سەبارەت بە بڕیاری ڕاگرتنی کاندیبوونی هۆشیاری زێباری

2022-02-07

ئومێد مەحمود

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لە داوای (٣/فیدرالی/٢٠٢٢) بڕیای دا بە ڕاگرتنی کاندیبوونی هۆشیار زێباری، تا یەکلایکردنەوەی داوایەکی تر لەسەر ناوبراو کە لە هەمان دادگا دژی تۆمار کراوە، واتە داوای (١٧/فیدرالی/٢٠٢٢) ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم بڕیارەی دادگای فیدرالیدا ئاماژەی بۆ دوو بابەت نەکردووە:
بابەتی یەکەم پەیوەستە بە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە بڕیار وایە سبەی ئەنجام بدرێت ، دادگای فیدرالی پێویست بوو لەم بریارەی ئەمڕۆیدا ڕوونی بکاتەوە کە ئایا تا یەکلایکردنەوەی دۆسییەی هۆشیار زێباری لە دادگاکە پێویست دەکات دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕابگیرێت یان نا ؟ چونکە بەپێی بڕگەی دووەمی ماددە (٧٢) دەستوری عیراق ، پێویستە (٣٠) ڕۆژ دوای ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت.

بابەتی دووەم کە پێویست بوو لەم بڕیارەی ئەمڕۆدا یەکلایی بکاتەوە بابەتی پێشکەشکردنی کاندیدی تازەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ، بە پێی ماددەی (٢) یاسای ژمارە (٨) ساڵی (٢٠١٢) یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ماوەی خۆپاڵاوتن بۆ ئەم پۆستە تەنیا (٣) ڕۆژە ، دوای تێپەڕووبوونی ئەم ماوەیە دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت ، هەر بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار مەرجەکانی خۆپاڵاوتنی تێدا نەبوو ، پێویستە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕەتبکرێتەوە ، دواتر ئەو کاندیدەدەی دوور دەخرێتەوە ، دەتوانێت لەبەردەم دادگای فیدرالی تانە لەم بڕیارەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بدات ، لەبەر ئەوە پێویست بوو دادگاکە لە بڕیاری ئەمڕۆیدا ، ئەوە ڕوون بکاتەوە کە دەرگای خۆپاڵاوتن داخراوە یان نا ، یان ئەگەر داخوازینامەی کاندیدێک ڕەتبکرێتەوە ، دەتوانرێت سەرلەنوێ دەرگای خۆپاڵاوتن بکرێتەوە.

وا دێتەبەرچاو لە دۆسییەی خۆپاڵاوتنی هۆشیار زێباری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کەمتەرخەم بوون و بێلایەنانە هەڵسوکەوتیان نەکردووە 

،،

چونکە بەپێی یاسای ژمارە (٨) ساڵی (٢٠١٢) یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئەم پرسە لە دەسەڵاتی ئەواندایە ، پێویست بوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران پێش دادگای فیدرالی لەسەر ئەم بابەتە بڕیای خۆی بدا

دوای بڕیارەکە هۆشیار زێباری دەیتوانی تانە لە بڕیارەکە بدات لە بەردەم دادگای فیدرالی ، لە ئێستادا دادگای فیدرالی لەبەردەم سێ بژاردە دایە ، بژاردەی یەکەم ئەوەیە کە دۆسیەی خۆپاڵاوتنی هۆشیار زێباری بگەڕێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ، ئەوان بەپێی یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بڕیاری لێ بدەن ، بژاردەی دووەم ئەوەیە کە دادگاکە خۆی داوای (١٧/فیدرالی/٢٠٢٢) یەکلایی بکاتەوە و بڕیار بدات بە دوورخستنەوە یان پەسندکردنی خۆپاڵاتنی هۆشیار زێباری ، بژاردەی سێیەم داواکە ڕەت بکاتەوە بە پاساوی ئەوەی کە ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانە و ئەوان دەتوانن بریار بدەن ، لە هیچ کام لە دەسەڵاتەکانی دادگاکە کە لە ماددە (٩٣) دەستور ئاماژەیان بۆ کراوە ، باسی ڕاستاندنی بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار ناکەن.

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە ، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕۆژی (٢٧/٨/٢٠١٦) متمانەی لە هۆشیار زێباری سەندەوە ، کە ئەو کاتە وەزیری دارایی بوو ، ڕاستەوخۆ دوای ئەم هەنگاوە ، هۆشیار زێباری لە ڕۆژی (٢٠/١٢/٢٠١٦) داوایەکی لە دادگای فیدرالی تۆمارکردووە ، بەڵام دادگاکە داواکەی ڕەکردۆتەوە ، بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی پەسند کردووە ، دواتر دۆسیەکەی ئاراستەی دادگای دەستپاکی کرا ، بەپێی بەیانێک کە لە ڕۆژی (٢٢/٨/٢٠١٧) لە نووسینگەی پشکنەری گشتی سەر بە وەزارەتی دارایی عیراق دەرچووە ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دۆسیەکە لە بەردەم دادگای دەستپاکییە ، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو بە دیاریکراوی لە ڕۆژی (١/٢/٢٠٢٢) لە ڕوونکردنەوەیەکدا دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی گەندەڵی ئاراستەی دادگای فیدرالی کردووە ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ، دادگاکە لە لێکۆڵینەوەی کەیسی هۆشیار زێباری بەردەوامە ، ئەگەر چی لەم ڕوونکردەوەیەدا هۆشیار زێباری وەک وەزیری دەرەوە ناوی هێنراوە ، ئەمەش هەڵەیە ، چونکە ئەو کاتەی کە متمانەی لێسەنرایەوە ، وەزیری دارایی بوو.


سەبارەت بە نیساب

لە پەیوست بە بابەتی نیسابەوە ئاراستەی کارکردنی دادگای فیدرالی لە رابردوودا جیاواز بوو لە ئێستا ، لە ماوەی ڕابردوو دادگای فیدرالی چەند بڕیارێکی پەیوست بە نیسابی دەرکردووە ، بۆ نمونە بڕیاری (٢٣/فیدرالی/٢٠٠٧) کە تیادا ڕاڤەی بڕگەی هەشتەمی ماددەی (٦١) دەستوری عیراقی کردووە ، کە تایبەتە بە لێسەندنەوەی متمانە لە یەکێک لە وەزیرەکان ، بە پێی ئەم بڕگەیە ، ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت بە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان متمانە لە وەزیر بسەنێتەوە ، دواتر دادگای فیدرالی ڕاڤەی ئەم زۆرینە ڕەهایەی کردووە ، بە جۆرێک زۆرینەی ڕەهای ئامادەبوان بێت نەک زۆرینەی ڕەهای هەموو ئەندامەکان 

،،

لە داوایەکی تردا داوای (٣٧/فیدرالی/٢٠٠٩) زۆرینەی ڕەهای هاتوو لە بڕگەی ب ماددە (٦٣) دەستوری عیراقی وا ڕاڤە کردووە کە زۆرینەی ڕەهای ئامادەبوانە ، نەک زۆرینەی ڕەهای هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.




بەڵام لەم دوایانەدا لە پەیوەست بە نیسابەوە ئاراستەی کارکردنی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ، لە داوای ژمارە (١٦/فیدرالی/٢٠٢٢) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو زۆرینە دوو لەسەر سێیەی لە بڕگەی یەکەمی ماددە (٧٠) دەستوردا ئاماژەی بۆ کراوە زۆرینەی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە نەک زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئامادەبوان ، هەروەها لە بڕیاری پەیوەست بە داوای (٧ ، ٩ ، ١٠/فیدرالی/٢٠٢٢) جەخت لەسەر هەمان بابەت کراوەتەوە ، هەڵبەت جگە لە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆمەڵێک بابەتی تریش هەیە کە لە دەستوردا ناویان هێنراوە و پێویستە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بڕیاریان لەسەر بدرێت لەوانە: دروستکردنی ئەنجومەنی فیدرالی ماددە (٦٥) ، دانانی یاسای دادگای فیدرالی ماددە (٩٢) ، هەمواری دەستور ماددە (١٢٦) ، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ماددە (١٣٦)

ئەگەر سەرۆک کۆمار لە وادەی خۆی هەڵنەبژێردرێت بۆشایی یاسایی دروست دەبێت؟

لە برگەی دووەمی ماددە (٧٢) دەستوری عیراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆک کۆمار لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت ، تا ئەو کاتەی سەرۆک کۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت ، هەر بەپێی ئەم بڕگەیە پێویستە سەرۆک کۆماری نوێ لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ دوای بەستنی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت ، تا ئێرە بابەتەکە و ڕوونە و بێ گرفتە ، بەڵام کاتێک گرفتەکە دەستپێدەکات کە لەو ماوەی ئەو (٣٠) ڕۆژە سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت ، هەتا ئەگەر لە ماوەیەش سەرۆک کۆمار هەڵنەبژیردرێت گرفت دروست نابێت و عیراق ناکەوێتە بۆشایی دەستوریەوە ، چونکە بڕیارێکی دادگای فیدرالی کە لە ساڵی (٢٠١٠) دەرچووە ، چارەسەری ئەو بابەتەی کردووە ، دادگای فیدرالی لە داوای (٥١/فیدرالی/٢٠١٠) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ، سەرۆک کۆمار دەتوانێت دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەش واتە ئەو (٣٠) ڕۆژە لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت ، تا ئەو کاتەی سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.