ئایا ڕووسیا دەتوانێت ئۆکرانیا داگیر بکات؟

2022-02-18

ڕەوا موسا


گفتوگۆ و دانووستانەکان خەریکە شکست دەهێنن. ئەگەر سوپای ڕووسیا بەڕاستی هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا بینەری شەڕێکی گەورەی مۆدێرن دەبین بە تاکتیک و ستراتیژی نوێ و ناوازەی سەربازی تایبەت بە دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک. شەڕی مۆدێرن نێوان سوپای ڕووسیا و ئۆکرانیا چۆن دەبێت و چۆن ڕوودەدا؟! لەم ووتارە شیکارییە سەربازییەدا بەکورتی تیشکی دەخەینەسەر.

پێشتر سوپای ڕووسیا چەندین جار پێیان خستۆتە ناو خاکی ئۆکرانیاوە ، هێزەکانی پیادە و هێزە تایبەتەکان و ڕاوێژکار و ڕێنیشاندەرە ڕووسیەکان چەندین جار لە هەرێمی دۆنباسی ئۆکرانیا بینراون، کە بۆ هاوکاریکردنی گرووپە جوداخوازە ڕووسیەکان هاتوون. لەئێستاشدا خەریکە دۆخەکە لەشەڕی بەوەکالەتی میلیشایی دەردەچێت دەبێتە جەنگێکی ڕاستەوخۆی سەرتاسەری لەنێوان هەردووک ووڵات.

ئۆکرانیا پلەی 22ەمی هەیە لەڕیزی بەهێزترین سوپاکانی جیهان بەپێی توێژینەوەی سایتی GlobalFirePower کە پلەندی سوپاکانی جیهان دەکات لەسەر ئاستی هێزی سەربازی و ئابور و دیموگرافی و چەکی مۆدێرن و هێزە لۆجیستیەکان. لەبەرامبەردا ڕووسیا پلەی دووەمی گرتووە و هێزی سوپاکەی بە 2765 پۆینت لەپێش هێزی سوپای ئۆکرانیاوەیە. هەر بەپێی داتای سایتەکە ڕووسیا 850 هەزار سەربازی ئامادەی هەیە کە زۆر زیاترە لە 200 هەزار سەربازی ئامادەی ئۆکرانیا و هەردووک لاش 250 هەزار سەربازی یەدەگیان هەیە، بەڵام پێدەچێت ئۆکرانیا سەربازی یەدەگی لەو ژمارەیە زیاترهەبێت چونکە لەساڵی 2014ەوە لەدوای داگیرکردنی کریمیا بەردەوام یەکەی نوێ درووستدەکات و مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکات تا لەکاتی تەنگانەدا بانگ بکرێنەوە بۆ خزمەت. ڕووسیا 772 فڕۆکەی شەڕکەر و 739 فڕۆکەی هێرشبەری هەیە لەکاتێکدا ئۆکرانیا تەنها 69 فڕۆکەی شەڕکەر و 29 فڕۆکەری هێرشبەری تاکتیکی هەیە.

ڕووسیا 12 هەزار تانکی هەیە بەڵام لەو ژمارەیە تەنها 6 هەزاریان ئامادەی چالاکی و خزمەتن و ئەوانی دی هی سەردەمی سۆڤیەتن و پێویستیان بەچەند هەفتەیەکە تا ئامادەدەکرێنەوە بۆ شەڕ.

لەئێستاشدا ڕووسیا 1200 تانکی لەسنورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە لەبەرامبەردا ئۆکرانیا 900 تانکی ئامادەی هەیە بۆ بەرگری ئەوانی تری کۆنن و پێویستیان بە ئەبدەیت و نوێکردنەوە هەیە تا دووبارە بخرێنە خزمەتەوە. پێدەچێت سوپای ئۆکرانیا تاکتیکەکانی سۆڤیەت بەکاربهێنێت بۆ بەرگری ئەویش بەوەی هەر هێڵێکی بەرگری بەتوندی دژی هێرشی سەرتاسەری بەرامبەر بوەستنەوە و لەژێر زەختدا نەکشێنەوە لەگەڵ ئەوەشدا توانای دژە هێرشیشیان هەبێت بۆئەوەی باڵانسی شەڕەکە ڕابگرن.

ڕووسیا بۆ دابەستنی تۆپخانە هەمیشە هێزی پیادە و زرێپۆش بەکاردەهێنێت تاوەکو هێزەکانی دوژمن لەیەکتری جودابکەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن ئینجا لەڕێی تۆپخانەکانەوە هێزە دابڕێندراوەکان بە هیلاک بەرن. هێزی زرێپۆش و دژە تانکی ئۆکرانیا لە ناوچە گرنگەکان هێڵێکی جیاکەرەوە درووست دەکەن لەنێوانی سوپای تانکی ڕووسیا و شارە گرنگەکانی ئۆکرانیا، لە ساڵی 2014ەوە بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر چاڵ و تونێل و سەنگەری قووڵیان هەڵکەندووە تا زرێپۆش و دژە تانکەکانی تێدا جێگیر بکەن بەڵام لەهەمان کاتدا نابێت لەو چاڵانەدا بچەقن!، سوپای چەقیو دەبێتە سوپایەکی مردوو و ڕاستە ئامانجێکی قورسە بۆ داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی لەڕێی هێرشی راستەوخۆی هێزی پیادە و زرێپۆشەوە، بەڵام دەبێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ گەمارۆدان و دابڕانیان ڕووسیاش ئەوەی دەوێت تاوەکو لەڕێیەوە هێڵەکان ببپچڕێنێت بە دەوریاندا بسوڕێتەوە و لەپشتەوە لەشارەکان بدات پاشان بەبۆردوومانی چڕ و پڕ سەنگەرە گەمارۆدراوەکان تەنگەتاوبکات.

لەهەمانکاتدا ئەوە دەبێتە شەڕێکی دەروونی گەورەش بەوەی سەربازانی سوپای بەرگریکار وویستی شەڕکردن لەدەستدەدەن کاتێک بۆیان دەردەکەوێت ئەوشتەیان لەدەستداوە کە بەرگری لێدەکەن بەبێ ئەوەی شەڕیش بدۆڕێنن، ئەمەش هەمان ئەو کارەساتە بوو بەسەر سەربازانی سوپای فەڕەنسادا هات لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، کە هێشتا شەڕیان نەدۆڕاندبوو و توانای بەرگریان هەبوو بەڵام خۆیان بەدەستەوەدا کاتێک بۆیان دەرکەوت لەپشتەوە سوپای ئەڵمانیا گەیشتۆتە پاریس، یاخود هەمان ئەو دۆخەی بەسەر سوپای ڤیسیگۆسەکاندا هات لەجەنگی دژی ڕۆمەکان. بۆیە پێم وایە سوپای ئۆکرانیا تانکەکانی لەناو چاڵەکان ڕاگیرناکات ئەگەرچی شوێنێکی باشن بۆ بەرگری بەڵکو وەکو هێزی یەدەگ دایاندەنێت تاوەکو لەحاڵەتی پچڕانی هێڵەکانیان دژە هێرش ئەنجامبدەن و بۆشاییەکان پڕبکەنەوە ، واتا هەمان ئەو تاکتیکەی سەدەکانی ڕابردوو ئەسپسوارانی سوپای کۆساکی ئۆکرانی بەکاریاندەهێنا ئەمڕۆ بە تانکەکانیان ئەو کارەدەکەن. ئەگەرچی ئۆکرانیا خاوەنی تانکی پەرەپێدراوی T-64Mb ناوخۆیی خۆیەتی کە بڕواوایە باشتر و بەهێزترن بن لە تانکەکانی T-72ی ڕووسی بەڵام ژمارەیان کەمە و تەنها نزیکەی 300 تانک دەبن.

ئەگەر ئۆکرانیەکان نەتوانن بەرامبەر هێزی زرێپۆشی ڕووسی دژە هێرشی کاریگەر بە تانکەکانیان بکەن ئەوا بەرگری سەختی ناو تونێل و سەنگەرەکان کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر جەنگەکەوە نابێت، هەمان ئەو دۆخە درووست دەبێتەوە کە لەشەڕی گەمارۆی فڕۆکەخانەی دۆنێستک ڕوویدا لەساڵی 2015 ئەگەرچی ئۆکرانیەکان بۆ نزیکەی چوار مانگ بەرگری سەختیان کرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی باڵی دژە هێرشی تانکەوە بەتەواوی دابڕان و هەراسانکران لەژێر گووشاری سەختی تۆپخانەکاندا شکستیانهێنا و شەڕەکەیان دۆڕاند.


نە ڕووسیا و نە ئۆکرانیاش ناتوانن تەواوی هێزی سەربازی خۆیان بخەنە ناو شەڕەکانەوە، ڕووسیا بەلانی کەمەوە پێویستی بە 150 هەزار سەرباز دەبێت بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە و هێزەکانی تری دەبێت لەسەر سنورەکان بڵاوە پێبکات پاشان لەگەڵ هەر بەرەوپێشچوونێکی بەشێک لەهێزی خۆی بۆ پاراستنی ڕێگا و خاڵەکانی پشتەوە بەجێبهێڵێت، پێم وایە هێزی پێشڕەو و میلیشیا جوداخوازەکانی سەر بە ڕووسیا لەپشتەوە ئەو کارە دەکەن و بەردەوام هێزی نوێ جێگای هێزی هێرشبەر دەگرێتەوە بۆئەوەی سەربازی نوێ و ئامادە و چالاک بهێننە پێشەوە و بەردەوام بن لەبەرەوپێشچوون، ئەمەش دەرفەت بە هێزی پێشڕەو دەدات پشوو وەربگرێت و دووبارە خۆی ئامادەبکاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ هێڵی پێشەوە و شەڕی نوێ.

،،
لەبەرامبەریشدا ئۆکرانیا پێویستی بەوەیە هێزێکی زۆر لە باکوری ووڵاتەکەی لەسەر سنوری بیلاڕووس دابنێت لەئەگەری ئەوەی لەباکوریشەوە هێرشیان بکرێتەسەر.

ئەگەر ڕووسیا تەنها 30% هێزی ئاسمانیشی بەکاربهێنێت هێشتا دەتوانێت ئاسمانی ئۆکرانیا بەتەواوی کۆنتڕۆڵبکات چونکە ئۆکرانیەکان فڕۆکەی شەڕکەری پێویستیان نییە بۆ شەڕکردن لەدژی بۆمبەرەکانی ڕووسیا. سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا مەودایان فراوانە بەشێوەیەک دەتوانن لەناو خاکی ڕووسیاوە نیوەی ئاسمانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکەن بەبێ ئەوەی بیانجوڵێنن بۆناو خاکی دوژمن.

بەحوکمی ئەوەی فڕۆکەکانی ڕووسیا زاڵن بەسەر ئاسمانی ئۆکرانیادا، لە سەرەتاکانی جەنگەکەدا ڕووسیا هێرشێکی گەورەی ئاسمانی دەکاتە سەر سەربازگە و فڕۆکەخانە و بارەگا و خاڵە گرنگەکانی ئۆکرانیا بەتایبەتی بەئامانجی تێکشکاندنی هێزی زرێپۆش و لەناوبردنی تانکەکان بۆئەوەی خاڵی بەهێزی دژە هێرشی ئۆکرانییەکان پەکبخەن. لەگەڵ ئەوانەشدا توانای ئەلیکترۆنی ڕووسەکان زۆر کاریگەر و بەهێزە بەوەی چەندین ساڵە لەدژی ئامێرە زیرەکە سەربازییەکانی ئەمریکا پەرەیپێدەدەن، لەم ڕووەشەوە رووسیا توانای هێرشی ئەلیکترۆنی بەهێزی دەبێت بۆتێکدان و تەشویشکردنی ڕاداری سیستەمە بەرگرییەکانی ئۆکرانیا و زیانگەیاندن بە هێڵی پەیوەندییەکانیان تەنانەت ناردنی فەرمانی ساختە بۆ سەربازە ئۆکرانیەکانی پێشەوەی شەڕ.

ئەو جۆرە لە هێرشە پێیاندەگووترێت Cyber Attacks تاکتیکێکی مۆدێرنە لەناو جیهانی ئەلیکترۆنیاتدا دەکرێت و هێشتا بەووردی توانای ووڵاتان لەو ڕووەوە نازانرێت، بەڵام دەنگۆ هەیە هێرشی ئەلیکترۆنی ئەمریکا (Cyber Attacks) لەپشتی تاقیکردنەوە شکستخواردووەکانی موشەکی بالیستی کۆریای باکورەوە بووبێت لەساڵی 2012. لەکاتێکدا ئۆکرانیا هیچ توانایەکی نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی. بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا زۆر لەوە بەهێزتربوون کە ڕووسیا پێشبینیکردبوو لە جەنگی دژی جوداخوازەکان 2014-2015، ڕووسیا پێشبینیکردبوو سوپای ئۆکرانیا بەزوویی شکست دەهێنێت و ناتوانێت دژی ئەو میلیشیایانە بوەستێتەوە کە ڕاستەوخۆ چەک و تەقەمەنیان پێدەدات، بەڵام ئۆکرانیەکان سەرسەختی خۆیان سەلماند بەوەی ڕێگریان لەوەکرد جەنگەکە سەرتاسەری ووڵات بگرێتەوە و تەنها لە دۆنباس و کریمیادا مایەوە.


خۆرئاوا بەبەهای ملیارەها دۆلار هاوکاری چەک و تەقەمەنیان بۆ ئۆکرانیا ناردووە، لەناویاندا تانک و زرێپۆش و دژە تانک و دژە موشەک و ملیۆنەها فیشەک هەن. ئەمانەش توانای بەرگری ئۆکرانیەکان زیاتردەکەن، لەسەرووی هەموویانەوە دژە تانکی جۆری
FGM-148 Javelin
کە یەکێکە لەبەهێزترین دژە تانکەکانی سەردەم، ئەو دژە تانکەیە هێزەکانی هەسەدە خەونی پێوەدەبینێت تا لەدژی تانکەکانی تورکیا بەکاریانبهێنێت بەڵام ئەمریکا هەتا ئێستا ئامادەنەبوو ڕادەستی هێزەکانی هەسەدەی بکات ئەوە ئێستا بڕێکی زۆری لەو دژە تانکە داوەتە ئۆکرانیا.

ئەم دژە تانکە توانای پێکانی ئامانجی هەیە لە دووری چوار کلیۆمەترەوە، وە زۆرینەی تانکەکانی ڕووسیا تانکی جۆری T-72 ن کە موشەکی javelin توانای تێکشکاندنیانی هەیە، بەڵام جۆرەکانی تری وەکو T-80 و T-90 هێشتا ڕووبەڕووی ئەم دژە تانکانە نەبۆتەوە و لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدەبن.

لەلایەکی ترەوە تورکیا ژمارەیەک درۆنی بایراکداری بە ئۆکرانیا فرۆشتووە کە پێشتر لەجەنگی قەرەباغی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕۆڵێکی یەککلارەوەیان گێڕا بەتێکشکاندن و لەناوبردنی نزیکەی 600 تانک و زرێپۆش و تۆپخانەی ئەرمینیا، هەروەها چەندین سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسی S-300 تێکشکاند. دوای تێکشکاندنی سیستەمەکانی S-300ی ڕووسی لەئەرمینیا و Pantsir لە سوریا ئێستا تورکیا دەیەوێت لەڕێی ئۆکرانیاوە لەئەگەری جەنگدا بایکراکدارەکانی لەژی سیستەمی S-400 تاقیبکاتەوە. بەڵام ئۆکرانیا تەنها 22 درۆنی بایراکداری TB-2 ی هەیە کە ژمارەیەکی ئەوتۆ نییە تا ئاستەنگی گەورە درووستبکات لەدژی ڕووسیا.


هەر لەچوارچێوەی هاوکارییەکاندا هێزەکانی ئۆکرانیا ژمارەیەک چەکی سەرشانی دژە ئاسمانی FIM-92 Stingerیان وەرگرتووە، کە دژە ئاسمانییەکی ئاسان بۆ بەکارهێنان و سەخت و دژوارە لەپێکانی ئامانجدا، لەسەر شان هەڵدەگیرێت و دەتەقێندرێت دەتوانێت بەدرێژایی 8 کیلۆمەتر و بەرزی 3.5 کیلۆمەتر لە ئامانجەکەی بدات. ئەم مووشەکە لەدژی فڕۆکە جەنگیەکان بەکاربهێندرێت کە نزم دەبنەوە بۆ لێدانی ئامانج یاخود بۆ خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرە شەڕکەرەکان کاریگەری گەورەیان دەبێت.


لەحاڵەتی پێویستدا دەتواندرێت لەدژی تانک و زرێپۆشیش بەکاریبهێندرێت. ئەگەر ئۆکرانیا ژمارەیەکی زۆر لەم چەکەی هەبێت دەتوانێت ڕێگە بگرێت لە تێپەڕینی هەلیکۆپتەرەکانی ڕووسیا بەسەر هێڵەکانی پێشەوەدا و دابەزاندنی سەرباز و هێزی تایبەت لە خاڵە گرنگەکانی پشتەوەی هێڵەکان. کە ئەمەش یەکێکە لەتاکتیکەکانی سوپای ڕووس لە ئەفغانستان لەدژی موجاهیدان بەکاریدەهێنا و ئەوانیش بە موشەکی Stinger وەڵامیان دەدایەوە و زەبری گورجبڕیان لە سوپای سۆڤیەت دەوەشاند. ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ بەچەند شێوازێکی تریش ڕۆڵی لەم جەنگەدا دەبێت، لەوانە وێنەی ووردی سەتەلایتی مانگە دروستکردەکان بۆ سوپای ئۆکرانیا دەنێرێت و لەشوێن و جوڵەی ڕووسەکان ئاگاداریان دەکاتەوە، پێشتریش لەسەر بەکارهێنانی چەکی دژە تانک و دژە ئاسمانی ڕاهێنانی بە ئۆکرانییەکان کردووە و وانەی گرینگی پێداون سەبارەت بەچۆنیەتی ئەنجامدانی شەڕی پارتیزانی.

،،

سیستەمی ڕاداری دژە تۆپخانە یەکێکی ترە لەو هاوکارییانەی بە ئۆکرانیا دراوە، سیستەمەکە شوێنی تۆپخانەکانی دوژمن دیاریدەکات و یارمەتی هێزی تۆپخانەی ئۆکرانیەکان دەدات وەڵام بدەنەوە و بۆردوومانی تۆپخانەی ڕووسەکان بکەن.

هەروەک گووتمان تۆپخانەکانی ڕووسیا کاریگەری گەورەیان بەسەر جەنگەوە دەبێت، بەشێوەیەک لەساڵانی شەڕی گرووپە جوداخوازەکان بەبەکارهێنانی تۆپە ڕووسیەکان سوپای ئۆکرانیا زیاتر لە 300 تانکی لەدەستداوە. بە کەمبوونەوەی مەترسی تۆپخانەکانی ڕووسیاش ئۆکرانیا باشتر دەتوانێت دژە هێرش بە تانکەکانی بکات و هێزە پیادەکانی سەرسوکتر دەبن بۆ جوڵەی خێرا. بەڵام لەئەگەری سەرکەوتنی هێرشی سەرتاسەری ئاسمانی ڕووسیا ئەم سیستەمانە هەموو تێکدەشکێندرێن و ئۆکرانیا ناتوانێت شەڕی تۆپخانەکانی ڕووسیا بکات.

لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا تۆپخانەکان ڕۆڵی گرنگیان دەگێڕا کەچی لەجەنگی دووەمی جیهانیدا هێزی تانک و هێزی ئاسمانی گۆڕەپانی شەڕیان کۆنتڕۆڵ دەکرد و باوی تۆپخانە کەمبۆوە لە یەکلاکردنەوەی شەڕەکاندا، بەڵام لەجیهانی مۆدێرنی ئێستادا تۆپخانەکان زۆر پێشخراون بەوەی زۆر لەدوورەوە بە ووردی توانای پێکانی ئامانجیان هەیە، بۆیە لەشەڕی مۆدێرندا تۆپخانەکان دەکرێت ڕۆڵێکی سەخت و یەکلاکەرەوە ببینن و ڕووسیاش گرینگییەکی زۆری پێدەدات لەئەگەری هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.


سوپای ڕووسیا بەدوو قۆناغ هێرش دەکات، لە قۆناغی یەکەمدا هاوشێوەی ستراتیژی Shock and Awe "شۆک و تۆقین" هێرشێکی بۆمبارانکردنی سەرتاسەری گەورە دەکات بەبەکارهێنانی هێزی ئاسمانی و تۆپخانە و سیستەمە موشەکیەکان بۆ ئیفلیجکردنی سوپای ئۆکرانیا و لەناوبردنی خاڵە بەهێزەکانی وەکو سیستەمە ڕادار و بەرگرییەکان و ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی ئۆپراسیۆن و فەرماندەییەکان.

ئەم قۆناغە لەوانەیە چەند ڕۆژێک بخایەنێت پاشان قۆناغی دووەم دەستپێدەکات کە بریتییە لەهێرشێکی سەرتاسەری گەورەی هێزی ووشکانی هاوشێوەی ستراتیژی blitzkrieg کە تێیدا تەواوی هێزی تانک و زریپۆش و پیادە لەژێر چەتری تۆپخانە و هێزی ئاسمانی پێشڕەوی دەکەن و هێرش دەکەن، لەسەر ئەساسی ئەوەی ڕووسیا جەنگێکی کورتخایەنی دەوێت پێشبینی بەکارهێنانی ئەم دوو ستراتیژە دەکەم.

لەبەرامبەردا هێزەکانی ئۆکرانیا هەموو هەوڵێکی خۆیاندەدەن بۆ درێژکردنەوەی جەنگەکە بەهیوای ئەوەی بەر لەڕووخانی کیڤی پایتەخت دەستێوەردانی دەرەکی جەنگەکە ڕابگرێت، چونکە خۆیان باشدەزانن بەتەنها توانای ڕاگرتنی سوپای ڕووسیایان نییە. سوپای ئۆکرانیا لەماوەیەکی کەمدا دەکەوێتە شەڕێکی پاشەکشەوە بەرەو خۆرئاوا، هەندێک لە تیپەکانیش خۆیان دەشارنەوە و ڕێگە بە هێزەکانی ڕووسیا دەدەن بەسەریاندا تێپەڕن، تاوەکو دواتر لەپشتەوە دووبارە هەستنەوە بەشەڕی پارتیزانی گورز لەدوژمن بدەن. 58% ی خاکی ئۆکرانیا دەشتە و تەنها 18% دارستانە ، هیچ چیایەکی سەخت و گەورە و هیچ دارستانێکی فراوانیشی تێدانییە، ئەمەش سەرزەمینێکی گونجاوە بۆ هێرشی خێرای ڕووسەکان و بۆ ئۆکرانیەکان قورس دەبێت بەباشی بەرگری لێبکەن یاخود شەڕی پارتیزانی تێدائەنجام بدەن.

هێرشی لەنگەرگرتنی دەریایی ڕووسیا زەحمەتە پێشبینی بکرێت، وەک ئەوەی باسدەکرێت ڕووسیا دەیەوێت لەڕێی دابەزاندنی دەریاییەوە لە دەریای ڕەشەوە شاری ئۆدێسا لەباشوری خۆرئاوای ئۆکرانیا بگرێت و لەوێوە هێڵێک درووستبکات تا ووڵاتەکە بکاتە دوولەتەوە.

هەرچەندە هێزی دەریایی ڕووسیا ڕووبەری بەرگرییەکی ئەوتۆی هێزی دەریایی ئۆکرانیا نابێتەوە، بەڵام لەکاتی دابەزاندنی سەربازەکاندا ڕەنگە ڕووبەرووی بەرگرییەکی سەختی ووشکانی ئۆکرانییەکان ببنەوە و لەنگەر و بەندەرەکانیش بسوتێنن تاوەکو لەلایەن هێزی دەریایی ڕووسیاوە بۆ دابەزاندنی سوپای ووشکانی بەکارنەهێندرێت.

،،

سەرکەوتنی ئەم جۆرە هێرشانە دەستکەوتێکی گەورە دەدەن بەدەستەوە هەروەکو چۆن لە جەنگی دووەمی جیهانی هاوپەیمانان هێرشی دابەزاندن و لەنگەرگرتنی کەنارەکانیان بەکارهێنا بۆ گرتنەوەی باکوری ئەفریقا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا لەدەستی نازییەکان و هاوپەیمانەکانی.

بەڵام لەمڕۆدا کەمێک قورسترە و ڕەنگە ڕووسیا ئەو سەرکێشییە ئەنجامنەدا، بەڵکو لەجیاتی ئەوە لەهەرێمی کریمیاوە هێرشی ووشکانی بۆ گرتنی شاری ئۆدێسا و گەیشتن بەهەرێمی ترانزستریای مۆڵداڤیا ئەنجامبدات، کە بێگومان دەوڵەت دوای ئۆکرانیا مۆڵداڤیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت بەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەنگی ئۆکرانیادا سوپای ڕووسیا بەتەواوی و بەیەکجاری هەرێمی ترانزستریاش لەدەستی مۆڵداڤیا دەردەهێنێت.


ژمارەی ئەو هێزانەی لەئێستادا ڕووسیا لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیری کردوون توانای داگیرکردنی هەموو خاکی ئۆکرانیای نابێت. یان دەبێت هێزی زیاتری نوێ بگوازێتەوە یاخود هەر خۆی لەسەرەتاوە نایەوێت هەموو ئۆکرانیا داگیربکات، لەوحاڵەتەشدا تەنها بەشی خۆرهەڵاتی ڕووباری نیپەر و باشوری ئۆکرانیا دەگرێت کە بەڕووسیای نوێ بانگی دەکەن لە دۆنباسەوە تا ئۆدێسا درێژدەبێتەوە.

بێگومان ڕووسیاش تووشی ئابڵوقەیەکی سەخت دەبێتەوە لەلایەن خۆرئاواوە بۆیە سەرەڕای زیانەکان وا باشترە هەموو خاکی ئۆکرانیا بگرێت، کە بواری پێدەدات هەژموونی خۆی بۆ قوڵایی زیاتری ئەورووپا بگوازێتەوە و ڕاستەوخۆ پێنج دراوسێی ئەورووپیشی بۆ زیاددەبن، ئەم خاڵانەش یارمەتیدەدەن زیاتر بکرێتەوە بەڕووی جیهاندا لە مەترسی گۆشەگیرکردنی دووربکەوێتەوە.

گەورەترین ئاستەنگی ڕووبەڕووی ڕووسیا ببێتەوە گرتنی شارەکانە، بۆیە پێدەچێت لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی جەنگدا شارەکان تێبپەڕێنێت و گەمارۆیانبدات، بەڵام شاری خارکیف هەردەبێت بگیرێت بەحوکمی ناوچە ستراتیژییەکەی کە لەناوەڕاستی سەرسنوری ڕووسیا هەڵکەوتووە.

ئەگەر سوپای ئۆکرانیا بە بەشی خۆرهەڵاتی ڕووباری نیپەردا بڵاوببنەوە ئەوا شاری کیڤی پایتەخت لەدەستدەدەن وە ئەگەر تەرکیزی خۆیان لەسەر دەورووبەری شاری کیڤ چڕبکەنەوە ئەوا لەبەرامبەردا بەشی خۆرهەڵاتی ڕووباری نیپەر لەدەستدەدەن، ئۆکرانیا ئەو هێزەی نییە بتوانێت لەهەردووکیان بکات. دەشکرێت ڕووسیا پێچەوانەی پێشبینیەکانی خۆرئاوا لەبیلاڕووسیاوە بەخێرایی پەلاماری شاری کیڤ بدات و داگیریبکات تاوەکو حکومەتێکی بوکەڵەیی سەربەخۆی تێدا دابمەزرێنێت.

لەحاڵەتی داگیرکردنی هەموو ئۆکرانیاشدا ڕووسیا پێویستی بە 200 هەزار سەربازی بەردەوام دەبێت تاوەکو ووڵاتەکە لە هێرشی پارتیزانی ئۆکرانیە یاخیبووەکان بپارێزێت، ئەمەش مەسرەفێکی گەورە دەخاتەسەر ڕووسیا و هەوڵێکی تاقەتپڕوکێن دەبێت هاوشێوەی هەوڵی سەپاندنی ئاسایش و هەژموونی فەڕەنسا بەسەر ئیسپانیادا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ناپلیۆن بۆناپارتدا.