دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق چۆن دووبارە پێکهاتەوە

2022-03-04

ٲمین بکر


ئەمڕۆ مسرور بەرزانی دەڵێت دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق نادەستوریە!!
دەسەڵات دارانی هەرێم کەنازانن چۆن،وبەچ بیانویەک لەژێر باری بەرپرسیارێتی پابەند نەبون بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی تایبەت بە نادەستوری بونی گرێ بەستە نەوتیەکانی هەرێم خۆیان ڕزگاربکەن.
ئێستا پەشیمان بونەتەوەو تانە لەدەستوری بونی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەدەن کە بەڕێکەوتنی خۆیان دووبارە پێکهاتەوە.!!!

ڕەنگە من لەبابەتی ئەوەی کەدادگاکە بەو،شێوازەی ئێستای دەستوری نیە هاوڕابم ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانزانی دەستوری نیە بۆچی کاتی خۆی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕازی بون لەسەری ودەنگتان پێدا

،،

فراکسیۆنەکەتان کەجێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەن هی ئێوە بوو ڕێکەوتنتان لەسەر کردو ڕازی بون پێی ولەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی وبەشێکی تریش لەپەرلەمانتارانی کوردی فراکسیۆنەکانی تر دەنگتاندایە.

سەرەتا دەبێت بزانین بەپێ ی بڕگەی ۲ ی مادەی ۹۲ دەستوری ئێستای عێراق ی دەبوایە لەدوای دەرکردنی دەستور، یاسایەکی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی دەربکرایە وپێکهاتەی دادگاکەو ئەرکەکانی بەو شێوەیە ڕێک بخستایە کە دەستور لەمادەی ۹۲ و۹۳ دا دیاری کردوە، و هەر بەپێ ی دەستوریش بۆدەرکردنی ئەو یاسایەش دەنگی دوو لەسەر سێ ی ئەندامانی ئەنجومەن پێویست دەبێت.


واتە دەبوایە لەدوای دەرکردنی دەستورە وە ئەو دادگای فیدڕاڵیەی کەلەسەرەتاکانی ساڵی ۲۰۰٥ ی پێش ڕاپرسی لەسەر دەستور، بەفرمانی ژمار ۳۰ی دەسەڵاتی ئیئتیلاف دروستکرابوو هەڵبوەشایاتەوەو یاسایەکی نوێ بەپێی دەستوری نوێ دەرکرابا، ئەوە بوو لەساڵی ۲۰۰۷ ەوە پڕۆژە یاسایەک بۆ پێکهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی نێردرایە ئەنجومەن، بەڵام هێزو لایەنە سیاسیەکان بەگشتی و پێکهاتەکان نەدەگەیشتنە ڕێک کەوتن لەسەری ،بەم شێوەیەش دادگاکەی پێشوو بەردەوام بوو لەکارکردن و،بێجگە لەهەندێک بۆڵەبۆڵ کەس نەی دەوت ئەم دادگایە نادەستوریە کەدەبوایە بەجدی بوترایە ، ئەو خاڵانەی کە ڕێگربون لەدەرکردنی یاساکەو جێگای ناکۆکی بوون، لە وەی پێکهاتەکان بگەنە ڕێک کەوتن لەسەری بەشێوەیەکی گشتی دوو خاڵ بون،


یەکەمیان: شێوەی دەنگدان وبەشداری پێکهاتەکان،بەتایبەت کورد داوای زۆرینەیەکی ڕێگر یاخود دەسەڵاتی ڤیتۆی دەکرد بۆ ئەندامەکوردەکانی ئەو دادگایە لەو بابەتانەی پەیوەندیان بەهەرێمەوە هەیە وشیعە بەتایبەت وهێزە عەرەبیەکان بەگشتی ئەو داوایەیان ڕەت دەکردوە.


دووەمیان : پێکهاتەی دادگاکە بوو کە وەک لەدەستور دیاری کراوە دەبێت شارەزای ئیسلامی و شارەزای یاسایی تێدابێت بێجگە لەدادوەرەکان ، شییعەکان بەتایبەت وهێزە ئیسلامیەکان بەگشتی داوایان دەکرد هەبن و هێزەکانی تر کە ئیسلامی نەبون ڕەتیان دەکردەوە لەکوردو سونەو شیعەش.


بەم شێوەیە ئەو یاسایە هەمو دەورەیەکی هەڵبژاردن دەهاتە ئەنجومەن و گفتوکۆی زۆری لەسەر دەکراو دەرئەنجام پێکهاتەکان نەدەگەیشتنە ڕێک کەوتن لەسەری بەتایبەت لەبەر ئەوەی پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێ ی ئەندامانی ئەنجومەن بوو، نەدەتوانرا بەبێ ڕێکەوتن لەنێوان هەرسێ پێکهاتەکە ئەو یاسایە تێ پەڕێت و بەم شێوەیەش دادگاکەی سەردەمی پۆل بریمەر بەردەوام بو لەکار.


لەساڵی ۲۰۱۹ دادگاکە بەهۆی خانەنشین بونی یەکێک لەئەندامەکانی و کێشەی نێوان سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی وسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق و دواتریش مردنی یەکێکی تری ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی بەتاواوی لەکار کەوت ، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە لایەنە شیعەکان بیرۆکەیەکیان هێنایە ئەنجومەن کەپێشتر کەس زاتی نەدەکرد شتی وابڵێ ، ئەویش وازهێنان بو لەدەرکردنی یاسایەکی نوێی تایبەت بەدادگای باڵای فیدڕاڵی و لەبری ئەوە تەنها هەمواری بڕیاری دەسەڵاتی ئیئتلافی کاتی بریمەری ژمارە ۳۰ساڵی ۲۰۰٥ بکەنەوە ، وە ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە گوایە ئەو هەموارە پێویستی بەجێ بەجێکردنی مەرجە دەستوریەکان نیە، واتە نە دوولەسەر سێی دەنگی دەوێت و نەمەرجە شارەزایانی شەرع و یاساش ببنە ئەندامی دادگاکه، ئەوکات ئێمە وەک دەستەیەک لە ڕاوێژکاران گفتوگۆی ئەو پڕۆژەیەمان کرد هەستم کرد تەوافقێکی شیعی سونی لەسەرە ،بۆیە من زۆر بەحەماسەوە دژی وەستام وباسی ئەوەم کرد کە ئەوە پێچەوانەی دەقی ئاشکرای بڕگەی ۲ ی مادەی ۹۲ ی دەستورە و تەنانەت بەڵگەی ئەوەشم بۆهێنانەوە کەبەپێی بڕیارێکی پێشوتری دادگای باڵای فیدڕاڵی کەپێشتر لەوەڵامی پرسیارێکی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ی عێراق، سلیم الجبوری دابوی

،،

بۆ هەر هەموارێک یاخود دەنگدان لەسەر هەمواری هەر بڕگەیەکی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی، مەرجە دەنگی دوولەسەر سێ هەبێت

واتە بەپێی ئەو بڕیارەش بێت هەر هەموارێک نادەستوریە ،ئەوکات پڕۆژەکە بێ دەنگەی لێکرا ،تائەوەبوو لەکاتی خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران دووبارە ئەم بابەتەیان هێنایەوە پێش، بەتایبەت کەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەپێی بڕگەی ۷ ی مادەی ۹۳ ی دەستور پێویستی بەپەسنکردنی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەبێت ، بویە ئەم جارە لەبری ئەوەی کورد سود لەو دەرفەتە ببینێت وبیکاتە مەرج یاساکە بەپێی دەستور دەربکرێت و هەروەها شێوازی دەنگدانی بەو شێوەیە بوایه کە گرەنتی پاراستنی مافە دەستوریەکانی هەرێم بێت ، بەپێچەوانەوە هات سازشی کرد و ڕازی بوو بەوەی یاسای ژمارە ۲٥ی ساڵی ۲۰۲۱ ی دادگای فیدڕاڵی بەنادەستوری وبەزۆرینەی ئاسایی تێ پەڕێنرێت و پێکهاتەی دادگاکەو،شێوازی دەنگدانیش بەو شێوەیە بمێنێتەوە کەپێشتر هەبوە ، لەبەرامبەریشدا دوو دادوەری کورد یەکیان پارتی وئەوی تریان یەکێتی کاندیدیان بکات و ببنە ئەندامی دادگاکە، و پارتی دیمکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیش دەنگیان پێدا ،. واتە ئەوە پارتی ویەکێتی بون کەئەوکات زۆرینەی پەرلەمانتارانی کوردیان پێک دەهێنا وازیان لەو مافە دەستوریە هێناوە، وئێستاش کاتێک گڕی ئاگرەکە گەیشتۆتە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان دادگاکە بەنادەستوری دادەنێن.