جیهان لە لێواری جەنگی ئەتۆمیدایە شەڕی نێوان ڕووسیاو ئۆكرانیا دەبێتە سێیەمین جەنگی جیهانی؟

2024-11-23
دیبۆماتیك
 
 
سەرەڕای مەترسییەكان، لە كۆتا ڕۆژەكانی دەسەڵاتیدا، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا، لەپێناو شكستی سەربازی و ستراتیژی ڕووسیادا، هاوكارییەكان بۆ ئۆكرانیا زیاد دەكات‌و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەكات تا مووشەكی دوور مەودای ئەمەریکی ئاڕاستەی ڕووسیا بكات.

هاوكات بۆ گەشتن‌و لێدان لە ئامانجە سەربازییەكانی ڕووسیا لە قوڵایی ئەو وڵاتەدا، ئەمەریكاو ناتۆ هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ ئۆكرانیا چڕ كردووەتەوە.
   لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، بە ڕێگەدان بە ئۆكرانیا بۆ لێدانی ناوەوەی ڕووسیا بە بەكارهێنانی مووشەكی " ئەتاكوم"، دۆخی جەنگەكەی تەواو دژوارو ئاڵۆزكردو چاودێران وایلێكدەدەنەوە كە ڕەنگە بڕیارەكانی بایدن جیهان بگەیەنێتە لێواری جەنگی ئەتۆمی.
     ئاژانسی " ئەسۆشێد پرێس" بە پشتبەستن بە لێكدانەوەی شارەزایان و شرۆڤەكارانی سەربازی باسلەوە دەكات كە ئیدارەی جۆ بایدن، بە ڕێگەدان بە ڤلادیمیر زیلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا بۆ ئەوەی ئەو مووشەكانەی ئەمریكا بەكاربهێنێت بۆ لێدانی قووڵایی ڕووسیا،  لە دوایین ساتەكانی تەمەنیدا یارییەكی مەترسیدار ئەنجام دەدات.
 شرۆڤەكارانی سەربازی پێیانوایە بڕیارەكەی ئەمەریكا سەرەڕای سنوورداربوونی كاریگەری سەربازی، ئامانجی چڕكردنەوەی فشارە بۆ سەر سەرۆك پوتین لە هەر دانوستانێكی داهاتوودا.

 بڕیارەكانی ئیدارەی جۆ بایدن بۆ هاوكاری زیاتری ئۆكرانیاو پێدانی مووشەكی دوور مەودا، لە لایەن چاودێرانەوە وا لێكدەدرێتەوە كە هاوكاری زیاترە بە ئۆكرانیا بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی لە بەرەكانی جەنگدا، ئەویش وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر پرۆسەیەكی دانوستان.
 هاوكات گەرمتركردنی مەیدانی جەنگەكە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدنەوە والێكدەدرێتەوە كە دانانی بەربەستە لەبەردەم هەر جۆرە نزیكبوونەوەیەكی نێوان ترەمپ و پوتینە لە داهاتوودا لەسەر حیسابی ئۆكرانیا یان وڵاتانی ناتۆ.

 ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی ڕووسیا،هەڕەشەی توند دەكاتە سەر هەر وڵاتێك كە هاوكاری سەربازی ئۆكرانیا دەكات ودەڵێت:" بە مافی خۆمانی دەزانین لە هەر وڵاتێك بدەین كە ئـــــــــــۆكرانیا بە چەكەكەی هێرش دەكاتە سەر خاكی ڕووسیا.
سەرۆكی ڕووسیا ڕایگەیاند، چەكی هەر وڵاتێك بەكاربهێنرێت  سڵناكەینەوە لەو وڵاتە بدەین‌و چەكێك بەكاردەهێنن كە هیچ سیستمێك لە جیهاندا ناتوانێت ڕێگری لێبكات.
پوتین، لە میانی هەڕەشەكانیدا وتی، ڕەزامەندی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ بەكارهێنانی چەكی دوور مەودا بۆ لێدانی قوڵایی ڕووسیا بە مانای تێوەگلانی ڕاستەوخۆی وڵاتانی ناتۆ دێت لە شەڕەكەدا.

میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە، كە ئۆكرانیا بۆ یەكەمجار مووشەكی دوور مەودای “Storm Shadow”ی دروستكراوی بەریتانیا و فەرەنسی لە دژی ڕووسیا بەكارهێناوە، ئەمەش دوای ڕۆژێك لە بەكارهێنانی مووشەكی “ئاتاكوم”ی ئەمەریكی.
 بەكارهێنانی مووشەكی دوور مەودای ئەمەریكی‌و بەریتانی‌و فەرەنسی لە هەفتەی ڕابردوودا لە لەلایەن ئۆكرانیاوە دژ بە ڕووسیا، ڕووسیای تەواو توڕە كردووەو پۆتین هەڕەشە لە هەر وڵاتێك دەكات كە ئۆكرانیا چەكەكەی دژی ڕووسیا بەكاربێنێت.
دودا سەرۆكی پۆڵەندا دەڵێت:" بڕیاری ئەمریكای بۆ ڕێگەدان بە ئۆكرانیا بۆ بەكارهێنانی مووشەكی دوور مەودا بۆ لێدانی قووڵایی خاكی ڕووسیا بە خاڵی وەرچەرخان لە شەڕەكەدا وەسف كرد. 

وەك ئامادە سازییەك بۆ دەستپێكردنی جەنگێكی گەورەترو هێرشی فراوان‌و سەختتر بۆ سەرۆ ئۆكرانیا، ڕووسیا زیاتر لە ٣٠ فڕۆكەی بۆمبڕێژكەری ستراتیژی زەبەلاحی لە نزیك ئۆكرانیا جێگیركردووە.
 
ڕووسیا دەڵێت، بەهۆی شكستی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا، جۆ بایدن بڕیاریداوە بە هەڵگیرساندنی شەڕی ئەتۆمی كۆتایی بەماوەی سەرۆكایەتییەكەی بهێنێت.
باڵیۆزی ئۆكرانیا لەبەریتانیا ڕایگەیاند، "سێیەم جەنگی جیهانی بەكرداریی دەستیپێكردوەو بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانەكانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆكرانیا، ئاماژەیە بۆ دەستپێكردنی ئەو جەنگە. 

ڤالێری زالۆژنی باڵیۆزی ئۆكرانیا لەبەریتانیا دەڵێت:" ئۆكرانیا لەساڵی 2024دا هەر بەتەنها ڕوبەڕوی ڕوسیا نەبووەتەوە، چونكە سەربازانی كۆریای باكور بەشداری شەڕەكە دەكەن‌و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێران‌و موشەكی كۆریای باكورو پێكهاتەكانی چینیش لەهێرشەكانی سەر ئۆكرانیا بەكاردەهێنرێن". 
  باڵوێزی ئۆكرانیا لە بەریتانیا دەشڵێت:" ئەم پێشهاتانە هۆكاری ڕوونن بۆ ئەوەی بڵێین جیهان چوەتە سەردەمێكی جەنگی جیهانیی نوێ.