خۆتان بەشێکن لە دادگاکە

2022-03-04

لەتیف شێخ مستەفا

کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەتم تەماشا کرد، تەنیا چەند سەرنجێک لەبارەی ئەوەی لەسەر دادگای فیدرالی وتت دەڵێم، ئەوی تر دەشێ شارەزایانی بواری ئابوری و دارایی و نەوت قسەی لەسەر بکەن:

١- دەڵێی دادگاکە نادەستوریەو بە یاسای برێمەری پێش دەستور دامەزراوەو دەبوایە یاسایەکی تازە دەربچێت لە پەرلەمانەوەو پێکھاتەی دادگاکەش بگۆڕێ بەگوێرەی ئەو مەرج و پێداویستیانەی دەستور دیاری کردوە، ئەو قسانە سەدی سەد تەواوەو لەگەڵتم بەڵام :


یەکەم : ئەوە ئێوە نەبوون وەک کورد بەگشتی و وەک پارتی بەتایبەتی کە خۆتان بە نوێنەری پلە یەکی کورد دەزانن لە بەغداو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیتان ھەیەو ھەموو سەوداو مامڵەکان لەگەل ئێوە دەکرێت، ساڵی پار ٢٠٢١ ڕازیبوون بەوەی لەجیاتی یاسا تازەکە پێویستە بەگوێرەی دەستور بە دوو لەسەر سێ دەربچێ یاسا کۆنەکەتان ھەموار کردەوە، کەواتە ئەگەر کەم و کورتیەک لەم ڕوەوە ھەبێ یان دادگاکە بەیاسایەکی نادەستوری دروست بوبێ« کە ئەوە ڕاستە » خۆتان شەریک و ھاوبەشن و ناتوانن خۆتانی لێ بێبەری بکەن و بیخەنە ئەستۆی ئەوانی دی، ناکرێ تۆ خۆت بەشدار بووبی لەو کردەوەیە ئێستا خۆتی لێ بێبەری بکەی و بیخەیتە سەرشانی بەرامبەر ، بەدلنیاییەوە ئەم قسەیەتان لێ وەرناگیرێ.

دووەم: ئەوە ئێوە خۆتان بوون دوای ھەمواری یاساکە و لەکاتی دوبارە پێکھێنانەوەی دادگاکە ڕازیبوون بە پشکپشکێنە کردنی حیزبی دادگاکە، لەجیاتی ئەوەی پێ داگیری بکەن لەسەرئەوەی دادگاکە بەراستی لەسەربنەمای دانانی دادوەرانی بێلایەن و خاوەن ویژدانی دادوەری دابنرێن، ئەی بێگومان تۆ رازی بیت دادگایەک لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی دابمەزرێنی و خۆت تێیدا کەمینە بیت ھەمیشە دۆڕاوی.


سێیەم: سەبارەت بە بریارەکەی دادگا بەدلنیاییەوە ئەویش خۆتان ھۆکار بوون ، جا بە ئەنقسەت بووبێ یان بەھۆی کەمتەر خەمی و نەشارەزاییتانەوە بوبێت، بەم بەڵگانەی خوارەوە.
١-ساڵی ٢٠١٢ کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەعوای تۆمار کرد لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێم پشتی بەیاسای نەوت و غازی ساڵی ١٩٧٦ بەستبوو لەو داوایەیدا کە یاسایەکی نادەستوریە، دەتوانراو ئەوکات بەتۆمارکردنی داوایەک لە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو یاسایە دەعواکەی وەزارەتی دارایی فیدرال ڕابگرن دوایی پوچەڵی بکەنەوە، بۆ لەماوەی چەندین ساڵ نەتان کرد؟
٢- دادگاکە بەکۆی ھەموو دادوەرەکانی دەبێ کۆببێتەوە، یەک دادوەر ئامادە نەبێ کۆبونەوەکە ناکرێ، باشە بۆ دوو دادوەرە کوردەکە یان ھیچ نەبێ دادوەرەکەی خۆتان سەحب نەکردەوە ؟ خۆ بریارەکە پێش رۆژی جاردانی و بڵاو کردنەوەی دەنوسرێتەوە، نەشلێن دادوەری ئیحتیات ھەن لەحاڵەتی ئامادە نەبونی دادوەرەکەی ئێمە لەشوێنی دادەنران . ئەوە لە حاڵەتێکدا دەبێ کە پۆستە دادوەریەکە چۆڵ ببێت بە مردن یان خانەنشین بوون یان دەست لەکار کێشانەوە.
دەعوا ھەبوە چەندین دانیشتن بەھۆی نەخۆشکەوتنی یەکێک لەدادوەرەکان چەند دانیشتنێک دواکەوتوە

،،

جگە لەوە بەگوێرەی ھەمواری یاساکە لەسالی ٢٠١٢ دەبێ دادگاکە نوێنەری ھەموو پێکھاتەکانی تێدابێ ئەگەر وانەبێ پێکھێنانەکەی لەروی یاساییەوە پوچەلەو ، ئەو کات دەشتان توانی تانە لەشەرعیەت و یاسایی بونی دادگاکە بدەن، نەک ئێستا کە خۆتان بەشێکن لێی.


ئێستا لەروی یاساییەوە دادگا بریارێکی دەرکردوەو بریارەکە ناکرێ تانەی لێبدرێ و مولزەمیشە« سەرەرای تێبینی لەسەر بریارەکە»
ئایا ناکرێ لە جیاتی عینادی و سواری سەری خۆبوون ئەم بریارە وەک دەرفەت تەماشاکەن؟
بەرای بەندە دەکرێ ئەم بریارە بکرێتە دەرفەتێکی زێرین بۆ خۆ رزگار کردن لەو ھەموو رێک کەوتنە نایاسایی و نا بەرامبەرانەی لەگەل تورکیاو کۆمپانیا نەوتیەکان کراون کە لەرێیەوە بەشی زۆری پارەی نەوت بۆ تورکیا و ئەو کۆمپانیایانەو دزی و گەندەلی دەروات، ھەر بە حیسابەکەی خۆشت بێ ھیچی وای لێ نامێنێتەوە.
عەقل و لۆژیک پێمان دەڵێت،

،،

باشترین بژاردە ئەوەیە کە بجین لەگەل بەغدا لەسەر یاسایەکی باشی نەوت و غاز رێک بکەوین و نەوتەکە لەرێیی فەرمی و یاسایی عێراقەوە بەنرخی جیھانی بفرۆشین نەک ھەرزانفرۆش.

ئەو زیادەیەش کە لە زیادکردنی نرخی فرۆشتنی نەوتەکەی ھەرێم لەرێی بەغداوە دەست دەکەوێت و دەچێتەوە ناو کۆی داھاتی گشتی دەشێ ئێمەش سودمەند ببینەوە لێی و بەشە بودجەی ھەرێمیشی پێ زیاتر بکرێ، ھیچ نەبێ لەوە باشترە خێزانی حوکمڕانی تورکیا ئەو زیادەیە بەرێت و دژایەتی کوردی لە باکورو رۆژئاواو باشوریش پێ بکات
جگە لەوە ئەگەر ئێمە بەرێژەی بەرچاو بەشدار بووین لە بەرز کردنەوەی داھاتی عێراق ئەوکات مافیشمان دەبێ بزانین بودجەی عێراقیش بەگشتی نەک ھەر پشکی ھەرێم چۆن و بۆ کوێ و بۆ کێ خەرج دەکرێت؟