-
- سیاسی
لە كۆبونەوە نهێنیەكانی یەكێتی و پارتی چی باسكراوە؟
یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەڕلەمان رەتدەكاتەوە و نایەوێت
2025-01-12
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشتی پەردە و دوور لەچاوی میدیاكان چەندین كۆبونەوەیان لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت ئەنجام داوە و گەیشتونەتە نوسینی كۆنوسێكی هاوبەش لەسەر شێوازی ئیدارەدانی حكومەت و شێزازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان.
لە رەشنوسەكەدا یەكێتی داواكاریەكانی خۆی جێكردۆتەوە بەتایبەتی ئەو دروشمانەی كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرزی كردبۆوە وەك نەهێشتنی حكومڕانی تاك ڕەو وداداپەروەری لە خزمەتگوزاریدا بەرامبەر هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش داواكاریەكانی خۆی لەو رەشنوسەدا جێكردۆتەوە كە بریتییە لە یەك حكومەت و یەك پێشمەرگە و یەك دارایی بۆ هەرێمی كوردستان.
یەكێك لە بابەتە هەستیارەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی لەدوای دابەشكردنی پۆستەكانەوە،بریتییە لە بابەتی شێوازی ئیدارەدانی دارایی و كارگێڕی حكومەتی هەرێم.
بەتایبەتی كە هەمیشە یەكێتی گلەیی هەبووە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دارایی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەسەر سەرۆك و جێگر و وەزیرەكانی حكومەتدا.
هەروەها هەمیشە كێشەی هەبووە لەگەڵ ناعەدالەتی لە ئەنجامدانی پرۆژەكان و پێی وابووە كە حكومەت بەدەستی ئەنقەست سلێمانی پشتگۆێ دەخات
بە هەمان شێوە پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێی بووە كە داهاتی مەرزەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی وەكو پێویست ناگەرێتەوە بۆ حكومەت و قاچاخچێتی بەرفراوان و نایاسایی لە دەروازەكانی سنوری یەكێتییەوە ئەنجام دەدرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دیپلۆماتیك لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی دەستیكەوتووە یەكێتی پێشنیاری كردوووە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم یاسای بوودجەی هەبێت و یاسای بوودجە لە پەڕلەمانەوە دەربچێت كە لە 2014 وە حكومەتی هەرێم بەبێ بونی یاسای بوودجە كار دەكات.
یەكێتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە كۆتایی بە پەراوێزخستنی پارێزگای سلێمانی بهێنێت و ئەنجامدانی پرۆژە و خزمەتگوزاریەكان مەركەزی بن لەسەر داهاتی هەرێم و بەپێی خشتەی بوودجە نەك لەسەر داهاتی خودی پارێزگاكان
ئەو سەرچاوە باڵایە ئەوەی بۆ دیپلۆماتیك پشتراستكردەوە تا ئەم لەحزەیە یەكێتی و پارتی نەگەیشتونەتە سەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان و لەسەر ئەو بابەتە قسەی دڵی خۆیان بە یەكتری نەوتووە،تەنها ئەوەندەیە یەكێتی بە هەموو شێوەیەك وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەڕلەمان رەتدەكاتەوە و ئەو پۆستەی ناوێت،هەروەها پێشنیاری كردووە سەرۆكی حكومەت دووساڵ بە دووساڵ بێت لەنێوان پارتی و یەكێتیدا.
هەر بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك قوباد تاڵەبانی تا ئەم چركە ساتە سورە لەسەر ئەوەی پۆستی جێگری وەرنەگرێت نە جێگری سەرۆكی حكومەت و نە جێگری سەرۆكی هەرێم.
بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك یەكێتی و پارتی سەرە رای نوسینەوەی رەشنوسی شێوازی حوكمڕانی هەرێم،بەڵام هێشتا نەچونەتە سەر بابەتە ئەسڵیەكە كە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانە و لەو بابەتەشدا بەتەواوی دورن لەیەكەوە،هەربۆیە وەك سەرچاوە باڵاكە بە دیپلۆماتیكی ووت كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بە ئاسانی پێك نایەت و كاتێكی زۆرتر دەخایەنێت.