ئێران چی لە ھەولێر دەوێ!

2022-03-14

تەنیا کوردی

ئێران ھەست بە گۆڕانکاری ھەیکەلی سیاسی لە داھاتووی عێراق دەکات، نیگەرانە لەو پێشھاتە نوێیانەی لە (مووسڵ تا کەرکووک) ھەیە... نیگەرانە لەوەی سوونەکان وەک ھەردوو بەرەی (حەلبوسی و خەمیس خەنجەر) کە نزیکی تورکیا بوونەو ئامادەکاری دەکەن پێگەی سیاسی تورکیا لە مووسڵ بەھێز بکەن، ھاوکات نیگەرانە لەوەی بەرەیەکی نوێ لە نێوان (سونەو پارتی) کراوەتەوە و ئەم بەرەیە درێژبووەتەوە بۆ نێو بەیتی شیعە کە رێککەوتنێکی پێشوەختەیان لەگەڵ (سەدر) ھەیە..


نیگەرانە لەوەی جموجۆڵێکی گەورەی تورکیا لە سووریا بۆسەر ئیدلب لەسەر ھێڵی M4 ھەیە کە ئەگەر تورکیا لەم جموجۆڵە لەسەر ھێڵی M4 سەرکەوتوو بێت، ئەوا کاریگەری دەخاتە سەر مووسڵ، چونکە خەتی ئێم فۆڕ تاسنووری رەبیعە دێت، ھەروەھا نیگەرانە کە راستەوخۆ جموجۆڵی ئاسمانی تورکیا لەسەر ھێڵی ٤٧ نێودەوڵەتی کە ناوچەی شنگال دەگرێتەوە ھەیە...


نیگەرانە لەوەی لە پتەوەی خەتی ٣٦ لە مەخموور و کەرکووک جموجۆڵی ئاسمانی تورکیا ھەیە، لەگەڵ ئەوەی کاریگەری تورکیا لەڕووی ھەیکەلی سیاسی بەسەر سوونەکانەوە ھەیە لێکتێگەیشتنی تورکیاش لە چوارچێوەی بەریتانیاو قەتەڕ و ئیمارات لەگەڵ سەدر و سونە ھەیە..

،،

بۆ ئێران لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکراینا لە ڕوانگەی ئابووری دەردەکەون، کە مەبەستی سەرەکی ئێران ئەوەیە لەڕووی ئۆکسجنینی ئابووری جموجۆڵە ئابوورییەکانی لە عێراق و سووریاو ھەرێم نەگۆڕێت بە جموجۆڵی ئابووری تورکیا..


چونکە پرسی غازی سروشتی ھەرێم ئەگەر یەکەم جار مەبەستی ئێران لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەوەبێت کە دۆسیەی ھەرێم رادەستی بەغدا بکرێت، ئەوا مەبەستی دووەمی بریتییە لە ڕێگرتن لە تورکیا کە نەتوانێت دەستی بە غازی سروشتی ھەرێم رابگات، بەڵام ھەرخۆی نەوت و غاز رەھەندێکی نێودەوڵەتی ھەیە و تورکیا لە گرێبەستکردن لەگەڵ ھەرێم لە نەوت و غازی سروشتی پاشەکشە ناکات.

ئێستا بۆ ھەرێم دۆخێکی نوێ ھەیە، ئایا لەگەڵ تورکیا ھاوکێشە ئابوورییەکە تەواو بکات لەکاتێکدا ئێران سەرئێشەی سەربازی بۆ دروست دەکات، یانیش دەبێ لەگەڵ ئێران ھاوسەنگی رابگرێت و بەرژەوەندی ئێرانیش رابگرێت..

ھەرێمی کوردستان دوو نەخشە رێگای لەبەردەستە...
-یەکەم، رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کە زیاتر ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانی سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق کە لە بابەت نەوت و غازدا رێککەوتنێک بکرێت و ھەولێر و بەغدا بگەنە چارەسەرێکی گونجاو لەسەر پرسی نەوت و غاز بەبێ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی کە ئەوکاتە ھەرێم لە ڕوانگەی یاسایی کێشەی لە نەوت و غاز نابێت و بۆ مەلەفەکەش دەکرێت شکلیەن ئەم مەلەفە لە بەغدا ھەبێت، بەڵام شێوازی ھەناردەو چوارچێوە ئابوورییەکەی ھەر لە ھەولێرەوە بێت...یان ئەوەتا بەغدا سکاڵا لە دادگاکان لەسەر ھەرێم تۆمار دەکات و ئەوکاتە یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە بۆ ھەرێم دەکەوێتە سەر ئەو لۆبیەی کە لە نەوت ھەیەتی..لە ھەردوو بواردا بەغدایش دەزانێ کە ھەرێم نەوت رادەست ناکات بۆیە باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ رێککەوتنی پێشوو بەشێوەی خەملاندنی داھاتی نەوت و دەرکردنی لە پشکی ھەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی عێراق کە ئەمەش چاوەڕوانکراوە بکرێت.

ئێران چی لە ھەولێری دەوێ...
-یەکەم، لەو بەرژەوندییە ئابوورییەی کە ئێران ھەیەتی لە عێراق تا سووریا ھەرێم نەکەوێتە بەرەیەک کە دژی بەرژەوەندی ئابووری ئێران بێت لە ناوچەکە دا.

-دووەم، ئێران ھەولێر بەبەشێک لە سەقامگیری ئاسایشی ئێران لە ناوچەکە دەزانێ، دەیەوێ لە ھاتنە ژوورەوەی بەرژەوەندی تورکیاو ئەو نەخشەڕێگایەی کە ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا لە ناوچەکە ھەیەتی ھەولێر بێلایەن دەرکەوێت.

-سێیەم، ئێران دەیەوێ ھەولێر ببێ بە ھاوبەشێکی ستراتیژی لەناوچەکە لەگەڵی نەوەک ببێتە ناوەندێک کە لەم ڕێگەیەوە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە.

دوارۆژی پێوەندی ھەولێر و تاران...
-یەکەم، چەکی دەستی ھەولێر بۆ ئێران دیپلۆماسییە، ھەولێر پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران داناخات، وەک روونە کە ئێران دەوڵەتەو ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ، ھەرێمێکە، بۆیە بەقەد قەبارەی خۆی ئەم پێوەندییە لەگەڵ ئێران دەپارێزێت.
-دووەم، ھەولێر لە ڕووی ئابوورییەوە بەرژەوەندی گرێدراوی لەگەڵ ئێران ھەیە و ھاوسەنگی ئابووری رادەگرێت، ھەم بۆ ئێران و ھەمیش بۆ ھەولێر ئەمە کارە دروستەکەیە.

-سێیەم، پرسی سەربازی لە ھەرێمی کوردستان ناچێتە چوارچێوەی دژایەتی ئێرانەوە،

،،

بەڵام ئەم ھێرشە موشەکایانە بۆسەر ھەولێر دەرفەتێکی گرینگە بۆ ھەولێر کە ببێتە خاوەنی سیستەمی پارێزگاری لە خۆی لە ڕێگەی پاتریۆت و ئەمەریکاش گڵۆپی سەوزی ھەڵکردووە کە ھەولێر ببێتە خاوەنی پاتریۆت لە چوارچێوەی مۆڵەتی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ دا.

-چوارەم، ھەولێر رێرەوی تۆرکیا لە ڕووی نەوت و غازەوە بە ئۆکسجینی خۆی دەزانێت بۆیە پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیا زیاتر پەرەپێدەدات.

-پێنجەم، ھەولێر لە ڕێگەی کەناڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەیەوێ خەتێکی پارێزگاری بەدەوری بەرژەوەندییەکانی دروستبکات بە پاڵپشتی بەغدا لەوەی کە دەستی دەرەکی نەبێتە ھۆکارێک بۆ رێگریکردن لە پرسی نێوخۆی ھەرێم و بەغدا و لەم بابەبەتدا ھەولێر و بەغدا دەچنە سەر یەک خەتی بەرژەوەندی و رەنکە ئەم موشەکانە سەرەتایەکی نوێیش بێت بۆ لێکتێگەیشتنی ھەولێر و بەغدا کە زیاتر لەیەکتر نزیک ببنەوە.