ورچە هارەکەی ڕووسیا ئەوڕوپا و جیهان بەرەو کوێ دەبات؟

2022-03-02

لوقمان حەوێز ــ تێکساس

کێ بڕوای دەکرد لەم کاتەدا لەسەدەی بیست و یەک و دوای پتر لە 75 ساڵ لە جەنگی جیهانی دووەم ئەوڕوپا دوای ئەو هەموو ئارامی و پێشکەوتنە دیسان هەڕەشەی شەڕێکی سەرتاسەری ترسناکی تری بکەوێتە سەر..؟

بەداخەوە ئەگەری زۆری ئەوە هەیە قەیرانی ئۆکرانیا ئەمجارە لە کۆتاییدا بە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ناوکی وێرانکەر لەنێوان ورچە هارەکەی ڕووسیا و ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بێت...

کێشەکە تەنیا داگیرکردنی ئۆکڕانیا نیە لەلایەن ڕووسیا بەڵکو زۆر لەوە گەورەترە

،،

درێژخایەنی پوتین دەرپەڕاندنی ناتۆیە لەو ووڵاتانەی پێشتر بەشێک بوون لەیەکێتی سۆڤیەت

نەوەک هەر ئەمە بەڵکو بگرە ئەگەر‌ پوتین ئەمەی بۆ بچێتە سەر دور نیە دوای ئەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ناتۆ بکات، پوتین دەزانێت ڕووسیا هێندەی ڕۆژئاوا زۆری نیە بیدۆڕێنێ لەهەر ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەرتاسەریدا، ڕووسیا کە ئابوریەکی شڵەژاوی هەبووە لەوەتەی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت هێشتا بەدەست ئاکامەکانی شەڕی ساردەوە دەناڵێنێ، لەهەمان کاتیشدا پوتین کە 22 ساڵە وەک دیکتاتۆرێک ڕەفتار دەکات بڕیار بەدەستی سەرەکیە لەووڵاتەکەی و پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەمجارە بەردەوام بێت لەجێبەجێکردنی بەرنامە درێژخایەنەکەی ئەگەر بەهەر نرخێک بێت، ئەو دەشزانێت ڕۆژئاوا لەڕووی سایکۆلۆژیەوە لاوازترە لە ڕووسیا، دەزانێت ئەمەریکا کە کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی هەیە هەروەها ئەوڕوپیەکانیش هەر ئاوا بەئاسانی بڕیاری فراوانکردنی ڕووبەڕوو بوونەوەکان نادەن لەگەڵ ڕووسیا، بۆیەش‌ چەند ڕۆژێک پێش‌ ئێستا پوتین هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکی کرد بەبێ دوو دڵی ئەگەر هەست بکات ڕووسیا لەڕووی ستراتیژیەوە توشی هەر مەترسیەک دەبێتەوە هەتا ئەگەر‌ ئەو مەترسیە بەکارهێنانی چەکی ناوکیش نەبێت، پێم وایە ئەمە وەرچەرخانێکی زۆر‌گەورەیە لە بیرکردنەوەی ووڵاتێکی زلهێزی خاوەن گەورەترین کۆگا لە چەکی ناوکی...

بۆیەش مەترسیەکان ئەمجارە زۆر گەورەتر و ترسناکترن چونکە پوتین داواکانی زۆر گەورەن، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ووتی ئاشتی نابێت لەئەوڕوپا تاوەکو هەموو کڵاوە ئەتۆمیەکانی ئەمەریکا نەگێڕدرێنەوە بۆ ئەمەریکا، هەروەها ووتیشی تاوەکو هەموو بنکەکانی ناتۆ لە ووڵاتە نزیکەکان لە ڕووسیا بەتەواوی هەڵ نەگیرێن و ئەو ووڵاتانە دەرنەچن لە ناتۆ، لێرە مەبەستی ئەوانەی کە پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو

،،

بە وردیش مەبەستی سەرەکی لاتڤیا و لیتوانیا و ئیستۆنیایە کە لە ڕووی جوگرافیەوە زۆر لە مۆسکۆ نزیکن...

بۆیە ئەم کێشەیە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیاش لەلایەن ڕووسیا هەر بەردەوام دەبێت و دور نیە لە قۆناغێکیشدا دان بەخۆداگرتنی ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بێت بەتایبەتی ئەگەر ڕووسیا دەست ببات بۆ ئەو ووڵاتانە، بەداخەوە لێرەوە ڕووبەڕوو بوونەوەکە دەچێتە قۆناغێکی زۆر زۆر مەترسیدارتر...

ئاگاتان لێیە چینیش تاوەکو ئێستا وەکو تەماشاکەرێکی بێ باک تەماشای ڕووداوەکان دەکات..؟

لەڕووی ستراتیژیەوە ئەوەی پوتین دەیکات دوو قازانجی تێدایە بۆ چینیەکان، یەکەم ئەوەیە زەمینە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی چینیش بەئاسانی ئەگەر زوو بێت یان درەنگ دەست بەسەر تایوان دا بگرێتەوە کە پێشتر بەشێک بووە لە ووڵاتی چین، دووەم قازانج لاوازبوونی هەردوو بەرەی ڕۆژئاوا و ڕووسیایە کە ئەمەش دیسان ڕێ خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی چین ئەمجارە ببێتە باڵاترین و بەهێزترین ووڵات و هێزی جیهان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، ئەمەش خەونێکی لەمێژینەی چینیەکانە، ئاخر بەخۆڕایی نەیان ووتووە زۆرجار مەینەتیەکانی قەومێک دەبێتە قازانج بۆ قەومێکی تر.