خەبات عەبدوڵڵا
له ١٩٢١/١/٦دا، ته‌نیا چه‌ند مانگێك دوای دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق و به‌پێى بڕیارى حاكمى ئه‌وكاته‌ى عێراق؛ پێرسى زه‌خاریا كۆكس، (جه‌یش)ى عێراق دامه‌زرێنرا.
له ٢٠٠٣/٥/٢٤دا، ته‌نیا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دزای داگیركردنى عێراق، به‌پێى بڕیارى حاكمى ئه‌وكاته‌ى عێراق؛ لویس پۆل بریمه‌ر، (جه‌یش)ى عێراق هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
له ٢٠٠٣/٨/٧دا و به‌پێى فه‌رمانى ژماره ۲۲ى ده‌سه‌ڵاتى كاتیی هاوپه‌یمانان CPA، بڕیارى دامه‌زراندنى سوپایەكى نوێ بۆ عێراق درا.
٭ ٭ ٭
ده‌ستوورى عێراق مادده‌یه‌كى له‌مه‌ڕ سوپای عێراق داڕشتووه، به‌گوێره‌ى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌ى ۹‌ی ده‌ستوور: "هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق و ده‌زگاكانى ئاسایش له پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق پێكدێن، به ڕه‌چاوكردنى هاوسه‌نگیی ڕێژه‌ى نوێنه‌رایه‌تیكردنیان به‌بێ جیاوازى، یان وه‌لاخستنى هیچ لایه‌ك و له‌ژێر ڕكێفى ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نییدا ده‌بێت و به‌رگرى له عێراق ده‌كات و نابێته ده‌زگایه‌ك بۆ داپڵۆسینى گه‌لى عێراق و ده‌ست وه‌رناداته كاروبارى سیاسی و ڕۆڵى نابێت له ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵاتدا".
سوپاى عێراق سه‌ره‌تا لە بەغدا له فهوجێكهوه دامه‌زرا، كه فه‌وجى ئیمام مووساى كازم بوو، به‌ڵام دوای نزیكەى حه‌فتا ساڵ، سوپاى عێراق بووه ماشێنێكى جه‌نگیى زه‌به‌لاح، كه له نۆ له‌شكر و ٧٥ فیرقه‌ى جیاجیا و نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن چه‌كدار پێكهاتبوو. سوپاى عێراق خاوه‌نى ٧٠٠ فڕۆكه‌ى جه‌نگى و شه‌ش هه‌زار تانك و پێنج هه‌زار تۆپ و جبه‌خانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى چه‌كى كیمیایى و بایه‌لۆژى و سه‌دان مووشه‌كى سكۆد و به‌رنامه و پیشه‌سازییه‌كى چهكسازیى تۆكمه بوو.
سوپاى عێراق له‌كۆتاییه‌كانى جه‌نگى یه‌كه‌مى كه‌نداو و ده‌مه‌ده‌مى داگیركردنى كوهیتدا، چواره‌م گه‌وره‌ترین سوپاى دنیا بوو.
سوپاى عێراق، كه له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه له‌سه‌ره‌تای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو دامه‌زرێنرا، دوای ٨٢ ساڵ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاییه‌كانه‌وه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و بڵاوه به یه‌که‌کانی کرا و له‌برى ئه‌و، بڕیارى دامه‌زراندنى سوپایەكی دیكە درا.
٭ ٭ ٭
سوپاى عێراق سوپایەكى كوده‌تاچی بووه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌نجامدانى چه‌ندین كوده‌تاى شكستخواردوو، به‌ڵام له (ساڵی ۱۹۳٦: هاتنى به‌كر سدقى)، (۱۹٥۸: ڕاگه‌یاندنى جمهوریه‌ت و هاتنى عه‌بدولكه‌ریم قاسم)، (۱۹٦۳: كوشتنى قاسم و هاتنى یه‌كه‌مجاری به‌عسییه‌كان)، (۱۹٦۸: هاتنه‌وه‌ى دووهمجارى به‌عسییه‌كان تا داگیركردنى عێراق)، جه‌یش ڕۆڵێكى كاراى بینیوه و هه‌میشه ئه‌كته‌رێكى سه‌ره‌كیى ڕووداوه سیاسییه‌كانى عێراق بووه.
(جه‌یش)ی عێراق جه‌یشێكى تائیفى بووه. ئه‌گه‌رچى له‌سه‌ره‌تاوه ئینگلیزه‌كان هه‌وڵیان دا جه‌یشى عێراق هى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه پێشتر کاریان بۆ ئه‌وه کردبوو، له‌میانه‌ى هێزه‌كانى (لیڤى)یه‌وه عه‌ره‌بى شیعه، عه‌ره‌بى سوننه، ئاسوورى و كورد به‌شداریى پێ بكه‌ن، به‌ڵام دواتر و به‌هۆی په‌راوێزخستنی کورد و شیعه، ورده ورده داووده‌زگاکانی حكوومه‌ت و جه‌یش له سێگۆشه سونییهكهى عێراقدا قه‌تیس ما.
له ڕووى سیاسییه‌وه و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌مى به‌عسدا، جه‌یشى عێراق دامه‌زراوێكى بێلایه‌ن نه‌بووه، بەڵکوو جه‌یشێكى ئایدۆلۆژیست بووه. به‌عس وه‌كوو سیستمێكى تۆتالیتێر و جیاواز له سیستمه دیكتاتۆره‌كان، بۆ پاراستنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى و پایهداركردنى، هه‌ر به‌ته‌نیا پشتى به جه‌یش نه‌به‌ستبوو، چونكه هه‌روه‌كوو (هانا ئارێنت) ده‌ڵێت، هه‌ڵه‌یه ئەگه‌ر وا دابنرێت سیستمى تۆتالیتێر هه‌ر به‌ته‌نیا سیستمێكى عه‌سكه‌رییه، ئه‌وه ڕاسته، كه ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتێره‌كان وه‌كوو ده‌سه‌ڵاتێكى عه‌سكه‌رى و پشتبه‌ستوو به سوپا خۆ ده‌نوێنن، به‌ڵام ئه‌م جۆره سیستمانه كار له‌سه‌ر نابووتكردنى ئه‌خلاقى پیشه‌یى سوپا و پلەدارهکانی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له ڕێى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى سوپا و سه‌پاندنى شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت له ئایدۆلۆژیا، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سیستمى ده‌سه‌ڵاته‌که خۆیه‌تی.
سوپاى عێراق له ده‌مى به‌عسدا، سوپایەكی به‌عسی بووه.
٭ ٭ ٭
ئه‌گه‌رچی كورد له دامه‌زراندنی سوپای عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ڕۆڵێكی شه‌ریفانه‌ی بینی و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌فسه‌ری كورد، ته‌نانه‌ت تا دوای وه‌ده‌رنانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له كوردستان، له ڕیزه‌كانی سوپادا خزمه‌تیان كرد، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی بیروڕای پفدراو به عه‌قڵی عێراقچێتی، سوپای عێراق له‌لایه‌ن كورده‌وه نه‌ك هه‌ر جێگه‌ی په‌سندان و پیاهه‌ڵدان نییه، بگره له چه‌ندین جومگه‌ی مێژوویی جیاجیادا، (جه‌یشی ئیحتیلال) بووه.
ئاشكرایه كوردستانی باشوور به زه‌بری چه‌ک و هێزی سەربازیی داگیر كراوه، سوپای ئیمپریالیزمی به‌ریتانی به‌زۆریی چه‌ک و دوور له خواستی دانیشتوانه‌كه‌ی، كوردستانی به عێراقه‌وه لكاند. له‌به‌رئه‌وه‌ش، كه ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌كوو ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی هاته كایه، بۆیه نه له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و نه دوای ئه‌و، ئاماده نه‌بووه دان به بوونی كورد وه‌ك گه‌لێكی جیا له عه‌ره‌ب بنێت. له هه‌مان سۆنگه‌وه، سوپای عێراق سوپای سیستمه عه‌ره‌بییه حوكمڕانه جیاجیاكانی ده‌وڵه‌تی عێراق بووه.
له‌وه‌ته‌ى بزووتنەوەى چهكداریى كورد له ساڵی ۱۹٦۱هوه، سوپاى عێراق سه‌رسه‌خترین دوژمنى داواكانى كورد و هێزى به‌رگریكارى كوردستان بووه. ڕاستییه‌كه‌ى، سوپاى عێراق شانبه‌شانى داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانى دیكەى رژێمى عه‌ره‌بیى عێراق، ماكینه‌ى قه‌لاچۆكردنى به‌رده‌وامى كورد بووه.
ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت، كه شانبه‌شانی سوپا، داووده‌زگا تۆقێنه‌ره‌كانی ئه‌من و هەواڵگری ڕۆڵی به‌رچاویان له سه‌ركوتكردنی كورد و گه‌لانی دیكەی عێراقدا بینیوه، به‌ڵام مه‌حاڵ بوو بێ بوونی دامهزراوەیەكی زه‌به‌لاحی وه‌كوو سوپا، پرۆسه‌ی قڕكردنی كورد به‌ڕێوه چووبایه. پێویست به پاساوهێنانه‌وه ناكات، كە سوپای عێراق ئامڕازی سه‌ره‌كیی خاپووركردنی كوردستان و قه‌تڵوعامكردنی گه‌له‌كه‌ی بووه.
سوپای عێراق جگه له‌وه‌ی سوپایەكی بێلایه‌ن نه‌بووه، له شه‌ڕی گه‌لی كوردستاندا خاوه‌ن هیچ به‌ڵێن و ئه‌خلاقێكی سەربازیی نه‌بووه، بۆیه هه‌میشه لای كورد وه‌كوو ده‌زگایه‌كی نامۆ و ترسناك، وێرانكه‌ر و قێزه‌ون ته‌ماشا كراوه.
٭ ٭ ٭
له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی، كه به‌هۆی سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه له چه‌ند ساڵی پێشوودا گه‌لانی عێراق ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه، به‌ڵام ده‌شێت بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌لایه‌ن پۆڵ برێمهرەوە به یه‌كێك له بڕیاره بوێر و مێژووییه‌كان ئه‌ژمار بكرێت.
به‌داخه‌وه سەرکردایەتیی سیاسیی كورد نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی له‌م هه‌نگاوه گرنگه تێبگات، به‌ڵكوو به هه‌مان شێوه‌ی قه‌ومییه عه‌ره‌به‌كان و بێ وه‌رگرتنی عیبره‌ت له ڕابردوو، ئه‌میش كه‌وته داوی ئه‌و هاشوهووشهی، كه پێی وابوو نه‌ده‌بوا سوپا هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، له دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی سوپای عێراقدا، كورد هیچ كۆت و به‌ندێكی نه‌بوو.
له‌وه‌ته‌ی جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كورد له عێراق، زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری عه‌ره‌ب به چاوی خائین و نۆكه‌ری بێگانه له كورد ده‌ڕوانن، ئه‌م دیده پان ئیسلامیـ قه‌ومیی عه‌ره‌بییه ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه. عه‌ره‌به‌كان له چڵه‌پۆپه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، سه‌ره‌ڕای كورد، هه‌میشه به چاوی گومان و بێگانه ته‌ماشای نه‌ته‌وه و كه‌مینه ئیتنی و ئایینییه‌كانی وه‌كوو كورده‌كانی عێراق و سووریا، مارۆنی و ئۆرتۆدۆكسه‌كانی لوبنان، قیبتییه‌كانی میسڕ، به‌ربه‌ره‌كانی جه‌زائیر و تونس و مه‌غریب، فهلهكانی سووریا و سوودان و ئوردون و عێراق و ئهنیمیستهكانی سوودانیان کردووه و هه‌وڵیان داوه ته‌عریبیان بکه‌ن. له سه‌رده‌مانێکی کۆنه‌وه، عه‌ره‌به‌كان میلله‌تانی دیكەی ناو قه‌ڵه‌مڕۆی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامیی جاران و نیشتمانی عه‌ره‌بیی ئێستا، به ده‌سنده‌خۆری خۆیان تێده‌گه‌ن.
ئه‌م تێڕوانینه شۆڤێنییه، كه پێشتر به‌عسییه‌كان له تیۆر و پراكتیكدا به زه‌قترین شێوه گوزارەیان لێ ده‌كرد، هێشتا لای زۆر له سه‌رانی عه‌ره‌بی عێراق درێژه‌ی هه‌یه. بۆیه وه‌کوو ئامڕازێکی سیاسیی دووباره و هه‌روه‌کوو جاران، سوپای عێراق تا دێت دەبێتەوە به ئه‌کته‌ره ناشرینه‌که و تا ئێستا و له چه‌ند بۆنه‌یه‌کی جیاجیادا دژی گەلی کوردستان و ناوچه کوردستانییه‌کانی گه‌رمه‌سێر، که‌رکووک و ده‌وروبه‌ری، مووسڵ و ده‌وروبه‌ری، هەمان ڕۆڵی سوپای عێراقی بەعسیی گێڕاوە.
ئه‌وه گرنگ نییه، كه ئێمه‌ی كورد چه‌ند ئه‌فسه‌ر و كام پۆستی ناو سوپامان پێ ده‌بڕێت، ئاخر به‌درێژایی مێژووی سوپای عێراق كورد ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه له‌و دامه‌زراوه‌دا، كه‌چی نه‌مانبینی له شه‌ڕی دژ به كورد، سوپا بۆ ته‌نیا جارێكیش ساتمه بكرێت.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی گرنگ بوو كورد بیكردایهته مه‌رج بۆ به‌شداریكردنی له دووباره دامهزرانهوهیدا، پێش هه‌ر شتێك سوپا په‌یمان بدات، كه نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک و له هیچ بارودۆخێكدا جارێكی دیكە شه‌ڕی كورد بكات. ده‌بێت سوپای عێراق یه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كیی هه‌بێت، ئه‌ویش به‌رگریكردنه له عێراق له كاتی هێرش و په‌لاماری بێگانه‌دا. جگه له‌وه‌ش، ده‌بوا كورد هه‌ر زوو له كاتی كڕینی چه‌ک و جبه‌خانه‌دا، وڵاتانی چه‌كفرۆشی بهێنایه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كه بیكه‌نه مه‌رج به‌سه‌ر عێراقه‌وه، تا به هیچ بیانوویه‌ك سوپای عێراق چه‌ك دژی دانیشتوانه‌كه‌ی خۆی به‌كار نه‌هێنێته‌وه.
٭ ٭ ٭
شه‌شی کانوونی دووه‌م بۆ کورد نه‌ک هەر بۆنەیەک نییە بۆ یادکردنەوە، به‌ڵکوو یاده‌وه‌رییه‌کی تاڵ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئیحتیلاله.
سەرنج: وێنەکەی خوارەوە بوخچە و پریاسکەی ژنان و منداڵانی ئەنفالکراوی یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانە، کە لە تەمووزی ٢٠١٩ لە بیابانی تەللەت ئەلشیخییە لە سەماوە هەڵدرایەوە و ئێسکوپرووسکی ١٧١ منداڵ و ژنی جوانمەردی گۆڕغەریبانی ئەنفالی لێ دەرهێنرایەوە.