پێشھاتێکی نوێ

2022-03-07

تەنیا کوردی

لە ئەمریکا زەنگی مەترسی لە بارەی چەکی ئەتۆمی ئێران لێ درا، بەگوێرەی زانیاری ھەواڵگری ئەمەریکا ئێران لە چەکی ئەتۆمدا خەریکە دەگاتە کلاوەی ئەتۆمی تەواو، بۆیە ئەم بابەتە دوو بژاردەی خێرای لەبەردەم ئەمەریکا ھێناوەتە پێش، جەنگ بۆ رامالینی ئەتۆم، یان رێککەوتن بۆ دەستبەرداربوونی ئێران لە چەکی ئەتۆم...

ئەگەر بژاردەی سێیەم بریتی بێت لە رێگەدان بە ئێران کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، ئەوا وڵاتانی دیکەی وەک تورکیاو ناوچەکەش بیر لەم ھەنگاوەی ئێران دەکەنەوە کە ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆم، ئەوکاتە وڵاتە زلھێزەکان ناتوانن لە رۆژھەڵاتی ناویندا نفوزو پێگەیان ھەبێ، بۆیە بژاردەی یەکەم و دووەم لە زەمینە سازی دایە..

ھەرخۆی چینیەکانیش زومیان خستووەتە سەر تایوان و دەیانەوێ یەقەی بگرن، لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکراینا بە ئاشتی بێت یان شەڕ رووداوەکان دێنێتە ئاسیاو رۆژھەڵاتی ناوین کە ئێستا لێکەوتەی ئابووری دەرکەوتوون و لێکەوتەی جیوگرافیاییش ماوە کە ئەمە بابەتێکی درێژەو لە داھاتوو قسەی لەسەر دەکەین، ھەرچۆن پێش چوار ساڵ بەشێک لەم رووداوانەمان لێرە شرۆڤە کرد و پێشبینییەکانم لێرە خستنە ڕوو..

،،

بۆ ئێمەی کورد دۆخەکە پێوەندارە بەو نەخشە سیاسی و ئابوورییەی کە بەناوچەکەدا درێژ دەبێتەوە و ئەو نەشتەرگەرییە ئابووری و سیاسیەی لە ناوچەکەدا دەکرێت

ھەرخۆی ئێمە لە چەقی ھاوکێشەکەداین، بۆیە لە لێکەوتەی گۆڕانکارییەکان بەدەر نین، پێویستە وریاتر و بە توێژینەوەی ورد و ئامادەکاری تەواو خۆی بۆ ئامادە بکەین، گرینگە ناوەندی ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوەکان دروستبکەین و واز لە بۆچوونی فەردی بێنین، ئێمە خاوەن سەرکردایەتیەکی بە ئەزموونین لە ناوچەکەدا بەڵام گرینگیشە بۆ لەمەودوا سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ بەرچاوڕوونی سوود لە تێڕوانینی زانستی و توێژینەوەی گرینگ لەسەر پرسی داھاتووی ناوچەکە وەربگرێت، کە بەبۆچوونی من کارێکی قورس نییە، چونکە بەرەو کاتی ھەستیار ھەنگاو دەنێین و ھەڵەی ستراتیژی رەنگە بە دەیان ساڵ قەرەبوو کردنەوەی بوێت.


گرینگە لە ئاستی ستراتیژیەتی نەتەوەیی تا ئاسایشی نەتەوەیی و کارنامە بۆ داھاتووی کورد و کوردستان، لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکەدا ئامادەکاری رونترمان ھەبێت.