ئایا هاوپەیمانیەتیەکەی سەدر هەڵدەوەشێتەوە.!

2022-02-03

مستەفا شێخ محەمەد

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بەئامادەبوونی 220 پەرلەمانتار هەیە، واتا دوو لەسەر سێ.

ئەم پێویستییە، زۆر بەسادەی پێمان دەڵێت، ئەستەمە هاوپەیمانی[ سەدر و حەلبوسی بارزانی] بتوانن، هیچ کۆبونەوەیەکی پەرلەمانی گرێبدەن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی حکومەتەکەیان.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بانگشەکردنی هاوپەیمانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، کە سەدر سەرۆکایەتی ئەکات، لە دووەم هەنگاویان پەک دەخات و ناتوانن دانیشتنەکانیان بەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و یەکێتی نیشتیمانی ببەستن.

،،

ئەم هەنگاوە ئەوە ئەگەیێنێت، کە ریسەکەی سەدر و هاوپەیمانەکانی ئەبێتەوە خوری و دەبێت دوبارە بگەرێنەوە، بۆ رێکەوتنێکی سیاسی نوێ.

دوایی غروری زۆری سەدریەکان و هاوپەیمانەکانی کە تا پێش بڕیارەکەی دادگا زۆر بێ منەت بوون و مەرجیان ئەسەپاند، دۆخەکەیان بەرەو ئاڵۆزی دەروات و ناچارن چەند هەنگاوێک پاشەکشێ بکەن، بۆ ئەوەی هەنگاوی نوێ دەستپێ بکەن.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانێت لەگەڵ یەکێتی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار پەک بخەن، بە پێی پێشبینیەکان ئەمە زۆر ئاسان ئەبێت، بۆیان ئەستەمە ئەو دەرفەتە لە دەست بدەن، کە یاریەکە لەوانە تێکبدەن کە دەیانەویست، لە دەرەوەی گۆرەپانەکە، بەدیار یاریەکەیان دابنیشن.

سێیەکی پەکخەر، ستراتیجیەتی مامەڵەکردنی چوارچێوەی هەماهەنگییە، لەبەرامبەر گروپی زۆرینەی نیشتیمانی پەیرەوی لێ دەکات، دوبارە دۆخەکە دەگەرێنێتەوە بۆ چوارگۆشەیی یەکەم و رەنگه هاوپەیمانیەتیەکەی سەدریش هەڵوەشێنێتەوە.

گریمانەکانی دوێنێ ئەمرۆ نایخوات و سبەی بێ کەڵک و سودن، بۆیە دەبێت بپرسین ئایا سەدر پشت لە هاوپەیمانەکانی دەکات، یان هاوپەیمانەکانی سەدر بەجێ دێڵن، ئەگەر بێت و سونەکان و پارتی سەدر جێ بێڵن رەنگە چوارچێوەی هەماهەنگی هەنگاو بۆ دروستکردنی حکومەت بنێن، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر سەدر پشت لە هاوپەیمانەکانی بکات کە ئەمە ئەگەرێکی نزیکە، هاوپەیمانەکانیی بەقورسی زەرمەند ئەبن.

،،

لە هەموو روێکەوە، ئێستا دۆخەکە بۆ حکومەتی زۆرینە سەدر و پارتی و حەلبوسی و خەنجەر ئەستەم و مەحاڵ بووە.

پێدەچێت ئەو هاوپەیمانییە هەڵوەشێتەوە، هەندێک کەس و لایەن، کە بەتەمای پاروی چەور حکومەتی زۆرینە بوون، بەجێکردنەوەیان لەسەر سفری حکومەتی تەفاوقی مەمنون ئەبن، ئەگەر جێگایان بکرێتەوە، پرسیارە جدیەکەش ئەوەیە ئایا کێ دەبێتەقوربانی ئەو شکستەی هاوپیمانیەتی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی؟

بەم بڕیارە کۆی ئەو پیلانانەی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەر 2021 بەئومێدی سنوردانان لە پێش باڵادەستی ئێران لە عێراق ماوەیەکی زۆرە لە نێوان تورکیا و ووڵاتانی خەلیج دادەنرێن، بە یەک بڕیار هەڵوەشێندرایەوە.

ئێستا دۆخەکە لەبەردەم ئەگەری حکومەتێکی تەوافوقی کراوەتەوە، ئەگەر ئەمەش رونەدات، یان ئەبێت هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێتەوە، کە ئەگەری زۆرە براواکانی ئێستا بکاتە دۆڕاوی سبەیی، یان ئەبێت لێکترازانێک لە نێوان سەدر و هاوپەیمانەکانی روبدات.