ئاگربەستی نێوان ئيسرائيل و حيزبوڵا

2024-11-28
ڕەنج نەوزاد



ئەمرۆ ئاگربەستی نێوان ئێسرائيل و حيزبوڵا جێبەجێ دەکرێت. بە پێی واقع و گۆڕەپان و دەستکەوتەکانی جەنگەکە، بە پێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە کە جارێ فەرمی نييە، بەندەکانی ئاگربەستەکە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپييە لە لایەن حيزبوڵا و بەرەی ئیران. چونکە:

١. سەرەتا دەبێت بزانين بۆچی و چۆن شەڕی نێوان ئيسرائيل و حيزبوڵا ڕوويدا. حيزبوڵا لە ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ڕۆژێک دوای  دەستپێکردنی شەڕی ئيسرائيل و غەززە، دەستپێشخەری شەڕی کرد و ناوی لێ نا بەرەی پاڵپشتی لە غەززە. لەو ڕۆژەوە تا دواهەمين گوتاری نەسروڵا، حيزبوڵا دەيوت شەڕ ناوەستێت تا ئەو کاتەی ئيسرائيل شەڕی غەززە دەوەستێنێت. بە بەردەوامی دەيانووت بەرەی غەززە و باشووری لوبنان یەک بەرەیە. ئەمە درووشمی سەرەکی نەسروڵا بوو تا کووژرا (وەک لە ڤيديۆکە ديارە). ئێرانيش پشتگيری تەواوی ئەم گوتارەی دەکرد گوایە ئەمە یەکێتی گۆڕەپانەکانی (وحدة الساحات) بەرەی مقاوەمەیە. پێش هەموو شت، حيزبوڵا بەڵێن و قسەکەی نەسروڵای شکاند، بێ ئاگربەست لە غەززە، ڕازی بوون بە ئاگربەست لە لوبنان، بەرەی غەززە و بەرەی باشووری لوبنانيان لە یەک جياکردەوە، واتە بەهێزترين گورز لە دەستەواژەی یەکێتی گۆڕەپانەکانی بەرەی مقاوەمەی ئێران. 

٢. سەرەتا ئيسرائيل تەنيا داوای دەکرد حيزبوڵا هێرشەکانی بوەستێنێت و نەبێتە بەشێک لە جەنگەکە. پاشان مەرجی ئيسرائيل بووە وەستاندنی چالاکييەکانی حيزبوڵا و کشانەوە بۆ پشت ڕووباری ليتانی. پاش زاڵبوونی ئيسرائيل و کووشتنی نەسروڵا و تەواوی سەرکردە گرنگەکانی حيزبوڵا و داگيرکردنی بەشێک لە خاکی لوبنان، مەرجی تری زیاد کرد وەک ڕێگرتن لە هەناردەکردنی چەکی ئێران بۆ لوبنان، پێکێهنانی ليژنەیەک بە سەرپەرشتياری ئەمريکا بۆ چاودێری و ڕێگرتن لە دووبارە بەهێزبوونەوەی حيزبوڵا و گەڕانەوەی بۆ باشووری لوبنان. بە پێی ڕێککەوتنەکە حيزبوڵا ڕازی بووە بە هەموو ئەم مەرجانە. لە کاتێکدا هيچی دەست نەکەوت و شەڕی غەززەش کۆتایی پێنەهێنرا. واتە دەيتوانی سەرەتا بە کەمترين زیان، بێ ئەوەی نەسروڵا و تەواوی سەرکردە سەرەکييەکانی لە دەستبدات، بێ ئەوەی بەشێکی گەورەی لوبنان کاول بکرێت و هەزاران کەس بکووژرێت، شەڕ ڕابگرێت. ئەوەی ئيسرائيل لە سەرەتاوە داوای دەکرد و حيزبوڵا ڕەتی دەکردەوە، ئێستا بە زیادەوە ڕوويدا، بەڵام پاش زیانێکی زۆر گەورە بۆ حيزبوڵا و لوبنان. 

٣. ئەوەی ئيسرائيل بەدەستی هێنا و ئەنجاميدا، زۆر لە چاوەڕوانی ئيسرائيل زیاتر بوو. ئيسرائيل پێیوابوو کووشتنی نەسروڵا و سەرکردەکانی تر، کشانەوەی حيزبوڵا بۆ پشت ڕووباری ليتانی، ئامانجێکە ئيسرائيل دەبێت قوربانييەکی زۆری بۆ بدات. بەڵام زیانەکانی ئيسرائيل لەسەر ئاستی مرۆیی و ژێرخان، زۆر لەوە کەمتر بوو کە چاوەڕوان دەکرا. 

٤. ئامانجی سەرەکی ئيسرائيل لە بەرەی لوبنان بريتی بوو لە کشانەوەی حيزبوڵا بۆ باکووری ڕووباری ليتانی و دابڕانی بەرەی غەززە و لوبنان لە یەکتر، گەڕانەوەی هاووڵاتيانی ئيسرائيل بۆ ماڵەکانی خۆیان لە باکووری وڵاتەکە. بە پێی ئەوەی ڕوويدا و بە پێی ئاگربەستەکە، ئيسرائيل زۆر زیاتر لەو ئامانجەی بەدەست هێنا. بە تايبەت کووشتنی نەسروڵا و لاوازکردنی حيزبوڵا، پێشاندانی توانا سەير و سەمەرەکانی خۆی لە بواری تەکنەلۆژيا و هەواڵگری و پێشاندانی هەقيقەتی حيزبوڵا و بەرەی ئێران کە توانایەکی سنوودارييان هەیە لە جەنگ و بواری سەربازی. 
٥. سێ خاڵ لە بەندەکانی ئاگربەستەکە؛ وەک لەناوبردنی بارەگا سەربازی و تونێلەکانی حيزبوڵا لە باشووری لوبنان، ڕێگرتن هەناردەکردنی چەکی ئێرانی بۆ لوبنان، گەڕانەوەی سوپای لوبنان بۆ ناوچەکانی حيزبوڵا... زیاتر ئاماژەیە بە جۆرێک لە چەککردنی حيزبوڵا. لە ڕاستيدا ئەگەر ئەمە ڕووبدات، واتە حيزبوڵا ئيتر تەنيا دەتوانێت شەڕی سووننەکان و لوبنانييەکان بکات، نەک ئيسرائيل، ئەمەش بۆ ئيسرائيل دەستکەوتێکی ترە. 
٦. ليژنەیەک درووستکراوە بۆ چاودێريکردنی پڕۆسەی ئاگربەستەکە، ليژنەکە لە لایەن ئەفسەرێکی سوپای ئەمريکييەوە سەرپەشتياری دەکرێت. واتە سوپای ئيسرائل سەرپەرشتياری دەکات. 
٧. ماف بە ئيسرائيل دراوە ئۆپراسيۆنی سەربازی لە لوبنان ئەنجامبدات هەر کات حيزبوڵا هەوڵی گەڕانەوە بۆ باشوور و خۆپڕچەکردن بدات، ئەگەر سوپای لوبنان و ليژنەکە نەتوانن ڕێگری لەوە بکەن. 
٨. سوپای ئيسرائيل لە باشووری لوبنان دەمێنێتەوە لە ماوەی ئەم دوو مانگە، خۆیان چاودێری دۆخەکە دەکەن. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی حيزبوڵا ئاڵای سپی بەرزکردەوە. 

٩.مافی بەرگری دراوە بە ئيسرائيل و لوبنان وەک دەوڵەت و سوپا، حيزبوڵا ئەو مافەی نەما. 

١٠. حيزبوڵا و هەر گروپێکی تری چەکداری بۆیان نييە هێرش بکەنە سەر ئيسرائيل و لە باشووری لوبنان هەبن. واتە کۆتایی هاتنی مقاوەمە لە لوبنان. 
١١. پاش زیاد لە ٥٠ ساڵ، بۆ یەکەم جار سوپای لوبنان دەگەڕێتەوە بۆ باشووری لوبنان و نزيک سنووری ئيسرائيل. واتە کۆتایی هاتنی بەرەی ئێران لەسەر سنووری لوبنان-ئيسرائيل. 
هەموو ئەم خاڵانە بە پێی ئاگربەستەکەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت. 

بۆچی ئێران ڕازی بوو بەم ئاگربەستە؟
ئێران تەواو دژی ئەوە بوو کە گۆڕەپانی غەززە و باشووری لوبنان لە یەکتر داببڕێن، چونکە پێش هەمووان گورزە لە پڕۆژەکەی ئێران. هەر سێ ڕۆژ پێش ئێستا خامنەیی ڕايگەياند کە خەڵکی فەڵەستين و لوبنان دەبێت بزانن تەنيا شەڕ و ئامرازی سەربازی چارەسەرە. کەواتە بۆچی ئێران ڕازی بوو بەم ئاگربەستە؟

١. لە پاش کووشتنی نەسروڵا و گورزەکانی تری ئيسرائيل، هەژموونی ئێران لە لوبنان ڕووبەڕووی کێشە بوو، چونکە حيزبوڵا شکۆی خۆی لە دەستدا لەناو لوبنان. کار گەيشتە ئەوەی لە فڕۆکەخانەی بەيروت ئاسايشی لوبنان لاريجانی و وەفدەکەی ڕاگرت و بە پڕۆسەی پشکنيندا تێپەڕين. ئەمە ئەو گۆڕانکارييە پێشاندەدات کە لە هەژموونی ئێران و توانای حيزبوڵا لە لوبنان ڕوويداوە. ئێران ناتوانێت وەک سەردەمی نەسروڵا بڕياردەری یەکەم بێت لە لوبنان، زۆرينەی لوبنان لەگەڵ ئاگربەست و بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی بوون.
٢. زیانەکانی حيزبوڵا گەيشتە ئاستێک کە مەترسی هەبوو لەوەی تەنانەت لەناو لوبنانيش نەتوانێت وەک هێزێکی سەرەکی بمێنێتەوە. بۆيە شکستی حيزبوڵا بەرامبەر بە ئيسرائيل، بۆ ئێران باشترە لەوەی شکستەکەی بەرامبەر بە ئيسرائيل و هێزەکانی تری لوبنان بێت.

٣. بە هۆی بۆردومانکردن و چاودێری ئيسرائيل بۆ سەر سنووری سووريا-لوبنان، گواستنەوەی چەک و هاوکارييەکانی ئێران بۆ حيزبوڵا زۆر قوورس بووە. 
٤. پێشڕەوييەکانی سوپای ئيسرائيل لە باشووری لوبنان زۆر خێرا بوو لە ماوەی هەفتەی ڕابوردوو، مەترسی هەبوو ئەو پیشڕەوييە فراوانتر بکرێت و ئيسرائيل بەشێک لە خاکی لوبنان داگيربکات و بيکاتە ناوچەی سەربازی، هاوشێوەی غەززە. 

٥. هۆکارێکی سەرەکی بريتييە لە هاتنەوەی تڕەمپ، ئێران پێی وایە زیانی زۆر گەورەتر دەکات ئەگەر بەردەوام بێت لەم شەڕە. 

٦. هێرشە سنووردارەکەی ئيسرائيل بۆ سەر ئێران کاريگەر و پڕ پەيام بوو. بە تايبەت کە ژێرخانێکی نهێنی پڕۆژەی ئەتۆمی کرایە ئامانج. پەيامێک بوو بۆ خامنەیی کە ئيسرائيل نەک هەر دەتوانێت بگاتە شوێنە ئاشکرا و سەرەکييەکانی پڕۆژە ئەتۆمييەکە، بەڵکو تەنانەت دەستی دەگات بە بەشە شاراوەکەی ئەو پڕۆژەیە. ئەمە وای لە ئیران کرد کە دڵنيابێت لەوەی ئەگەر ئيسرائيل هەموو بەرەی ئێرانيش کاولبکات، هەڵەیە ئێران ڕاستەوخۆ بچێتە جەنگەکەوە، بە تايبەت دوای گەڕانەوەی تڕەمپ. 
٧. ئێران بە ناچاری ڕێگەی بە حيزبوڵا دا ئەو ئاگربەستە قبوڵبکات. چونکە باش دەزانێت ئاگربەست لە لوبنان، واتە تەرکيزکردنە سەر ئێران. دوێنێ نەتانياهۆ وتی هۆکاری یەکەم بۆ ئەم ئاگربەستە ئەوەیە کە تەرکيزی سەرەکی بخەينە سەر ئێران. بەڵام ئێران لەوانەیە هيوایەکی بەوە هەبێت کە شەڕەکەی غەززەش پاش ماوەیەکی تر کۆتایی پێبهێنرێت. 
٨. هۆکارێکی گرنگ ئەوەیە ئێران و هەموو لایەک بۆی دەرکەوت ئيسرائيل سازش ناکات و ئامادە نييە جەنگ ڕابگرێت. زیاد لە یەک ساڵە، سوپای ئيسرائيل و مۆساد مانگ بە مانگ گورزەکانيان بەهێزتر و کاولکارانەتر دەبێت. دەرکەوت نە جەنگی درێژ، نە زیانی مرۆیی و ئابووری، نە پرسی بارمتەکان تەنانەت نە ئەمريکاش ناتوانن ئيسرائيل ڕابگرن. 
٩. زۆرێک لە لوبنانييەکان دەيانووت ئەگەر ئێران ڕێگە نادات حيزبوڵا بە ئاگربەست ڕازی بێت، کەواتە با ئێران خۆشی بەشداری شەڕەکە بکات، یان ڕێ بە لوبنان بدات رزگاری بێت لەو جەنگە کاولکارە. ئەمە فشارێکی ناوخۆیی گەورە بوو بۆ سەر حيزبوڵا و ئێران. 

١٠. بوونی نەعيم قاسم بە ئەمينداری حيزبوڵا دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکان. ئيسرائيل هەوڵیدا بە فشارکردن لە حەسەن نەسروڵا، حيزبوڵا ناچار بکات بە کشانەوە و وازهێنان لە غەززە. بەڵام سوودی نەبوو بۆیە کووشتی. پاشان خامنەیی خێرا هاشم سەفيەدينی کانديد کرد بۆ شوێنگرەوەی، کە زۆر لە نەسروڵا توندتر بوو. ئيسرائيل هەر خێرا ئەويشی کووشت، پێستڕيش جێگرەکەی سەفيەدينی کووشت. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ لەناوبردنی تەواوی سەرکردە سەربازييە گرنگەکانی حيزبوڵا. لەم کوشتارە سەيرەی ئيسرائيل دژ بە سەرکردەکانی حيزبوڵا، نەعيم قاسمی هێشتەوە چونکە هەر لە سەرەتاوە چاوەڕوان دەکرا ڕازی بێت بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی.

لێکەوتەکانی ئاگربەستەکە چی دەبن؟

١. جارێ گومان زۆرە لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بە شێوەیەکی تەواو. ماوەی ٢ مانگ تاقی دەکرێتەوە پاشان ڕێککەوتنی تر ئەنجامدەدرێت. لەم ماوەیەدا ئەگەر هەیە ئاگربەستەکە بشکێنرێت. بە تايبەت بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حيزبوڵا دەزانن شکستێکی گەورەیان هێناوە، دەکرێت دووبارە چالاکی سەربازی ئەنجامبدەن. هاوکات ئەگەر ئيسرائيل هێرش بکاتە سەر گۆڕەپانەکانی تری بەرەی ئێران، یان هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران، ئەوا دوور نييە حيزبوڵا دووبارە دەست بە چالاکی بکات. 

٢. دوێنێ نەتانياهۆ لە گوتارەکەی لەبارەی ئاگربەستەکە، کە زیاتر گوتاری سەرکەوتن بوو، وتی "هۆکاری یەکەم بۆ ئەم ئاگربەستە تەرکيزکردنە سەر هەڕەشەی ئێرانە و، باسی وردەکاری ناکەم لەم بارەیەوە". هۆکاری دووەم دووبارە خۆئامادەکردن و پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و ڕێکخستنەوەی سوپایە. سێيەم هۆکار بريتييە لە دابڕانی بەرەی غەززە لە باشووری لوبنان، واتە لەناوبردنی ستراتيژی یەکێتی گۆڕەپانەکانی بەرەی مقاوەمە. هەرسێ هۆکارەکە پەيوەندی بە ئێرانەوە هەیە. هۆکاری دووەم کە دووبارە خۆ ئامادەکردن و پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەکە، ناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئێران. 

٣. نەتاياهۆ لە گوتارەکەی ئاماژەی بەوە کرد لە حەوت بەرە شەڕ دەکەن، لە شەش بەرە ئيسرائيل ڕاستەوخۆ گورزی سەربازی وەشاندووە، لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و سووريا و لوبنان و یەمەن و ئێران. تەنيا بەرامبەر بە عيراق جارێ ئيسرائيل تەنيا بەرگری دەکات و گورزی نەوەشاندووە. ئەمە دەکرێت ئاماژە بێت بە نزيکبوونەوەی هێرشێکی ئيسرائيل بۆ سەر عيراق. 

٤. زۆربەی ئاماژەکان پشتگيری ئەوە دەکەن کە جەنگەکە ناوەستێت، بەڵام لە ئەگەری گەيشتن بە ئاگربەست لە غەززە، دەکرێت جەنگەکە بەرەو کۆتایی بچێت. 
٥. ماوەی ئاگربەستەکە ٢ مانگە، تا ئەو کات تڕەمب دەستبەکار دەبێت و زۆر شتی تر ڕوون دەبێتەوە.