با قسەکانی سەرۆکی حکومەت بکەین بە ژمارە !

2022-03-05

خالید ڕەزا


گوێز بە ژمارە مایەکەی دیارە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە بەرواری ٣-٣-٢٠٢٢ سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا کە نزیکەی ٤٠ خولەک قسەیکرد. باسی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێم و نەوتیکرد. سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە یەکێ لە تاریکترین و ناشەفافترین کارەکانی دەسەڵات پرۆسەی دەرهێنان، کۆنتراکت، ناردنە دەرەوە فرۆشتن و داهات و خەرجی لە داهاتەکانی نەوت دایە. بۆیە لێرەدا بەتەنها هەوڵ ئەدەم قسەکانی مەسرور بارزانی کە ئەمڕۆ لەبارەی داهات و خەرجیەکانی پرۆسەی فرؤشتنی نەوتەوە کردی، بکەم بەژمارە. بێگومان لەبەر ناڕونی و تاریکی و دەست نەگەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری دەربارەی ئەم پرسە، بۆیە بەناچاری ئەو ڕێژانە دەکەین بە ژمارە کە خۆی دانی پێدا ناوە.


مەسرور بارزانی وتی من وەکو ڕێژە بۆتان باس دەکەم لەسەدا سەدی داهاتی نەوت بەم جۆرە خەرج دەکرێ:
+ ٤٣٪ داهاتی نەوت ئەدرێ بە کۆمپانیاکانی دەرهێنان؛
+ ٤١٪ داهاتی نەوت بۆ موچە خەرج دەکرێ؛
+ ٩٪ داهاتی نەوت ئەدرێ بە گواستنەوە(بۆری)؛
+ ٧٪ داهاتی نەوت ئەدرێتەوە بە قەرز.


مەسرور بارزانی وەکو یەکێ لە دەستکەوتەکانی کابینەکەی لە بواری چاکسازیدا، ئاماژەی بەوە دا کە توانیویانە: " له‌م كابینه‌یه‌ گفتوگۆی زۆرمان كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كڕیاری نه‌وتی هه‌رێمن، وامانكرد ڕێژه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ی كه‌ له‌نێوان نرخی نه‌وتی هه‌رێم و سۆمۆ، یان برێنت هه‌یه‌، كه‌می بكه‌ینه‌وه‌، كه‌واته‌ به‌ تێكڕا ئێمه‌ له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت توانیمان به‌پێی رێژه‌ی زیادبوون و كه‌مبوونی نه‌وته‌كه‌ ده‌و‌روبه‌ری 4 دۆلار بۆ خه‌زێنه‌ی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ هه‌مووی چاكسازین له‌و كابینه‌یه‌ كراوه‌". بەلام بەداخەوە ئاماژەی نەدا بەوەی کە تێکڕا(معدل) بەرمیلێک نەوتیان بە چەند فرۆشتوە؟ بەڵام وەکو خۆی ئاماژەی پێدا لە سایەی چاکسازیدا، هەر بەرمێلك بە ٤ دۆلار لەچاو جاراندا، بە زیاتر فرۆشراوە.
لەم خشتەیەی خوارەودا قسەکانی سەرۆکی حکومەت دەکەین بە ژمارە و هەندێک پرسیاری تیا دەوروژێنین. پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەم قسانەی سەرۆکی حکومەت هیچ دەزگایەکی سەربەخۆ ئەم قسانەی پشت ڕاست نەکردۆتەوە و ناشەفافە.
مەسروربارزانی وتی: ڕۆژانە ٤١٠ هەزار بەرمیل فرۆشراوە. ئەمە ئەگەر چی لە چاو زانیاریەکانی دیلۆیت دا، کەمترە. بەڵام ئێمە ئەم بڕە وەردەگرین. مانگی یەک، ٣١ ڕۆژ بوو، کەواتە لە مانگی جەنیوەریدا ٤١٠ هەزار بەرمیل کەرەتی ٣١ رۆژ دەکەین دەکاتە
٤١٠٠٠٠بەرمیلx ٣١رۆژ=١٢٧١٠٠٠٠ دوانزەملێۆن و ٧١٠ هەزار بەرمیل نەوت لەمانگی یەک دا فرۆشراوە. لە خوارەوە بەپێی ئەو ڕێژانەی سەرۆکی حکومەت دیاریکردوە ئەیکەین بە ژمارە.


خشتەی ژمارە (١)
بۆ مووچە بەشی کۆمپانیاکان کرێی گوستنەوە دانەوەی قەرز
41% 43% 9% 7% کۆی داهات/مانگ نرخ/بەرمیل هەناردە
$453.365.700,00 $475.481.100,00 $99.519.300,00 $77.403.900,00 $1.105.770.000,00 $87,00 12710000

ئەگەر بە قسەی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی بێ کە قسەکانی ئەومان لە خشتەی ژمارە (١) دا، کردووە بە ژمارە، کەواتە دەبێت مانگی یەک لەداهاتی نەوت ٤٥٣ملیۆن و ٣٦٥ هەزار و ٧٠٠ سەد دۆلار بۆ مووچە درابێت بە وەزارەتی دارایی.
بەڵام هەر لەدوای کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەی مەسرور بارزانی و بۆ ئێوارەکەی وەزیری دارایی و ئاوبوری ئاوات جەناب نوری، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی KNN دا وتی: جگە لە ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت کە ئەدرێت بە وەزارەت بۆ خەرجکردنی مووچە، هیچ بڕە پارەیەکی تری نەوت نادرێت بە وەزارەتی دارایی.
جیاوازی لە نێوان قسەکانی سەروەزیر و وەزیری دارایی دا بەتەنها لە مانگێک دا بریتییە لە (453365700-350000000= 103.365.700,00) ١٠٣ ملیۆن و ٣٦٥ هەزار و ٧٠٠ دۆلار.

،،

ئێستە دەبێت سەرۆکی حکومەت ئەو جیاوازییە بۆ خەڵکی کوردستان ڕوونبکاتەوە، بۆچی نەدراوە بە وەزارەتی دارایی تا بۆ موچە خەرج بکرێ.

لە بیرمان نەچێ ئەم جیاوازییە کە لەقسەکانی سەرۆکی حکومەت خۆی وەرمانگرتوە، تەنها لە یەک مانگدایە ئەی هی ئەو هەموو مانگ و ساڵەی تر؟
هیچ کەسێک گومانی لەوە نیە کە پرۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا لە دەستێکی ئەمین دا نیە و بە ئێستەشەوە وردەکاری دەرهێنان و ناردن و فرۆشتن و داهاتەکەی لە تاریکیدا ماوەتەوە. هیچ کەسێکیش گومانی لەوە نیە، کە دوو ئیدارەیی کە میراتی شەڕی نەگریسی ناوخۆیە هەتا ئێستە بەردەوامە.
لەکەس شاراوە نیە کە پارتی و یەکێتیی دەستیان بەسەر داهاتە نا نەوتیەکانیشدا، هەر یەکە و لە زۆنی خۆی، گرتووە. بە ڕێژەی ٥٧٪ بە ٤٣٪ لە داهاتە نا نەوتیەکان ئەدەن بە تەواوکاری بودجە. بۆیە بە ناچاری و لەسەر هەمان پرەنسیپی ئەو دوو رێژەیە ئێمەش بەگریمانەی ئەو پارە نادیارەی سەرەوە، بە هەمان ڕێژە و بەئەگەرێکی زۆر لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن، لە خشتەی دوو دا بەشی هەریەکە لە پارتی و یەکێتیی ڕوون دەکەینەوە. ئەگەر وا نیە با بەخەڵکی کوردستان بڵێن چۆن خەرج کراوە؟

خشتەی ژمارە (٢)
بەشی یەکێتیی بەشی پارتی
43% 57% پارەی نادیار کە نەدراوە بە وەزارەت
$44.447.251,00 $58.918.449,00 $103.365.700,00

بەگریمانەی زۆر دەتوانین لەسەر قسەکانی سەرۆکی حکومەت کەلەم نوسینەدا کردومانە بە ژمارە، بە نزیکی مەزەندەی ئەوە بکەین کە مانگانە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە داهاتی نەوتی کوردستان کە موڵکی گەلی کوردستان و نەوەکانی داهاتومانە، هەریەکەیان بە پێێ ئەو ڕێژانەی سەرەوە، مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ خۆیان دەبەن! ئەمە جگە لە داهاتە نا نەوتییەکان بە هەموو کەرتەکانەوە.

،،

لە کۆتایی دا دەبێت ئەو ڕاستەیە بڵێین کە لەم کابینەیەدا، هەر سێ حیزبەکە پارتی، یەکێتیی و گۆڕآن، هەریەکەیان بە پێێ قورسایی خۆیان و تەمەنی خۆیان بەرپرسیارێتی نا ڕوونی لە بەرهەم هێنان و هەناردە کردن و فرۆشتن و هێنانەوە و خەرجکردنی داهاتەکانی نەوت وغازدا

بەرپرسیارێتی مێژوویی، ئەخلاقی و مۆڕاڵییان بەر دەکەوێ. خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی پرۆسەی نەوت غازی کوردستان بن. کۆتا قسە کە پێویستە بیکەین ئەوەیە کە هەناردە و فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە کە مەسرور بارزانی دانی پێداناوە و ئیمەش لەم نوسینەماندا ووردمان کردۆتەوە.