بۆچی ئەمەریکا لە بەشار ئەسەد توڕەیە؟

2024-12-02
دیبلۆماتیک


سەبارەت بە شەڕو بارگرژییەکانی سووریا، ئەمەریکا دەڵێت، ئەوە بەرهەمی ئەوەیە کە بەشار ئەسەد، ملی بە بڕیارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان نەداوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و پشتی بە ئێران و ڕووسیا بەستووە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕو بارگرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوریا، ئەمەریکا پرسی بڕیارنامەی ژمارە " 2254" ی نەتەوەیەکگرتووەکای هێناوەتە بەر باس و ئەمەریکییەکان دەڵێن، ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات، هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەشار ئەسەد ملی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارنامەیە نەداوە.
 لە 18ی کانونی یەکەمی 2015، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەبارەت بە کۆتاییهێنانی شەڕو ئاژاوەی تورکیا، دەنگی لەسەر بڕیارنامەی ژمارە" 2254" دا.

بڕیارنامەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕو دەستپێکردنی دانووستان بوو لە نێوان حکومەتەکەی بەشار ئەسەدو ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەدا کە دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد شەڕیان دەکرد.

بەپێی ناوەرۆکی بڕیارنامەی ژمارە " 2254"ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕەشنووسەکەی ئەمەریکا ئامادەی کردبوو، بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان حکومەتێکی ئینتیقالی لەماوەی شەش مانگدا پێکبهێنرێت و ئەو حکومەتە کاربکات بۆ زەمینە سازکردن بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت لە هەموو لایەنەکان،.

لە بڕیارنامەی ژمارە " 2254"دا هاتووە کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە نوێنەرانی ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزیسیۆن کردووە کە لەسەرەتای مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٦ دا،  بەشداری دانوستانە فەرمییەکان بکەن بۆ دەستپێکردنی دانووستان و کۆتاییهێنان بە شەڕو بارگرژییەکان و گەشتن بە چارەسەری سیاسی قەیرانەکە، بەڵام بەشار ئەسەد، وەڵامی داواکاریی و بڕیارنامەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانی نەدایەوەو بە پشتیوانی ڕووسیاو ئێران، درێژەی بە دەسەڵاتی خۆیدا.

شەڕو ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سووریا، لەناوەندە جیاوازەکانی ئەمەریکا، بە گەرمی بڕیانامەی " 2254"ی نەتەوەیەکگرتووەکانی هێناوەتەوە بەرباس و ئەمەریکا بەشار ئەسەد تاوانبار دەکات بەوەی کە شەڕو ڕووداوەکانی لە ئەسۆدایە، بەوەی کە دە ساڵ لەمەوبەر ملی بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارنامەیە نەداوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سووریا گەڵاڵە کراوە.

شۆن ساڤیت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا دەربڕی و وتی:" ڕەتکردنەوەی حکومەتی سوریاو بەشار ئەسەد  بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی کە لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووەو پشتبەستنی بەشار ئەسەد بە پشتیوانی ڕووسیا و ئێران بووەتە هۆی ئەو شەڕو ئاژاوەیەی کە ئێستا سووریای گرتووتەوە.