جیهانی دوای ئەو جەنگە ئەوەی پێشوو نابێت!

2022-03-05

محمد خۆشناو


لەچەشنی زاراوەی پۆست مۆدێرنیزم «ما بعد الحداثة» زاراوی پاش کۆرۆنا و ، پاشدرۆ و ، ڕاگەیاندی پاش ڕاستی و ، پاش جەنگی ئۆکرینا پەیدا بووە، جیهان جی لێدێت و ئابووریەکەی بەکوێ دەگات ؟ هێشتا داعش تەواو لەناو نەچووە کۆڕۆنا هات ، بەرلەوەی کۆڕۆنا کۆتایی پێبێت و لێکەوتەکانی نەمینێت تێکەڵی قەیرانێکی گەورە بوو کە بەرۆکی جیهانی گرت ، ئەویش جەنگی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراینایە ، کە لێکەوتەی خەراپی لەهەموو بوارەکاندا بەسەر جیهاندا دەبێت و ئەو جیهانە دوای ئەو قەیرانە نوێیە ئەو جیهانە نابێت کە پێشتر هەبوو و

،،
گۆڕانکاری بەسەر سیستەمی کۆن و نوێ دادێت ، کە سیستەمێکی فرەجەمسەری دەبێت کە جگە لە ئەمەریکا ، ڕوسیا و چین و لە قۆناغی ئایندە لەوانەیە هیندستان بێت .


پێم وایە ئەو سیستەمە نوێیەی جیهان هەروەکو سیستەمی کۆن دەبێت ، جگە لە هاوپەیمانێتی نوێی وڵاتانی بەهیز و ، وڵاتانی دواکەوتوو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەر بە پەڕاوێزکراوی و پاشکۆ بوون دەمێننەوە و چیرۆکی ڤیتۆ هەروەکو خۆی دەمێنێت و مافی زۆرێک لە گەل و وڵاتان هەروەکو جاران دەبێت ئەو بەرگریەیان نابێت بەرگری لەخۆیان بکەن.


ئەم جەنگە سەلماندی کە شوێنێک نیە بەناوی کێشەی سەروەری وڵاتان یان پێشێلکردنی یاساکانی نێودەوڵەتی«دەبێت ئێمەی کورد لە کوێی ئەم دۆخە دابین!!!» و وڵاتی بەهێز بێهێز هەڵدەلوشی ، بەتەئکید ئێش و ئازاری ئۆکراینیەکان لەژێر بۆردومان و تێکدانی وڵاتەکایان و هەڵاتندا بەداخەوە ئەمانە بۆتە کێشەیەکی پەڕاوێزخرا و لەچاو کێشە گەورەکاندا ، خۆرئاوا یارمەتی ئۆکرانیەکان نادات بەڵکە هەروا داری زیاتر دەخاتە ناو ئاگرەکە تا هەر بەگڕگرتوەیی بۆ داچۆڕاندنی ڕوسیا بمێنیتەوە و گەلی ئۆکرینای بە ڕەزامەندی سەرۆکەکەیان فڕەداوەتە ناو ئەو ئاگرە ، ئەمە جەنگی بەهێزەکانە بەرانبەر لاوازەکان و خۆرئاوا هاوبەشە لە کوشتنی ئۆکراینیەکان و هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ قەیسەری ڕوسی پۆتین نیە… لەم جەنگەدا هێز هەموو شتێکە و ڕاستی بێ هێز دەنگی نیە و ، ئەو جەنگەی ڕوسیا و ئۆکراینا ئەو نیشاندەدات کە ئێمە لەجیهانێکداین قانونی جەنگەڵ زاڵە کە هێزە ، هێز لەڕووی سەربازی ، تەکنیکی و ، ئابووری و ڕاگەیاندن.


گۆڕانکاریەکی دیکەی ئەو جەنگە ئەوەیە ، کە ئەڵمانیا دوای جەنگی دووەمی جیهان ئەوە یەکەمین جارە سوپاکەی بەهێز دەکات…ئەرێ زانیووتە ئەڵمانیا چیە ! «شۆلتز»ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند بە دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بە بڕی«100» ملیار یۆڕۆ بۆ پێشخستنی دەزگا و کەلوپەل و تواناکانی سوپای ئەڵمانیا ، ئەمە گۆڕانکاریەکی ترسناکە لە پارسەنگی هێز لەناو کێشووەرە پیرەکەدا ، ئەڵماینا بەهیزترین ئابووریە لەناو ئەوروپا ، کاتێک بڕیاری پتەوکردنی توانا سەربازیەکان بەو مەبلەغە قەبەیە بدەیت زۆر بە سانایی مانای وایە گۆڕانکاری لە پارسەنگی هێزی ئەوروپی دەبێت.

،،

گوڕانێکی دیکەی ئەو جەنگە ئەوەشە کە ئەوە یەکەمین جارە بەو گەورەیی و قەبەیەوە وڵاتەیەکگرتووەکان و خۆرئاوا ماشینەی زەبەلاحی ڕاگەیاندن بەهەموو ئامراز و کۆمپانیا تایبەتەکان دەخاتەگەڕ

من باسی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی ڕوسیا ناکەم چونکە ڕوسیا سندوقێکی داخراوە و ئازادی کەمە ، بەهەمان شێوە«چین»یش کە ئەم دوو وڵاتە لە غیابی ئەمەریکا نموونەیەکی وایان پێشکەش جیهان نەکردووە کە پشتی پێببەستیت ، دونیا هەر چاوی لە نموونە ئەمەریکیەکەیە و خۆزگەی نەمانی ناکات بەڵکو چاکردنی ئەو خەونەی هەیەتی بیکات ، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕاگەیاندنەی بە ئازاد و لیبڕاڵ و سەربەخۆ و پیشەگەری بانگەشەی دەکرد لەو جەنگە وادەرنەچوو ، بەهاویشتنی گوولەی درۆ و هاندان و شێواندن کەوتە ناو خەندەقی ڕەگەزپەرستی و ، پەیامی دەنگی ڕاستەقینەی لە تەمجیدکردنی ئۆکراینا و بە پاڵەوانکردنی سەرۆکەکەی و لێدوانەکانیان لەسەرکوژرانی ئەوروپیە چاو سەوز و قژ زەردەکان لەدەستدا ، ئەمە جگە لە هاندان و خۆشحاڵبوون بە گەمارۆی وەرزشی و هونەری و ئەدەبی بەسەر ڕوسیا ، توخوا قەدەغەکردنی خوێندن لەسەر ڕۆمانووسی گەورە و ناوداری ڕوسی« دیستۆفیسکی» لە یەکێک لە زانکۆکانی ئیتالیا یان کێشانەوەی ئورۆکسترای دوو پارچە میوزیکی « چایکۆڤسکی» نەمر لە شاری زەگرب چ پەیوەندیەکی بە سیاسەتەوە هەیە؟! ئەمە ڕاگەیاندنی پاش ڕاستیە!