پەرلەمانی پشوو كوژ پەرلەمانی كوردستان پشوو دەدات

2025-07-01
دیبلۆماتیك

لە پشوویەكی حەوت مانگییەوە، دەچنە ناو پشوویەكی دوو مانگی.
حەوت مانگی ڕێكە بەبێ ئەوەی بەردێكیان خستبێتە سەر دارێك، بەبێ ئەوەی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدابێت، پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان پشووی هاوینە وەردەگرن.
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، لە 2-12-2024، یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكان و پێكهێنانی حكومەت، تا ئەمڕۆ دەرگای پەرلەمانی كوردستان كڵۆم دراوە.
دوێنێ دووشەممە 30/6/2025 كۆتایی بە وەرزی یاسادانانی بەهارەی پەرلەمانی كوردستان هات و ئەمڕۆ پەرلەمانتاران چوونە ناو پشووی هاوینەی پەرلەمانەوە.

 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە كڵۆمدراوەكە، پشووی هاوینەی پەرلەمانتاران، لە 1ی مانگی تەمموزەوە تا 1ی مانگی ئەیلوول درێژدەبێتەوە.

پەرلەمانی كوردستان وەرزی یەكەمی یاسادانانی تێپەڕاند، بەڵام پەرلەمانتارانی كوردستان نەك هەر تەنها مشتومڕیان لەسەر پرۆژە یاسایەك نەكردو یاسایەكیان دەرنەچواند، بەڵكو نەیانتوانی تەنانەت دەرگا كڵۆمدراوەكەی پەرلەمان بكەنەوەو لەوێ "چا"و قاوەیەكیش پێكەوە نۆش بكەن.

پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، كارو ئەركی سەختی پەرلەمانتارانی فەرامۆشنەكردووەو پاش پشووە دوو مانگیییەكەی هاوین، لە 31ـی مانگی یەكی ساڵی داهاتووشەوە، جارێكی دیكە پشووی زستانەی  بۆ ماوەی دوو مانگ بۆ ئەوان دیاریكردووە، تا بتوانن بە باشی بحەوێنەوەو بەهێزو وزەیەكی زۆرەوە بۆ چاودێریكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و دەركردنی پرۆژە یاسای نوێ بێنەوە مەیدان.  

ڕێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكان و هەڵنەبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هێشتنەوەی پەرلەمان بە داخراوی، وایكردووە كە پەرلەمانتارانی كوردستان تەنها مووچەكانیان وەربگرن و بەبێكاری پاڵی لێبدنەوەو تەنانەت نەشتوانن وەك چالاكێكی مەدەنیش دەربكەون و دوو قسە بژەنن لەو دۆخە سیاسیی و ئیدارییە شێواوەی هەرێمەكەیانەوە. 

 دۆخە سیاسییەكەو پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و ململانێكانی نێوانیان، ئاماژەی ئەوە دەدەن كە پێناچێت ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی هەرێم تا دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە 11ی 11ی ئەمساڵدا ئەنجامدەدرێت بگەنە ڕێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، بۆیە پشووەكەی پەرلەمانتارانی كوردستان زۆر زیاتر درێژ دەبێتەوەو نەك هەر هاوین بەڵكو پاییزو زستانیشیان بۆ دەبێتە وەرزی پشوو، واتە سەراپای ساڵی یەكەمی كاری پەرلەمانتاری بۆ ئەوان دەبێتە ساڵی پاڵ لێدانەوەو دووریش نییە كە پاڵ لێدانەوەی پەرلەمانتاران پەرلەمانی كوردستان واوەتر لەوەش درێژ نەبێتەوەو بە یەكجاری پەرلەمان نەبێتە پەرلەمانی مووچە كوژی پشوو كوژ.