بۆچی ڕووسیا داوای دانووستان لە ئۆکرانیا دەکات؟

2022-02-26

ڕەوا موسا

ئەمڕۆ ڕووسیا لە هەڵوێستێکی شۆک ئامێزدا ئامادەیی خۆی نیشاندا کە وەفدی دیبلۆماسی و سەربازی بنێرێت بۆ مینسک تا دانووستان لەگەڵ ئۆکرانیا بکات.
لەئیستادا ڕووسیا باش دەزانێت ئۆکرانیا هەست بەخیانەتی ڕۆژئاواییەکان دەکات. خودی زیلینسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا گووتی کە ڕۆژئاواییەکان پشتیان تێکردین و ڕاستگۆنەبوون لەگەڵمان. ئێستا ڕووسیا بەجددی نایەوێت ئەو دەرفەتە لەدەستبدات، دەیەوێت نیگەرانییەکانی ئۆکرانیاو زەختی سوپاکەی بقۆزێتەوە تا بیانهێنێتە سەر مێزی دانووستان و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت لەبەرامبەردا ڕووسیاش دەستەبەرداری داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێت.

،،

ئێستا ڕووسیا بەو گووشارە سەربازییە دەیەوێت حکومەتی ئۆکرانی ناچار بە دانووستان بکات، جگە لەوەش لەلایەکی ترەوە لەڕێی سوپای ئۆکرانیەوە هەوڵی کودەتا دەدات و بەڵێنی ئەوەیداوە دان بە شەریعەتی هەر هێزێک دەنێت کە دەستبەسەر حکومەتی کیڤدا دەگرێت و دانووستان لەگەڵ ڕووسەکان دەکات.


کەلتوری ئۆکرانیش خاڵێکی تری بەهێزە بۆ ڕووسیا، چونکە یەک لەسەر سێی ئۆکرانیەکان خۆیان بەڕووسی دەزانن و بەزمانی ڕووسیش قسەدەکەن بەشەکەی تریش ئەگەرچی هەموویان لە ڕووسی تێدەگەن و زۆربەشیان دەتوانن قسەی پێبکەن بەڵام وەکو نەتەوەیەکی جیاواز خۆیان دەبینن، بەس لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جیاوازن لە هەستی نەتەوەکانی تری ئەورووپا بەرامبەر ڕووسیا چونکە هەردووک لا سلاڤیک نەژادن، بۆیە ڕووسیا نایەوێت وەکو داگیرکەر خۆی نیشانبدا تا دڵ و دەروونی خەڵکەکە بەدەسبهێنێت.

بۆنموونە نایەوێت شارەکان کاول بکا نایەوێت زیان بە خەڵکی مەدەنی بگەیەنێت لەبەرئەوەشە پێشرەوییەکانی بۆناو شارەکان هێواشن تا قوربانی مەدەنی لێ نەکەوێتەوە، بۆئەوەی قەناعەت بە ئۆکرانیەکان بکەن ئەوەی ڕوودەدات داگیرکاری هێزێکی بێگانەنییە بەڵکو گۆڕینی دەسەڵاتە لەحکومەتێکی سەر بەبلۆکی خۆرئاوا کە پۆتین بە نازی وەسفیان دەکات بۆ حکومەتێکی تری ئۆکرانی کە هەژموونی ڕووسەکانی پەسەندبێت. واتا وەکو کێشەیەکی ناوخۆیی دەریبخات. لەو حاڵەتەشدا کە گەلی ئۆکرانی سوپای ڕووسی بەداگیرکەر نەبینێت ئیدی وویستی شەڕکردن لەدەستدەدەن وەک ئەوەی ئێستا یەک لەسەر سێی ئۆکرانیەکان وەکو یەک نەتەوە سەیری ڕووسەکان دەکەن و وویستی شەڕکردنیان نییە لەدژی سوپای ڕووسی.
لەکۆتاییدا کاتێک حکومەتی کیڤ بە دانووستان ڕازی بوو و مەرجەکانی ڕووسیای جێبەجێکرد لە نەچوونە ناو ناتۆ و ڕەچاوکردنی نیگەرانییەکانی،

،،

ئیدی ڕووسیا پێویستی بەوەنابێت ووڵاتێک داگیربکات کە وەکو بیلاڕووس و ئەرمینیا و کازاخستان هاوشێوەی کۆمارێکی ناو یەکێتی ڕووسیا تەحامول بکات.

لەلایەک خاوەنداریەتی سیاسەتی کیڤ بەدەستدەهێنێت و لەلایەکی تریشەوە بەڕاگرتنی شەڕ دەتوانێت خۆی لەسزا و ئابڵوقەکان بدزێتەوە چونکە ڕۆژئاواییەکان ناتوانن لەدژی بڕیارەکانی حکومەتی شەرعی کیڤ بوەستنەوە لەکاتێکدا بەئازادانە دەتوانێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی دیاریبکات و هیچ بیانووێک بەدەستی ڕۆژئاواوە نابێت بۆ ئابڵوقەدانی ڕووسیا. ئەمەش هۆکاری یەکەمی ڕووسیایە کە بەم پەرۆشییەوە داوای دانووستان لە کیڤ دەکات.

بەڵام ناتوانێت بۆماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ڕازیبوونی حکومەتی ئۆکرانی بکات بۆ دانووستان بۆیە لەحاڵەتی دواکەوتنی وەڵامی کیڤ، ڕووسیا لەمودەیەکی زۆر نزیکدا بەشێوەیەکی سەختر و چڕتر بەردەوامی بە هێرشەکانی دەدات.