کێ خاوەنی ژنە؟

2022-03-08

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

- ئەوەی لە پشت زۆرینەی ئەو پۆست و کۆمێنتانە کە بۆ ئەو کچە تیرۆرکراوەی هەولێر لانی کەم لەمنەوە دیارە بریتییە لە غەریزە و حەزێکی سێکسیی تەجاوزگەری زاڵی "نێرانە نەک پیاوانە" کە خۆی لەبەرگی دژایەتییکردن یا پشتگیرییکردنی ئەو قوربانییەدا مەڵاسداوە، جا گەر غەریزەکە هی کەسێکی کەبتکراوی پڕی نێو قەبیلەیەکی داخراو بێت یان غەریزەیەکی بەرەڵاکراوی نێو دونیا "ئازاد و لیبراڵە" موزەیەفەکە بێت هیچ جیاوازیی نییە. ئەوەشی بەنەفەسی سێیەم و جیاواز لەم نەفەسە دەنوسرێت ناتوانێت سنووری کڕوزانەوەی شیعریی و هاوخەمیی ونووزەنووز تێپەڕێنێت و دەست لەسەر کرۆکی ئەم کێشە هەزاربارە بووەوە دابنێت.

- بە پێوەرە فرۆیدییەکەش بێت حەوت لەدەی گرفتارە دەروونییەکان ڕیشەکەیان ڕیشەیەکی سێکسیی ناتەبایە کە لە قۆناخێکی سەرەتایی تەمەن کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم کەسانەدا ئەنجامیداوە و دواتر ئەمان وەک ئاوێنەیەک دەیدەنەوە دەرەوە و کەسایەتییانی خۆیانی پێ دیار دەخەن، دیارە ئەمە خەتای کەسەکان نییە بەتەنها بەڵکوخەتای ئەو کلتوورەیە کە کورد ساڵەهایە بەدەست خێڵەکیی بوون و نەکرانەوەی بەڕووی جیهانە نوێیەکەدا دەناڵێنێت. زانکۆ دەهێنێت بەڵام بیرکردنەوەکە هەمان بیرکردنەوەی حوجرەیە

،،

فیزیا و کیمیا و ماتماتیک بە منداڵ دەڵێیت بەڵام میوەی ئەو زانستانەی بە هەموو باشیی و خراپییەکانیەوە قەبوڵ نییە.

سەروەختی خۆی ڕوحوڵا خومەینی دەیگوت ئێمە تەنها ڕێگا بە شتە باشەکانی ڕۆژئاوا دەدەین بێنە نێو کلتورەکەمان، ڕێگریی لە "بێ ئەخلاقیی" و خراپییەکانیان دەکەین، ئەم قسەیە لەڕووی میتۆدۆلۆژییەوە زیاتر لە نوکتە دەچێت، بێخەبەر لەوەی کاتێک تۆ خوێندنگە و زانکۆ و کرانەوە بە مۆدێلێلە ئەوروپییەکەی دێنیتە وڵاتەکەتەوە، ئەو بە هەموو چاکە و خراپییەکانییەوە دەبێت قەبوڵیان بکەیت، شتی وانییە بەتەنها ئەوەی دەتەوێت بێت و ئەوەی بە بۆچوونەکەی تۆی نەخوارد ڕێگریی لێبکەیت!

- بۆچی ژن دەکوژین، بە یەک وشە لەبەر ئەوەی ئێمە سەر بەم دونیایە نین.حەزی قەبەلیی جۆرە حەزێکە تائێستاش ژن وەک ئامراز دەبینێت نەک هاوشان و شەریک و هاوکوف و ئینسان، ئێمە لە قۆناخی تیرە و عەشرەت و خێزان نەمانگواستۆتەوە بۆ قۆناخی کۆمەڵگا، لەبەر ئەوە دونیابینیەکەشمان بۆ ژن هەمان ئەو دونیابینییە خێڵەکییەیە کە ژن بە نزمتر و ئەداتتر و ئامرازتر و ناخودتر دەبینێت.
خەڵکی ئێمە جگە لە بانگەوازی ئەخلاقیی هیچ شتێکی دیکە نییە بتوانێت لە دەوری بازنەیەک، تیۆرییەکی سیاسیی، پەروەردەیی، یان ئابووری کۆیان بکاتەوە، جاڕدانی پیاوێکی قەبەلیی بێخەبەر لە ڕەکیزەکانی کۆمەڵگا و کۆمەڵناسیی سەبارەت بەوەی ئەخلاقمان لە مەترسیدایە بەسە بۆ ئەوەی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا وا لێبکات وەک یەک بیر بکەنەوە، لە کۆمەڵگای ئێمەدا هیچ شتێک نییە هێندەی ئەم بانگەوازە بتوانێت خەڵک کۆبکاتەوە، تەنانەت دین و ئایدۆلۆژیاکانیش هێزی ئەم بانگەوازەیان نییە چونکە حەقیقەت لای ئێمە ئەو شتە نییە کە لە واقیعدا ڕوو دەدات بەڵکو ئەو شتەیە کە زۆرینە شوێنی دەکەون.
ئەوەی دەتوانێت جوڵەی حەشامات یان "مۆب" درووستبکات و دواتریش تەجنیدییان "recruit"یان بکات بۆ ئەجێندایەکی سیاسیی یان خێڵەکی و یانیش تەفسیرێکی ئاینیی دیاریکراو و بەلاڕێدابردنی تێگەیشتن لە کێشەکان تەنها بانگەوازی ئەخلاقی و ترساندنی خەڵکە لە ڕێگای وەهم درۆ و چەواشەکارییە ئەخلاقیەکانەوە کە سەر بەم دونیایەی ئێمەنین و سەدان ساڵە چوونەتە ئەرشیفەوە. بڵاوکردنەوەی ترس لە لەدەستدانی ئەخلاق بە بێ ئەجێندایەک کە سەر بەو دونیا نوێیە نەبێت و خۆنەویستانە هاتۆتە نێوتەوە جگە لە گەڕانەوە بۆخاڵی سفر و ئیفلیجکردنی عەقڵ بەرهەمێکی دیکەی نابێت.

- لەڕاستییدا ئێمە لەدەرەوەی ڕەوڕەوە ڕاستەکەی مێژووداین، حەقیقەت هەرچییەک بێت و هەرچۆنێک ئاشکرا بکرێت و بەبەڵگەوە نیشان بدرێت ناتوانێت بەسەر ئەو چیرۆکەدا سەربکەوێت کە چۆتە خەیاڵی خەڵکەوە. چیرۆکەکەی نێو خەیاڵدانی خەڵک ئەوەیە کەم ئەمان لە نێو یەقیندان و دەستێکی دەرەکیی دێت دەیەوێت نیشانەی پرسیار بخاتە سەر ئەم یەقینە

،،

بۆیە بەردەوام خەریکی داتاشینی نەیار و دوژمنئاراییە بۆ مانەوە لەو وەهمەدا کە خۆی بەردی بناغەکەی دانەناوە.

بێخەبەرە لەوەی یەقینێک گەر یەقین بێت چۆن و بۆچی تێکدەشکێ، گومان بۆچی دەبێت زەفەری پێ بەرێت؟
ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە هەرگیز ناکەونە سەر ڕێگایەکی دروست چونکە بڕوایان بەوە نییە لەسەر ڕێگایەکی هەڵەن، نەک هەر باوەڕ ناکەن کە هەڵەن، بەردەوامیشن لەسەر ڕۆیشتن لەسەر ڕێگا هەڵەکە، کەوابوو هەرگیز شۆڕشێک کودەتایەک یا قڵپ بوونەوەیەکی بناغەیی و فەندەمێنتاڵ ڕوونادات چونکە لێرە مونەویر و ئەکادیمیسیان و نوخبە و سیاسیی و شۆڕشگێڕەکان مژدەی ئەوە دەدەن و دەڵێن دەتوانین بێ هیچ گۆڕانکارییەک لە تەفسیری دینی، جیهانبینی و ئەخلاق، ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی، کوردایەتیی و تائیفەگەرایەتی دونیاتان بۆ بگۆڕین. لەڕاستییدا ئەوەی هەیە ماکیاج کردن و سپی کردنەوەی ڕوویەکی دزێو و ڕەشی ئەو واقیعەیە کە لەسەر تەختی شانۆکە نیمایش دەکرێت و تاو نا تاوێک بە ڕوداوێکی تراژیدی لەم شێوەیە ماسکەکەی سەر دەموچای لادەچێت خۆی دەنوێنێت، دواتر زاکیرەی کورتخایەنی کۆمەڵگاکە بە هەل دەزانێت و لە فۆڕمێکی دیکەدا و بە ماسکێکی نوێ وە دێتەوە سەر تەختی شانۆکە.
تەماشای مێژووی هەشتاساڵەی شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی دونیاکەی ئێمە بکەن و بزانن بۆ هەر لەشوێنی خۆمانین، بۆ بەردەوام لەم بازنە بێ چەقەدا دەسوڕێینەوە و ڕووداوە تراژیدییەکانی نێومان ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەشکێنەوە بەسەرماندا، تراژیدیا دەدەینە دەم تراژیدیا، بەردەوام ماڵوێرانیی دروێنە دەکەینەوە؟



کێشەی ئێمە هەر ئەوە نییە بێ مەعریفە و بێ فەلسەفە و بێ پێناسەین بۆ چەمک و گوزارەکان، کێشە سەرەکییەکەی ئێمە ئەوەیە لە زەمەنەکەی خۆمان دابڕاوین و لە دونیایەک کە پسپۆڕیی و زانست دەتوانن کاری تێدا بکەن ناتوانین خوێندنەوەی دروست بۆ ڕۆژەکەی خۆشمان بکەین. سەرکردەکانی ئەو مەنزومەیەی کە ناوی لەخۆی ناوە حیزبی کوردیی و لە هەشتاساڵی ڕابردوودا خەڵکی بێ تەڵقین دەدەن، بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان و پۆست پلە دەبنە لیبرالیست و کاپیتالیست و کۆمیونیست، لە یەک کاتدا باس لە بازاڕی ئازاد و پترۆدۆلار و کرانەوە دەکەن ، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەبنە سەرسەختترین دوژمن بۆ کرانەوە و پەرووەردە یاریدەکەن بە سایکۆلۆژیای کۆمەڵگاکە، بە میتۆدەکانی حوجرە و دیوەخان و ئاغاواتی سەدەکانی ڕابردوو دەستوپەنجە لەگەڵ کێشەکانی مۆدێرنیتە و دونیای نوێی کۆمەڵگاکەی نەرم دەکەن. وا لە زانکۆکان دەکەن هەمان عەقڵییەتی دیوەخان و حوجرەکان بەرهەم بێننەوە، کۆلێژەکانی یاسا و ئابووریی و دروونزانیی و کۆمەڵناسیی و زانستە مرۆڤایەتییەکان هەمان موسڵیح و خوێن خۆشکەر و کەیخودا و پیاوخواکانی دیوەخان بەرهەم دێننەوە کە بەم دونیایە نامۆن و بۆی نابێت.
لێکۆڵینەوەی زانستیی و وردی پەروەردەیی مەحاڵە بەم عەقڵییەتە دروست ببێت. ئەوەی ئەکادیمیسیان و مامۆستاکانمان دەیڵێن سەر بە بیرکردنەوەی ئەم دونیا نوێیە نیین و دواکەوتوون لە زەمەنەکەی خۆیان، دەنا ماقولە لە سەدەی بیستویەک هێشتا ژنکوشتن وەک چارەسەر تەماشا بکرێت و زۆرینەی دەسەڵاتدار و نوخبەش وەک بەدیل لێی بڕوانن؟



- ئەم لێکترازانە ترسناکەی کۆمەڵگاو دەسەڵات، نوخبە و عەوام سەری لە بە فەتارەدانی کۆمەڵگاوە دەردەچێت و بەرهەم و میوەکەشی دەچێتەوە گیرفانی چینە ئەرەستۆکرات و کلیپتۆکراتەکەی دەسەڵاتەوە. ئەوەی هەیە لە نەبوونی سیستم و داڕوخانی ڕەکیزە کۆمەڵایەتییەکان و زانکۆ و ناوەندەکانی مەعریفە کە ئەوان لێی بەپرسن، بۆ ئەبەد لەبیر دەچنەوە و خەڵک لەو جەهلە مورّەکەبەدا بەجێدەمێنێت و بەردەوام دەبێت خۆی بۆ شیوەنی تراژیدیایەکی نوێتر لەوەی دوێنێ ئامادە بکات.
ئەوەی لێرە دەگوزەرێت مامەڵەی نالۆجیکییە لەگەڵ دیادەکاندا، لێرە ناتوانیت لە کۆمەڵگا و ئیدارەکەی تێبگەیت تا لە هێز و کاریگەریی شتە نامەنتیقییەکان تێنەگەیت، هەر لەبەر ئەم هۆیەیە دونیا و ئەکادیمیاکەی وناوەندە زانستییەکانی دونیا ناتوانن لێمان تێبگەن، نەک هەر ئەوە سەرەتاییترین ئەداتیشمان بەدەستەوە نییە تا خۆمان لە خۆمان بگەیەنێت، لەباشترین حاڵەتدا دەتوانین کۆمەڵگاکەمان وەک کۆمەڵگای ئامۆژگاریی و تەڵقین بناسێنین، لە دونیای نوێشدا هیچ کەسێک پارە بە ئامۆژگاریی نادات.

ئەنجام
بە بۆچوونی موتەوازیعانەی بەندە ئێمەی کوردی عێراق فەقری فەرهەنگیی و کلتوریمان هەیە بۆیە فەقیری پارەو نانین، بۆیە بێ ئاو و کارەبا و موچە و کارین، بۆیە بە ئاسانترین شێوە دەستمان دەچێتە خوێنی ژن و کچ و خێزان و دایکەکانمان، بۆ دەرچوون لەو فەقرە فەرهەنگییە دێین باڵانسی دەرەوەو ناوەوەمان لە سەر حیسابی دەرەوەی خۆمان ڕاست دەکەینەوە، پێکدادانی نێوان دونیا کۆنەکەی نێو مێشکمان و دونیا نوێیەکەی واقیع بیرکردنەوەمان بە جۆرێک دەجەڕێنێت کە ئەوان بە موڵکی خۆمان بزانین نەوەک هاوبەش و هاوژییان، دیارە لەم موڵکیەتەشدا ئازادانە مامەڵەیان لەتەکدا دەکەین، ئەوان وەک شت دەبینین نەوەک کەس!