی " ژیان‌و خەباتی سیاسی دكتۆر ئەرسەلان بایز لە چاوپێكەوتنێكی مێژوویدا" چاپكراوە وا دەڵێت.
ئەرسەلان بایز باسی لەوە كردووە كە پاش بیستنی بۆچوونی ئەو لەبارەی "دكتۆر بەرهەم‌و عومەر فەتاح"ەوە، مام جەلال زۆر باس‌و مەدحی بەرهەم ساڵحی كردووەو وتوویەتی " لە دوای خۆم ئایندەی یەكێتی بەرهەمە، دیسان وتی تۆ لە تۆنیبلێر زیرەكتری، وتم نەوەڵا، مام جەلال وتی تۆنیبلێر دەڵێ هەموو شەش مانگ جارێك بەرهەمم بۆ بنێرە بۆ ئەوەی لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاوێژی پێبكەم".
سەبارەت بە جیابوونەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح لە یەكێتی، ئەرسەلان بایز دەڵێت دكتۆر بەرهەم بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد هەیبووە لە یەكێتی جیابووەتەوەو هاوپەیمانی بۆدیموكراسی‌و دادپەروەری دروستكردووە، ئەو دەڵێت:" كوڕەكانی مام جەلال زانییان كە بەرهەم كەسێكی بەتوانایەو دوركەوتنەوەی لەیەكێتی زیانی هەیە، بۆیە وەكو چۆن جاران دژایەتییان كردو لەیەكێتی دەریان پەڕاند، ئەجارە بەرنامەكەیان گۆڕی‌و هێنایانەوە بۆناو یەكێتی، جارێك لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی، پاڤێڵ وتی ئێمە غەدرمان لە لە بەرهەم كردو بووینە هۆی ئەوەی جیا ببێتەوەو حیزب دروست بكات، ئێمە پێوویستمان بە بەرهەم هەیەو بە بەرهەم یەكێتی بەهێز دەبێت، بۆیە بڕیارمانداوە هەڵەكەی خۆمان ڕاست بكەینەوە".


منیش واژۆی گوللەبارانكردی مەلا بەختیارم كرد

پاش ئەوەی مەلا بەختیارو بەرپرسانی باڵای ئاڵای شۆڕش لە ساڵی 1984" لە لایەن یەكێتییەوە دەستگیر دەكرێن‌و بە زیندانیكراوی دەیانبەن بۆ سەركردایەتی یەكێتی لە بەرگەڵو، بە ئامادەبوونی 63 بەرپرس‌و كادیری خۆی كۆمەڵەی ڕەنجدەران لە " بەرگەڵو" بۆ دیاریكردنی چارنووسی مەلا بەختیار كۆنفرانسێك دەبەستێت، ئەرسەلان بایز دەڵێت:" بەشدارانی كۆنفرانس بە تێكڕا جگە لە ئەندامێكی كۆنفرانس بەناوی " عەبدوڵا تۆفیق" هەموویان واژۆیان لەسەر لە سێدارەدانی مەلا بەختیار كرد، منیش واژۆی گوللەبارانكردی مەلا بەختیارم كرد، مەلا بەختیار پیاوێكی بێوەفایە بەرانبەر " عەبدوڵا تۆفیق" چونكە دەبوو تاجی ئاڵتونی لەسەری " عەبدوڵا تۆفیق" بنێت، كاتێك سەردانی ماڵەوەیان دەكەم دەبینم خۆی‌و منداڵەكانی چەند بێنازن، هەست بەوە دەكەم مەلا بەختیار بەرانبەریان چەند بێوەفایە".