جەنگێک بۆ ئاوابوونی خۆری ڕووسیا

2022-02-08

ڕەوا موسا

لەحاڵەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، ئەمریکا و ئەورووپا کۆمەڵێک بژاردەی بەهێزیان لەبەردەستە بۆ سزادان و ئابڵوقەدانی ڕووسیا بەئامانجی داڕووخاندنی ئابورییەکەی کە یانزەمین بەهێزترین دەوڵەتی ئابورییە لەجیهاندا ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ ڕووخاندن و ئاواکردنی خۆری هەژموونی سیاسی ڕووسیا بەسەر جیهاندا. لێرەدا بەکورتی باسی پێنج بژاردەی بەهێزتان بۆ دەکەم....

گەمارۆی تەکنۆلۆژی

یەکێک لەبەهێزترین گەمارۆکان قەدەغەکردنی فرۆشتنی تەکنۆلۆجیایە بە ڕووسیا، هەمان ئەو گەمارۆیەی ئێستا لەسەر ئێران و سوریا و کوبا و کۆریای باکورە. ئەم ئابڵوقەیە فرۆشتنی ماکرۆ و مایکرۆ تەکنۆلۆجیا بەنرخەکان دەگرێتەوە لەوانە موبایلی زیرەک، تەلەفزیۆنی زیرەک، مەکینە و پڕۆسێسەرەکان ، ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکان، سۆڤتوێر، پارچەکانی فڕۆکە و درۆن، پارچەکانی سیستەمە تەکنۆلۆژیە سەربازییەکان هتد... ئەمانەش بۆ ڕاگرتنی ڕووسیایە لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی و بەکارهێنانی بۆ پەرەپێدانی سیستەمەکانی بەرگری و فڕۆکە جەنگییەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنیە سەربازییەکان. ئەم ئابڵوقەدانە پێشتر لە دژی یەکێتی سۆڤیەت بەکارهێنراوە و کاریگەری خۆی هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کاریگەرییەکەی زۆر کەمترە بەبەراورد بۆسەر ووڵاتێکی وەکو ئێران کە بەتوندی دەناڵێنێت بۆ دەستخستنی تەکنۆلۆژیا تا خۆی لەو دواکەوتووییەی بەرامبەر ووڵاتانی جیهان ڕزگاربکات. ئێران یەکێکە لەهەرە برسیترین ووڵاتانی جیهان بۆ تەکنۆلۆژیای سەردەم و ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکان ئەمەش بەپلەی یەکەم بەهۆی ئەم جۆرە لە ئابڵوقەدانەی ئەمریکا و ئەورووپایە کەبەسەریدا سەپێندراوە...

بانک

قەدەغەکردنی کڕینی بۆند و پشک لە کۆمپانیا ڕووسییەکان، ڕاگرتنی مامەڵە داراییەکان لەگەڵ ئەو بانک و دامەزراوە ئابوریانەی لەلایەن حکومەتی ڕووسیاوە دەعم دەکرێن یەکێکی ترە لە بژاردە بەهێزەکان و لەحاڵەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا بەسەر ڕووسیادا دەسەپێندرێت. ئەم سزایانە پێشتر ئەکتیف کراون لە ساڵی 2014 ەوە لە وەڵامی کۆنترۆڵکردنی نیمچە دوورگەی کریمیا لەلایەن ڕووسەکانەوە، بەڵام سزاکان فراوانتر دەکرێن کۆمەڵێک بانک و کۆمپانیای موڵکی تایبەتی ڕووسیاش دەگرێتەوە کە بەئاشکرا هیچ پەیوەندییەکیان بە حکومەتی ڕووسیاوەنییە، بەڵام ژێربەژێر لەژێر هەژموونی فلادمیر پۆتیندان. ئەمریکا و خۆرئاوا حوکمی ڕووسیا وەکو سیستەمێکی مافیاگەری دەبینن باش دەزانن دەیان بانک و کۆمپانیای ڕووسی هەیە کە ڕاستەوخۆ لەژێر ئیدارەی پۆتین و لایەنگرەکانیدان بۆ فریودانی جیهان وەکو موڵکی تایبەت خۆیان دەردەخەن...

بلۆکی دۆلار

ئەمریکا بیر لە بەکارهێنانی یەکێک لە چەکە هەرە بەهێزەکانی خۆی دەکاتەوە لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەکوشندەکردنی ئابڵوقەکان، ئەویش بلۆککردنی دۆلارە لەسەر دامەزراوەکانی ڕووسیا. لە جیهانی ئەمڕۆدا دۆلار بەتەواوی کۆنترۆڵی بازاڕەکان و مامەڵەکانی کردووە بەشێوەیەک لەساڵی 2019دا نزیکەی 88% ی تەواوی مامەڵەکانی جیهان دۆلاری تێدا بەکارهێنراوە! لەحاڵەتی چالاککردنی ئەم بژاردەیەدا ڕووسیا بان دەکرێت لەبەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتندا. بەمەش کۆمپانیا ڕووسیەکان تووشی ئاستەنگی و تەنگ و چەڵەمەیەکی گەورە دەبنەوە. ئەمریکا ئەم ئابڵوقەیەی بەسەر ڤەنزوێلا و کۆریای باکور و کوبادا سەپاندووە، لەدواین جاریشدا لەساڵی 2018 بەسەر ئێرانیدا سەپاند...

گازی سرووشتی

لەیەکەم هەنگاوی ئەم سزایەدا پڕۆژەی نۆرد ستریم دوو "Nord Stream 2 " ڕادەگیرێت. ئەم پڕۆژە یانزە ملیار دۆلاری لێ خەرجکراوە لەلایەن کۆمپانیای نیشتیمانی گازپڕۆمی ڕووسیاوە، ئەم پڕۆژەیە بریتییە لەڕاکێشانی بۆڕی گازی سرووشتی لە ڕووسیاوە بۆ ئەڵمانیا تاوەکو ڕێژەی گازی شل کەم بکەنەوە کە نرخ و تێچووەکەی گرانترە، بۆڕییەکانی ئەم پڕۆژەیە ساڵانە توانای گواستنەوەی 55 ملیار مەتری سێجای هەیە بۆ ووڵاتانی ئەورووپا. لەئێستادا تەواوکراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنیەتی لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە. ئەڵمانیاش چاوەڕێی کۆتاییهاتنی گرژییەکانی ئۆکرانیا دەکات کە لەحاڵەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکرێت حکومەتی ئەڵمانی لەچوارچێوەی سزاکاندا پڕۆژەکە هەڵبوەشێنێتەوە. ڕاگیرانی هەناردەکردنی گازی سرووشتی ڕووسیا بۆ ئەورووپا ئەگەرچی زیان بە ئەورووپیەکانیش دەگەیەنێت بەڵام بەهەمان شێوە چەکێکی دیکەی بەهێزی خۆرئاوایە دژی ڕووسیا، چونکە نەوت و گاز نزیکەی 60%ی کۆی قەبارەی هەناردەکردنی ڕووسیا پێکدەهێنێت، کە لەو نێوانەدا 30%ی نەوتی ئەورووپا و 39% ی گازی ئەورووپا لەلایەن ڕووسیاوە دابین دەکرێت، ساڵانە ئەورووپا نزیکەی 200 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتی لە ڕووسیا دەکڕێت.

،،

بەشێکی گەورەی بودجەی گشتی ڕووسیا پشت بە نەوت و گاز دەبەستێت بەشێوەیەک لەساڵی 2021 دا ڕووسیا بایی 68 ملیار دۆلار نەوت و بایی 54 ملیار دۆلار گازی بە بۆڕی و بەبەهای 7.6 ملیار دۆلاری گازی بە شلکراوەیی فرۆشتووە .

بەکۆکردنەوەی کۆی داهاتی هەناردەکردنی پتڕۆڵ نزیکەی 40% کۆی گشتی بودجەی ڕووسیا پێکدەهێنێت. بەمەش ڕاگرتنی مامەڵەی نەوت و گاز لەنێوانیان زیانێکی ئابوری یەکجار گەورە بە ڕووسیا دەگەیەنێت...

گەمارۆدانی کەسایەتییە ڕووسییەکان

یەکێکی تر لە بژاردەکان سزادانی کەسایەتییە نزیکەکانی فلادیمیر پۆتینە لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە هەتا خانەدانەکان و ئەو بەرپرسانەی مۆسکۆ کە ڕۆڵیان هەیە لە دەرکردنی بڕیارەکانی کریملین و دیاریکردنی سیاسەتی ناوەخۆ و دەرەوە. سزاکانی سەر کەسایەتیەکان جۆریان زۆرە لەوانە قەدەغەکردنی ئەنجامدانی گەشتی نێودەوڵەتی و بانکردنیان لە کڕینی پشک و ئەنجامدانی بزنس و بازرگانی لەدەرەوەی ووڵات و بلۆککردنی پارەکانیان لەبانکەکان. ئەم سزایە ئابڵوقەیەکی بەهێز دەبێت چونکە ڕووسیا ووڵاتێکی "ئۆتۆکراسی و ئۆلیگراکی" یە بەوەی ووڵات بەتەواوی لەلایەن گرووپێکی بچوکی خانەدانەوە کۆنترۆڵکراوە و تەواوی جومگەکانی دەسەڵات ئاراستەدەکەن.

بە سزادانی کەسایەتییەکانی ناو ئەم گرووپە کە زیاتر لە باندێکی مافیایی دەچێت دەتوانرێت ئاستەنگی گەورە بۆ بەشێکی باشی سەرچاوە داراییەکان و هێزی لۆبی و سیاسی فلادیمیر پۆتین درووستبکرێت...


قەبارەی بازرگانی ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکادا نزیکەی 30 ملیار دۆلارە و لەگەڵ ئەورووپادا 200 ملیار دۆلارە بە چالاککردنی ئابڵوقە و سزاکانی سەرەوە هاڕە بە قەبارە بازرگانییەکان دەکات و کێرڤەکە دەشکێنێت و جەنگێکی ئابوری گەورەی لێدەکەوێتەوە. پێشتریش لە ساڵی 2014دا لە وەڵامی داگیرکردنی کریمیا سزاکانی ئەمریکا زیانی50 ملیار دۆلاری ساڵانەی لە حکومەتی ڕووسیادا و ئافاتەکەش نزیکەی 70%ی کۆمپانیا ڕووسیەکانی گرتەوە. لەکاتێکدا سزاکانی 2014 لەچاو بژاردەکانی ئێستا زۆر سوک و ئاسانن کاریگەرییەکانی چەندین بەرامبەردەبێت

،،

لەئەگەری ئەکتیف کردنی ئەم سزایانەدا ڕووسیا ڕووبەڕووی جەنگێکی گەورەی ئابوری دەبێتەوە کە بەئاسانی تێپەڕنابێت...

ئەم بژاردانەی سەرەوە لێدانە لەخودەی سەری ڕووسیا بە چەکوش، بەڵام هێشتا شمشێرە تیغ تیژەکە ڕانەکێشراوە! هێشتا سزا مەزن و گەورەکە ماوە و چەکە بەهێزەکەی ئەمریکا و خۆرئاوا لەکێلانەکەیدا سڕکراوە کە لەپۆستێکی تردا بۆتان باس دەکەم . ئەم سزایە ئەوەندە توند و کەمەرشکێنە هەمیشە ڕووسیا هەڕەشە لە ئەمریکا و خۆرئاوا دەکات کە چالاککردنی ئەم سزایە بەڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی جەنگ لێکدەدەنەوە!

بێگومان کۆماری فیدڕاڵی ڕووسیا دووەمین بەهێزترین دەوڵەتی سیاسی و سەربازی جیهان بێدەنگ نابێت لەئاست ئەم هێرشە ئابورییە گەورانەدا و ئەویش بەشێوازی خۆی وەڵام دەداتەوە. چۆن ڕووسیا بەرگەی ئەم جەنگە سەختە ئابورییە دەگرێت؟! بۆئەوەی زیاتر درێژ نەبێتەوە وەڵامی ئەم پرسیارەش لە پۆستێکی تردا باس دەکەین.