سەدر کێیەو دەیەوێت چی بکات

2022-02-12

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەڵس و کەوتی موقتەدا سەدر ئەوەی بەڕوونی دەرخستووە کە ئەم پیاوە لە باری دەروونییەوە کەسێکی ناتەواو و ڕاڕایە. ئەو خاوەن قسەی خۆی نیە و ئەوەی ئەمڕۆ دەیڵێ سبەی لێی پاشگەز دەبێتەوە.
دەیان جار بڕیارەکانی خۆی لە بارەی "سوپای مەهدی" و دامەزراوەکانی دیکەی بزووتنەوەکەیەوە هەڵوەشاندووەتەوە و دواتر بانگی کردوونەتەوە و لە قسەکانی خۆی پاشگەز بووەتەوە بێ ئەوەی هیچ پاکانەیەکی لۆژیکی بۆ هەردوو حاڵەتەکە پێشکەش بە خەڵک بکات و لێکدانەوە بۆ بڕیار و هەڵس و کەوتەکانی بکرێ.

گەڕانێکی بەپەلەی سەرپێی بەدیمانە و چاوپێکەوتنەکانیدا ئەوە دەردەخات چەند جار سوێنی خواردووە کارێک نەکات و بەحەرامی زانیوە و دواتر هەر خۆی دەرچووە و بانگەشەی بۆ کردووە. نازانم تا چەندێ ئەم هەڵس و کەوت و بڕیاردان و پەشیمان بوونەوە دەچنە چوارچیوەی پراگماتیزم و یاری سیاسی ئەم پیاوەوە؟.
سەدر سەر بە بنەماڵەیەکی ناسراوی شیعەیە و لە مێژووی عێراقی هاوچەرخدا محەمەد سەدر (١٨٨٢ - ١٩٥٦) ڕۆڵی بەرچاوی لەوەی بە شۆڕشی بیست نێو دەبرێ هەبووە و ئەندام و دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی (ئەعیان)ی سەردەمی پاشایەتی بووە. لە ساڵی ١٩٤٨یشدا بۆ ماوەیەکی کورت سەرۆک وەزیران بووە. ئەو پەیوەندی بەهێزی لە گەڵ فەیسەڵ و بنەماڵەی پاشایەتیدا هەبوو.

دواتر لەم بنەماڵەیە محەمەد باقر ئەلسەدر (١٩٣٥ – ١٩٨٠) دەرکەوت. "حیزبی دەعوەی ئیسلامی" و هەموو گروپەکانی دیکەی ئیسلامی سیاسی شیعە خۆیان دەبەنەوە سەر محەمەد باقر ئەلسەدر و ئەو بەڕابەری روحی و دامەزرێنەری خۆیان دادەنێن، بۆیە ئێستا هەموویان لەسەر ئەو بنەمایە لە ململانێ و کێبڕکێدان. هەر ئەمیش مامۆستای محەمەد سادق ئەلسەدر(١٩٤٣ – ١٩٩٩)ی ئامۆزای بووە کە دەکاتە باوکی موقتەدا. لە هەمان کاتدا باوکی هاوژینەکەی موقتەداشە. هەردوو سەدر لە سەر دەستی ڕژێمی سەدام بە شیوەیەکی دڕندانە کوژران، بۆیە موقتەدا خۆی بە میراتگری ئەم کەسایەتییە دیارانەی شیعە دەزانێ کە لە دژی ڕژێم خۆیان بەخت کردووە و خۆی لە هەموو ئەوانی دیکە پێ لە پێشترە.

ڕابەرانی ئاینی بنەماڵەی سەدر لە دژی شێواز و مۆدێلی کلاسیکی رابەرانی باڵای شیعە قسەیان هەیە و بەوە تۆمەتباریان دەکەن هەر کە خەریکی وەڵامدانەوەی پرسیارن لە بارەی حەرام و حەڵاڵەوە و لە خەڵکەوە دوورن و بەرگری لە مافە گشتییەکانیان ناکەن. ئاشکرایە کە ڕابەرانی مەزەبی بنەماڵە دیارەکانی نەجەف ڕاستەوخۆ تێکەڵی خەڵک نابن و تەنها لە ڕێگای بریکارەکانیانەوە پەیوەندییان لە گەڵدا دەکەن. بە پێچەوانەی ئەمانەوە بنەماڵەی سەدر خۆیان لە خەڵکی ئاسایی نزیک دەکەنەوە. لەمەشدا موقتەدا وێنەیەکی زۆر ناشیرین پێشکەش دەکات، چونکە بە چاوێکی سووک سەیری دواکەوتوانی خۆی دەکا و ئەوەی گوێی لە گوتارەکانی گرتبێ لە مزگەوتی کووفە، دەزانێ چۆن لە بەر چاوی نوێژکەران و بینەرانی تەلەفزیۆنەکان سووکایەتی بەو خەڵکە دەکات و بە گەمژە و نەفام و چەندین ناو و ناتۆرەی دیکە بە خەڵکیان دەناسێنێ.

،،

هەر لەم دیدەشەوەیە کە مەرجەعیەتی فەرمی شیعەکان بەبێدەنگ و خۆ کپکردوو پێناسە دەکات "المرجعیة الصامتة" و لە بەرامبەردا خۆیان بە مەرجەعیەتی قسەکەر و هەڵویست پیشاندەر "المرجعیة الناطقة" دادەنێ.

لەم دیدەوە بنەماڵەی سەدر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە پلە و پایەی ئاینی و مەزەبی خۆیان بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنن، ئەوە ئەوانن کە ئیسلامی سیاسی شیعەیان دامەزراندووە، بۆیە هەمیشە لە ململانێدان لە گەڵ مەرجەعیەتە فەرمییەکەدا، کە هەوڵدەدات وا خۆی پیشان بدات گوایە نایەوێ ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی کاروباری سیاسی بێ. لە ڕاستیدا ڕابەرانی شیعە هەمیشە کاریگەرییان لەسەر لایەنگرانیان هەبووە و ئەگەر زۆر نەچینە دواوە ئەوا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەم کاریگەریە بەهێزە لە سەر ژیانی سیاسی لە دەسپێکدا لە ئێران و دواتریش لە عیراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، خۆ باسی لە ٢٠٠٣ بەملاوە هەر ناکرێ کە لە عێراق هیچ هەنگاوێکی گرنگ و بگرە نا گرنگیش بەبێ فەرمایشت و ڕەزامەندی سیستانی مەیسەر نابێ. گوتارەکانی ڕۆژانی هەینی بریکارەکەی یەکسەر دەبنە پرۆژەی قانوون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرۆگرامی کاری حکومەت و کەسیش ناتوانێ لە قسەی دەرچێ!. جاران کە باسی سەدام دەکرا، دەترا "خوا بیپارێزێ و دەست باڵایەوە بگرێ، ئێستا "قدس سرە" و "دام ظلە"... تاد بنێشتە خۆشەی سیاسییەکای عێراقی "دیموکراسی و فیدیراڵی"یە!!!.

لە ڕاستیدا عێراق ئێستا لە سێبەری سیستەمێکی هاوچەشنی، بەڵام هەندێ شاراوەی ویلایەتی فەقییە بەڕێوە دەبرێ، بەبێ ئەوەی وەک ئێران ئەم ڕژێمە لە دەستوور جێگیر کرابێ، چونکە هێشتا بەئاسانی کورد و سوننە ڕانەمالێراون و ڕێژەی شیعەش نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئیتر گوێ بەکەس نەدەن. پێموایە ئەوەی موقتەدا سەدر هەوڵی بۆ دەدا جێگیرکردنی ئەم ڕژێمەیە بە ئاشکرا و بەهێزی دەستوور و زۆرینەی سیاسی. ڕەهەندێکی دیکەی ململانێی بنەماڵەی سەدر لە گەڵ نەیارەکانیدا ئەوەیە کە دەبێ نەجەف، نەک قوم ڕووگەی هەموو شیعەی جیهان و خاوەنی دوا بڕیار بێ. ئەمەش مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و بەتایبەت ڕژێمی بەعس زۆر پشتگیریان لەو ڕەوتە دەکرد کە ڕابەرانی مەزەبی شیعە عەرەب و عێراقی بن، نەک بەڕەچەڵەک ئێرانی. لەمەدا بەرژەوەندییەکانی بەعس و باوکی موقتەدا، محەمەد سادق ئەلسەدر یەکیان گرت وهاتەریب بوون، بۆیە زۆر جار موقتەدا و باوکی و بنەماڵەکەی بە دەست تێکەڵ کردن لە گەڵ ڕژێمی بەعسدا تۆمەتبار دەکرێن.

هەندێ کەس هەوڵدەدەن ئەم کێبڕکێیە بخەنە چوارچیوەی ململانێوە لە نێوان نیشتمانپەروەری عێراقی و پاشکۆیی بۆ ئێران. پێموایە پاشکۆیی وملکەچی موقتەدا بۆ ئێران و سیاسەتەکانی و پابەندبوونی بە سیستەمی ویلایەتی فەقیهەوە ئەگەر لەوانی دیکە زیاتر نەبێ، ئەوا بە هیچ شێوەیەک کەمتر نیە، بۆیە ئەمە تەنها بۆ پڕوپاگەندە و ڕاکێشانی سەرنجی ناسیۆنالیستانی عەرەبە کە ئەم گوتارە دڵخۆشیان دەکات. لە گەڵ ئەوەشدا، ئەمە تەنها لایەنێکی کەمی پرسەکە ڕوون دەکاتەوە، هۆی بڕیادەر لەم ململانێ و کێبڕکێیەدا گەنجینەکەی دامەزراوەی مەزەبی شیعە، کە دەزگایەکی بێ ئەندازە دەوڵەمەندە و ئەوانەی کلیلکەی دەگرنە دەست، دەکرێ لە ڕیزی دەوڵەمەندترین کەسەکانی دونیادا دابنرێن.


گروپە سیاسییە مەزەبییەکانی دیکەی وەکوو دەعوە و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و بەدر...تاد تا ساڵی ٢٠٠٣ هەندێ ئەزموونی سیاسییان پەیدا کردبوو و لە تەک هێز و گرپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی عیراق و کوردستاندا پەیوەندیان هەبوو، هەرچی گروپەکەی موقتەدا سەدرە هیچ ئەزموونیکی سیاسییان نەبووە و لە دوای کەوتنی ڕژێم بە مانگێک موقتەدا دەرکەوت و سوپای مەهدی ڕاگەیاند. جاڕی بەرگرییش لە دژی داگیرکەری ئەمریکا هەر لە لایەن ئەوەوە بوو. هەر لەو کاتەدا یەکێ لە کەسایەتییە دیارەکانی شیعە، کە عەبدولمەجید خووئی بوو بەدەستی لایەنگرانی موقتەدا و بڕیاری ڕاستەوخۆی ئەو کوژرا. ئەمە بەشێک بوو لە تۆڵەکردنەوە لە بنەماڵەی خوئی، نەیاری دێرێنی بنەماڵەی سەدر. لە ئەنجامی ئەو کارەیدا بڕیاری گرتنی درا، بەڵام لە بەر ناوبانگی باوک و مامی کەس زاتی ئەوەی نەکرد دەستی بۆ ببات و بەبیانووی تەواوکردنی خوێندنەوە ڕەوانەی قوم کرا و بۆ ماوەیەک لەوێ خۆی ماتدا.

هەندێ جار بۆچوونێکی سەیر لە بارەی موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەیەوە بڵاودەکرێتەوە، گوایە ئەو کەسێکی تایفی نیە. بەڕاستی ئەمە مایەی پێکەنینە، هەزاران کەس کە لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ کوژران و تەرمەکانیان لە سەر زبڵکوانەکانی بەغدا فڕێدەدران بە دەستی سوپاکەی موقتەدا، سوپای مەهدی کوژران. پاکتاوکردنی دەیان گەڕەکی بەغدا و دەوروبەری و دەوروبەری حیللە و سامەرا و بەلەد ...تاد

هەموویان بە دەستی پیاوانی موقتەدا بوو. ئەو لە دژی میلیشیای بەڕەڵا زۆر قسە دەکات، ڕەنگبێ سوپاکەی خۆی لە هەموو ئەوانە بەرەڵاتر بووبێ. ئەو میلیشیاکانی دیکە دەبینێ و دەڵی دەبێ چەک تەنها لە دەستی دەوڵەت بێ، بەڵام قەت باسی سەرایا سەلامی خۆی ناکات. هەموو ئەم میلیشیا بەرەڵایانە بەبڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کران بە هێزی دەوڵەت، بێ ئەوەی دەوڵەت دەستی بەسەریاندا بڕوا. سوپای پاسدارانی ئێران مۆدیل بوو بۆ ئەم میلیشیانە و گەلێ پەڕلەمەنتاری کوردیش بە شانازییەوە دەنگیان بەو بڕیاڕە ترسناکەدا.


بەرەی سەدر بە دامەزرێنەرانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عیراق دادەنرێن. خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن تاجی مەرجەعییەتی شیعەی دونیا لەسەریان دابنرێ و ئەرکی ئاسایی پیاوانی ئاینی بگۆڕن بە ڕابەرانی چالاک و بزوێنەری خەڵک لە دژی پەیکەری هیرارشی بنەمالە ئاینییە دیارەکانی نەجەف، کە بە چاوێکی نزم سەیری خەڵکە ئاساییەکە دەکەن و تەنها لە ڕێگای بریکارەکانیانەوە پەیوەندییان لە گەڵدا دەبەستن.

،،

یەکێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە کاتی دامەزراندنێوە لاوازکردنی هزری چەپ و پێگەی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوو، کە لە نێو کۆمەڵگای شیعەدا لایەنگری زۆری هەبوو، ئەمەش هەڕەشە بوو بۆ پێگەی دامەزراوەی شیعە.


ڕەوتی سەدر هەموو حیزب و گروپە سیاسییە ئیسلامییەکانی شیعە، کە لە سەردەمی بەعسدا لە ئێران و سوریا بوون یا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ژیانیان بەسەر دەبرد، بەوە تۆمەتبار دەکات کە پیاوی دەرەوەن و لەسەر تانکی داگیرکەری ئەمریکا هاتنەوە بۆعێراق، بۆیە ئەوانەی لە عێراق بوون و ئازاری بەعس و برسێتییان دەکێشا، دەبێ خاوەن دەسەڵات و بڕیار بن لە عێراق.


موقتەدا هەرچی خەڵکی هەژار و پەراویزخراوی شیعە هەیە لە دەوری خۆی کۆی کردوونەتەوە و بەشیوەیەکی زۆر خراپ بە کاریان دێنێ، هەر کەسێ پێی خوار دابنێ، هەڵبەتە لە دیدی موقتەداوە، ئەوا یەکسەر لایدەدا و لە نێو جەماوەرەکەیدا شەرمەزاری دەکات، بۆیە زۆر دەگمەنن ئەوانەی زاتی ئەوە دەکەن لە قسەی دەرچن.

ئێستا موقتەدا بالۆرەی ئەوە لێدەدا گوایە دەیەوێ حکومەتێکی نیشتمانی پێکبێنێ نە سەر بە ڕۆژئاوا بێ و نە سەر بە ڕۆژهەڵات "لا شرقیة ولا غربیة". جارێ ئەم دروشمە بۆ خۆی لەم سەردەمەی ئێمەدا هیچ واتایەکی نیە و ئەوە دەردخات کە هەڵگرانی دەست و پێ سپین لە سیاسەتدا. ئەمە دروشمی خومەینی بوو و تایبەت بوو بە سەردەمی شەڕی سارد لە نێوان بەرەی ڕۆژئاوا بەڕابەرایەتی ئەمریکا و بەرەی ڕۆژهەڵاتی سەر بە یەکێتی سۆڤیەت. سی ساڵە یەکێتی سۆڤیەت نەماوە و ڕووسیای ئێستاش هەڵگری ئایدیۆلۆژییایەک نیە کە وڵاتان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. ئەگەر موقتەدا دەیەوێ فەرمانڕەوای دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بێ، ئەوا دەبێ بڵێ "نە ئێران و نە سعوودیە" یا "نە ئێران و نە تورکیا"، یا هیچ نەبێ " نە ئێران و نە ئەمریکا"، ئەو کاتە خەڵکی دەڵی ئێران ڕۆژهەڵاتە و ئەمریکاش ڕۆژئاوایە. باوەڕ ناکەم کەس لەم دروشمەی موقتەدا بەم شیوازەی دوایی تێگەیشتبێ.


ئەوەشی پێی دەڵێ حکومەتی نیشتمانی، لە ڕاستیدا هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ ئەوانەی پێش خۆیدا نیە، چونکە هەر لە سەر بنەمای شیعە و سوننە وکورد دادەمەزرێ. ئەگەر سەدر دەیەوێ حکومەتی نیشتمانی پێکبێنێ، چۆن لە گەڵ ئەو سوننانەدا پێکیدێنێ، کە ئەردۆگان کۆی کردنەوە و بەرەی لێ دروست کردن؟. دیارە ئەمەیان بۆ ڕۆژی خۆی بۆ هەڵدەگرێ!.

ئەو دەیەوێ هێزەکانی دیکەی ئسیلامی سیاسی شیعە ناچار بکات، دان بە رابەرایەتی ئەودا بنێن و لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو ببێ بە تاکە نوێنەری شیعە لە عێراق. سەرکردە شیعەکان دەزانن موقتەدا ئەمە بەکاردێنێ بۆ ئەوەی دواتر یەک لە دوای یەک هەموویان بە زەبری قانوون لە گۆڕەپانی سیاسی ڕاماڵی، چونکە ئەوەندە دزی و گەندەڵییان کردووە، هەموو خەڵک دڵخۆش دەبن بە گرتن و سزادانیان و دۆسێکانیش ئەوەندە قەبەن گەمژەترین دادوەر دەتوانێ بڕیاریان لێ بدا. هەر لە گەڵ ئەمەدا خەریکی ئەوە دەبێ لە دوای سیستانی کەسێکی سەر بە بنەماڵەی سەدر بکا بە مەرجەعی هەموو شیعە، کەسێک کە سەد دەر سەد گوێڕایەڵی ئەم بێ. ئا لێرەوە کارەساتە گەورەکە دەسپێدەکات. هەبوونی مەرجەعییەتێکی سەر بە سەدر و حکومەت و پەڕلەمانێکی گوێرایەڵ و دەستگرتن بە سەر سامان و سەروەتی ولاتێکی دەوڵەمەندا، هەلی گۆڕینی بەندەکانی دەستوور و هەوڵی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بۆ دەڕەخسێنێ. ئەزموونی سیاسی گەلان ئەوەی دەرخستووە کە زۆر دیکتاتۆری ملهوڕ میکانیزمەکانی دیموکراسیان بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و دامەزراندنی ڕژێمی ستەمکار و دیکتاتۆری و بوونەتە هۆی جەنگ و وێرانکاری و کارەساتی مرۆیی.

یەکەمین هەنگاوی سەدر لە ڕێگای چەسپاندنی دەسەڵاتی فاشیزمی نەتەوەیی و مەزەبی لێدانی کورد دەبێ، چونکە تا ئێستا کوردستان ماوە کە خەڵك لە کاتی هەڕەشيدا پەنای بۆ ببەن و دەسەڵاتی مەزهەبی دەستی بەسەر هەموو جوگرافییەکەیدا نەگرتووە. مانەوەی کوردستان بەم پێگەی ئێستای ڕێگر دەبێ لە بەردەم دامەزراندنی ڕژێمی دیکتاتۆری ڕەهای تایفی شیعی و نەتەوەیی عەرەبی. ئەو کاتە هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان کوردی ئەمدیوئەودیوی دێگەڵە، هەموو دەبنە ئامانجی "جیهادی کیفائی". بۆ ئەم جیهادەش سوننەی عەرەب سەریان پێوە نابێ. سەدر لە ناوچە کێشە لەسەرکان ئەوەندە کەرەسەی خاوی هەیە کە بتوانێ زەبری کوشندە بە کورد بگەیەنێ. زۆربەی ئەوانەی بۆ پرۆسەی بەعەرەبکردن هێنراونەتە ئەو ناوچانە ئیستا سەر بە سەدرن، هەرچی تورکمانی شیعەشە هەموو پشتگیری دەکەن، مادام ئامانج لێدانی کوردە. دوای ئەوە نۆرەی سوننە دێ کە شارەکانیان بەتەواوی لە لایەن میلیشیاکانی شیعەوە داگیرکراون و پرۆسەی بە شیعەکردن تێیاندا بەهێزە، ئیستا لە کەمینەکانەوە دەستیان پێکردووە و ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەوانەی دەبن بە شیعە زیاد دەکەن.

ئەمە ئەو سینارێۆیەیە کە لە مێشکی موقتەدا و هەموو گروپەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدایە

،،

بەڵام بارودۆخەکە چۆن،دەبێ و چەندێ کۆسپ و تەگەرە دێتە پێشیان و پلان،و پیلانەکانیان سەر و بن دەکەن ئەوەیان باسێکی دیکەیە و دەبێ چاوەڕوان بین.


لێرەدا من باسی سەدر و پلانەکانی دەکەم بۆ داهاتووی عێراق و کوردستان دەکەم و باس لەوە ناکەم کورد چی دەکات و هەڵویستی چی دەبێ. کە دەڵێم کورد مەبەست پارتە سیاسییەکانە، چونکە کورد وەکوو گەلێکی ئازادیخواز وەک لە ڕابردوودا قایل نەبووە ملکەچی ستەمی داگیرکەر بێ، ئەوا لە داهاتووشدا هەر وا دەبێ.
لە گەڵ ئەوەدا کە ئەم مەترسییەی دەسەڵاتێکی ڕەهای تایفی و قەومی شیعە، مەترسییەکی جددیە و دەبێ لە بیری هەموو کەسێکدا بێ، بەڵام ئەوەی زەمینە بۆ ئەم مەترسییە خۆشتر دەکات و پشتی کورد دەشکێنێ، ململانێی بێ واتای حیزبی کوردییە لە سەر پۆست و دەسەڵاتێک کە پووچ و بێ ناوەڕۆکە و جیاوازیییەکی ئەوتۆی نیە لە گەڵ دەسەڵاتەکانی "جێگرکەی!!!" کوردەکەی سەدام.
دەگێڕنەوە کە کۆمەڵێ کەسی ناسراوی کورد لە بەغدا دەچن بۆ لای "جێگرەکەی" سەدام، تاها محێدین بۆ ئەوەی خوالێخۆشبوو عەلائەدین سوجادی لە مزگەوتی مەیدانەوە لە ناوەڕاستی بەغدا بگوازێتەوە بۆ گەڕەکی شورتە، کە ماڵەکەی لێی بوو دوای ئەوەی کوڕەکەی کرا بە قوربانی لە قادسیە شوومەکەی سەدامدا و مامۆستا سەجادی هێزی لێ بڕا بوو و تکای لێ دەکەن بە چاوی بەزەییەوە سەیری ئەو داخوازییەیان بکات، لە وەڵامدا دەڵێ: بە خوا براینە ئەو ئیشە واسیتەی گەورەی دەوێ!!!.