عارف قوربانی: نەجمەدین كەریم وەك مافیا كەركوكی دادۆشی

2022-02-03

ئا: بارام سوبحی

رۆژی (5/5/2012) د.نەجمەدین كەریم دەچێتە لای مام جەلال لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر، لەو كاتەدا نێچیرڤان بارزانیش لای مام جەلال میوان دەبێت. نەجمەدین لە بەرچاوی نێچیرڤان بارزانی بە مام جەلال دەڵێت یان هەر ئەمڕۆ بلیت دەبڕم‌و دەچمەوە بۆ ئەمریكاو ناگەڕێمەوە، یا دەبێت عارف قوربانی لە یەكێتیی دەربكەیت. لەسەر داواو پێداگریی پارتیش، مام جەلال لە كەركوك دەریكردم. نوسەرو رۆژنامەنووس عارف قوربانی لەنوێترین كتێبیدا بەم جۆرە سەرگوزشتەی دورخستنەوەی لە كەركوك‌و دەركردنی لە یەكێتی دەگێڕێتەوە.

قوربانی لە كتێبەكەیدا (سەركوتكردنی ئازادیی: چیرۆكی دورخستنەوەم لە كەركوك)، دەڵێت: د. نەجمەدین وەك مافیا كەركوكی دادۆشی، هەروەها دەڵێت: هەموو ئەو دەستەبژێرەی لەپشتی رەفتارو كارە مافیاییەكانی كەركوكەوە بوون، مام جەلال‌و كاك مەسعود كردبویانن بە ئاغاو كوێخا بەسەر كەركوكەوە.

ئەو كتێبە جگەلە پێشەكی‌و سەرەتایەكی پێویست، دوو بابەتی دیكە لەخۆدەگرێت یەكەمیان پرۆژەیەكە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەگەڵ كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، كە لە رۆژی (11/6/2007) لە كۆبونەوەیەكدا رادەستی مەسعود بارزانی‌و لە رۆژی دواتردا رادەستی مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفاو د.بەرهەم ساڵح كراوە، بابەتی دووهەمیش دەقی دوو ئەڵقەی یەك لەدوای یەكی بەرنامەی (بەیانی نەوا)ی رادیۆی نەوایە، كە لە رۆژانی (1و2ی ئەیلولی 2007) تایبەت بە رەوشی كەركوك بە میوانداری قوربانی پێشكەشكراوە.

تاڵەبانی‌و بارزانی بەرپرسن

لەپێشەكی كتێبەكەیدا، قوربانی باس لە دۆخی ئێستای كەركوك دەكات‌و بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە راستەوخۆ دەخاتە ئەستۆی تاڵەبانی‌و بارزانی، لەوباریەوە دەڵێت "دەسەڵاتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە دەستی ئەم دوو كارەكتەرە بوو، هەموو ئەوانەش كە وێنایەكی ناشرینیان بۆ كورد دروستكرد، نوێنەرەكانی ئەمان بوون لە دەزگا ئەمنی‌و حیزبی‌و سەربازیی‌و ئیدارییەكان. هەموو ئەو دەستەبژێرەی لەپشتی رەفتارو كارە مافیاییەكانی كەركوكەوە بوون، ئەو دوو بەڕێزە كردبویانن بە ئاغاو كوێخا بەسەر كەركوكەوە".

نووسەر لەبارەی ئەو پرسەوە زیاتر دەدوێت‌و دەڵێت: تاڵەبانی‌و بارزانی بەرپرسیارن، چونكە هەردوكیان چەندینجار ئاگادار كراونەتەوە لە خراپی رەفتاری بەرپرسەكانی كەركوك‌و رەنگدانەوەی ئەو خراپەكارییانە بەسەر پێكهاتەكانی شارەكەو لێكەوتەكانی بەسەر ئایندەی كەركوكەوە.

،،

بەڵام هیچ جۆرە لێپرسینەوەو سزایەكیان نەبووە بۆ خراپەكارەكان، بگرە سزای ئەوانەیان دەدا كە باس لە خراپەكارییەكانیان دەكەن".

بەبۆچونی نووسەر پێكهاتەكانی دیكەی كەركوك بۆ سەد ساڵی دیكەش رازی نابن كورد ببێتە دەسەڵاتداری شارەكە، چونكە "كورد بە رەفتاری مافیا ئاسا، بە دزی‌و تاڵانكردن، بە زوڵم‌و ستەم لە دانیشتوانی كەركوك، ژینگەیەكیان خوڵقاند كە توركمان‌و كرستیان‌و عەرەبی شارەكە، بۆ سەت ساڵی تریش رازی نەبن كورد حوكمیان بكاتەوە. دەسەڵاتدارانی كورد، كەركوكیان تاڵانكرد، یەكەمین گروپی دزیكردن‌و دەستخستنە ناو گەندەڵی نەوت لە كەركوكەوە دەستیپێكردو تەشەنەیكرد بۆ هەرێمی كوردستان".

دوورخستنەوەم لە كەركوك

نووسەر رایدەگەیەنێت دوای میوانداریكردنی لە دوو ئەڵقەی یەك لەدوای یەكی بەرنامەی (بەیانی نەوا)ی رادیۆی نەوا تایبەت بە دۆخی كەركوك، لە رۆژانی (1و2ی ئەیلولی 2007)، بە بڕیاری مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتی‌و سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عیراق، لە كەركوك دورخراوەتەوەو ناچاریان كردوە ماڵەكەی لە كەركوك بگوێزێتەوە‌و وەكو ئەندامی مەكتەبی راگەیاندن لە سلێمانی دەستبەكاربێت. هۆكاری ئەو بڕیارەی تاڵەبانیش بۆ پێداگیری پارتی‌و راپۆرتی ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی لە كەركوك دەگێڕێتەوە.
لەبارەی بەرپرسەكانی یەكێتیەوە دەڵێت: دەمزانی بەردەوام بەرپرس‌و دەسەڵاتدارەكانی كەركوك، ئەوانەیان كە خەریكی راوڕووت‌و تاڵانی نەوت‌و داگیركردنی موڵك‌و ماڵی خەڵك بوون، بەردەوام سكاڵایان دەبردە لای مام جەلال‌و راپۆرتی بێبنەمایان لەسەر دەنوسیم تا لە كەركوك دورم بخەنەوە.

،،

چونكە ئێمەیان وەك كۆسپێك لەبەردەم خۆیان دەبینی، منیش بەردەوام سكاڵام لەوان لە رەفتاری مافیائاساو لە دزی‌و گەندەڵییەكانیان دەكرد، لە رۆژنامەو لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی بەڵگەم لەسەر بڵاودەكردنەوە".

قوربانی ئاشكرای دەكات دوای پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی راستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی كەركوكەوە كە تیایدا هەندێك گەندەڵی خراوەتەڕوو، بەرپرسێك هێزێكی چەكداری ناردۆتە سەر تەلەفزیۆنی كەركوك، بە هەوڵی هەریەكە لە كۆسرەت رەسوڵ‌و جەلال جەوهەرو هەڵكەوت عەبدوڵای بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركوك "نەیانهێشت لەنێوان هێزی پاسەوانی ئێمەو هێزی گەندەڵكاران، خوێن بڕژێت".

هەوڵەكان هەر بە پەلاماردانی تەلەفزیۆنەوە نەوەستاوە، وەكو قوربانی رونیدەكاتەوە دوای بڵاوكردنەوەی دۆسێیەكی دزینی هەفتانەی چەند ملیۆن لیترێك نەوت‌و بەنزین‌و گاز كە بە وەهمی بەناوی بردن بۆ چەمچەماڵەوە وەردەگیراو "بەرپرسێكی حیزبی لە پشتی دزینی بوو، پلانی تیرۆركردنیان بۆ دانام، خۆشبەختانە باندەكە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركران‌و رووی رەشیان بۆ هەموو لایەك ئاشكرابوو".

پێداگیرییەكانی پارتی

سەبارەت بە پێداگیری پارتی بۆ دورخستنەوەی لە كەركوك، قوربانی راشكاوانە دەڵێت "مام جەلال لەسەر داواو پێداگریی پارتی دیموكراتی كوردستان و بۆ موراعاتكردنی ئەوان منی لە كەركوك دەركردووە". بەشێك لە هۆكارەكەشی دەگێڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ستراتیژیی لەنێوان یەكێتیی‌و پارتی كە لە (27/7/2007) ئیمزا كرابوو، چونكە "لە یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكەدا هاتبوو دەبێت رێگە لەوە بگرن لە میدیاكانەوە رەخنەو ناڕەزایەتی بڵاوبكرێتەوە".

بۆ بەڵگاندنی وتەكانی، قوربانی نمونەی چاوپێكەوتنێكی محەمەدی مەلا قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ گۆڤارێكدا دەهێنێتەوە كە لە رۆژی (6/10/2007) لە پیرمام سازكراوەو تیایدا دەڵێت: (من گوێم لەو بەرنامەیە بوو، هیچ دوژمنێكی كورد ئاوا قسە بە پارتی‌و یەكێتیی ناكات. ئێمە بە برادەرانی یەكێتیمان گووت چۆن دەبێت كادری ئێوە لە راگەیاندنەوە ئاوا قسە بكات، ئەوە پارتی قەینا، بابە كاك مەسعود قەینا، بەڵام چۆن وا بەیەكێتیی دەڵێت، چۆن قبوڵی دەكەن وا بە مام جەلال بڵێت؟).
بەڵگەیەكی دیكەی قوربانی ئەوەیە، كاتێك ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بووە لە هەولێر، لە كۆبونەوەیەكیاندا فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەكە، پێیوتوە "كاك كۆسرەت‌و ئەرسەلان بایز كە برادەری خۆتن هاتنە لای جەنابی كاك مەسعود، وتیان عارف قوربانی وتویەتی دەبێت مام جەلال‌و كاك مەسعود بهێندرێن لە كەركوك ئیعدام بكرێن. ئەویش قسەكەی پێناخۆش بوو، تەلەفونی بۆ مام جەلال كرد".

رۆژێك دوای ئەو قسەیە، قوربانی دەچێتە لای كۆسرەت رەسوڵ‌و لێی دەپرسێت: لەم كێشەیەدا تۆ خۆت وانیشانئەدا كە نیگەرانی لەو بڕیارەی مام جەلال‌و دیفاعت لە من دەكرد، بەڵام بیستم تۆ چویتە لای كاك مەسعود، وات وتووە. لەوەڵامدا كۆسرەت رەسوڵ سوێند دەخوات كە قسەی وای نەكردوەو پاشان دەڵێت: من‌و كاك ئەرسەلان ئەچوین بۆ كۆبونەوە بۆ لای كاك مەسعود، لەناو سەیارەكە گوێمان لە بەرنامەكە بوو، كە چوینە لای بارزانی وتم كاك مەسعود عارف هەر ئەوەی مابوو بڵێت دەبێت كاك مەسعودو مام جەلال بهێندرێن لە كەركوك ئیعدام بكرێن".

كۆبونەوە لەگەڵ بارزانی

رۆژی (6/6/2007) عارف قوربانی كە ئەوكاتە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی كەركوك بووە، لەگەڵ وەفدی لقی پارتی‌و مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەیەك لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان دەكات. هەرچەندە لە سەرەتاوە رێگەی پێنادەن قسە بكات، بەڵام لە دوا دوو خولەكی كۆبونەوەكەدا بەبێ‌ مۆڵەت وەرگرتن مایكەكەی بەردەمی هەڵدەكات‌و روودەكاتە بارزانی‌و دەڵێت: (بەڕێز كاك مەسعود ئێمە لێرەین ئەو برادەرەتان بەرپرسی لقی سێ‌، وەك ئەوەی باسی سوید بكات باسی كەركوكت بۆ دەكات، ئەی ئەگەر ئێمەی لێنەبین دەبێت چی بڵێن دەربارەی كەركوك. دەبێت تۆ بزانیت مێژوو ئەو ناناسێت، مێژوو دوو پیاو دەناسێت لە بەرانبەر كەركوك ئەوانیش جەنابت‌و جەنابی مام جەلالە. بەڵام ئەوانەی نوێنەرایەتی ئێوە دەكەن لە كەركوك، ئەمانەن كە لێرە دانیشتوون).

دوای دوو خولەكەكە، بارزانی بە قوربانی دەڵێت ئەوە نیو سەعات بۆ تۆ چیت هەیە بیڵێ‌، پاش ئەوەی بۆچونەكانی خۆی دەخاتەڕوو، بارزانی داوای لێدەكات پێشنیارەكانی بۆ چارەسەری گرفتەكان بە نوسراو رادەستی بكات. بەڵام قوربانی لە بەشداربوانی كۆبونەوەكە نائومێد دەبێت‌و لەبارەیانەوە دەڵێت: لەو كۆبونەوەیەو لە قسەكانی ئەو بەڕێزانەوە بۆم دەركەوت چی داهاتوویەكی مەترسیدار چاوەڕوانی كەركوك دەكات... لەدوای ئەم كۆبونەوەیەوە ئایندەی كەركوك زۆر روون لە منەوە دیاربوو كە دەبێت فاتیحای بۆ بخوێنین.

،،

رۆژی (10/6/2007) بۆ جاری دووەم وەفدە هاوبەشەكەی كەركوك دەچنەوە لای بارزانی‌و قوربانی پڕۆژەكەی خۆی رادەستی بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ دەكات. بۆ رۆژی دواتریش كۆپی پڕۆژەكەی ئاراستەی هەریەكە لە تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفاو بەرهەم ساڵح دەكات.

قوربانی دەقی پڕۆژەكەی لەم كتێبەدا بڵاوكردۆتەوە. لەبارەی كاركردن بە پڕۆژەكەشی دەڵێت: شەوی (14/2/2019) دوای تێپەڕبونی دوانزە ساڵ، لە بەرنامەیەكی كەناڵی كەی ئێن ئێن، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی وتی (پێش دوانزە ساڵ لە ئێستا وابزانم ساڵی 2007 بوو كاك عارف قوربانی پرۆژەیەكی دورودرێژی دایە لایەنەكان بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەل كەركوك‌و پێكهاتەكانی، لەبری ئەوەی بەقسەی بكەین چوون محاسەبەیشیانكرد، بەڵام ئێستا ئێمەو پارتی گەیشتوینەتە ئەو قەناعەتەی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو پرۆژەیەو ئەوە جێبەجێ‌ بكەین).
قوربانی لەبارەی وتەكەی پیرە دەڵێت: قسەكانی پیرە ئەوەی دەسەلماند كە هەندێك لە برادەرانی یەكێتیی ئەو كارەی منیان پێ خراپ بووە، هەرچەندە مام جەلال‌و كاك كۆسرەتیش پێشوەختە ئاگاداری بوون‌و وێنەشم پێدابوون... ئەو ئیعترافەی كاك سەعدی ئەوەی بۆ سەلماندم كە نیگەرانییەكە تەنها بەهۆی ئەو بەرنامەیەی رادیۆی نەواوە نەبووە. بەڵكوو هەندێكیان ئەوەیان پێناخۆش بووە كە ئەو پرۆژەیەم دابوو بە كاك مەسعود بارزانی. بەڵام بەپێچەوانەوە كاك مەسعود لەو كاتەوە تا ئەو رۆژەی لە كوردستان بووم لەو (13) ساڵەدا بێئەندازە رێزی گرتووم".

تاڵەبانی لەنێوان قوربانی‌و نەجمەدین كەریمدا

ساڵی (2012) لە گەرمەی هەڵكشانی ململانێكانی نێوان بارزانی‌و مالیكی دا، سكرتێرەكەی نەوشیروان مستەفا تەلەفۆن بۆ قوربانی دەكات‌و پێی دەڵێت كاك نەوشیروان دەڵێت با سەردانێكم بكات. لەبارەی ناوەڕۆكی قسەكانیان قوربانی دەڵێت: كاك نەوشیروان پێیگوتم ئەم بەیانییە ئەیاد عەلاوی هاتە لام، وتی نەجمەدین كەریم هاتۆتە بەغداو بە نهێنی لەگەڵ مالیكی دانیشتووە، بۆ دژایەتی مەسعود بارزانی دەعوەتی مالیكی كردووە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بهێنێتە كەركوك. خۆت دەزانی من ئێستا لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی كێشەم هەیە‌و تەرەفگیری هیچ كامیان ناكەم لەم كێشانەی لەگەڵ بەغدا هەیانە، بەڵام كارێكی زۆر خراپ دەكەن كەركوك لەم كێشانەوە بگلێنن، مەهێڵن كەركوك تێكەڵ ئەم كێشانەی خۆیان بكەن، بە دكتۆر نەجمەدین بڵێ‌ هەڵەی وانەكات‌و كەركوك نەكاتە تەرەف".
لەوەڵامدا قوربانی بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت "نێوانم لەگەڵ د.نەجمەدین باش نییە، بەڵام پەیامەكەت دەگەیەنمە كاك كۆسرەت‌و د.بەرهەم". پاشان دەچێتە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەسەرهاتەكەی بۆ دەگێڕێتەوە. بەڵام ناوبراو دەڵێت "نەجمەدین شتی واناكات‌و ئەوە راست نییە‌و نەچۆتە بەغدا". كاتێك قوربانی دەچێتە لای بەرهەم ساڵح، عەلاویش دەگاتە ئەوێ‌‌و هەمان قسە دووپات دەكاتەوە.

قوربانی، دەنووسێت: یەك دوو رۆژێك هەر چاوەڕێ بووم بزانم هەڵوێستی یەكێتیی چی دەبێت لەو بارەیەوە، بۆیە بە راڕاییەوە لەنێوان ئەوەی ئەو زانیارییە راستە یان نا، رۆژی (5/5/2012) وتارێكم نوسی، دەربارەی ئەوەی كارێكی خراپە كەركوك بكرێتە تەرەف لەو كێشانە. ئەو رۆژەی وتارەكە بڵاودەبێتەوە د.نەجمەدین دەچێتە لای مام جەلال لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر، ئەوكاتەی ئەو دەچێت، نێچیرڤان بارزانیش لای مام جەلال میوان دەبێت. نەجمەدین لە بەرچاوی نێچیرڤان بارزانی بە مام جەلال دەڵێت یان هەر ئەمڕۆ بلیت دەبڕم‌و دەچمەوە بۆ ئەمریكاو ناگەڕێمەوە، یا دەبێت عارف قوربانی لە یەكێتیی دەربكەیت. ئەگەر ئەو بڕیارەش نادەن، دڵنیابە بەڕاستی من دەڕۆم. مام جەلالیش لەبەردەم هەردوكیاندا تەلەفون بۆ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئازاد جوندیانی دەكات‌و دەڵێت لێدوانێك بدەو بڵێ عارف قوربانیمان لەیەكێتی دەركرد.
رژی (8/5/2012) نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەهێنێتە كەركوك، لەبەردەم ئیدارەی كەركوكدا دەڵێت: كەركوك بۆ ئەبەد شارێكی عێراقیەو هیچ ناسنامەیەكی تر قبوڵ ناكرێت. هەر ئەو رۆژ قوربانی وتارێك لەوبارەیەوە دەنوسێت. ئازاد جوندیانی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی قوربانی بانگدەكات‌و بە فەرمی بڕیاری دەركردنی لە یەكێتی پێ‌ رادەگەیەنێت‌و پێی دەڵێت لەوبارەیەوە نامەیەك بۆ مام جەلال دەنووسم، تۆ چیت هەیە؟

قوربانی دەڵێت بە جوندیانیم وت لە نامەكەدا بنووسە: بە مام بڵێ‌ زۆر بەداخەوە تەمەن‌و مەرگ بواری ئەوەت نادەن خیانەتی گەورەی د. نەجمەدین لە خۆت‌و لە حیزبەكەت ببینیت. هیچ شتێك نەما لەسەر كەركوك بە منی نەكەن هەر قبوڵم كرد، لەسەر داوای د. نەجمەدین كە وەك مافیا كەركوكی دادۆشیووە، دەرمدەكەن دەستان خۆش بێت.
سەبارەت بە بڕیاری دەركردنی لە یەكێتی، قوربانی دەڵێت: لەراستیدا ئەوكات بڕیارەكەم زۆر پێناخۆش بوو، دوای تەمەنێك كاركردن‌و شەونخونی، بەو جۆرە رەنجت بەخەسار بدەن، بەڵام ئێستا سوپاسگوزاری د. نەجمەدین‌و مام جەلالم، گەردنی هەردوكیان ئازادو رۆحیان شاد بێت". هەروەها دەڵێت: لە (9/5/2012) كە بەڕەسمی هەواڵەكە بە من درا من لە یەكێتیی نەماوم. لەو كاتەوە بە سەربەخۆیی كارمكردووەو سەربەرزم شەڕم لەسەر بیروباوەڕكانی خۆم كردووە، لەگەڵ خۆم‌و خەڵكیش راستگۆ بووم. تێڕوانین‌و بۆچوون‌و هەڵسەنگاندنم بۆ پێشهات‌و خوێندنەوەی رووداوەكان چۆن بووبێت بەو جۆرە دەرمبڕیووەو هەوڵمنەداوە خەڵك بەجۆرێك چەواشە بكەم بیركردنەوەو ناخم شتێكی تر بێت‌و بۆ چەواشەكردنی ئەوان شتێكی تر دەرببڕم... توانیم لەگەڵ بیروباوەڕو قەناعەتەكانی خۆم راستگۆ بم، بەڵام باجی زۆرمدا".

لە كۆبەندی ئەم باسەشدا دەڵێت: ئەوكاتەی ئێمە هەوڵمانئەدا نەهێڵین مافیای نەوت گەشە بكات، ئەگەر ئەوكات رێگە لەو پەرەسەندنانەی مافیاكانی نەوت لە كەركوك بگیرایە، دۆخی نەوتی كوردستانیش بەو جۆرەی ئێستا نەدەبوو. هەروەها ئەگەر ئەوكاتانەی ئێمە دەمانویست د. نەجمەدین لە شوێنێكدا رابگرین‌و بواری ئەوەی نەبێت بە میزاجی خۆی‌و بۆ بەرژەوەندی خۆی یاری بە كێشەی كەركوك بكات، هیچ كات كەركوك بەم رۆژە نەدەگەیشت".