نرخی نەوت بەرزدەبێتەوەو گرفتی موچەو دارایی هەرێم زیاتر دەبێت!

2022-03-06

سەرتیپ جەوهەر

نرخی نەوت بەرزدەبێتەوەو گرفتی موچەو دارایی هەرێم زیاتر دەبێت!
ئەم هاوكێشەیە كەسمان لێی تێناگەین. چۆن دەبێت بەرمیلی نەوت 26 دۆلار بكات بتوانرێت موچە دابین بكرێت "وەك ئاشتی هەورامیی" وتی، بەڵام ئێستا لەسەروو 110 دۆلارەو دۆلاریش 148 هەزارە دەڵێن بەشی موچەكە ناكات!


لەهەشتاكانی سەدەی رابردوو، وڵاتێكی وەكو ڤەنزوێلا لەهەشتاكانی سەدەی رابردوو، لەهەڕەتی پێشكەوتنی ئابوریی، سیاسی، كۆمەڵایەتیدا بوو. ئابوری ئەو وڵاتە ركابەری وڵاتانی ئەوروپای دەكرد. داهاتی گشتیی و داهاتی تاكەكەسی ئەو وڵاتە لە ئیسپانیاو یۆنان و ئیسرائیل باشتربوو. هەناردەی نەوتیان نزیكەی 3 ملیۆن بەرمیل بوو لەرۆژێكدا. لە 1999 ئەو رەوتەی هۆگۆ چاڤێز سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە، دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئیدی ئەو وڵاتە لەورۆژەوە روو لەلێژییەو رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت.

،،

ئابوریی ڤەنزوێلا لە ئیسپانیاو یۆنان و ئیسرائیل باشتر بوو، كەچی ئێستا لەسوریا خراپترە!


رێژەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە نزیكەی 3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە، ئێستا تەنها 340 هەزار بەرمیلێكە. رێژەی پشتبەستن بەداهاتی نەوت پێشتر لە 75% بوو، كەچی ئێستا لە 96% و بەرەو ژوورە. رێژەی هەلاوستانی ئابوریی لەو وڵاتە، بەجۆرێك بەرزبۆتەوە رەنگە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەبینیبێت. تەنها لەماوەی 2017 بۆ 2018 بەرێژەی لەسەدا ملیۆن بەرزبۆیەوە! واتە ئەگەر پێنوسێك لە 2017 بەتەنها یەك پۆلیڤار بوبێت، ئەوا بۆ ساڵی دواتر بووە یەك ملیۆن پۆلیڤار! ئەم حكومڕانیەی چاڤێزو گروپەكەی ئەو وڵاتەی وێرانكرد. ئێستا ئەو وڵاتە كەوتۆتە ژێر قەرزی سەدان ملیار دۆلار و بەدەست ئابورییەكی وێرانە گیرۆدەبووەو ساڵانە سەدان هەزار كەس وڵاتەكەیان جێدەهێلن.
وڵاتێكی دیكەی وەكو (ناورۆ) كە دەكەوێتە زەریای هێمن، خودا نیعمەتێكی گەورەی پێدابوون، خاوەنی فۆسفاتێكی زۆربوون. بەهۆی فرۆشتنی ئەو سامانەوە لەماوەیەكی زۆر كورتدا گەشەیەكی زۆر نائاسایی ئابوریی كرد. داهاتی تاكی هاوڵاتی ناورۆ دووەم بوو لەریزبەندی وڵاتانی دونیا لەدوای كوێت. لەساڵی 1975 دوو ملیار 500 ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵێكیان بوو كە ژمارەی دانیشتوانەكەیان تەنها 7 هەزاركەس بوون! فرۆكەخانەیەكیان دروستكردبوو هەندێجار لێپرسراوان بەفرۆكە خواردنیان لەوڵاتان بۆ دەهات!

،،

لێپرسراوانی وڵاتی ناورۆ بەفرۆكە خواردنیان لەوڵاتان دەهێنا، كەچی ئێستا لەسەر پاشەڕۆ دەژین


دوای ماوەیەكی كورت، ئەو سامانە سروشتیەی هەیانبوو (فۆسفات) چۆڕبڕیانكرد. بەهۆی خراپی حوكمڕانیی و گەندەڵیی گەورەی كاربەدەستانیان و بەفێڕدانی ملیارەها دۆلار لەئەوروپاو ئەمریكا بۆ بەرژەوەندی تایبەت، ئەو وڵاتە بەتەواوی وێرانبوو. ئێستا یەكێكە لەناوچە هەرە هەژارەكانی دونیا، لەسەر پاشەڕۆ دەژین و ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە لەسەر یارمەتی وڵاتان و خێرو سەدەقەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانە! رێژەی بێكاری گەیشتۆتە لە 90% و داهاتی تاكەكەس لەخوار وڵاتێكی وەكو سوریایە كە ئێستا شەڕی تێدایە.


ئەم حوكمڕانیەی هەرێمیش بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت. سەردەمانێك لە 17%ی پارەی بەغدا دەهات و داهاتی ناوخۆو سنورەكانیش بۆ خەزێنەی هەرێم دەگەڕایەوە. ئاوەدانییەكی زۆر خێرا رووی لەهەرێمكرد. نەوتەكەشمان سامانێكی ستراتیژیی بوو بۆ نەوەكانی داهاتوو. یەكێك دەیگوت دوبەی و یەكێكی دیكە دەیگوت كوردستان عیراقەكەی دیكە! كەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان بۆ پرۆژەی قەبەو گەورە بردو بەدروشمی قەومیی بریقەدار رووپۆشیان كرد. دۆخێكیان خولقاند، كوردستانیان خستەژێر قەرزێكی زۆر "بەقسەی خۆیان" ئێستا نەوتێكی زۆر دەفرۆشن و نرخەكەیشی هەموو رۆژ گرانتر دەبێت، كەچی هەر پێمان دەڵێن موچە نییەو بەش ناكات!