زیندانی سەیدنایا باستیلەكەی بەشار ئەسەد

2024-12-09
دیبلۆماتیک 


ئەوێ، زیندانی سەیدنایا، بە قەسابخانەی مرۆڤ و بە مەترسیدارترین شوێن لە جیهاندا دێتە ئەژمار.
ترسناكترین زیندان‌و ئاشی هاڕینی هەزاران مرۆڤی بێتاوان ‌و ئەوانەبوو كە لە ڕژێمە زاڵم‌و دیكتاتۆرەكەی بەشار ئەسەد ڕازینەبوون.
لەگەڵ كەوتن‌و كۆتایهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، ڕووماڵی میدیا عەرەبی‌و جیهانییەكان بەرەو زیندانی سەیدنایا ئاڕاستەیان گرت.
پاش كەوتنی بەشار ئەسەد، زیندانی مەترسیداری سەیدنایا، گەورەترین دەنگدانەوەی لە جیهاندا درووستكردو بوویە سەرنجڕاكێشترین دیمەنی كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی نیو سەدەی بنەماڵەیەكی خوێنڕێژو دیكتاتۆر.
لە بەرەبەیانی یەكەم ڕۆژی ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، هاوشانی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن، هەزاران كەس بۆ سۆراغی كەس‌و كاریان، كە لەوێ زیندانیبوون، بە لێشاو ڕوویان لە زیندانی گەورەو ترسناكی سەیدنایا كرد.
جیا لە ئازادبوونی هەزاران زیندانی، هاوكات لەگەڵ شكاندنی دەرگای زیندانە گەورەو مەترسیدارەكەی سەیدنایا، دەیان چیرۆك‌و دیمەنی تراژیدی‌و ناخهەژێنی زیندانییەكان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داپۆشی‌و بوویە باسی گەرمی میدیاكان.



زیندانی گەورەو مەترسیداری سەیدنایا، سیی كیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەخت‌و كۆشكەكەی بەشار ئەسەدەوە دوور بوو، بە گوزارشتی ڕێكخراوی لێبوردنی جیهانی، ئەوێ قەسابخانەی مرۆڤەكان بوو، ئەو مرۆڤانەی كە لە ڕوانگەی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە نەیار بوون.
لەوێ، لە زیندانی سەیدنایا، خراپترین جۆرەكانی سزادان بەرانبەر زیندانییەكان جێبەجێدەكرا، دیمەنەكان نیشانی دەدەن‌و شاهێد حاڵەكان دەڵێن، لەو زیندانە ترسناكەدا، سەباری هەموو جۆرە لێدان‌و سزایەكیان، دەستدرێژی سێكسی، سووتاندن، دەرهێنانی چاو، لەپیاوەتی خستن، دەرخواردانی پیسایی‌و خوێكردن بە برینداو لە سێدارەدان‌و كوشتنی بەكۆمەڵ بەرانبەر زیندانییەكان ئەنجام دراوە.
شاهێد حاڵ‌و ڕزگاربوان ئاماژە بە جۆرێك سزای زۆر سەخت‌و نامرۆڤانەی زیندانییەكان دەكەن‌و دەڵێن، یەكێك لە خراپترین جۆری سزاكانی زیندانییەكە، سزادان بووە لە ژووری " خوێ"داو زیندانییەكەیان لەو ژوورەدا هێشووەتەوەو سزاداوە تا ئەوكاتەی پێست بەلاشەیەوە نەماوە.
یەكێك لەو ئافرەتانەی كە لە زیندانی سەیدنایا ڕزگاركرا، بەوپەڕی حەسرەتەوە وتی، جەلادەكانی زیندان بە بەرچاوی هاوسەرەكەمەوە دەستدرێژیان كردە سەرم ‌و هەر لەوێدا هاوسەرەكەم لە مەراقدا گیانی لەدەستدا.
زیندانی سەیدنایا، لە دووری سیی كیلۆمەتر لە باكوری شاری دیمەشق، لەسەر ڕووبەری 140 كیلۆمەتر چوار گۆشە، لە ساڵی 1987، لە سەردەمی حافز ئەسەدی باوكی بەشار ئەسەددا درووستكراوەو سی‌و حەوت ساڵبوو، بوو بوویە دۆزەخی نەیارەكانی باوك‌و كوڕە دیكتاتۆرو خوێنڕێژەكە.



بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2011 وە تا ساڵی 2015، " 13" هەزار كەس لە نەیارانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە زیندانی مەترسیداری سەیدنایا لە سێدارە دراون.
  بەپێی ئاماری "ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ" لەسەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی‌و خۆپیشاندانەكانی سووریاوە لە ساڵی 2011، تا ساڵی 2021، نزیكەی  30 هەزار دەستگیركراو لە زیندانی سەیدنایا بەهۆی ئەشكەنجەو برسێتی‌و نەخۆشیی‌و لەسێدارەدانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 زیندانی " سەیدنایا"، لە لایەن سوپای سوریاوە بەڕێوەدەبراو هێندە نهێنی‌و مەترسیداربووە، كە بەبێ مۆڵەتی بەشی دەزگای موخابەراتی سووپا هیچ كەسێك نەیتوانیوە بچێتە ناوی.
 بەهۆی سزادانی سەختەوە، بەشێكی زۆری زیندانییە ڕزگاربووەكانی باستیلەكەی بەشار ئەسەد، تووشی نەخۆشی دەروونی‌و لەبیرچوونەوە بوون‌و هەیانە تەنانەت ناوی خۆیی‌و شارەكەشی لەبیرچووەتەوە.
ڕزگاربوانی زیندانەكە دەڵێن، جەللادەكان بەیانیان هەڵیاندەكوتایە سەر زیندانییەكان‌و ئەو ناوانەی دەیانخوێندەوە دەبران بۆ لەسێدارەدان‌و ئەوانەشی لەسێدارە دەدران سێ ڕۆژ پێشتر نان‌و ئاویان پێنەدەدراو برسی و تینوو دەكران‌و پاش لە سێدارەدانیشیان دەكرانە گونیەوەو لەناو زیندانەكەدا بە ڕیز دادەنران‌و پاش چەندان ڕۆژ، بە كۆمەڵ دەكران بەژێر خاكەوە.
ئەو باس‌و ڕووداوە تراژیدیانەی زیندانی مەترسیداری "سەیدنایا" كە دوو ڕۆژە مرۆڤایەتی شۆك كردووە، ڕەنگە سەرەتاو دەروازەی ئەو چیرۆكە مەترسیدارە بن كە ڕژێمە خوێنڕێژەكەی بەشار ئەسەدو باوكی لەماوەی سیوحەوت ساڵدا بە خوێنی نەیارەكانیان نووسیبێتیانەوە.