جەنگ دژی ئۆکرانیا و فەنتازیاکانی پوتین

2022-02-28

[تێبینیی: ئەمە کورتە نووسینێکی شیکارییە بۆ هۆکارەکان، پاساوەکان، ئەگەرەکان و ئەرکە دەستبەجێکان و وانەیەکیش بۆ کوردەکان کە لەناو هەمان کێشەدا دەژین. هەڵبەت دەمەوێت ئەمە دوایین لێدوانی سیاسییم بێت سەبارەت بەم پرسە]

دەستپێک
پێش دەستپێکی جەنگی داگیرکردنی ئۆکرانیا، پوتین بە ڕاشکاویی گوتی کە هێرشدەکاتە سەر ئەو شتەی بەلشەڤییەکان دروستیانکردووە و لینینی بە ئەندازیاری ئۆکرانیا لەقەڵەمدا. لە بنەڕەتدا وەک لە نووسراوەیەکی دیکەشمدا ئاماژەم پێکردووە، تیۆرە خەیاڵییەکانی پوتین بە پشت بەستنی بە تیۆرەکانی ئەلێکساندەر دوگین بۆ جیۆپۆلەتیکی نوێی ڕووسیا، ڕوانگەیەکی خەیاڵییە بۆ مێژوو و لەناو تاریکترین ڕەهەندی ئیمپریالیزمی ڕووسیای قەیسەرییەوە سەرچاوە دەگرن.

پاساوەکان
پاساوی پوتین بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە مافی خەڵکانی دۆنێتسک و لوهانسک (لوگانسک) بۆ مافی چارەی خۆنووسین دامەزراوە. ئەم پێش-مەرجە هەر لە سەرەتاوە گاڵتەجاڕانەیە. پێشتریش دەیان هەزار چیچانیی بەهۆی ڕاوەستانەوەیان بەرانبەر بە هێزەکانی پوتین بۆ هەمان مەبەست مردن. بەڵام پوتین هەر خێرا وازی لەو پاساوە هێنا. جەنگەکەی ئامانجی گۆڕینی ڕاستەوخۆی ڕژێم بوو لە ئۆکرانیا لە شەو و ڕۆژێکدا و بەتایبەتیش دابەشکردنی هەمیشەیی ئۆکرانیا، واتا بردنی ئابوورییانەی ناوچە گەشەسەندووەکانی ئۆکرانیا بۆ ناو ڕووسیا، لە پاڵیدا دامەزراندنی ڕژێمێکی بووکەڵەی بێ هێز و بێ توانا و ئەڵقەلەگوێ لە خۆرئاوای وڵاتەکە. تەنانەت لکاندنی سەرتاپای ئۆکرانیاش بە ڕووسیاوە، بژاردەیەکی دوورەدەستی پوتین نییە و لە ئەگەری چوونەسەری پلانەکانیدا، دەکرێت هەمان شت بکات.

پاساوێکی دیکە، کۆتاییهێنانە بە میلیشیا نازییەکان لەو وڵاتەدا. ئەگەرچی ناوەرۆکی شتەکان زۆر زۆر لەیەک دوورن، بەڵام ڕواڵەتی بیانووەکانی پوتین لە هی ئەردۆغانیش دەچن: ئەویش هێرشی کردە سەر ڕۆژاڤا و داگیریکرد بەبیانووی «بوونی تیرۆر لەسەر سنوورەکانی و هەڕەشە بۆسەر ئاساییشی تورکیا». گومان لەوەدا نییە شەڕڤانانی ڕۆژاڤا مرۆڤگەلی پێشکەوتووخواز و دژە-فاشیزم و دژە-تیرۆریزمن و پێچەوانەی نیۆ نازییەکانی ئۆکرانیا، بەڵام دواجار نە ئەردۆغان و نە پوتین مافی ئەوەیان نییە سەروەری وڵاتێک بەو بیانووە پێشێل بکەن و داگیری بکەن.


مافی چارەی خۆنووسین

بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم جەنگە، پوتین بە ڕاشکاویی پەنای بردووەتە بەر کارەساتبارترین بەربەریزم و وەحشیگەریی قەیسەرییەتی ڕووسی. ئۆکرانیا بۆ چەندین سەدە سەر بە دەوڵەتی جۆراوجۆر بووە: پاشایەتیی پۆڵەندا-لیتوانیا، ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا، بەشێکی پاشایەتیی هابسبورگ، یەکێتیی سۆڤێت و تا ١٩٣٩، نیوەی بەشە خۆرئاواییەکەی سەر بە کۆماری پۆڵەندا بووە. لە ١٩٤٥دا لەگەڵ ئەو بەشەی پێشتر بە کارپاتۆ-ئۆکرانیای چیکۆسلۆڤاک ناسرا، وڵارەکە بۆیەکەمجار بەتەواویی سەر بە یەکێتیی سۆڤێت بوو.
پێشتر لینین و ترۆتسکی ناویان لە ڕووسیای قەیسەریی نابوو «زیندانی گەورەی نەتەوەکان». لەگەڵ شۆڕشی ڕووسیادا لە ئازاری ١٩١٧ کۆماری ئۆکرانیی دروستبوو کە میخایلۆ هروسڤسکی بوو بە سەرۆکی وڵات. پەرلەمانی وڵاتەکە داوای ئۆتۆنۆمیی خۆی کرد لە ناو ڕووسیای فیدڕاڵدا. بەڵام لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، پەرلەمان داوای کۆماری جەماوەریی ئۆکرانیای کرد و لە هەڵبژاردندا حزبە نا-بەلشەڤییەکان زۆرینەیان بەدەستهێنا.

لینین لە تێزەکانیدا دەربارەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان لە ١٩١٥دا ڕاشکاوانە دانی بە سەربەخۆیی سیاسیی هەموو نەتەوەکانی ناو ڕووسیای قەیسەریدا نابوو و لەگەڵ بردنەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەریشدا ئەم تێزانەیان بردە ناو بواری پراکتیکییەوە و چەندین دەوڵەت جیابوونەوە و دەوڵەتە بچووکترەکانیش پێیان باشبوو ئۆتۆنۆمییان لەناو ڕووسیای سۆڤێتیدا هەبێت. بۆ نموونە لەو سەروبەندەدا کوردستانی سوور دروستبوو، تەنانەت زۆربەی ئەو خەڵکانە ئەلفابێتی خۆشیان دامەزراند و لە گریلی ڕووسیی دوورکەوتنەوە، تەنانەت لینین پێشنیاری ئەلفوبێی لاتینیی بۆ کوردستانی سوور کردبوو. بەڵام پوتین بە ئاشکرا ئەو نەریتە دیموکراتییەی لینین ڕەتدەکاتەوە و لەژێرناوی جەنگی «لە کۆمۆنیستخسن» (Entkommunisierung)دا بە ڕاشکاویی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڤینیزمی ڕووسیای گەورە و نەریتی ئەرسەدۆکسی سەدەکانی ناوەڕاست (ئەو نەریتە ڕووسییەی ئەلێکساندەر دوگین ئایدیۆلۆژیستەکەی پوتین وەک نەریتی لیبراڵیزمی دژە-خۆرئاوا دایدەنێت) و لەم ڕووەوە پوتین دەڵێت ئۆکرانییەکان هەمان شووناسی نەتەوەیی ڕووسیان هەیە بەڵام ئێستا هەیە بەناوی ئۆکرانیا، وەک پوتین دەڵێت: «دروستکراوێکی ساختەی ڕووسیای کۆمۆنیستی بەلشەڤییە» و هەم پوتین و هەم ئایدیۆلۆژیستەکانیشی، ئەم نەریتە بەلشەڤییە وەک دژە-نەریتی ڕووسیی دەبینن. هەر لە گوتارەکەیدا ڕوو بە ئۆکرانییەکان دەڵێت: «ئێمە ئامادەین نیشانتانی بدەین لەکۆمۆنیستخستنی ڕاستەقینە چ مانایەکی بۆ ئۆکرانیا هەیە».

داتاشینی دوژمن

پوتین بە ئاشکرا دەیەوێت زیاتر و زۆرتر مافی پلوتۆکراتە گەندەڵ و ئۆلیگارشە داوەشاوەکانی ڕووسیا بۆ تاڵانکاریی زیاتر، فراوان بکات. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم هێرشە خێرایانە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونی میلیتاریزمی ئیمپریالیزمی ئەمریکیی لە ناوچەکە و پاشەکشێی ئەم دواییانەی لە ئەفغانستان. بەڵام هەروەها هۆکارێکی دیکە لاوازبوونی پوتین خۆیەتی لەناوخۆی وڵاتەکەیدا، دەسەڵاتەکەی لەرەی تێکەوتووە و ناڕەزایەتیی دژی ڕژێمی پوتین چەند ساڵە بە فراوانیی دەستیپێکردووە. لەمەشدا پوتین زۆر لە ئەردۆغانی هاوپیشەی دەچێت. کاتێک ناڕەزایەتییە فراوانەکان لە بێلاروس و کازاغستان دەستیان پێکرد پوتین دەستکرد بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ترسی ئەوەی ئەم دوو وڵاتە لەژێر هەژموونی ئەو دەرچن، هێرشەکانی خێراترکرد.

سەرکێشییەکەی پوتین لە ئۆکرانیا دەکرێت بەڵگەیەکیش بێت لەسەر کارەساتێک کە چاوەڕوانی خودی خۆی دەکات، هاوشێوەی مۆدێلی ئەفغانستان بۆ گۆرباچۆڤ. لەبەرئەوە دەبێت یەکەم دەرەنجامگیریی هەمیشەیی ئێمە ئەمە بێت: نەخێر بۆ پاساوەکان، نا بۆ کردەوەکانی پوتین لە ئۆکرانیا.

ڕۆڵی خۆرئاوا و ناتۆ

ئەو پرسیارەی پوتین چی دەوێت، گرنگە. ڕووسەکان بەڕاشکاویی پاشەکشێ لەو پلانەیان ناکەن کە خۆیان وەک «ئاشتیپارێزان»ی دۆنباس ببینن. کاتێکیش دەرکەوت ئەمریکا و ناتۆ هیچ ئامادەییەکیان نییە بچنە ناکۆکیی و ململانێی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕووسیا، بەتایبەت کە ڕووسیا یەکێکە لە گەورەترین دەسەڵاتەکانی هێزی ئەتۆمیی، پێشڕەویی خۆرئاواییەکانی بۆ ئۆکرانیا وەستاند. هەموو ئەوەی بایدن دەیکات نزاکردن و سەپاندنی ئابڵوقەیە لەسەر ڕووسیا و بلۆکردنی پارەی ئۆلیگارشەکانە لە ئەمریکا. لە گوتارەکەی ٢٣-٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا پوتین ڕایگەیاند «لەچەکخستن» و «لەنازییداماڵین»ی ئۆکرانیا. دوای هەڵبژاردنی زیلینسکی، نەیشاردەوە کە دەیانەوێت ببنە ئەندامی ناتۆ. سەرانی ناتۆش پێشوازییان لێکرد، بەڵام لە بنەڕەتەوە هاندانی ناڕاستەوخۆی ئۆکرانیا بوو تا زیاتر هەژموونی ئیمپریالیزمی لاوازبووی ئەمریکا بگەڕێننەوە ناوچەکە. لە نووسینێکی پێشوودا باسم لەوەکرد، کە چین ئێستا هەژموونی گەورەی هەیە، ئەمریکا لەوە تێگەیشتووە. لاوازبوونی لە ناوچەکە، بە دروستکردنی کێشە بۆ ڕووسیا، و مەترسیی پوتین لەسەر ئەوروپا، جارێکی دیکە ڕابەرایەتیی ئەوروپا بکاتەوە و هەوڵەکانی بۆ بازرگانیی لەگەڵ چین بووەستێنێت.

،،

بە کورتیی مەترسیی ڕووسیا لەسەر ئەوروپا، جارێکی دیکە ئەوروپا دەباتەوە ناو هەژموونی ئەمریکاوە.


لەبەرئەوە، دەبێت بەیەکسان دووڕوویی ناتۆ و دەسەڵاتەکانی خۆرئاواش لەم پرسەدا ئاشکرا بکەین.

ئەمریکا چەندین کودەتای لە ئەمریکای لاتین ئەنجامداوە داگیرکاریی و جەنگی لەسەر گۆڕینی ڕژێمەکان ئەنجامداوە و ئێستاش هەمان خواستی لەسەر ئێران هەیە و عێڕاق و ئەفغانستانیشی بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنا، کەواتە گۆڕینی ڕژێم لە ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، شتێک نییە بە جیهانی ئەمڕۆ نامۆبێت، ئەمریکا دەستی باڵای هەبووە هەر لە گواتیمالاوە بۆ ڤێتنام و بۆ عێڕاق. یەکێتیی ئەوروپاش یوگسلاڤیای بەتێچوونی کوشتاری بەکۆمەڵ، سڕینەوەی ئەتنیکیی و جەنگە ناوخۆییەکان، دابەش و پارچەپارچە کرد.

دەسەڵاتەکانی بە پشتگوێخستنی ئەو دڵنیاییانەی لە ١٩٩١ بە گۆرباچۆڤ و لە ٢٠١٤ و ٢٠١٥ سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی مینسک دابوویان، دەستیانکرد بە قوتدانی وڵاتانی ناو پەیماننای وارشۆ و تەنانەت بەشە پێکهێنەرەکانی پێشووتری یەکێتیی سۆڤێتیان بردە ناو ناتۆوە، و بردنی ئەم هاوپەیمانییە میلیتارییە دژە ڕاشکاوە و دانانی ڕێک لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا، و تەقینەوەی لە ئۆکرانیادا، ئەو شتەیە پوتین تێیدا ڕاشکاوانە دەسەڵاتەکانی خۆرئاوا تۆمەتبار دەکات. ئەوان دەڵێن پشتیوانیی لە «شۆڕشە ڕەنگاڵەکان»ی ناو ئەو وڵاتانە دەکەن کە دەوروی ڕووسیایان داوە و هەروەها ڕێک لەناو ئۆکرانیادا خۆراکیان بە «بەتالیۆنی ئازۆڤ» داوە کە هێزێکی پارا-میلیتاریی و میلیشیای نازیی چەکدارە و تۆمەتبارە بە تاوانی میلیتاریی و سیاسیی و هێزێکی بەڕاشکاو فاشیستییە و ئەمەش لەچاوی هەموو دونیا ئاشکرایە.

لە ڕاستیدا ئۆکرانیا خۆی قوربانییە، یاریی پێدەکرێت و وەک چەکێکیش دژی ڕووسیا بەکاردەهێنرێت، بەڵام هەموو ئەمانەش بەهیچ جۆرێک پاساو نین بۆ داگیرکاریی پوتین. بێدەنگیی ئەمریکا، وەک پێشتریش باسکرا، جگە لە ڕەهەندی یەکخستنەوەی ئەوروپا لەژێر ئاڵای خۆیدا دژی هەژموونی بازاڕی چین، هاوکات ڕەهەندێکی دیکەشی لە پشتەوەیە کە کۆمپانیا مۆڵتی ملیاردێرەکان چاوەڕوانن وڵاتەکە وێران ببێت و پاشان دەستبکەن بە ئاوەدانکردنەوەی تا پشکیان لە سەرچاوەکانی وزە و پیشەسازیی و کشتوکاڵی ئەو وڵاتە دەستبکەوێت.

ئەرکە دەستبەجێکان:
1. ڕووسیا لە ئۆکرانیا دووربکەوێتەوە و پاشەکشێ بە سوپاکەی بکات. هەموو هێزە داگیرکەرەکان بکشێنەوە.
2. دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکانی دۆنباس و کرم (قرم) لەسەربنەمای ڕیفراندۆمێکی بەڕاستی دیموکراتییانە و دوور لە دەستێوەردانی ئەمریکا و ڕووسیا. تەنها ئەوان دوور لە هەڕەشە و کاریگەریی پێشینە، بە ئارامیی چارەنووس و پێگەی خۆیان دیاریبکەن.
3. پشتیوانیی لە هێزە میلیشیا نازییەکان نەکرێت.
4. هاوپشتیی لەگەڵ خەڵکی ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن و پاراستنی مافە دیموکراتییە سیاسییەکانیان کە بریتییە لە سەربەخۆیی سیاسییان.