محەمەدی حاجی مەحمود: بە مام جەلالم وت ئاوەكە بەربدەنەوە

2022-02-11

بەردەوام وەكو بەكارهێنانی فشارێك لەبەرانبەر بەغداددا، محەمەدی حاجی مەحمود پێشنیاری گرتنەوەی ئاوی بەنداوی دوكان‌و دەربەندیخان دەكات‌و پێیوایە ئەوە كارتێكی بەهێزی هەرێمی كوردستانە بەرانبەر بەغداد.

پێدەچێت محمەدی حاجی مەحمود لە لەناوەڕاستی ساڵی 1997وە ئەم بڕوایەی بۆ دروست بووبێت كاتێك كە لەو دەمەدا لەسەر داوای مام جەلال، سەبارەت بە بەنداوی دوكان‌و دەربەندیخان سەردانی بەغداد دەكات.

لە لاپەڕە 35 تا لاپەڕە 38ی " بەرگی پێنجەمی ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەك"دا، محەمەدی حاجی مەحمود باسی ئەوە دەكات كە لەبەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا كە حكومەتی عێراقی كردوویەتی بۆ تەقاندنەوەی بەنداوی دوكان‌و دەربەندیخان بچێتە بەغدادو بەرپرسانی عێراق لەو كارە پەشیمان بكاتەوە.


محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، لە 26 – 5 – 1997 لە قەلاچوالان سەردانی مام جەلالم كردو داوای لێكردم وتی حكومەتی عێراق هەڕەشەی پەلاماری سەدی دوكان‌و دەربەندیخان دەكات لێمان،

،،

بەڵكو هەوڵێك لەگەڵ عێراق بدەیت‌و عێراقییەكان ببینیت، منیش وتم باشە دەڕۆم بۆ بەغداو قسەیان لەگەڵ دەكەم.


وەكو لە لاپەڕە 36ی بەرگی پێنجەمی ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەكدا باسی كردووە، دوو ڕۆژ پاش داواكەی مام جەلال لەڕێگەی چەمچەماڵەوە چووە بۆ بەغداد،" چوارشەممە، 28 – 5 – 1997 لەگەڵ كاك برزوی عەلی هەژارو كاك خەلیل سەعید دا چووینە چەمچەماڵ، وا دیاربوو مام جەلال ئاگاداری سەیتەرەكانی كردبوو كە ڕامان نەگرن، لەسەیتەرەی بانی مەقان، عێراق بە ژمارەیەك سەیارەوە هاتبوون، مدیری ئەمنی كەركوك‌و موخابەرات‌و فیرقەو مەنزومەی شیمالی هاتبوون، لەكەركوك ئیسراحەتێك كراو بە چوار سەیارە لە ڕێگای تكریتەوە چووین بۆ بەغداد".


وەك محەمەدی حاجی مەحمود باسی دەكات لەڕێگای چوونیان بۆ بەغداد زەید ناوێكیان لەگەڵدا بووەو لەسەر ڕوباری دیجلە ئەوانیان بردووەتە خانوویەك‌و لەوێ پێیانووتوون كە پێش ئەمان پارتی لەوێ بووەو ئازاد بەرواری سەردانی كردوون.


ئەو زیاتر دەربارەی چوونەكەی بۆ بەغدا باسدەكات‌و دەڵێت:

،،

" وتم ئێمە بۆ دوو شت هاتووین، ئێوە داوای چارەسەری قەزیەی كوردتان كردووەو لە تەلەفیزیۆنیشەوە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر سەدی دوكان‌و دەربەندیخانتان كردووە، بزاین ئەمە چییە".


بە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود وەلید ناوێك كە بەرپرسی شوعبەی 3ی عێراق بووە لەگەڵ سێ مستەفا ناودا پێشوازیان لەوان كردووەو پێیانووتون كە وەزیری بەرگری لەوێ نییەو تا ئەو دێتەوە " نوری فەیسەڵ" وەزیری لاوان كە بە وەكالەت لەوەزارەتی دیفاع بووە دەتان بینێت.


محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت پێیشیانووتین ئەگەر پەلەتانە مدیری موخابەرات عەبدولمانع عەبدولڕەشید، برای ماهیر عەبدولڕەشید دەتان بینێت.


وەكو ئەو دەیگێڕیتەوە، مدیری موخابەرات پێیوتوون ئێوە لەگەڵ پارتی ڕێبكەون، ئێمە هاوكاریتان دەكەین بۆ دەركردنی یەكێتی‌و كوردستان تەسلیم بە ئێوەو پارتی دەكەین.


نوسەری ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەك باسلەوەش دەكات كە لەبەرئەوەی مدیری موخابەرات قسەی بە مام جەلال وتووەو ئەمیش وەڵامی داوەتەوە، قسەی توند كەوتووەتە نێوانیان‌و ویستویەتی كۆبوونەوەكە بەجێبهێڵێت‌و بگەڕێتەوە، بەڵام مدیری موخابەرات هەوڵی داوە هێواشی بكاتەوە.


پاش موناقەشەیەكی توند لەگەڵ عەبدولمانع عەبدولڕەشید، مدیری موخابەراتی عێراقیدا، ئەوان باسی هەڕەشەكەی حكومەتی عێراقییان بۆ سەر بەنداوی دوكان‌و دەربەندیخان كردووە:" وتم وەزیری ئێوە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر سەدی دوكان‌و دەربەندیخانی كردووە، وتی ئەو برادەرەی ئێوە " مەبەست مام جەلالە" ئاوی دەربەندیخان‌و دوكانی گرتووەتەوەو هەرچی زەراعەتی ناوچەی دیالەو وەسەتی عێراقە هەمووی وشكبووە، ئەمە خوا قبوڵی ناكات، وتم چیتان دەوێت، وتی ئاومان بۆ بەر بدەنەوە، وتم باشە، وتی پێت دەكرێت، وتم بەڵی، بەڵام ئێوە دەبێت لەگەڵ یەكێتی قسە بكەن".


محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، دوای ئەوە مدیری موخابەرات لێیپرسیوە كە چۆن لەگەڵ یەكێتیدا قسە بكەن، ئەویش وتوویەتی من ڕێكی دەخەم كە وەفدێكی یەكێتی سەردانی بەغداد بكەن،

،،

" مدیری موخابەراتی عێراق وتی ئەی ئاوەكە، وتم سبەینێ ئاوەكەتان بۆ بەردەدەینەوەو دوو بەیانی لەگەڵ وەفدەكەی یەكێتی ئاوەكەش دەگات".


ڕۆژی پێنج شەممە، 29 – 5 – 1997، گەڕاینەوەو تەلەفۆنم بۆ مام جەلال كردو وتم هەر ئەمڕۆ ئاوەكەی دوكان‌و دەربەندیخان بەر بدەنەوە، دوای یەك سەعات مام جەلال تەلەفۆنی كردو وتی ئاوەكەمان بەردایەوەو ئاوەكە دەڕوات بۆیان، دواتریش مام جەلال پێیووتم كە حكومەتی عێراقی بروسكەیان بۆ كردون‌و وتوویانە ئاوەكە زۆرباشەو چاوەڕێی وەفدەكەی یەكێتی ئەكەین". محەمەدی حاجی مەحمود لە كۆتایی گێڕانەوەی چوونەكەی بۆ بەغداد بۆ پرسی ئاوی دوكان‌و دەربەندیخان وای نووسیوە.