هەفتەیەك ماسكەكان لابران

2021-07-16

ژوان ئەحمەد

مرۆڤگەلێكی زۆر هەن بەجۆرێك كۆیلەن حەز دەكەن ئەو پێڵاوانەش لە مۆزەخانە هەڵبگرن كە شەقیان پی َخواردوە

ئەم هەفتەیەی كێشەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی، چەند راستیەكی ئاشكرا كرد:

-زۆربون ئەو چەلاوخۆر و چەورانەی لەبەر ئەوان لە كۆپتەر و ئوتومبێلەكاندا شوێنی لاهور نەدەبۆوە، بەڵام لەم كێشەیەدا خۆیان ون كرد.. كە دوێنێش واتە واتی چارەسەر كردنی كێشەكان بڵاو كرایەوە، خێرا چونەوە ماڵی لاهور تاڵەبانی و دەستیان كردەوە بە وێنە گرتن.
یەكێكیان شانی ماچ دەكرد ئێستا چۆتە ژێر باڵی ئەوبەر

- ئەوە زیاتر رون بۆوە، بونی رۆژنامەنوس و نوسەر و رۆشنبیری سەربەخۆ لەم هەرێمە، وەهمێكی گەورەیە.. كێشەكە دەری خست كە ئەو نوسەر و رۆژنامەنوس و راگەیاندنە ، لە كوێوە پاروەكانیان دەدرێتێ.

- بۆیەكێتی كارەساتبار بوو، دەركەوت سەركردایەتیەكی چەندە زەلیلی هەیە، لە ئاست بومەلەرزەیەكی سیاسی وەك ئەوە، كەسیان بە ووشەیەكیش دەنگی نەهات، بە 124 كەسەوە 124 ووشەیان نەبوو.

- كارەساتتر بۆ یەكێتی، كەمینەیەك نەبێ بانگەشەی یەكێتی گەورەترەیان دەكرد، بەشێكی زۆریان دابەش بون بەسەر جەمسەرەكان، بەبێ ئەوەی بزانن چی ئەگوزەرێت.. واتە یەكێتی لە روی كوالیتی، كادرانی تا دێت لە نزمی دەدات.

- بۆ میللەت واوەتر، ئەم میللەتە هەر رۆژەی بە دوژمنێكی وەهمی دەتوانی فوی تێ بكەیت.
لە كێشەی هەرێم بۆ كێشەی نێوان هاوسەرۆكان، هەر ناوی ئەردۆغان و ئێران بێنە، ئیتر وەك دەروێشی تەریقەت حاڵیان لێدێت و زرك لە خۆیان ئەیەن.

مرۆڤگەلێكی زۆر هەن كە وەك سارتەر دەڵێت:
بەجۆرێك كۆیلەن حەز دەكەن ئەو پێڵاوانەش لە مۆزەخانە هەڵبگرن كە شەقیان پی َخواردوە

ماسكەكانتان هەڵگرن بەردەوام پێویستتانە