خاڵی هاوبەشی نێوان عەبدولناسرو مەلا مستەفا

2022-02-13

شوان ئەحمەد

" ئێمە گەر تەنیا دیوە جوانەکەی مێژوومان ببینین، مانای وایە مێژووی خۆمان نابینین"
- ئەدۆنیس -

جەمال عەبدولناسر، ئەو سەرکردە کاریزمیەی دونیای عەرەب بوو کە لەماوەی هەژدە ساڵدا، هەم شۆڕشی تەمووزی ١٩٥٢ بەرپاکرد و هەم لە حوزەیرانی ١٩٦٧ دووچاری شکستی شەڕی شەش ڕۆژەی عەرەب ئیسرائیل هات.

سەروەختێک سەرنج لە کارەکتەرێکی وەک عەبدولناسر دەدەم و دەکەومە بەراوردکردنی بە سەرکردەیەکی وەک مەلا مستەفا، زۆر خاڵی هاوبەش و لێکچوو لەنێوانیاندا بەدیدەکەم.

سەرەکیترین خاڵی هاوبەشی نێوانیشیان ئەوەیە، هەردووکیان دوو سەرکردەی کاریزمی شکستخواردووی نێو مێژووی گەل و نەتەوەی خۆیانن. هەردووکیان بەخەونی گەورە دەست پێدەکەن و بە شکستی مەزن و بەنابەکامی سەردەنێنەوە.

عەبدولناسر بەکۆدێتاکەی ساڵی ١٩٥٢ دەست پێدەکات و بەشکستی حوزەیرانی ١٩٦٧ کۆتایی دێت. مەلا مستەفا بەشۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ دێتە مەیدان و بە ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ دەستبەرداری خەونەکانی دەبێت.

عەبدولناسر دوای شکست دەست لەکاردەکێشێتەوە و واز لەپۆستی سەرۆکایەتی دێنێت، مەلا مستەفاش لەگەڵ ئاشبەتاڵەکەی حەفتا و پێنجدا واز لەکاری سیاسی دێنێت و ڕایدەگەیەنێت (کاری ئەو تەمامشوود).

،،

سێ ساڵ و چەند مانگێک دوای لەدەستدانی سینا و دۆڕاندنی شەڕی شەش ڕۆژە بە ئیسرائیل، عەبدولناسر بە جەڵدە گیان لەدەست دەدات. مەلا مستەفاش بەهەمان شێوەو چوار ساڵ دوای نسکۆ، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات.

عەبدولناسر بەرلەوەی بمرێت و دووچاریی ئەو شکستە مێژوویە بێت، سەید قوتب و هاوڕێکانی لەگرتووخانەی (لیمان طرة) لەسێدارە دەدات. مەلا مستەفاش بەر لەنسکۆ لە زیندانی (ڕایات)، فاخر مێرگە سووری و براکانی تیرباران دەکات.
هەردوو ئەو سەرکردەیە لەدوای خۆیان چارەنووسی گەل و نەتەوەکەیان، بەنادیاری و لەدۆخێکی پڕ لەقەیراندا جێدێڵن. ئەوانەشی (چ لە میسر و چ لە کوردستان) دەبنە جێگرەوەیان، نەک هەر نابنە میراتگر و درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان، بەڵکو لێیان تەوەلا دەبن و وەک دژبەر و پۆڵی پێچەوانەی ئەوان ڕەفتار دەکەن.

لە میسر ئەنوەر سادات دێت و حاشا لە مێژوو و میراتی ناسریەت دەکات و ئاڕاستەیەک لە حوکمڕانیکردنی وڵاتی میسردا دەگرێتەبەر کە بە هیچ کلۆجێک ناچێتەوە سەر ئایدیا و بەرنامە و خواست و سیاسەتەکانی، جەمال عەبدولناسر و سەردەمەکەی. لە کوردستانی باشوریشدا جەلال تاڵەبانی دێت و ڕاست و چەپێک بە مێژووی بارزانی و شۆڕشەکەیدا دێنێت و بەزەق و زۆپی دیوارێک لەنێوان خۆی و ئەودا هەڵدەچنێت.

خاڵێکی هاوبەشی دیکەی نێوان عەبدولناسر و مەلا مستەفا ئەوەیە، ئەگەرچی هیچ کامیان نەیانتوانی لانی کەمی خەونەکانیان بهێننە دی(سەندنەوەی خاکی فەلەستینیەکان لە جولەکە بۆ ناسر و ناچارکردنی بەعس تا دان بەمافە ڕەواکانی گەلی کورد بنێت لەچوارچێوەی خود موختاریدا بۆ بارزانی) و گەیشتنی هەردووکیان بەکۆتاییەکی تراژیدی، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکەیان لای زۆربەی هاوڵاتیانیان وەک سەرکردەیەکی کاریزمی مانەوەو بۆ کۆچی دواییان بەداخ بوون.

جۆرج تەرابیشی لەکتێبە زۆر ناوازەکەیدا(المرض بالغرب) و لە نەسکی یەکەمیدا(لە شۆکەوە بۆ تراوما)، باس لەو دۆخی ماتەمگێڕی و شیوەنئامێزەی هاوڵاتیانی میسر دەکات، بۆ مەرگی عەبدولناسر و وەک دۆخێکی نەخۆشانە و دەروونبیماری ئەو خەڵکە بێچارەیە سەیری دەکات کە باوکە سیاسییەکەیان، دوای ئەوەی بەچارەنووسێکی نادیاریان دەسپێرێت و دووچاری شکستێکی گەورەیان دەکات، تەنیا جێیان دێڵێت و ئەوانیش وەک هەتیوو کەوتوویەک خۆیان دەبینن و پرسەی بۆ دەگێڕن.

ئەڵبەتە بۆ مەلا مستەفاش سەرباری شۆڕشێکی بێئەنجام و ئاشبەتاڵ و نائومێدی قووڵ، کاردانەوەکان لەبەرامبەر کۆچی دوایدا هەمان شتبوو. هاوڵاتیانی ئێمە بە مردنی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەسەروەختی بەخاک سپاردنی لەڕۆژهەڵات و پاشان هێنانەوەی ڕووفاتی بۆ هەرێم، خەمناک و دڵگران بوون،

،،

بەڵام ئێمە ئێستاشی لەگەڵدابێت تەرابیشیەکمان نییە، تیۆریزەی ئەو حاڵەتەمان بۆ بکات.

سەرەنجام خاڵێکی دیکەی لێکچوونی ئەو دوو سەرکردەیە ئەوەیە، نەوەی سێیەمی ناسر کە عەبدولفەتاح سیسی نوێنەرایەتی دەکات، مۆدێلی حوکمڕانییەکی میلیتاری لەوڵاتی میسردا پراکتیزە دەکات و پەرلەمانەکەی یاساکان بەپێی خواست و ویستی ژەنەراڵ سیسی دادەتاشێت و وڵات بۆتە بەندینخانەیەکی گەورەو لەشکر و دەزگا ئەمنییەکانیشی، خەریکی پاکتاوکردنی ئیخوانەکان و زیندانیکردن و ڕاوەدونانی ئازادیخوازان و دەنگە ناڕازییەکانن.
لە هەرێمیش نەوەی دووەمی مەلا مستەفا کە مەسرور بارزانی لەترۆپکی دەسەڵاتی حکومەتدایە، مۆدێلی فەرمانڕەوایەتیەکی ئەمنی و پۆلیسی ترسناک نمایش دەکات کە گرتن و ڕاوەدونانی چالاکوان و ئازدیخوازان و ڕۆژنامە نووسانی بادینان، نمونەیەکی ئاشکرایەتی و هاوکات پەرلەمانتارانێکیش پەیدابوون لەو فەزا پۆلیسی و ئەمنییەدا، بەدەنگی بەرز و لەنێو حەرەمی پەرلەماندا سوکایەتی بە پەرلەمان و لەوێشەوە بەکۆمەڵگەی کوردی دەکەن.

بەگشتی عەبدولناسر و مەلا مستەفا دوو سەرکردەی کاریزمی بوون، بەشکستی گەورەوە ماڵئاواییان لەژیانکرد. شکستەکانیشیان شەخسی و تایبەت نەبوو، هەر لەبەرئەوەشە تا ڕۆژگارێکی دوور کاریگەری و ئاسەواریان، لەسەر مێژوو و داهاتووی گەل و نەتەوەکانیان دەمێنێت.