ئێران نیگەرانەو کورد لە خەتەردایە

2022-02-09

د. شێرکۆ کرمانج

لەم کورتەبابەتە ھەڵوەستەیەکی خێرا لەسەر پێکھاتنە سێقۆڵییەکەی سەدر و بارزانی و حەلبوسی دەکەم و ھەندێک لە ئەگەرەکان دەخەمەڕوو.
یەکەم، سەدر بۆ خۆسەپاندنی ھەمیشەیی دەیەوێت کەڵک لە پارتی و سوننە وەربگرێت تاوەکو لە سەرەتا نەیارە شیعەکانی وردوخاش بکات، دواتریش لە قۆناغێکی دیکە، لەوانەیە دوای ھەڵبژاردنێکی دیکە بێت، پەلوپۆی سوننە و دوای ئەویش ھی پارتی کورد بکات.


ئەم سیناریۆیە سەر بکەوێت، سوننە و کورد و ئێران لە درێژمەودا زەرەر دەکەن و عێراق دەبێتە ھی ئایەتوڵا موقتەدا سەدر کە دەوڵەتێکی ئیسلامیی لەسەر میزاجی خۆی دادەمەزرێنێت و نەیارەکان و دۆستەکانی ئەمڕۆی وەک یەک مامەڵەدەکات. سەدر لەوانەیە نەبێت بە پاشکۆی ئێران بەڵام دژیشی نابێت.


دووەم، ئێران ترسی ھەیە لەو ھاوپەیمانییە سێ قۆڵییە سوننە (کوردیش ھەر سوننەن لە دیدی ئەو) بەھێزبن و زاڵبن بەسەر سەدر چونکە لە ھاوپەیمانیەکەیدا لە ١٧٠ کورسی تەنیا ٧٣ ی ھی سەردییە شیعەکانە ئەوەی دیکەی ھی کورد و عەرەبی سوننەیە. ئەمەش ئێرانی نیگەران کردوە و ئەم پێکھاتنە وەک ھەڕەشە لەسەر ئێران دەبینێت چونکە ئێران پێیوایە کورد و سوننە

،،

واتە سوننەکان، بە پشتیوانی وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئەمریکا ئەجیندای دژە ئێران بەسەر عێراقدا دەسەپێنن.


سێیەم، پارتی لەم ھاوکێشەیە دەیەوێت یەکێتیی زیاتر لاواز بکات و لە عێراق و لە کوردستان لە پۆستە سەروەرییەکان بێبەشی بکات و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی گەرمتر بکات. ھاوکات دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە بەرەی ئیتار کە بەرەیەکی دژە کوردە بکاتەوە. ئەمە زیاتر لە خەون دەچێت چونکە ئێران لێناگەڕێت یەکێتیی ھێندە لاواز بێت کە پارتی بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. ھاوکات، ئەوەندەی بەرەی ئیتار دەتوانن کێشە بۆ پارتی و کورد دروستبکەن پارتی لەناو حکومەتی عێراق و لە کوردستانەوە ناتوانێت ئەو گورزە بوەشێنێت لە ئیتار. ئیتار و ئێران دەتوانن کێشەی ئێجگار گەورە بۆ حکومەتی بەغدا و ھەولێر دروست بکەن، ھەم بە موشەک ھەم درۆن، ئەگەر شتی دیکەش نەکەن. بەرەی کورد لەم ھاوکێشەیە زەرەر دەکات، چونکە لاوازترین پێکھاتەیە لە ھاوپەیمانییەکە. ھاوکات لەوانەیە بۆ ھەمیشە دوو ئیدارەیی لە ھەرێم دروست بکات و ئارامی لە ھەولێر ھەڵبگیرێت.


چوارەم، ئەو لایەنەی کە ئەگەری ھەبێت قازانج بکات لە حکومەتی سێقۆڵی سوننەکانن چونکە بەپێچەوانەی جارانی پێشوو ئەمە یەکەمجارە کە سوننەکان یەکگرتوو و شیعە و کورد پەرشوبڵاو بن. ئەوە بەو مانایە نیە کە بەرەی ئیتار ناتوانن سەر ئێشە بۆ سوننەکان دروست نەکەن، ھەم بە موشەک، ھەم بە درۆن، ھەم بە زیندوکردنەوەی داعش.


پێنجەم، تاکە ئەگەرێک کە کورد لە سیناریۆی سێقۆڵی قازانجی لێبکات، کە پێموایە پارتی گرەوی لەسەر کردوە، دروستبوونی شەڕی شیعە شیعەیە، کە ئەگەری ھەیە بەڵام زۆر نا چونکە ھەم ئێران ھەم سیستانی ئەوەیان قەبوڵ نیە و ھەردووکیشیان زۆر باڵادەستن. لە ئەگەری شەڕی شیعە شیعە، کورد قازانج دەکات چونکە دەبێتە مایەی بێھێزیی ناوەند و دروستبوونی پشێویی

،،

بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە کورد پڕوشکی شەڕی بەرناکەوێت. لەم ئەگەرەدا، واتە دروستبوونی شەڕ و ئاژاوە ئەگەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ، یان لانیکەم ناڕاستەوخۆ، پشتیوانی لە کورد نەکات ئەوە وەزعی کورد باش نابێت.


وەک لە وێنە ھاوپێچەکان دەردەکەون، ھەندێکجار شتێک لە ڕاستیی خۆی گەورەتر یان بچوکتر دەردەکەوێت. بۆیە گرنگە لە دوورەوە تەماشای پرسەکان بکەین و وێنە گەورەکە ببینین. پۆلەتیکی عێراق و پرسی کورد زۆر ئاڵۆزە، واچاکە ھەموو وردتر بیربکەینەوە و ھەنگاوی یەکەم، بۆ ھەمیشە، ڕێکخستنی نێوماڵی کوردە.