ئەوروپا دەقیژێنێت فریام کەون جەنگی غاز بەڕێوەیە!

2022-02-19

محمد خۆشناو


گەردێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک
روم وعەرەب وعەجەم تەمامی
هەمیا ژ مە تادکرد غولامی
ئەحمەدی خانێ
دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق ئامرازێکە بۆ ئامانجی سیاسی بەکاردێت و پارێزەری دەستوور نیە ، ئەمە خێرە دوای دەساڵ بڕیاری نادەستوریبوونی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەردەکات کە دیارە جگە لەخۆیان دەستی لایەنێکی دەرەکیشی تێدابووە.


ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات کە هەرێمی کوردستان غاز هەناردەی تورکیا و ئەوروپا بکات ، کە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەیەک دەگەڕا غاز بۆ ئەوروپا دابین بکات و ڕێ لە ڕوسیاوە بگرێت بۆ ناردنی.


کێشە و ململانێی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا لەسەر ئۆکراینا لەجەنگی ساردی نێوان هەردوولا بەتامی گەرم دەچێت کە بووە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی ووزە، کە سەرۆکی ڕوسیا ئەوەی دەویست کە بگاتە ئەو ڕادەیەی ئێستا ، پۆتین سەرۆکێکە جێی گاڵتە نیە ، ئەگەرچی واپێدەچێت کە ئێستا کێشەکە هێوربۆتەوە ، بەڵام بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە….بۆئەم مەبەستە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سزادانی ڕوسیا داوای لە ئەڵمانیا کردبوو کە ئەو هێڵە غازە ڕابگرێت کە ناوی«نۆرد ستریم2» کە ئێستا ئیشی تێدا دەکرێت بۆ گواستنەوەی غازی ڕوسی لە ڕێگەی دەریای بەڵتیک بۆ ئەڵمانیا و ئەوروپا کە لەبەر کەمبوونەوەی یەدەکی غاز هاواریان لێهەڵسابوو لەبەر ئەو سەرما تووندە ، وڵاتانی دیکەی جیهانی ئەوانەی غازیان زۆرە ناتوانن گاز بگەیننە ئەوروپا چونکە تێچووی زۆرە و ، هەروەها قەتەریش ناتوانێت چونکە پابەندە بە رێککەوتنامەی فرۆشتنی سەدا هەشتای بەرهەمەکانی بۆ ئاسیا ، هەرێمی کوردستان کە یەدەگێکی زۆری غاز هەیە لە هەوڵی هەناردنەکردنی دان ،

،،

بەڵام دەسەڵاتدارنی عێراق ڕێگریان کرد، من بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە ئەمانە بای گەردیلەیەک نە بڕوایان بە شەراکەت و بەشداری و دەستور و کوردستان نیە و لێشناگەڕێن هەرێمی کوردستان ئەوها بمینیتەوە ،

عەقلیەتی ئەوانەی عێراق بەڕێوە دەبەن هەر لە ڕژێمی پاشایەتی و کۆماری و بەعسی و و تا بەوانەی ئێستا دەگات عەقلیەتی شۆڤینی نەتەوەی سەردەستە ، خۆ لەڕاستیدا درکاندنی «مافتان بەسەرمانەوە هەیە» شتێکی بچووکە بەڵام بەهایەکی گەورەی هەیە و دەلالەتێکی مەزنی هەیە ، بەڵام لەکن ئەوان«مافتان بەسەرمانەوە هەیە» وەک تاوانێکە ئەنجامی دابێت و دانی بە تاوانەکە نابێت ، نەک وەک جۆرێک لە داوای لێبووردن بۆ ئەو کارەساتە تراژیدیانەی کە بەسەریان هێناین ، دونیا لە جەنگی دووەمی جیهانەوە تا ئێستا دوای لێبووردن لە هۆلۆکۆستی جووەکان دەکات و هەموو ڕۆژێ لێبووردن دووبارە دەبێتەوە ، شۆڤینیەت کەلتوورە لەکن ئەوان ، کورد قوربانی ئەو کلتوورە نیە وەک هەندێک بۆی دەچن ، بەڵکە ئێمە قوربانی خۆمانین سەدان ساڵە تا دەگاتە ئێستا چی نەما لەگەڵ یەکتریدا نەکەین و یەکتری لەناو دەبەین و ڕێز لە ناحەز و دوژمن دەگرین بەڵام لەخۆمان ناگرین ، لەماوەی ئەم سەدان ساڵەدا مێژوو دووبارە دەبۆوە بەشێوەیەکی جیاواز ، خەراپترین شت کە تووشی کۆمەڵگە دەبێت بریتیە لەوەی کە ڕقلێبوونەوە بەسەریدا زاڵ بێت و ببێتە ئەسیری دوژمنایەتی و هۆکاری جنێودان و رەتکردنەوەی یەکتر و کەمکردنەوە و بچووکردنەوەی بەرانبەر و رەتکردنەوەی ئیختیاراتی ئەوەی دیکە وەک ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەیکەین ، ئەو بڕیارەی بەناو دادگای فیدڕالی خەڵکێکی زۆر بە ڕواڵەت پێیخۆشحاڵ بوون بەڵام لەناوەوەدا پێی دەکوڵان ،

،،

چونکە ئەوەندە بێزار بوونە لە ژیانی حزبی و سیاسی کوردستان و بێزاربوونە لە دەسەڵات و بەرپرسان کە هەر خەریکی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و خۆیانن و دابڕاون لە خەڵکی

چوومە تازیەیێک کۆمەڵە خەڵکێکی لێبوو باسی سەرۆک کۆمار و بڕیاری دادگا و کوردستان چی لێدێت و چی لێنایەت دەکرا ، پیاوێکی بەتەمەن گووتی نەخۆمان کا و نەکوردایەتیمان! تەبعەن هەموو سەریان بۆ لەقاند.


ئەمڕۆ لە دۆخێکی خەراپ داین پێویستە حزبەکان و دەسەڵات لەگەڵ خەڵکی ئاشتببنەوە و متمانە بگەڕێننەوە کە پێوەری شەرعی حکومەت و هێزەکەیەتی و دان بەو هەڵانە بنێین کە کردوومانە و چارەسەری ئەو دابەشبوونە و لێکترازانەی هەیە بکەین کە ئیستا هەیە و مراجەعەی خۆمان بکەینەوە ، فۆلتییر-ی فەیلەسوفی مەزن دەڵێت:(پیاوان هەڵە دەکەن ، بەڵام پیاوی مەزن ئەو پیاوەیە کە دان بەوە دەنێت کە ئەو لەسەر هەڵە بووە) ، بەڵام لێرە هەموو خۆیان پێ فریشتەیە ، ئەوە بەخۆداچوونەوەی هەڵەکان بوو دەیان گەل و وڵاتی لە تاریکی و ماڵوێرانی دەرهێنا.