دیپلۆماتیك
سەرباری ئەوەی كە لە هاتنەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك سەردانو كۆبوونەوەی سیاسی ئەنجامدا، هاوكات سەردانی دیوەخانی دوازدە سەرۆك عەشیرەتی كرد.
ئەوەی عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە لە سەردانی دوو ڕۆژی ڕابردوویدا بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا، هیچ بەرپرسێكی سیاسیو حكومی عێراق لە هاتنیدا بۆ هەرێم ئەنجامی نەداوە.
عەممار حەكیم لە هاتنەكەیدا بۆ هەرێم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیو دكتۆر بەرهەم ساڵحو شاسوار عەبدولواحیددا كۆبوویەوەو دواتر لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 8 – 1 – 2025، خۆی گەیاندە پارێزگای هەڵەبجەو لەپاش سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەو كۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگارو بەرپرسانی شارەكە، سەردانی بۆ دیوەخانی خێڵو عەشیرەتەكان دەستپێكرد.
لە میانی سەردانی بۆ دیوەخانو لای هۆزو عەشیرەتەكان، عەممار حەكیم لە عەشیرەتەكانی هەڵەبجەو شارەزوورەوە تا چەمچەماڵ ڕیزی لێگرتو سەردانی دیوەخانی دوازدە عەشیرەتو تیرەی جیاوازی كرد.
پاش تەواوبوونی دیداری لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری پارێزگاكە، عەممار حەكیم سەردانی كاكەییەكانی هەڵەبجەی كردو لەگەڵ كەسایەتیو پیاوماقوڵانی ئەواندا كۆبوویەوە.
هەر لە هەڵەبجە، سەردانی دیوەخانی " تەحسینی میرزا حەسەن" سەرۆك عەشیرەتی نەورۆڵی كردو پاشتر لە گەڵ " هۆشمەند یارئەحمەد" كەسایەتی دیاری هەورامییەكانو ژمارەیەك كەسایەتی دیكەی هەورامییەكاندا كۆبوویەوە.
پاش دەرچوونی لە هەڵەبجە، یەكەم وێستگەی گوڵەخانە بوو، لەوێ محەمەدی حاجی مەحمود بڕنەوێكی پێشكەشی عەممار حەكیم كرد.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، نووسینگەی عەممار حەكیمو لاپەڕە تایبەتەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كە زیاتر لە پێنج ملیۆن لایكی هەیە، بەتەنها وشەیەكیش باسی سەردانەكەیان بۆلای محەمەدی حاجی مەحمود نەكردووە، ئەوەش لەكاتێكدا كە هەموو دیدارو سەردانەكانیتریان بە گرنگییەوە بڵاوكردووەتەوە.
هەر دوێنێ چوارشەممە، 8 – 1 – 2025 عەممار حەكیم بۆ دیداری جەلال جەمیل، سەرۆك عەشیرەتی بابانییەكان، لە گوڵەخانەوە چووە قەزای سەیدسادقو دواتریش لە گوندی " كانی پانكە"ی قەزای سەیدسادق، چووە دیوەخانی یوسفی كاكە حەمە، كەیەكێكە لە كەسایەتیو پیاوماقوڵانی عەشیرەتی شیخ سمایلی.
هەر لە دەڤەری شارەزوور، عەممار حەكیم بۆ سەردانی " ڕۆستەمی لالە سەرحەد"ی سەرۆك عەشیرەتی ڕۆغزایی، سەردانی گوندی " دسكەرە"ی كرد.
لە گوندی ژاڵەی نزیك سلێمانی، عەممار حەكیم، سەردانی " جەزا جاف" سەرۆك عەشیرەتی میكایڵی كردو دواتر لە شاری سلێمانی، وەكو كەسایەتیەكی دیاری عەشیرەتی جاف، عەممار حەكیم سەردانی مەحمود سەنگاوی كردو دواتریش سەردانی دیوەخانی لیوا تەها تیماری سەرۆك عەشیرەتی ئاڵیبەگی كرد.
بۆ سەردانی دیوەخانی كۆمەڵێك سەرۆك هۆزو عەشیرەت، عەممار حەكیم لە سلێمانییەوە ڕوویكردە قەزای چەمچەماڵو لەوێ سەردانی مام هیوا، سەرۆك عەشیرەتی تیلەكۆو خالید محەمەد ڕەحیم سەرۆك عەشیرەتی زەنگەنەو حاجی محەمەد كەلهوڕی، سەرۆك عەشیرەتی كەلهوڕو مەمەند ئاغای سەرۆك عەشیرەتی هەمەوەندی كرد.
ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی، لەتەک سەردان و کۆبونەوەی لەگەڵ پارزگارو زانکۆی سلێمانی و چەند دام و دەزگایەکیتری حکومی و سیاسی، عەممار حەکیم سەردانی عەشیرەتی " لوڕ"ی کردو لەگەڵ جەبار یاوەرو کۆمەڵێک کەسایەتی دیکەی عەشیرتەکەدا کۆبوویەوەو دواتریش لەشاری سلێمانی سەردانی تەکیەی شێخ ئاسەف کەسنەزانی کرد.