دیپلۆماتیك
ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان كە لە دواهەمین گەڕی كێشەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، لە پاڵ چیای نەوشیروان مستەفادا مانەوەو دژی دانای ئەحمەد مەجیدو تیمەكەی وەستانەوە، چەند ڕۆژێكە بە گەرمی دەستیان بە خۆ ڕێكخستنەوە كردووەو ئامادەسازی بۆ كۆنفرانسی دامەزراندنی حیزب دەكەن.
ئەوان كە لە كایەی میدیاییدا بە گۆڕانی گردەكەو تیمی چیا نەوشیروان مستەفا ناسراوونو بە وتەو گوزارشتی خۆشیان ئەوان گۆڕانی " بەرەی دەستوورن"، بەناوی پاراستنی دەستوورەوە جووڵەو كۆبوونەوەو پرۆسەی خۆ ڕێكخستنەوەیان لە سلێمانیو هەڵەبجەو زاخۆو بادینانەوە دەستپێكردووە.
كەوتنە جوڵەی تیمەكەی چیا نەوشیروان مستەفاو گۆڕانی گردەكە لە كاتێكدایە كە گۆڕانی خوارگردەكەو تیمەكەی دانای ئەحمەد مەجید سەرقاڵی ئامادەسازین بۆ ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا كۆنفرانسی دامەزراندن ساز بدەن.
زاگرۆس محەمەد، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی و یەكێك لەو هەڵسوڕاوانەی بزوتنەوەی گۆڕانە كە وەكو " بەرەی دەستوور" خۆیان دەناسێن، ئەو بە " دیپلۆماتیك"ی وت:" لەگەڵ برادەرانی خوار گردەكەدا گەشتووینەتە بنبەستو دەرفەتی سازانەوەو پێكەوە كاركردن نەماوەو هەر لایەك شێوەی خۆی وەرگرتووە، ئێمە چاوەڕوانی كۆتا بڕیاری سكاڵاكەمان دەكەین، ئەگەر سكاڵاكەمان بردەوە بەناوی گۆڕانەوە كاری حیزبیو سیاسی دەكەینو ئەگەر بە پێچەوانەشەوە بوو، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەناوێكی دیكەوە حیزب ڕادەگەیەنینو كاری سیاسی دەكەین".
بەوتەی زاگرۆس محەمەد، ئەو جموجوڵانەی كە دەستیان پێكردووە، بە دڵنیاییەوە ئامادەسازیو خۆسازدانە بۆ بەستنی كۆنفرانسی دامەزراندنی حیزب.
سەبارەت بە ژمارەی مەكۆی ئەو شارانەی كە لەگەڵ گۆڕانی گردەكەدان، زاگرۆس محەمەد وتی:" هەژدە مەكۆی شارو شارۆچكەكانی بزوتنەوەكە لەگەڵ ئێمەدان، مەكۆی سلێمانی تەنها بەرپرسی مەكۆكە لەگەڵ ئەواندایەو بەرپرسی هەموو بازنەو ڕایەڵەكان لەگەڵ ئێمەدان، ئەمە جگە لەوەی كە بەرپرسی چوار ژوورو چەندان ئەندامی جڤات پشتیوانی ئێمەن".
بەپێی زانیارییەكان، بەو پێیەی كە هەردوو بەرەكە ئامادەسازی بۆ كۆنفرانسی دامەزراندن دەكەن، ڕۆژانی داهاتوو، ڕۆژانێكی پڕ لە ململانێی گەرمو پڕ لە كێشمەكێشی توند دەبن لە نێوان هەردوو بەرەی گۆڕانی گردەكەو ئەو گۆڕانەی كە دانای ئەحمەد مەجید ڕابەرایەتی دەكاتو پێدەچێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو كۆتایی بە ماجەرای خاوەندارێتی گۆڕان بێت.