هۆکاری هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا چییە؟

2022-03-06

بڕوا ستار ــ توێژەری سیاسی

پوختە
چەمکی ئاسایش بە گشتی بابەتی هەرە گرنگی نێو لێکۆڵینەوەی بیرمەندانی تیۆری ڕیالیزمە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بە هۆکاری ئەوەی بونیادی سیستمی نێودەوڵەتی ئەنارکییە، بە واتایەکیتر بە گوێرەی ئەم تیۆرە بونیادی ئەم سیستمە وەک بونیادی سیستمی دەوڵەت نییە کە حکومەتێک بەڕێوەدەبات و دەستەڵاتی بەسەردا هەیە، بەڵکو بریتییە لە سیستمێکی "هەر یەکەو بۆخۆی"، کە حکومەتێک نییە بەڕێوەببات و لەسەرووی وڵاتانەوە بێت، بۆیە لەناو ئەم سیستمە جیهانییەدا وڵاتان پەنادەبەنە بەر کۆکردنەوەی هێز وەک باشترین ڕێگەچارە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ناوخۆییەکان.

،،

لە ڕوانگەی ڕیالیزمەوە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ بوونی نییە، بەڵکو ئاسایشی ناوخۆ پەیوەستە بە پارێزراوی ئاسایشی نێودەوڵەتی

بە مانایاکی تر، ئەوە ئاسایشی نێودەوڵەتییە بڕیار لەسەر بونیادی ئاسایشی ناوخۆیی دەدات، بەمپێیە مادام بونیادی سیستمی نێودەوڵەتی ئاسایشی تێدا نییە، دەبێتە پێویستی بۆ وڵاتان کە پەناببەنە بەر کۆکردنەوەی هێز، بۆ ئەوەی لە بونیادی ئەم سیستمەوە پارێزراوی ئاسایشی ناوخۆی خۆیان بەدەستبهێنن.

لێرەدا لەبارەی کۆکردنەوەی هێز، پرسیارێکی ڕیشەیی دیتە پێش، ئەویش ئایا وڵاتان چەند و بە چ ڕادەیەک هێزیان پیویستە؟، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بیرمەندانی ریالیزم بەسەر دوو ڕوانگەدا دابەشبوون، کە بریتین لە ڕوانگەی "دفاعي" و "هجومي"، لێرەدا ئێمە تەنها لە تێڕوانینی ڕەوانگەی "هجومي"یەوە ڕاڤەی هێرشەکانی ڕووسیا دەکەین بۆسەر ئۆکراینا.


پاڵنەری سەرکەوتن لە سوریا و کۆکردنەوەی هێز

بە گشتی دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و بە تایبەتیش قەیرانی سوریا، رووسیا دوای چارەگە سەدەیەک لە لاوازی و کەنارگیربوون لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، توانی سوود لە ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی و قەیرانی سوریا وەربگرێت، ئەویش لەو کاتەوەی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ هەوڵی خستنی دەستەڵاتی بەشار ئەسەدیان دەدا، وەک چۆن لە خستنی موعەمەر قەزافی لە لیبیا سەرکەوتوو بوون، بەڵام ڕووسیا ئەم ڕوداوەی کردە هەوێنی دەرکەوتنەوەی وەک هێزێکی هەژموونی هەرێمی، کە بەپێی تیۆری ڕیالیزم بۆ ئەوەی وڵاتێک وەک زلهێز دەرکەوێت پەێویستی بەوەیە ببێتە هێزێکی هەژموونی هەرێمی، بەوەی کە بەپێچەوانەی هواپەیمانان پشتیوانی ڕژێمەکەی ئەسەدی کرد و لە کۆتاییشدا بەرامبەر خواستی هاوپەیمانان بۆ کەوتنی ئەسەد سەرکەوتوو بوو.

لەلایەکی ترەوە لە ٢٠١٤ نیمچە دورگەی کریمیای لە ئۆکراینا داگیرکرد و هێنایە سەر وڵاتەکەی و سەرکەوتوو بوو لە ئامانجەکەی، بۆیە دەکرێ ئەم سەرکەوتنانە، وەک سەرکەوتنی یەکەمین تاقیکردنەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی هەژموونی هەرێمی سەیر بکرێت، کە لە دەرئەنجامدا وەک زلهێزێکیش دەردەکەوێت، کە لە بنەمادا خواستی ڕووسیا بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە بوو.

سەرکەوتن لە سووریا و داگیرکردنی نیمچە دورگەی کیریمیا پاڵی بە سیاسەتەکانی رووسیا'وەنا بەرەو ئاواکردنی جەمسەر و دەرکەوتنی وەک زلهێز، بۆ ئەمەش کاریکردووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو هێزانەی کە لە سیاسەتی ئێستای جیهانی نیگەرانن و پێچوانەی خواستەکانین، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم مەترسییە لەسەر ئاسایشی سیستمی تاک جەمسەری جیهانی، کە ئەمریکا پێشەنگایەتی دەکات،

،،

بۆیە لە سەرەتای ئەم مەترسییەدا کە ڕیشەکەی لە قەیرانی سووریاوە سەریهەڵدا ئەمریکا لەگەڵ ئەو هێزانە چووە دانوستانەوە کە ڕووسیا هەوڵی لێ نزیکبوونەوەیانی دەدا.

یەکەمین وێستگەی دانووستانەکان لە کوباوە دەستیپیکرد، کاتێک لە ٢١ی ئازاری ٢٠١٦دا باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کوبا سەردانی هاڤانی پایتەختی کوبای کرد، دواتریش لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا دۆناڵد ترامپ بۆ یەکەمین جار سەردانی کۆریای باکووری کرد، لە کۆتا وێستگەشدا لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا ئەمریکا ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ چیندا واژۆکرد، ئەم هەنگاوە قورسانەی ئەمریکاش لەپێناو ئەوەدابوو کە ئەم وڵاتانە نەبنە هاوپەیمانی ڕووسیا، لە بەرامبەریشدا بەهۆی ئەو خاڵە هاوبەشانەی ڕووسیا لەگەڵ چین، کۆریای باکوور و کوبا هەیەتی، ئەمریکا نەیتوانی ئامانجەکەی بەدەستبهێنێت، بۆیە دیسانەوە ئەم شکستەی ئەمریکا گوڕی دایەوە بۆ ڕووسیا بۆ ئەوەی باشتر بەرەو ئامانجەکەی هەنگاوبنێت.

یەکێکی تر لە پاڵنەرە لاوەکییەکانی ڕووسیا بۆ هەنگاونان بەرەو ئامانجەکەی، بابەتی گازی سرووشتییە، کە لە ئێستادا گرنگترین پێداویستی وزەی جیهانە، کە خۆی خاوەنی یەکەمین یەدەگی گازی سرووشتییە لە جیهان و ٪٣٨.٩ی یەدەگی گازی سرووشتی جیهان پێکدەهێنێت، لەهەمان دەمدا یەکەمین و گەورەترین دابینکەری گازی سرووشتی ئەوروپاشە، کە ٪٤٤.٤٨ی گازی سروشتی ئەوروپا بەرهەمدەهێنێت. لە ئەگەری نەکڕینی گازی سرووشتی رووسیا لەلایەن ئەوروپاوە، رەنگە تا ڕادەیەک زیان بە ئابووری ڕووسیا بگەیەنێت، بەڵام مانای ئەوە نییە کە بە تەواوی پەکی دەکەوێت، چونکە جێگرەوەی ئەوروپا بۆ کڕینی گازی سرووشتی ڕووسیا بازاڕی وزەی ئاسیایە، تەنها ئەوەیە بە هەرزانتر دەیفرۆشێت، کە ئەمەش بۆ ماوەیەکی کورتخایەنە، جونکە ئەوروپا ناتوانێت بەبێ ڕووسیا پێداویستی گازی سرووشتی ناوخۆی بۆ ماوەیەکی زۆر پڕکاتەوە.

پاڵنەری هەرە سەرەکی ڕووسیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی بریتییە لە کۆکردنەوەی هێز، کە لە ڕوانگەی تیۆری ڕیالیزمەوە پالنەری هەرە سەرەکییە و تەنها لەو ڕێگەیەوە ئاسایشی ناوخۆی دەستەبەر دەکات، لە ئیستا رووسیا خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە جیهان، سوپاکەی بە ٣.٥٦٩ ملیۆن سەربازی ڕاهێندراو و ٢ ملیۆن سەربازی یەدەگ دەخەمڵێندرێت، لە ڕووی چەکیشەوە خاوەنی ٧ هەزار چەکی ئەتۆمە و بە یەکەم وڵات دادەندرێت، ئەمە جگە لە پێشکەوتنی هەرە گەورە لە بواری تەکنەلۆژیای سەربازیدا.

ئەم گۆڕاوانە پاڵنەری هەرە بەهێزن کە کاریگەرییان هەیە لەسەر بونیادی سیستمی نێودەوڵەتی، کە ئەمریکا پێشەنگایەتی دەکات، بەمەش وەک چۆن تێڕوانینێکی ڕیالیزمی بونیادی پێیوایە ئەوە بونیادی سیستمی نێودەوڵەتییە، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر هەڵگیرسانی جەنگ، بۆیە لەم ڕوانگەوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕووسیا وەک زلهێز، بونیادی ئەم سیستەمە دەبێت ڕوبەڕوی جەنگ ببێتەوە، چونکە هەم بونیادەکە کە سرووشتێکی تاک جەمسەری هەیە گرفتار دەبێت پێویستی بە چارەسەرە دەرەکییەکان هەیە، هەم ئەوەشی کە ڕووبەڕوی دەبێتەوە (ڕووسیا) پێویستی بە جەنگە، چونکە خستنی ئەم بونیادە تاک جەمسەرییە بەبێ جەنگ تێکناشکێندرێت.

هۆکاری هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا چییە؟

بە هەڵسەنگاندنی ئەم پێدراوانەی باسمان کرد، ڕووسیا بۆ ئەوەی لە کۆتا تاقیکردنەوە دەرچێت بۆ ئەوەی وەک هێزێکی هەژموونی دەرکەوێت، پێویستە بەسەر لەمپەرەکانی سەرکەوێت، کە سرووشتی لەمپەرەکەش بریتییە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە هەناویشیدا کارلێکی جەنگی هەڵگرتووە، چونکە دوای ئەو ترسانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی درکیان پێکرد و لە هەندێ هەنگاوی پێشپێگرتنی شکستیانهێنا، کۆتا کارتی بەرگریان لەبەردەم ڕووسیا دانا، ئەویش بریتی بوو لە ڕاکێشانی دراوسێکانی ڕووسیا بۆ هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ناتۆ و ئەمریکا، کە ئەمەش بیانوی جەنگ دەدات بە ڕووسیا لەگەڵ دراوسێکانیدا، کە ئۆکراینا بەربەستی هەرە گەورەیانە، چونکە لەڕووی جوگرافییەوە ڕوبەرێکی زۆری سنووری ڕووسیای لەگەڵ ئەوروپا دابڕیووە و حکومەتەکەشی بە ئاشکرا پاڵپشتی سیاسەتەکانی ئەمریکای دەکرد دژی ڕووسیا، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆکراینا بە ڕوونی داوای ئەندامبوون دەکات لە هاوپەیمسانی تۆ، کە ئەمەش ترسی هەرە گەورەی ڕووسیایە، کە لێرەدا پێویستە رووسیا ڕووبەڕوی بێتەوە.

ڕەنگە لە تێڕوانینی بەشێک لە شرۆڤەکاران ئەم هێرشەی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا بە هێرشێکی کاردانەوەیی ببینرێت

،،

بەڵام بە پشتبەستن بە تیۆری ڕیالیزم و بە تایبەتیش ڕیالیزمی هجومی، لە بنەمادا هێرشێکە بۆ فراوانکردنی هەژمونی هەرێمی خۆییەتی، کە لە ئێستادا کاتی هاتووە و پێویستە بیکات

چونکە ڕووسیا وەک باسمان کرد لە وڵاتێکی کەنارگیرکراو و داخراوەوە کۆمەڵێک هاوکێشەی هەرێمی و جیهانی بردەوە، بۆیە بۆ ئەوەی خۆی وەک هێزێکی هەژموونی هەرێمی دەربخات، پێویستە بجەنگێت، بێگومان ڕووسیا پێش هەڵگیرساندنی جەنگەکە حیسابی هەموو ئەو کاردانەوانەی کردووە کە لە ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگەکە دووچاری دەبێتەوە، کەوایە کە ئێستا جەنگەکەی هەڵگیرساندووە، گومانی تێدا نییە بۆ ڕووسیا قازانجەکانی ئەم شەڕە لە تێچووەکەی زیاترە، لەم روانگەیەشەوە ڕووسیا دەکەوێتە بەردەم دوو پێویستییەوە:

پێویستی یەکەم: لەسەر ئاستی هەرێمی هەوڵ بدات لەگەڵ بەردەوامی جەنگی لە ئۆکراینا، مامەڵەیکی دیفاعیانە لەگەڵ دراوسێکانی تری بکات، بە تایبەت هەر یەک لە جۆرجیا و ئەرمێنیا و ئازەربایجان، پێویستە دڵنیاییان پێبدات کە دوای ئۆکراینا نابێتە هەرەشە بۆسەریان، بەمەش دەتوانێت هاوسەنگی ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆی ڕابگرێت و وایان لێبکات نەبنە بەشێک لە ئابڵوقە جیهانییەکەیە کە لەسەری داندراوە، دوای ئەوەش دەتوانێت بە بەردەوامی جەنەگەکە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێت، بۆ ئەمەش پێویستە بەردەوام لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە گفتوگۆ و دانووستان بێت.
پێویستی دووەم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە خێرایی هەنگاوبنێت بەرەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە جێگرەوەی بازاڕی گازی سرووشتی ئەوروپان، بۆ ئەمەش پێویستە بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت بە نرخێکی کەم گازەکەیان پیبفرۆشێت، چونکە ڕەنگە قەبارەی ئابڵوقە جیهانییەکە هێندە گەورە بێت، کە نەتوانێت خەرجی پێویستی جەنگ پڕبکاتەوە، کە ئەمەش خاڵی لاواز درووست دەکات و مەترسی دەخاتە سەر سەرکەوتنی سوپاکەی لە جەنگەکەدا.


ڕۆڵی ڤلادیمێر پۆتین لە دەرکەوتنی رووسیا وەک زلهێز

ڕیالیستەکان ڕۆڵی سەرکردەی وڵاتان لە ڕەفتیاری دەرەکی دەوڵەتدا بە ڕۆڵی هەرە گرنگ دەبینن، چونکە پێیانوایە ئەوە سەرکردەکانن کە کاریگەریان هەیە لەسەر ڕەفتاری دەوڵەت لە بەرامبەر گۆراانکارییەکان لە دەرەوە، لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵی ڤلادیمێر پۆتین وەک سەرکۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ لە ڕەفتارەکانی ئێستای رووسیا لەسەر سیستمی نیودەوڵەتی، کاریگەرییەکی بێ شوماری هەیە، کە ددەتوانین لێرەدا بە پشت بەستن بە لایەنی سایکۆلۆژی سیاسی پۆتین، ئەو پێدراوانە بخەینە بەر گفتوگۆ کە ڕۆڵی کەسایەتی پۆتین دەردەخەن، دوای رووخانی سۆڤیەت و کەوتنی رووسیا وەک زلهێزی دووەم لە جیهان، پۆتین تاکە سەرکردە بوو کە توانی وڵاتەکەی لەم کەنارگیرییە لە سیستمی نێودەوڵەتی ڕزگار بکات، بۆیە بۆ تەواوکردنی ئەم کارەش پەنا دەباتە بەر پیدراوەکانی تر کە ببێتە هەوێنی دەرکەوتنەوەی رووسیا وەک هیزی هەژموونی هەرێمی و زلهێزی جیهانی، پۆتین بە هۆی ئەم سەرکەوتنانەی لە بەرامبەر سیستمی تاک جەمسەری بەدەستیهێناون، پاڵنەری بەهێزن بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بە هەنگاونان بەرەو ئامانجەکەی، بۆ ئەمەش کارامەیی و ژیری پێویستە، چونکە یاریکردن لەناو ئەم سیستمەدا ئاسان نییە، بۆیە بێگومان پۆتین دوای قەیرانی سوریا ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەم ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییە، تا ئەم ساتە هەنگاوەکانی پۆتین بۆ گەیشتن بە ئامنجەکەی، هەنگاوی ڕاست و ژیرانەن، بەڵام ئەمە بەس نییە، چونکە پێدەچێت ئەم جەنگە درێژە بکێشێت و دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بێت، کە پێشبینی دەکرێت، لەم ئەگەرەدا پۆتین پێویستی بە هاوپەیمانیەتی هێز هەیە چونکە لە بەردەوامی ئەم جەنگەش رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەتر لەم جەنگە دەبێتەوە.



دەرئەنجام

بە پشت بەستن بە سەرکەوتنی رووسی لە هەنگاوەکانی رابردووی، وا پێدەچێت کە لەم جەنگەی ئۆکرانیاش سەرکەوتوو بێت، بەڵام بۆ ئەو سەرکەوتنەش پێویستی بە پشودرێژی و مامەڵکردنی ژیرانە هەیە، چونکە قەبارەی ئابلوقەکانی سەری ڕەنگە بواری بۆ نەڕەخسێنن کە بتوانیت بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ گۆراوە دەرەکییەکان بکات، بەڵام ئەوەی گرنگە ڕاگرتنی هاوسەنگییە لەسەر ئاستی جیهانی، بە تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە ڕەنگە دوچاری جەنگێکی گەورەتر بیتەوە، بۆ ئەمەش گرنگە بە سیاسەتی نەرمی نواندن لەگەڵ سیستمی جیهانی مامەڵە بکات، بە تایبەتیش دراوسێکەی، چونکە لە ئەگەر هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورەتر ڕووسیا بە ئاسانی لێیی دەرباز نابێت.


سەرچاوەکان:
النظرية الواقعية وتحليل السياسة الدولية من مورجنثاو https://esalexu.journals.ekb.eg/article_109452_8cfe963e9b42ef1bec88844eccc950ad.pdf

لماذا تقف روسيا إلى جانب الأسد؟
https://www.bbc.com/arabic/middleeast/2012/07/120716_syria_russia_assad


لماذا تهتم روسيا بشبه جزيرة القرم؟
https://www.annahar.com/arabic/article/113764-%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D8%AA%D9%87%D8%AA%D9%85-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D8%A8%D8%B4%D8%A8%D9%87-%D8%AC%D8%B2%D9%8A%D8%B1%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%82%D8%B1%D9%85

أوباما يبدأ زيارة تاريخية لكوبا بعد عداء استمر خمسة عقود بين واشنطن وهافانا
https://www.france24.com/ar/20160321-%D8%A3%D9%88%D8%A8%D8%A7%D9%85%D8%A7-%D8%B2%D9%8A%D8%A7%D8%B1%D8%A9-%D9%83%D9%88%D8%A8%D8%A7-%D9%83%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B1%D9%88-%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D8%B9%D8%AA%D9%82%D8%A7%D9%84


دونالد ترامب يعبر الحدود إلى كوريا الشمالية في لقاء تاريخي مع كيم جونغ أون
https://www.bbc.com/arabic/world-48814988

محادثات بين الصين والولايات المتحدة بشأن تنفيذ المرحلة الأولى من الاتفاقية التجارية
https://www.france24.com/ar/20200508-%D9%85%D8%AD%D8%A7%D8%AF%D8%AB%D8%A7%D8%AA-%D8%A8%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%8A%D9%86-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%88%D9%84%D8%A7%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AA%D8%AD%D8%AF%D8%A9-%D8%A8%D8%B4%D8%A3%D9%86-%D8%AA%D9%86%D9%81%D9%8A%D8%B0-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B1%D8%AD%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%88%D9%84%D9%89-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D9%81%D8%A7%D9%82%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%AC%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%A9


أكبر 10 دول في احتياطي الغاز في العالم 2020
https://attaqa.net/2020/04/12/%D8%A3%D9%83%D8%A8%D8%B1-%D8%B9%D8%B4%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D8%AD%D8%AA%D9%8A%D8%A7%D8%B7%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A8%D9%8A%D8%B9/

تعرف على سوق الغاز في العالم.. من الإنتاج إلى الاستهلاك
https://www.aljazeera.net/ebusiness/2022/2/21/%D8%AA%D8%B9%D8%B1%D9%81-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B3%D9%88%D8%A7%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D9%85%D9%86


ترتيب أقوى جيوش العالم
https://arabic.rt.com/news/777895-%D8%AC%D9%8A%D9%88%D8%B4-%D9%82%D9%88%D9%8A%D8%A9-%D8%AA%D8%B1%D8%AA%D9%8A%D8%A8/

يمتلك 7 آلاف قنبلة.. قدرات الجيش الروسي النووية بالأرقام
https://www.almasryalyoum.com/news/details/2536196
esalexu.journals.ekb.eg