چوار ساڵەکەی ۱۱ی ئازارو سی ساڵەکەی پاش ڕاپەڕین

2022-03-11

ئەوەی کە بەناو شۆڕشگێڕەکانی شاخ لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ کردیان و دەیکەن، کت و مت لە ڕەفتاری بەرپرسانی ئەوکاتەی شۆڕشی ئەیلوول دەچێت کە لە میانی چوار ساڵی ڕێکەوتننامەی ۱۱ی ئازارداو هاتەنەوەیان بۆ شارەکان کردوویانە.

شۆڕشگێڕەکانی شاخ، لەپاش ڕاپەڕین و هاتنەوەیان بۆ شارەکان، ئەو وێنەیەیان گەورەتر کردو باشتر نەخشاندیان کە لێپرسراوانی شۆڕشی ئەیلوول لە چوار ساڵی ئاشتی و ڕێکەوتننامەی ۱۱ی ئازاری ساڵی ۱۹۷۰ دا کێشایان.

کاتێک ڕێکەوتننامەی ۱۱ی ئازاری نێوان حکومەتی عێراقی ئەوکات و شۆڕشی ئەیلوول ڕاگەیەنراو مەلا مستەفاو سەددام حسەین لە قوتابخانەکەی " ناوپردان" واژۆیان کردو سەرانی شۆڕش لە شاخەوە هاتنەوە ناو شارەکان، دەستیانکردە بازرگانی و خۆ دەوڵەمەندکردن و زۆرینەیان بوونە قۆنتەراتچی،

،،

ڕێک وەکو ئەوەی بەناو شۆڕشگێڕەکانی شاخ لەپاش ڕاپەڕین و هاتنەوەیان بۆ شارەکان دەستیان پێکردو ئێستاش بەردەوامن.

جیاوازی ڕەفتاری شۆڕشگێڕەکانی شۆڕشی ئەیلوول و هاتنە خوارەوەیان لە شاخەکانەوە بۆ ناو شارەکان لەو چوار ساڵەی ڕێکەتننامەی ۱۱ی ئازاردا لەگەڵ هاتنەوەی شۆڕشگێڕەکان لەپاش ڕاپەڕین، ڕەنگە هەر ئەوە بێت کە بازنەی بازرگانی و شێوازی بازرگانییەکەیان و جۆری دزییەکەیان جیاوازە.

شەهید ڕێباز کە خۆی کارەکتەرێکی ناو شۆڕشی ئەیلوول بووەو لە بەشی دارایی مەکتەبی عەسکەری شۆڕشدا بووە، لە کتێبی " قەندیل بەغدای هەژان"دا، باس لە ڕەفتاری بەرپرسانی شۆڕشی ئەیلوول دەکات لە چوار ساڵی ڕێکەوتننامەی ۱۱ی ئازارداو ئەو دیمەنانەی کە ئەو باسیدەکات هەمان دیمەنی ڕەفتاری بەشی زۆری بەرپرس و شۆڕشگێڕانی شاخە لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱.

شەهید ڕێباز لەکتێبی " قەندیل بەغدای هەژان"دا دەڵێت:" پاش چەند مانگێک لە مۆرکردنی ڕێکەوتننامەی ۱۱ی ئازار، بەرە بەرە لێپرسراوانی شۆڕش بڕواو متمانەی خەڵکیان لەدەستداو زۆربەیان کەوتنە سەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە جیاتی ئەوەی هەموو هێزو توانای خۆیان تەرخان بکەن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ئەو زەرەرو زیانانەی کە لە ڕابردوودا لە کوردستان کەوتبوو پڕی بکەنەوە، کەچی بە پێچەوانەوە زۆربەیان کەوتنە کارکردن بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان بەڕێگەی ناشەرعی، هەندێکیان بوون بە قۆنتەرات چی، سەیارەی مارسیدسیان لە وڵاتی کوێت دەهێنا بە پارەیەکی هەرزان و لە کوردستان بە پارەیەکی زۆر دەیانفرۆشتەوە.


وەکو ڕێباز باسیدەکات، حکومەت بڕیاری دابوو کە هەموو ئەو خانووانەی لەشەڕدا سووتاوون چاکیان بکاتەوە، " بەڵام هەندێک لە کاربەدەستانی شۆڕش پارەکەیان وەرگرت و هەندێکی بەنیوە ناچڵی دروستکراو پارەکەی تریان بۆ خۆیان خەرجکرد".

نووسەری کتێبی" قەندیل بەغدای هەژان"، ڕەفتاری بەرپرسانی باڵای ئەوکاتەی شۆڕشی ئەیلوول زیاتر ئاماژە پێدەدات و دەڵێت:" بەهۆی شۆڕش و باری نا ئاسایی کوردستان زۆربەی گوندەکان بێ قوتابخانەو نەخۆشخانە بوون، کە کاتێک بڕیار دەدرا قوتابخانەیەک بۆ گوندێک دروست بکرێت، هەر زوو لێپرسراوانی شۆڕش قۆنتەراتەکەیان دەگرت، قوتابخانەیەکی بێسەرو بەریان دروست دەکرد، لێپرسراوانی پەروەردەو موهەندیسەکان لەبەرئەوەی بێدەسەڵات بوون و چەکدار نەبوون، هەڕەشەیان لێدەکراو دەبوایە زۆر بە باشیش وەری بگرن، هیچ لە خەمی منداڵی کورددا نەبوون، بیریان لەوە نەدەکردەوە کە قوتابخانە گرنگی چییە".

شەهید ڕێباز ئاماژە بەوە دەدات کە لەمیانی ڕێکەوتنی ۱۱ی ئازاری نێوان حکومەتی عێراقی و شۆڕشی ئەیلوولدا، حکومەتی عێراق، لێپرسراوانی شۆڕشی ئەیلوولی بە پارەو ئۆتۆمبێل و قۆنتەرات چەشەخۆرکردووە، تاوەکو بیریان بەلای شۆڕشەوە نەمێنێ و زیاتر بیر لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بکەنەوە.

شەهید ڕێباز کە بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەشەڕی ناوخۆدا کوژرا، دەڵێت:" ئاڵۆزی کەوتە ناو شارەکان و کەس وەرەقەی کەسی نە دەخوێندەوە، داخی گرانم لەو فرسەتەدا پێشمەرگە پشتگوێخراو سوود لەو هەلە وەرنەگیرا تا ڕاهێنانیان پێبکرێت و فێری یاسا بکرێن، وەک ئەوەی جارێکیتر پێوویستیان بە پێشمەرگە نەبێت".

ئەو زۆرتر دەربارەی پشتگوێخستنی پێشمەرگە لەو چوارساڵەدا لە لایەن بەرپرسەکانیانەوە باسدەکات و دەڵێت:" ئەو چوار ساڵەی مفاوەزات هەلێکی لەبار بوو بۆ ڕێکخستنی پێشمەرگەو باشکردنی حاڵ و گوزەرانیان و مەشقپێکردنیان و ئامادەکردنیان لە ڕووی فیکرییەوە بۆ ڕۆژی پێوویست، بە پێچەوانەوە هەر گوێیان بە پێشمەرگە نەدا، بۆیە پاش کۆتایی مفاوەزات و هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان شۆڕش و حکومەتی عێراقیدا،

،،

پێشمەرگە گیانی شەڕکردنی بەهێز نەبوو، چونکە دەیزانی لە ڕۆژانی خۆشیدا چیلێکراوە".

وەکو نوسەری کتێبی " قەندیل بەغدای هەژان" باسیدەکات، مەلا مستەفا ئاگاداری ڕەفتاری بەرپرسان بووە، بەڵام توانای بەرپێگرتنیانی نەبووە، ئەو دەڵێت:" سەرۆک بارزانی هەموو ئەو کارانەی دەزانی، بەڵام ئەوەندە فراوان بوو بوو چارەسەرکردنی ئاستەنگ بوو، ئەگەر چاوی بارزانی دیار نەبوایە ئەو لێپرسراوانەی شۆڕش میللەتەکەیان دەخواردو بۆی دەردەچوون، ئیدریس بارزانی چەندین لێپرسراوی لەکار خست، بەڵام یەکگرتنی دزەکان زۆر بەهێز بوو".