د. جەبار قادرلە سەرانسەری دونیا چاودێران و شارەزایان و ڕۆژنامەوانان لێکدانەوە بۆ شەڕی ئوکراینا دەکەن. لێکدانەوەکان جۆراوجۆرن، چونکە هەر کەسەو بەپێی دید و بۆچوون، پاشخانی ئاگاداری و سیاسی خۆی یا ئەو هێز و بەرژەوەندییانەی نوێنەرایەتیان دەکات پرسەکان لێکدەداتەوە. بۆچوونێکی وا هاتووەتە ئاراوە پێی وایە کە ڕۆژئاواییەکانیش بەهەمان شێوەی ئەمریکاییەکان کە شتێکی ئەوتۆیان لە بارەی دانیشتوانی عێراق و جیهانبینییان و شیوازی بیرکردنەوەیانەوە نەدەزانی، ئەمانیش شتێکی کەم لە بارەی ڕووسیا و ڕووسەکانەوە دەزانن. لە چەند وتارێکی کورتدا سەرنجی خوێنەر بۆ هەندێ خاڵ ڕادەکێشم: دەوترێ کە پوتین بەتەمای شەڕێکی کورتخایەن بووە بەڵام وادیارە شەڕەکە درێژە دەکێشێ!.
لە ساڵی ٢٠٠٣ تەنها ئەمریکا و بریتانیا ٣٠٠ هەزار سەربازیان بۆ شەڕی عێراق بردبووە بەرەکانی شەڕ و ٣٤ دەوڵەت، ئەگەر بەناویش بێ، لە شەڕدا بەشدار بوون و نزیکەی یەک ملیۆن سەربازیان ئامادە بوو. لەبەرامبەردا سوپای عێڕاق دەمێک بوو توانای بەرگری لەدەستدابوو و یەک فڕۆکەی شەڕکەری نەیدەتوانی بەئاسماندا بفڕێ، سزاکان ئابوورییەکان عێراقیان وێران کردبوو و خەڵکەکەی لە هەژاری و نەدارییەکی کەمەرشکێندا ژیانیان بەسەر دەبرد، بەلای کەمەوە ٨٠ – ٩٠٪ دانیشتوانیش خواخوایان بوو ڕۆژێک زووتر ڕژێمی بەعسیان لە کۆڵ ببێتەوە، چەندین گروپی چەکداری نەیاری ڕژێمیش ئامادە بوون شەڕ لە دژی بکەن. لەگەڵ هەموو ئەمانە و دەیان فاکتەری دیکەی گرنگدا، ئەوجا هێزەکانی هاوپەیمانان سێ هەفتەیان لە بۆمبارانی بەردەوام و هێڕشی زەمینی پێویست بوو بۆ ئەوەی بگەنە بەغدا و ڕژێم بڕووخێنن.
وڵاتێکی گەورەی ٦٠٠ هەزار کم٢ و چل و ئەوەندە ملیۆن دانیشتوو و لە ناوجەرگەی ئەوروپادا و خاوەن سوپای بەهێز و ڕاهێنراو بە دەستی ناتۆ، بە هەموو پێوەرێک نەدەبوو سوپای ڕووسیا وا بە ئاسانی لە ماوەی یەک دوو ڕۆژدا بگاتە دەوروبەری پایتەختەکەی و ئەو وڵاتە لە دەوڵەتێکەوە لە سەر هەردوو دەریای ئازۆف و ڕەش بکات بە وڵاتێکی داخراو بەسەر هەردوو دەریاکەدا و چەندین شاری گەورە داگیر بکات و ژێرخانی هێزی ئاسمانی و سەربازی لەکار بخات. ئەو دوو کۆمارەش (دانیتسک و ڵوگانسک) کە ڕاگەیاندراون و ڕووسیا دانی پێیاندا ناوە وا خەریکە هەموو ئەو سەرزەمینانە داگیردەکەن کە بە سنووری خۆیانی دەزانن و زیاتر لە ٥٠ هەزار کم٢ یە. ئەگەر سەیرێکی نەخشەی ئوکراینا بکەین دەبینین لە باکوور و ڕۆژئاوا و باشوورەوە ڕووسیا گەمارۆی داوە. دوای ٢٤ کاتژمێر لە هێڕشەکەی پوتین هەردوولا باسیان لە وتووێژ کرد و هیوایەکیان بەخەڵک بەخشی، پێدەچێ بەهاندانی ڕۆژئاوا شکست بەو پرۆسەیە هێندرا، ئەگەر ئەو ڕۆژە وتووێژەکان بکرابایەن نە سەدان کەس دەکوژران و نە ئەو هەموو کاولکارییە ڕوویاندەدا و نە یەک ملیۆن کەسی مەدەنی ئاوارە دەبوون.کارەساتێکی مرۆیی ترسناک بەڕێوەیە لە کییف و خارکۆف...تاد.تەنها کاتێک دەنگی تۆپ و تانک و فڕۆکەکان ڕادەوەستن، ئەو کاتە قەبارەی کارەسات و زیانەکان دەبینرێ و هەڵەی هەموو لایەنەکان دەردەکەون. پێموایە ئەو کاتە خەڵکی ئوکرانیا لێپرسینەوەی توند لە بەرپرسانیان دەکەن و پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە دەبێ: کە ئامادە نەبوون بۆ شەڕ، بۆ هەوڵتاننەدا لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، کە شەڕیش دەستیپێکرد بۆ زوو کۆتاییتان پێنەهێنا؟.