ئێران گەشتووەتە بەکارهێنانی کارتی سوور

2022-02-06

سەڵاح سالار

ئێران ساڵانی ڕابردوو هەژموونێکی زۆری هەبوو، ئیمپراتۆرێکی سێبەربوو، تەنیا ئەوەبوو خۆی وەک ئیپراتۆر ڕانەدەگەیاند، چونکە سووریا و عێراق و یەمەن و زۆر شوێنی دیکەی خستبووە ژێر ڕکێفی خۆی.
ئێستا لە عێراقدا پێگەی لاواز بووە، هەژموونی بەسەر شیعەی عێراقەوە وەک جاران نییە، هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تا عێراق بخاتەوە بن هەنگڵی خۆی و قسەی یەکەم و کۆتا لای خۆی بێت.

فشارەکانی ئەوە نیشان دەدەن زۆر سەغڵەتە. ئەگەر سەیری کارتەکانی بکەین گەشتووەتە پلانی سوور، چونکە بۆردومان و تەقینەوە و پەلاماردانی باڵیۆزخانە و هێزی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی لە کوردستان و عێراق، ڕاستە مەترسی توندن بۆ بەرانبەر

،،

بەڵام هاوکات بۆ خۆیشی ترسناکن، چونکە دەستەکەی ئاشکرا دەبێت، کە پێگەی لاوازە بۆیە پەلەقاژە دەکات

خۆ ئەگەر کاردانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانیشی ڕووبەڕووی ببێتەوە ئەوە خراپتر، وەک ئەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی یەکێ بوو لەو کاردانەوانە.

بێگومان ئێران هەندێ هێڵی سووری هەن، لەوانە:
1ـ یەکڕیزیی نێوماڵی شیعە.
2ـ پۆستی سەرۆککۆمار لای یەکێتیی بێت نەک پارتی و عەرەبی سوننە.
ئێران کاریگەریی و هەژموونی بەسەر یەکێتییدا زاڵترە تا پارتیی و عەرەبی سوننە. ئەویش بۆ شپرزەیی ناوخۆی یەکێتیی و هەروەها ئەو سنوورە دوورودرێژەی بەیەکەوە هەیانە دەگەڕێتەوە.
ئێران هەوڵی تەواو دەدات کاندیدەکەی یەکێتی سەر بخات، فشارەکانیشی تا هێڵی سوور خستووەتە گەڕ.

دەنگۆی ئەوەیش هەیە یەکێتیی لە کابینەی نۆ بکشێتەوە، بەڵام ئایا ئەمە سەردەگرێت؟ ئایا بەرژەوەندیی باڵای ئێران و یەکێتییش لەوەدایە دوو ئیدارەیی دروست ببێتەوە؟
من وای نابینم پرۆژە و پرۆسەی وا ڕاست بێت و سەر بگرێت، چونکە سەرانی یەکێتی و پارتی بەرژەوەندیی ئابوورییان پێکەوە هەیە و ناتوانن دەست لەیەک بەربدەن، ئەگەر چی لەوکاتەی دەستیششیان لە ملی یەکدایە بەدەستەکەی دیکە خەنجە لە پشتی یەک بدەن.

بە نیسبەتی ئێرانیشەوە یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان گرنگە و هەستیارە و ئەوەیان دەوێت، نەک کوردستان بکەنەوە بە دوو ئیدارە، چونکە ئێران لەژێر ئابڵووقەیەکی ئابووری گەورەدا دەناڵێنێت، هەرچۆن بێت هەرێمی کوردستان دەروازەیەکە بۆ تورکیا و وڵاتانی دەرەوە، ئێران ئەگەر بە حەجمێکی بچووکیش بێت سوودمەندە لەو ترانزێت و هاتوچۆ و مەرزە کراوەیە.

،،

بەڵام ئەگەر هەولێر ببێتە ئیدارەیەکی جیاواز، ئەوا هەم ئێران و هەم یەکێتییش زیانی گەورە دەکەن و لەوانیش زیانمەندتر هاووڵاتیانی زۆنی سلێمانییە، چونکە بەناڕاستەوخۆ و بە ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر گەمارۆیەکی ئیقلیمی و دەرەکی.

ئێران ئێستا یاری بە کات بکات بۆی باشترە تا پلانی سەدر و بارزانی سەر بکەوێت، ئیتر ئەوەش نەبێت پەنا دەباتە بەر شڵەقاندنی شەقامی عێراق و ڕەنگە تەقینەوە و کوشتار سەوقاتی نوێی عێراقییەکان بێت و ئەو کارتانەی پیشانی هەرێم و عێراقییەکان و ئەمریکاشی داوە لەوانەیە باری سەرشانی کورد و عێراقییەکان قورستر بکات، بەڵام دواجار تورکیاش لەوێدا بێدەنگ و بێ سەنگ دانانیشێت و ئەم کێشمەکێشمەش جار بەجار هاوکێشەکەی ئێران بچووکتر دەکاتەوە و پێگەی لاوازتر دەبێت.

تەنیا خاڵی سەرەکیی ئێران لەم قەیرانە ڕزگار بکات، ئەوەیە ژێربەژێر لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی هەبێت و لە شوێنێکی دیکە بەرژەوەندیی ئەمریکا بپارێزێت کە بۆ ئەمریکاییەکان قبووڵ بێت.

ئێران ئەگەر عێراقی لەدەست دەربهێنرێت دەستی لە سووریا و لوبنان و شوێنانی تریش دەبڕێت و بەو ئاسانییەی ئێستا ناتوانێ بەیانی لە تاران قاوەڵتی بکات و چێشتەنگاو لە بەغدا و نیوەڕۆ لە سووریا و ئێوارەش لە لوبنان شێو بکاتەوە.


بۆیە ناچار بکرێت هەرچی کارتی سەوز و سووری هەیە تێکەڵیان دەکات و چاوەڕێی دەرەنجامی ئەو کارەش دەکات چی بەخێر بۆی بشکێتەوە و چی بە شەڕ، چونکە پێی لە عێراق ببڕێت ئیتر واتای قەتیسبوونی خۆیەتی لە چوارچێوەی کەوڵی پشیلەکەدا، کە نەخشەکەی خۆیەتی کە هاوشێوەی پشیلەیە.