رێبوار حەمەلاو ئەحمەد
دەرکەوتنی ئارین مەسرور بارزانی کوڕە گەورەی 'کەسی یەکەمی' پارتی، ئامادەکردنیەتی بۆ قۆناغی داهاتووی دەسەڵات!
ماوەی چەند رۆژێکە مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێکی حکوومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم لە دوبەین بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان.
لە دیدار و کۆبوونەوەکانی پەراوێزی لوتکەکەدا ئارینی کوڕی لەگەڵی دەردەکەوێت، کە لە ریزی قوباد تاڵەبانی و ئومێد سەباح و ئەوانی دیکەدا دانراوە.
دەرکەوتنی ئارین نوێ نیە و لەوەتەی مەسروری باوکی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی وەرگرتووە هاتوەتە پێشەوە و دەرکەوتنەکانی زیاتر بوو.
بە هاتنە پێشەوەی ئارین، پاشەکشەی بە ئیدریسی ئامۆزای کرد کە خەریکی بەهێزکردنی پێگەی خۆی بوو بە تایبەت لە زەمانی کابینەی هەشتدا کە ئەو کات نێچیرڤان بارزانی باوکی سەرۆکی حکوومەت بوو.
دیار نیە ئارین لە کابینەی داهاتووی باوکی رۆلێ چی دەبێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو دەرکەوتنانەی ئەم چەند ساڵەی رابردوو هەیەتی دەردەکەوێت پەلە دەکرێت لە پێگەیاندنیدا بە تایبەت لە لایەن مەسروری باوکیەوە.
زۆرترین ئەو سەردانانەی مەسرور بارزانی بۆ وڵاتانی کەنداو ئەنجامیداون بە تایبەت لە دۆسیەی وزەدا، ئارینی کوڕی هاوڕێیەتی کردووە، لەبەرئەوە وڵاتانی کەنداو زۆرینەیان دەسەڵات بە میراتی بۆ نەوەکانیان جێ دەهێڵن، بۆیە تێگەیشتنیان بۆ بەشداری ئارین ئاسانترە.
لە ناو کوڕەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێستای پارتی، زیاتر گرنگی بە کوڕەکە بچووکەکەی "مستەفا مەسعود بارزانی" کە بە بابۆ ناسراوە دەدرێت، وا دەردەکەوێت کە داهاتووی ئەو حیزبە لە دەست کوڕە بچووکەکەدا بمێنێتەوە بەڵام ئایا بە ئاسانی دەسەڵاتەکانی بۆ دەگوازرێتەوە؟
لەکاتی گواستنەوەی دەسەڵات لەناو نەوەی دووەمی بارزانییەکان، ململانێی توند هەستی پێنەکراوە، ئیدریس بارزانی، لەگەڵ ئەوەی کوڕە گەورەی مستەفا بارزانی بووە نەیتوانیوە دەسەڵات وەربگرێت و دەسەڵاتەکە بۆ مەسعود بارزانی برا بچووکی گوازراوەتەوە.
هەرچەندە ئەو دوو برایە لە دوو دایکی جیاواز بوون کە دەکرێت ئەو جیاوازییە رۆڵی لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا هەبووبێت، بەڵام لە نەوەی سێهەمی بارزانییەکان پێ دەچێت ململانێی توند و سەخت رووبدات.
ئەوەتا ململانێی نهێنی و توند لە نێوان هەردوو باڵی (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) هەیە و بەردەوامە، ململانێکە بە جۆرێکە کە هەندێک جار لەناو میدیاکانیەوە (رووداو، ئاڤا و کوردستان ٢٤) هەستی پێ دەکرێت.
ئەگەر کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێم مەسرور بارزانی ئیدارەی بدات، ئەوا پێشبینی دەکرێت ئارینی کوڕی پێگەیەکی بەهێزی لە کابینەکەدا هەبێت، نەک بە وەزیر و راوێژکار! دوور نیە رۆڵی سەرۆکی حکوومەتی قوڵ لە ناو کابینەکەدا ببینێت!
ئێستا ئارین خاوەنی زانکۆ و کەناڵی تایبەت بە خۆیەتی (ئاڤا)، کەناڵەکە بۆ لاوازکردنی پێگەی کەناڵی ئامۆزاکەی دامەزراوە، بودجەیەکی خەیاڵی تێدا خەرج دەکرێت، هەمان مۆدێلی کەناڵی ئامۆزاکەی دووبارە دەکاتەوە، بە رۆژنامەنووسەکانی خەڵکی سلێمانی پڕی کردووە و خزمەت بە باڵی دەستڕۆیشتووی حیزب و بنەماڵەکەی دەکات.
ئارین پێگە و رۆلێ هەرچی بێت، ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی داهاتووی بنەماڵەکەی و حیزبەکەی لە دەستیدا بێت بەڵام ئایا دۆخی کوردستان وەک ئەوەی ئێستا هەیە دەمێنێتەوە تا دەسەڵاتەکان بۆ نەوەی سێهەم بگوازرێنەوە؟