بۆچی دەوڵەتانی ئەوروپی کۆک نین لەسەر دەرکردنی ڕووسیا لە سویفت؟

2022-02-27

سەرخێڵ ئەحمەد

یەکێک لەبژاردە بەهێزەکان بۆ سزادانی ڕوسیاو وەستاندنی لە هێرشی سەربازی و داگیرکاری ئۆکرانیا، دەرکردنیەتی لە سیستەمی سویفت (SWIFT)؛ ئێستا ئەم بژاردەیە لەسەر مێزی گفتوگۆی زۆرێک لە دیپلۆماتکارو بڕیاربەدەستانی ئەوروپاو ئەمریکایە. سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا (ڤلادیمێر زێلینسکی) داوا لە کاربەدەستانی ڕۆژئاوا دەکات دەستوبرد ڕوسیا لە سیستەمەکە بکەنە دەرەوە، چونکە فشارێکی زۆر کاریگەرە بۆ کۆتکردنی ڕوسیا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. هەروەها لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆچوونی جیاواز هەبوو لەو بارەیەوە، هەندێکیان لەگەڵ دەستبەجێ سەپاندنی سزاکەن و هەندێکی تریان بەگونجاوی نازانن لەم کاتەدا.

ئایا سیستەمی سویفت چییە؟ چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر باری دارایی و ئابووری ڕوسیا؟ بۆچی ئەڵمانیا لەگەڵ ئەم سزایەدا نییە؟!

سیستەمی سویفت (SWIFT) پلاتفۆرمێکە بۆ ئاڵوگۆڕی دارایی جیهان، کە ڕێگەدەدات بە هاتوچۆی پارە بەشێوەیەکی خێراو ئاسان لە نێوان بانک و دامەزراوە داراییەکان لەسەرتاسەری جیھاندا بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی. زاراوەکە کورتکراوەی ( Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunication). ئەم سیستەمە لە ساڵی 1973 لەلایەن بانکە ئەوروپی و ئەمریکیەکانەوە دامەزراوە، لەلایەن بانکی نەتەوەیی بەلجیکاوە چاودێری دەکرێت، زیاتر لە (11 هەزار) بانک و دامەزراوەی دارایی لە سەرتاسەری جیهاندا تیایدا بەشدارن،

،،
سیستەمەکە لەلایەن نزیکەی (2000) دامەزراوەی داراییەوە بەڕێوەدەبرێت و بڕیاری تێدادەدرێت، لەوانە بانکی فیدراڵی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی بەریتانیا.

کاتێک بانکێک پارە دەنێرێت بۆ بانکێکی تر لە دەوڵەتێکی تر، ئەوا لە ڕێگەی سویفتەوە ئاڵوگۆڕە داراییەکە ئەنجام دەدرێت؛ بەم پێیە سویفت سیستەمی پارەدانی نێودەوڵەتی رێکدەخات، ڕۆژانە نزیکەی (40 ملیۆن) نامەی دارایی ئاڵوگۆڕ پێدەکات و بە ملیارەها دۆلار لەنێوان دەوڵەتان، کۆمپانیاکان و کەسەکان دەستاودەست پێدەکات. کەوابوو سویفت پاڵپشتیەکی سەرەکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتیە لە نێوان دەوڵەتاندا.

لە ساڵی 2012 کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە لە سیستەمەکە کرایە دەرەوە، هەروەها کۆریای باکووریش بەشدارنییە تیایدا. ئەگەر ڕوسیاش بکرێتە دەرەوە، ئەوا کێشەی گەورەی ئاڵوگۆڕی دارایی لە نێوان دەوڵەت و کۆمپانیا ڕووسیەکان لەگەڵ دەوڵەتان و کۆمپانیاکانی دەرەوەدا دروست دەبێت؛ ئەوکات هەر بانکێک یان کۆمپانیایەک بیەوێت لە دەرەوەی سویفت ئاڵوگۆڕی دراویی لەگەڵدا بکات، دەبێت ڕاستەوخۆ و دەست بەدەست ئاڵوگۆڕەکە ئەنجام بدات، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە خێرایی و ئاسانی ڕۆشتن و هاتنی لێشاوی پارەو بەرزی ئاستی تێچوونی ئاڵوگۆڕەکەدا.

لە ساڵی 2014 کاتێک روسیا چووە دورگەی کریمیاوە، هەڕەشەی دەرکردنی لە سیستەمەکەدا لێکرا؛ بەڵام جێبەجێنەکرا. هەڕەشەکە ڕوسیای هاندا سیستەمێکی سەربەخۆی پارەدانی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی بونیادبنێت بەناوی (Mir)، هەرچەندە کەمترین وڵات تا ئێستا بەشدارییان تێدا کردووە. ئەمەش هاوشێوەی چین کە خاوەنی سیستەمی تایبەت بە خۆیەتی.



بۆچی دەوڵەتانی ئەوروپی کۆک نین لەسەر دەرکردنی ڕوسیا؟

لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند «پێمان وانیە ئەم سزایە کارێکی گونجاو بێت لەم کاتەدا، تێدەگەم لە سەختی بارودۆخەکە، بەڵام دەبێت بیر لە سزای تر بکەینەوە» پێشتریش وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند «دەبێت وەک کۆتا سزا بیر لە دەرکردنی ڕوسیا لە سویفت بکەینەوە، نەک لەم کاتەدا».

دەرکردنی ڕوسیا لە سویفت واتە پچرانی پەیوەندی دارایی لە نێوان ڕوسیاو ئەو کۆمپانیاو دەوڵەتانەی کە بەردەوام ئاڵوگۆڕی کاڵاو کەلوپەل دەکەن لەگەڵ یەکتر، بەتایبەت لە نێوان ڕوسیاو ئەڵمانیا. هەمووان دەزانین زۆربەی وزەی ئەوروپا (لە نەوت و گازی سرووشتی) هەروەها بەشێکی زۆر بەرهەمی کشتوکاڵی، بەتایبەت دانەوێڵە، لەلایەن ڕوسیاوە دابین دەکرێت. بەدەرکردنی ڕوسیا لە سویفت گەورەترین کێشەی پارەناردن بۆ ڕوسیاو کۆمپانیا ڕوسیەکان دروست دەبێت؛

،،

ئەمەش لەم کاتەدا ڕیسکێکی گەورەیە، کە نرخی سوتەمەنی لەبەردەم هەڵکشاندایە. لەهەمانکاتدا سەختە بۆ ئەوروپا بتوانێت دەستبەجێ سەرچاوەی جێگرەوەی سوتەمەنی ڕوسیا بدۆزێتەوە.

هەروەها دەرکردنی ڕوسیا لە سویفت پێدەچێت ببێتە هۆی ئەوەی لە ڕێگەی ئەو دەوڵەتانەوە ئاڵوگۆڕە داراییەکانی ڕێکبخات کە سزایان لەسەر نییە، لە نمونەی چین، بەمەش ڕوسیا ڕووبکاتە سیستەمە چینیەکە، کە بە (Cips System) ناسراوە. بەم ڕێگا هەم ڕوسیا لە سزاکە تائاستێک قوتاری دەبێت، هەم دەبێتە هۆی بەهێزبوونی زیاتری چین، کە ئەمەش خواستی ئەمەریکا نییە. هەروەها دەرکردنی ڕوسیا دوور نییە ببێتە هۆی بەهێزبوونی زیاتری دراوە ئەلیکترۆنیەکان، بەوەی ڕوسیا سیستەمی پارەدانی خۆی لەو ڕێگەیەوە ڕێکبخات، ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ بەهای دۆلار. بێگومان بەشێک لە کاربەدەستانی ئەمەریکا پێشنیاری ئەم سزایان بۆ سەرۆک جۆ بایدن کردووە، بەڵام ئەو ڕایگەیاند «جارێ سزای تر لەسەر مێزی بڕیارەکانە بۆ ئەوەی بیسەپێنین بەسەر ڕوسیادا» بایدن هەروەها وتی «ئەم سزایە تەنها زیان لە ڕوسیا نادات، بەڵکو دەبێتە هۆی زیان بۆ ئابووری دەوڵەتانی تریش».

سەرخێڵ ئەحمەد
مقدمی پۆلیس و بەکالۆریۆس لە دیبلۆماسیەت و پەیوەندیە گشتیەکان