ئومێد مەحمود
غازی سروشتی لە ئێستادا گرنگیەکی یەکجار زۆری ھەیە، بەجۆرێک (جیرۆن فان دی فێر) بەڕێوەبەری کۆمپانیای شیل کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری وەزە دەڵێت: سەدەی بیست و یەک سەدەی غاز دەبێت.
ھەرێمی کوردستان خاوەنی بڕێکی باشی یەدەگی غازی سروشتییە، بەجۆرێک لە ئێستادا خاوەنی (٥.٧) ترلیۆن مەتر سێجا غازە، بەجۆرێک ئەگەر ھەرێم ساڵانە (٨٥) ملیار مەتر سێجا بەرھەم بھێنێت، یەدەگی غازەکەی بەشی (٧٠) ساڵ دەکات، لە ئێستادا ئەگەر پێویستی سەرجەم وڵاتانی جیھان بە غاز لە ساڵێکدا (٣.٥) ترلیۆن مەتر سێجا بێت، ھەرێم دەتوانێت بۆ ماوەی دوو ساڵ پێداویستی ھەموو جیھان لە غازی سروشتی دابین بکات.
بەڵام کردەی بەرھەم ھێنان و فرۆشتنی غازی سروشتی وەک چۆن لە ڕووی تەکنیکیەوە ورد و ئاڵۆزە، بەھەمانشێوە لە ڕووی سیاسیشەوە ئاڵۆز و فرە ڕەھەندە، ئەگەر ئەو پرۆسەیە بە وردی دیراسە نەکرێت، دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ ھەرێم لێدەکەوێتەوە.
بەشێکی زۆری ئەو شەڕ و نائارامیانەی لە ڕابردوو ڕوویان داوە، پەیوەست بوون بە پرسی غازی سروشتییەوە، ئەو شەڕانەی کە لە ئێستا و لە داھاتووش ڕوو دەدەن، بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەست دەبن بەم پرسەوە، شەڕی ئێستای ڕوسیا و ئۆکراین، لە پاڵ چەند ھۆکارێکی پەراوێزی، ھۆکارە سەرەکیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پرسی غاز، چونکە (٨٠٪) غازی ڕووسیا لە ڕێگای ئۆکراینەوە دەگاتە وڵاتانی ئەوروپا، لە ڕابردووش بە دیاریکراوی لە ساڵەکانی (٢٠٠٦ و ٢٠٠٩) غاز گرفتی لەنێوان ھەر دوو وڵات دروست کردووە.
ساڵی (٢٠١١) ڕێککەوتنێک لەنێوان عیراق و سوریا واژۆ کرا، کە تایبەت بوو بە گواستنەوەی غازی ئێران لە ڕێگەی بۆریەوە لە ئێرانەوە بۆ عیراق پاشان بۆ بەندەری سوریا و لوبنان و لەوێشەوە بگات بە ئەوروپا، درێژی بۆریەکە (١٥٠٠)کم بوو لەناوخۆی ئێران، (٢٢٥) کم لەناو عێراق، ھەڵبەت لەبەرامبەر ئەمە عێراق ڕۆژانە بڕی (٢٥_٣٠) ملیۆن مەتر سێجا غازی وەردەگرت، درێژی بۆریەکە لەناوخۆی سوریا (٥٠٠- ٧٠٠) کم بوو، لەبەرامبەر ئەوەدا ھەر یەکە لە سوریا و لوبنان بە یەکەوە ڕۆژانە (٣٧) ملیۆن مەتر سێجا غاز وەربگرن، تێچوی کۆی پڕۆژەکە (١٠) ملیار دۆلار بوو، بڕیار بوو ڕۆژانە بڕی (١١٠) مەتر سێجا، واتە ساڵانە نزیکەی (٤٠) ملیار مەتر سێجا لە ڕێگەی ئەم بۆریەوە غاز ھەناردە بکرێت.
،،
بەڵام دوای ئەم ڕێککەوتنە ڕەوشی ناوخۆی سوریا بە تەواوی تێک دەچێت، لە عێراقیش خۆپیشاندان لەناوچە سونیەکان دەستپێدەکات، دەکرێت بەشێکی زۆری ئەو ڕووداوانەی لەو ساڵە و ساڵەکانی دواتر لە عیراق و سوریا ڕوودەدەن پەیوەست بکەین بەم پڕۆژەیەوە.
لە بەرامبەر ئەم پڕۆژەیەدا پڕۆژەیەکی تر ھەبوو کە بە ڕکابەری ئەم پڕۆژەیە دادەنێرت، ئەویش پڕۆژەی گواستنەوەی غازی ئیسرائیل و قەتەرە لە ڕێگەی ئوردن و سوریاوە بۆ تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا، دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) سوریا و تێکچوونی ڕەوشی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ئەو گروپانەی ئەو کاتە لە ئەمریکا و قەتەرەوە نزیک بوون، ڕاستەوخۆ کاریان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بڕیارە پڕۆژەی ئەم بۆریەی پێدا تێپەڕ بێت لە باکوری سوریا لە ناوچەکانی (حمس،ریفی دیمەشق) دواتر کاریان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بڕیارە ھێڵی یەکەم و دووەمی ئەم بۆریەی پێدا تێپەڕ بێت، لە سەرەتادا کار کرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بڕیارە ھێڵی یەکەمی پێدا تێپەڕ بێت واتە ناوچەکانی(ڕۆژھەڵاتی ریفی دیمەشق، ڕێگای ریفی دیمەشق و تدمور، تا دەگاتە حوارین بە درێژایی ٣٠کم، دواتر بۆ حمس و تلبیس و رستن و تا دەگات بە شارەکانی ترابلس و لازقیە) ھەرچی ھێڵی دووەمە (لە باکوری سوریاوە بۆ حمس و حما و عبرەی نعمان لە پارێزگای ئیدلیب لە نزیک سنورەکانی تورکیا).
ھەڵبەت دوای بەیانبوونی ئەم ڕاستیانە، ڕاستەوخۆ ڕوسیا کارادنەوەی ھەبوو، بڕیاری دا ھێز بنێریت بۆ سوریا و ببێت بە یەکێک لە لایەنە کاریگەرەکانی شەڕی سوریا، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت، چونکە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت، مەترسی جدی دەکەوێتەسەر ئاسایشی وەزەی ڕوسیا چونکە ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەیە ببێت بەجێگرەی غازی ڕوسیا لە ئەوروپا، وەک دەزانرێت ئەوروپا لە ئێستادا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە غازی ڕوسیا دەبەستێت.
لە ھەرێمی کوردستان بڕێکی باشی غازی سروشتی ھەیە، ئەگەر بە وریایەوە مامەڵەی پێوە نەکرێت دوور نیە لە جێگەی ئەوەی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک بھێنێت، ببێتە مایەی شەڕ و ئاشوب و ماڵوێرانی، بەم ھۆیە پێویستە مەلەفی نەوت و غازی ھەرێم لەدەستی حزب و مافیاکان دەربھێنرێت و دامەزراوەی تایبەتی نیشتمانی دروست بکرێت، بۆ ئەوەی سیاسەتێکی وەزەی ھاوسەنگ دابڕێژێت، بە تایبەت کە لە ئێستادا باس لە زیندوکردنەوەی پڕۆژەی نابۆکۆ و ھێڵی غازی ئیسرائیل دەکرێت بۆ ئەوەی ببن بە جێگرەی غازی ڕوسیا لە ئەوروپا.