یەکەم ڕۆژی زەماوەندەکە

2022-03-05

ئەو رۆژەی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ ڕوویداو ڕژێمی بەعس كەوتە بەر ڕق‌و توڕەیی جەماوەر، تەمەنم دوازدە ساڵبوو، ماڵمان لە كۆمەڵگەی زۆرەملێی باریكە بوو، لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی كوێستان.


لەو دەمەداو بەو تەمەنە كەمەوە، دوو جۆر هەستم لە لا دروستبوو:
هەستێك ئاوێزان بە خۆشی‌و هەلهەلەی جەماوەر بەرانبەر بە لە ناوچوون‌و وەدەرنانی بەعس لەكوردستان و هاتنەوەی پێشمەرگە، هەست‌و ڕامانێكیش بەرانبەر بەو فەرهوودو تاڵانییەی كە دەكرا.


بەچاوی خۆم بینیم قوتابخانەكەمان تاڵانكراو بەشێكی زۆریشی سوتێنرا، بینیم كە سەیارەی پاككەرەوەی شارەوانی ئاگری تێبەردرا،

،،
ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوەو ئەمبۆڵانسی نەخۆشخانەکەش بەهەمانجۆر سووتێنران، ئەمە جیا لە تاڵانكردنی تەواوی فەرمانگە حكومییەكان.


هەر لە یەکەم ڕۆژی زەماوەندەکەوە ئەو پرسیارو سەرنجەم لا درووستبوو، ئەگەر هێزە کوردییەکان بە تەمای مانەوەو حوکمداری و ئیدارەدانی وڵاتن، بۆچی بەر لەو فەرهودو کاولکارییە ناگرن؟
ئەم دۆخە ئەگەر لانی كەمی بەرهەمی ناهۆشیاری جەماوەربێت، ئەوا بەشی زۆری زادەی بێبەرنامەیی ئەوكاتەی " بەرەی كوردستانی" بوو، كە هەموو حیزبەكان لەو بەرەیەدا بوون، یاخود وەكو نەوشیروان مستەفاش دەڵێت جەماوەر لەڕاماڵینی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعسدا كەوتنە پێش پێشمەرگەوەو ئەوان ڕاپەڕینیان لەوادەی خۆی پێش خست، بەڵام بوونی بچووكترین ئیرادەو دڵسۆزی بۆ حكومەتداری، بەسبوو، لانی كەم بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی فەرهوودو تاڵانكاری.
گریمان ئەو پاساوەش درووست بێت كە حیزبەكان‌و هێزی پێشمەرگە نەیانتوانیوە بەر لەجەماوەری توڕەی كوردستان بگرن،

،،

بەڵام بەردەوامبوونی دیاردەی فەرهوودو تاڵانی‌و ئاودیووكردن‌و داهێنان‌و دەركەوتنی دیارەدەی نوێی دزیكردن‌و تاڵانی، هەر زوو ئەو ڕاستییەی بەیانكردو پێی وتین بەڵێ مانگە شەو هەر لە ئێوارەوە دیارەو ئەوەی ئێستا حوکمدارانی کوردی خولقاندوویانە لە یەکەم ڕۆژی زەماوەندەکەوە دەستیپێکردووە.


ئەگەر ڕاپەرین ئازادی بۆ خەڵكی كوردستان هێنابێت و ڕژێمی دڕندەی بەعس لەكوردستان وەدەرنابێت، ئەوا لەبەرانبەردا، خەڵکی کوردستان لە پاش ڕاپەڕین گیرۆدەی دەیانجۆر قەیران و مەینەتی کران و لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە تا ئەو ئاستە ئازار دران کە خۆزگە بە ڕۆژانی بەر لە ڕاپەڕین بخوازن.

ئەگەر ئەم دیاردە ناشیرینانەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ، دوو حیزبی دەسەڵاتدار لەپاش راپەرینەوەو تا كۆتایی نەوەدەكان و تا هەنووکەش کردویانەو دەیکەن، بهێنینەوە بەرچاوی خۆمان، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت باڵانسی دڵسۆزی‌و سەلیقەی ئەوان بۆ خزمەتگوزاری‌و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان‌و خزمەتی خەڵكی بەشمەینەتی ئەم كوردستانە، لەژێر سفرەوەیەو ئەم دۆخە پڕ قەیراناوییەش تەواوكەری ئەو مێژووەیە لە فۆرمێكی نوێ‌و مۆدێرندا:
1- ئاودیووكردنی هەرچی كەل‌و پەلی بەنرخ‌و گرانبەهاو سەیارەی جۆراو جۆرو تەلی کارەبا، بەتایبەت " شۆفڵ‌و گەڵابە" ‌بۆ ئێران و تورکیاو زۆرشتی بەنرخ‌و گرانبەهایترو داگیرکردنی زەوی و ئاسمانی کوردستان لە لایەن بەرپرسان و منداڵ و دەربارو نزیکەکانیانەوە.

2- زۆربەی ئەوانەی لەسەردەمی بەعسدا، بەعسیبوون‌و خەڵكیان دەچەوساندەوە، هەردوای چەند مانگێك بەجۆرێكیتر بوونەوە بەكەڵەگا بەسەر خەڵكەوەو بەتایبەت لەپەنای دوو زل حیزبەكەدا غوسڵی بەعسیبوونیان دەركردو ئێستەشی لەسەر بێت ئەوان لەپێشمەرگە ماندوونەناسەكان‌و خەڵكی بەشمەینەت‌و چەوساوە زۆر باشتر دەژین‌و لەزۆر جێگەدا هەر وەكو سەردەمی بەعس ئاشیان دەگەڕێت.

3- بەرپاكردنی چەندان جەولەی شەڕی ناوخۆ و ڕژانی خوێنی هەزاران پێشمەگەو گەنجی ئەم وڵاتە لەبەر هیچ نا، تەنها بۆ خاتری بەرجەستەبوونی بەرژەوەندییە ناشیرینەكانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار.

ناشیرینی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەپاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و تا ئێستا هێندە زۆرن نایەنە ئەژمارو ئەو دۆخە دژوارو پڕ لە قەیرانەی بۆ هاووڵاتیانیان خولقاندووە، سووك‌و ئاسان‌و بەبێ بیركردنەوە پێماندەڵێن ئەم برادەرانە لەفۆرمێكی نوێدا ،خەریكی تەواوكردن‌و درێژەدان بە مێژووی خۆیانن، مێژووی ئەو حکومدارییەی کە سی و یەک ساڵ لەمەوبەر دەستیان پێکرد.