كوردەكانی رۆژئاوا لەبەردەم  دەرگاى شەڕێكی گەوردان

2025-02-16
سەرە رای هەوڵەکانی حکومەتی ئەحمەد ئەلشەرع لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ پۆلێشکردن و جوانكردنی وێنەکەی و لابردنی وێنەی تەحریر شام وەك گرووپێكی تیرۆریستی و پەیوەندییەکانی بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، لەنێویاندا بەرەی نوسرەی دڵسۆز بۆ قاعیدە، هێشتا چاودێران پێیان وایە سێبەری"شەڕێكی ناوخۆیی لەبیرکراو" لە سوریا لە نێوان کوردەکان و گروپە چەکدارە توندڕەوەکاندا کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات لەئارادایە.

لەماوەی رابردوودا شەڕی توند لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای نیشتیمانی سوریا سەری هەڵدا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن.
.
بەدرێژایی ساڵانی رابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕمزی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش بوون لە لادێكانی دێرەزۆر.
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەدوای نەهێشتنی دوا مۆڵگەکانی داعش،ڕێکخراوەکە هیچ کۆنتڕۆڵێکی جوگرافی و سەربازی نەماوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی بەردەوام بووە  لە لایەن شانە نوستوەكانییەوە.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، کەمپی ئەلهۆل نزیکەی 48 هەزار کەسی تێدایە، کە زیاتر لە نیوەیان منداڵن، کەمپەکە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی لەسەر بەشێکی تایبەت دەگیرێتەبەر کە خێزانە کۆچبەرە بیانییەکانی داعشی تێدایە.
بەڕێوەبەری کەمپەکە، جیهان حەنان، لە بەیاننامە پشتڕاستیکردەوە کە پرسی کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی کەمپەکە قورس و ئاڵۆزە بە هۆی ڕووبەرە فراوانەکەی کە نزیکەی سێ هەزار دۆنمە.



لەلایەکی دیکەوە تەحەدای بەردەم ئەم هێزانە کۆنتڕۆڵکردنی کوتلە چەکدارە توندڕەوەکانە بە سەرۆکایەتی هەیئەی تەحریر شام بەسەر حکومەتدا، هەروەها خواستیان بۆ ئەوەی ئەندامانیان کۆنتڕۆڵی ئەمنی هەموو ناوچەکانی سوریادا بکەن، ئەمەش هەڕەشەی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی "هەسەدە" لە دژی داعش دروست دەکات، هەروەها ترسی گەڕانەوەی پاشماوەی ئەو ڕێکخراوە بۆ چالاکییەکان دروست دەکات.
دەستێوەردانی ئەنقەرە لە سوریا پەیوەندیی گەورەی بە ترسی تورکیا لە جیابوونەوەی کوردەوە هەیە.
لەگەڵ هەڵکشانی ململانێکان لە سوریا، تورکیا زیاتر نیگەران بووە لە سەرهەڵدانی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی کوردی لە باکوری سوریا لە نزیک سنووری تورکیا بە سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئەنقەرە هێزەکانی (هەسەدە) کە هاوبەشی سەرەکی ئەمریکایە لە شەڕی دژی تاقمی دەوڵەتی ئیسلامی بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت کە لە ساڵی 1984ەوە یاخیبوون لە دژی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام دەدات.
حکومەتی تورکیا شۆرشی سوریای لەدژی ئەسەد وەک پەردەیەک بەکارهێنا بۆ پاڵنانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دۆستی خۆی بۆ ناو شارە کوردییەکان بە ئامانجی تەنگهەڵچنین بە هێزەکانی سوریای دیموكرات لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و لە کۆتاییدا لەناوبردنی.



ئێستا كوردەكانی سوریا لە نێوان ڕووبەڕووبوونەوەی خواستەکانی تورکیا و ئەو شتەدان كە ئەنقەرە بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەزانێت
هەیئەی تەحریر شام، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع، خواستی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی یەکێتی خاکی سوریا ناشارێتەوە، گەلەیەکی دیکەوە پلانی ترەمپ بۆ کشانەوە لە باکوری سوریا و ترسی  كۆتایهاتنی پشتیوانییەکانی ئەمریكا بۆ هەسەدەش هەیە

لە کاتێکدا تورکیا هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە هەر جۆرە بەهێزبونێكی کورد لە باکوری سوریا، لە ترسی ئەوەی کە کاریگەری لەسەر کورد لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا نەبێت و ڕێگە بۆ زیادکردنی چالاکییەکانی پارتی كرێكاران لەسەر خاکەکەی نەكاتەوە.



 هەیئەت تەحریر شام و حکومەتی ئەحمەد ئەلشەرع داوای کۆنترۆڵی ئەو ناوچە کوردیانە دەكەن كە  لە چوارچێوەی ئیدارەی کاتی خۆبەڕێوەبەری هەسەدان، شەرع دەیەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر وڵاتەکەدا بکات، ئەم خواستەی ئەحمەد ئەلشەرع،ئاڵۆزی بۆ دۆخی ئێستا زیاد دەکات و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی کورد لە ناوچەکەدا هەیە.
لە هەنگاونان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەهای خاكی سوریا، هەیئەی تەحریر شام و میلیشیای هۆزە عەرەبیەكان کە بەیعەتیان لە ڕژێمی لابراوی بەشار ئەسەدەوە گۆڕی بۆ فەرمانڕەوا ئیسلامییە نوێیەکانی وڵاتەکە، لە زۆرێک لە ناوچەکانی سوریادا، لەنێویاندا دێرەزۆر، دژی پێکهاتەی کوردی سوریا یەکدەگرن.
ئەو میلیشیایانە هەوڵی دەرکردنی هەسەدە لەناوچەكانیان دەدەن وەک پێشەکییەک بۆ چوونە ناو ئیدارەی سوریا بە سەرۆکایەتی هەیئەی تەحریر شام.

چاودێران پێیان وایە هاتنەپێشەوەی گروپە توندڕەوەکان بۆ دەسەڵات لە سوریا، و هەوڵدانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆیان لەسەر بنەمای قۆرخکردنی دەسەڵات و دوورخستنەوەی ئەوانی دیكە، ڕەنگە بوونی پرۆژەیەكی نیشتمانی گشتگیر بۆ هەموو سوورییەکان لەناو ببات.ئەوەی ئێستا پێشبینی دەكرێت لە سوریا،بونی هەورێكی رەشی شەڕی ناوخۆییە بە ئاسمانی ووڵاتەكەوە،ئەگەر بە ئاقڵانە تارمایەكانی نەرەوێنرێتەوە لەوانەیە وڵاتەكە بەرەو چارەنوسێكی نادیار ببات.