وەڵامێک بۆدادگای فیدراڵی عێراق

2022-02-15

ڕێبوار محەمەد ــ ماستەر لە گرێبەستی نەوت و غاز


دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتی ١٥/٢/٢٠٢٣ بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت وگازی هەرێم ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ دەرکرد.

لە پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەی عێراق ساڵی ٢٠٠٥ وە هەرێمی کوردستان لەململانێیەکی توندایە لەگەڵ بەغداد لەسەر مافی خاوەندارێتی نەوت و غاز، لەلایەک بەغداد دەیەوێت هەرێم دۆسێی نەوت ڕادەست بکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە هەرێم دەیەوێت دەست بەومافەوە بگرێت و تەنها داهات ڕادەست بەغداد بکات.

بەڵام دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی لایەندارانەی دژی مافی خەڵکی کوردستان بەقازانجی عەقڵێتی شۆڤێنستی عەرەب دەرکرد، زۆر بەداخەوە شۆڤێنیستەکان هەمیشە لەکەمیندان بۆمافەکانی نەتەوەکەمان و ئێمەش وا کار بۆشکاندنی ئێسکی یەکتر دەکەین.


لەخوارە شیکارییەکی ورد دەکەم بۆ مافی هەرێمی کوردستان لە مافی خاوەندارێتی نەوت و غاز لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەی عێراقی، بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، وەئەودەوڵەتە فیدراڵیانەی کەچۆن مافی خاوەندارێتیان داوە بەهەرێمەکانیان:

یەکەم :مافی هەرێم لەخاوەندارێتی نەوت و غاز بەپێی دەستوری هەمیشەی عێراق ساڵی 2005:-
- مادەی 111ی دەستوری عێراق دەڵێت گەلانی عێراق لەهەموو هەرێمەکان وپارێزگاکان خاوەندارێتی نەوت وغاز دەکەن بەبێ جیاوازی.
دەستور ئەم مافەی لە حکومەتی بەغدا سەندۆتەوە داویەتی بەهەرێمەکان و پارێزگان.
ـ مادەی 112 ی دەستور بڕگەی یەکەم بەهەمان شێوە بەڕێوەبردنی ئەوکێڵگانە کە هەبوون دەبێت ناوەند لەگەڵ هەرێم وپارێزگاکان بەڕێوی ببات و لەڕێگەی پەرلەمانی عێرراقەوە یاسای بۆدەربکرێت وەلەهەمان کاتدا دەبێت بڕێک لەداهاتی نەوت بۆماوەیەک بدرێت بەو هەرێمانەی کەبەعس زیانی پێگەیاندوون.
لەم بڕگیەدا بەهەمان شێوە ناوەند دەبێت لەگەڵ هەرێمەکان نەوت بەڕێوە ببات یاسای بۆدەربکات بەڵام بەغدا بۆئەوەی مافی هەرێم نەدات ئامادەنی یە یاسا دەربکات و کار بەیاسای سەردەمی بەعس ژمارە 84 ی ساڵی 1985 کەناوی یاسای پارێزگاریە لەهایدرۆکربۆنات دەکات.
بڕگەی دووەم هەمان ماددە دەربارەی ئەوکێڵگەنەوتیانەی کەلەدوای ڕێکەوتی جێبەجێکردنی دەستوور دەدۆزرێنەوە لەلایەن هەرێمەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.
دەستوری هەمیشەی عێراق لەمادەی 115 دا دەڵێت لەکاتی دروست بوونی کێشە لەنێوان هەرێم و ناوەند ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمەکانە بەمەرجێک ئەوکێشە لەچوارچێوەی مادەی 110ی دەستور نەبێت نەوت وغازیش لەچوارچێوەی مادەی 110 نی یەو دەسەڵاتی ڕەهای ناوەند نییەو بەشێوازێکی تایبەت دەسەڵاتەکانی دیاری کردوە دەستور، هەروەها مادەی 121ی دەستوور مافی بەهەرێم داوە دەستورویاسا بۆخۆی دەربکات بەمەرجێک پێچەوانەی مادەکانی دەستور نەبێت.
کەواتە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوری ساڵی 2005 مافی خاوەندارێتی وبەکارهێنانی نەوت وغازی هەرێمی کوردستانی هەیە.

دووەم ـ مافی هەرێم بەپێی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان

بڕیاری (١٨٠٣) ی کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەک گرتوەکان کە لەڕێکەوتی 14 کانونی یەکەمی ساڵی 1962 دەرچوە ودەڵێت ( سەروەری هەمیشەیی گەلانی بەسەر سامانی سروشتی یەکەیدا پەسەندکردوە) ئێمەش وەک گەلی کورد لەهەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ئەم بڕیارەدا دەتوانین خاوەندارێتی نەوت وغاز بکەین.
وەهەروەها کۆمەڵێک بڕیاری تری نەتەوەیەک گرتوەکان هەمان مافیان بۆگەلان سەلماندوە لەوانەبڕیارەکانی(٢١٥٨ ی ساڵی١٩٦٦ ٫ ٢٦٩٢ی ساڵی١٩٧٠ ٫ ٣٠١٦ ی ساڵی ١٩٧٢ ٫ ٣١٧١ی ساڵی ١٩٧٣ ٫١ ٣٢ -١ ساڵی ١٩٧٤ٚ.
وەهەروەها لە بڕگەی دووەم مادەی یەکەم لەجوزئی یەکەم لەپەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافی ئابوری ،کۆمەڵایەتی،ڕۆشنبیری ڕێکەوتی ١٦ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٦دا دەڵێت ( هەموو گەلان هەوڵدەدەن بۆ ئامانجێکی کە سەربەستانە دەتوان خاوەندارێتی بکەن بەداهات و سامانی سروشتیانەوە.

سێ یەم :- ڕێکخستنی خاوەندارێتی سامانی نەوتی لە دەوڵەتە فیدراڵیەکان
بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە مافی هەرێمەکان لەدەوڵەتە فیدراڵیەکانی بەرهەم هێنی نەوت دەوڵەتانی ئەمریکا،کەنەدا. میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەب ( الامارات العربیە المتحدە) وەک نمونە دەهێنینەوەو بەراوردکاری دەکەین بەم شێوەیە :

١ ـ ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا (USA)

لەئەمریکا دۆخێکی تایبەت بەنەوت هەیە چونکە دەستوری ئەمەریکا لەساڵی ١٧٨٧ نوسراوەو لەوکاتە نەوت نەدۆزراوەتەوەو پاش ٧٢ساڵ لەساڵی ١٨٥٩ نەوت دۆزراوە تەوە و سامانی سروشتی نەوت وغاز لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نیەو دەسەڵاتی هەرێمەکانە.
خاوەندارێتی نەوت وغاز خاوەن دارێتی یەکەی دەگەڕێتەوە بۆتاکەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان و هۆزە هندیەکان کە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکان وە هەرکە خاوەنی هەرزەویەک بێت بەشێوەی ستوونی چی لەژێر زەویدابێت هی خاوەن زەویەکە،وەخاوەن زەویەکە وەک هەرماڵیکی تری خۆی کە خاوەندارێتی پوختە دەتوانێت بیفرۆشێت واتە دەتوانێت نەوتەکەش وەک زەویەکەبفرۆشێت.
وەئەونەوتەی دەکەوێتە سنوری ئاوی هەرولایەتێکەوە حکومەتی هەرێمەکە خاوەنداڕێتی دەکات وەک ولایەتەکانی ئالاباما،نیۆرک،کالیفۆرنیا.وەلەهەندێ ولایەتی تر خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆهەمودانیشتوانی هەرێمەکە وەک کانساس، کۆلۆرادۆر،میرلاند،مسیسبی،واشنتۆن و ژمارەیەکی تر لەولایەتەکان.

٢ - خاوەندارێتی سامانی نەوتی لەکەنەدا
کەنەدا دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەندارێتی دەستوریە ،پێک هاتوە لە دە مقاتەعە و سێ هەرێم،دەوڵەتێکی بەرهەم هێنی نەوت ،وەلەکەنەدا مافی خاوەندارێتی وبەڕێوەبردنی نەوت وغاز دراوە بەهەرێمەکان.
بەپێی مادەی ( ١٠٩) ی دەستوری کەندی هەموارکراوی ساڵی ١٨٦٧کەدەڵێت هەموو زەوی وسامانی کانزای وسروشتی خاوەندارێتی یەکەی دەگەڕێتەوە بۆهەرێمەکانی وڵاتی کەندا.

٣ -خاوەندارێتی سامانی نەوتی لە ئیماراتی عەرەبی موتەحیدە:

دەستوری ئیماراتی ساڵی ١٩٧١ مافی خاوەندارێتی نەوت وغازی داوەبە میرنشینەکان واتە هەرێمەکان وەلە مادەی (٢٣) دەڵێت خاوەندارێتی سامان ومواردی سروشتی لە هەموو میرنشینەکان دەگەڕێتەوە بۆئەو میرنشینە بەتایبەتی ،وەگەلەکە بۆبەرژەوەندی نیشتمانی بەکاری دەهێنن.وەبەپێی ئەم مادە حکومەتی ناوەندی ئیمارات ناتوانێت خاوەندارێتی بکات بەڵکو بۆ میرنشینەکانە.

ئەنجام

بەپێی دەستوری هەمیشەی عێراق، ئەمریکا، کەندا، ئیمارات، وە بڕیارەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی سامانی نەوت وغازیان بۆ هەرێمەکان سەلماندوەو هەرهەرێمێک مافی خۆیەتی خاوەندارێتی نەوت و غازەکەی بکات.
هەرێمی کوردستانیش وەک یەکێک لەهەرێمە فیدراڵیەکانی ئەو وڵاتانەی کەنەوت بەرهەمدەهێنن مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی نەوت وغازەکەی خۆی هەیەو هەمووگرێبەستەنەوتیەکانی دەستوری و یاساین و مافی خۆیەتی کە دۆسیەی نەوت لەدەستی خۆی بێت وڕادەستی بەغدای نەکاتەوە.

مافناس: ڕێبوار محمد ئەمین. ماستەر لەگرێبەستی نەوت و غاز


سەرچاوەکان:
ـ دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005.
ـ پەرتوکی ( التنظیم الدستوری لاستغلال الموارد النفتیة فی الدول الفدرالیة ،هاشم عبدللە محمد ،التبعة الاولی ٢٠١٩.