ڕاپۆرتی سه‌ڵاح سالار
ئێواره‌ی ڕۆژی 12ی ئازاری 1988 له‌كاتی بانگی شێوان تۆپخانه‌كانی ئێران كه‌وتنه تۆپبارانی ده‌وروبه‌ری چه‌می زه‌ڵم له ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان. ماوه‌یه‌ك بوو له‌ناو خه‌ڵكی شاره‌زووردا ده‌نگۆی هێرشی ئێران بۆ ناوچه‌كه ده‌بیسترا و خه‌ڵك به چرپه به‌گوێی یه‌كتریاندا ده‌دا كه ده‌ڵێن ئاگری شه‌ڕێك هه‌ورامان و شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه ده‌گرێته‌وه. ترسێك وه‌ك مۆته‌كه له‌سه‌ر دڵی خه‌ڵك هه‌بوو.
ئه‌و ئێواره‌یه له سه‌یدسادقه‌وه گڕی نووكی تۆپه ئاگرینه‌كانی ئێران ده‌بینران و خه‌ڵك ته‌ماشای ئه‌و دیمه‌نه ترسناكه‌یان ده‌كرد و هه‌ستیان ده‌كرد ئه‌وه په‌یامێكی شه‌ڕه و ناوچه‌كه ده‌گرێته‌وه. له نیوه‌شه‌ودا تۆپباران بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق و ده‌شتی شاره‌زوور ده‌ستی پێكرد. ڕۆژی 13ی ئازاری 1988 خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه له زرمه و ناڵه‌ی تۆپ نه‌یانده‌وێرا بچنه سه‌ر كار و پیشه‌كانیان، فه‌رمانده‌ی لیوا سه‌ربازییه‌كه‌ی عێراق شیعه‌بوو، ناوچه‌كه‌ی به ئاسانیی ڕاده‌ستی ئێران كرد و هێلی كۆپته‌ری ئێرانیی هاتن له ده‌وروبه‌ری گوندی قه‌ده‌فه‌ری ئامرلیواكه‌یان هه‌ڵگرت و گواستیانه‌وه بۆ ئێران، ئیتر سوپای عێراق شیرازه‌ی پچڕا و ئێران به بێ كاردانه‌وه هاته سه‌ر چه‌می زه‌ڵم و هه‌ڵه‌بجه و سیروان و خورماڵ به بێ ته‌قه گیران.
سوپا شپرزه‌كه‌ی عێراق له سه‌یدسادقه‌وه خۆیان كۆكرده‌وه‌و ئێرانیش هاته بناری هه‌ورامان تۆپبارانی خه‌ست ده‌ستی پێكرد، له شاخی (سوورێن)ـه‌وه شۆڤڵی ئێران ده‌ستی به دروستكردنی جاده كرد به ڕووی شانه‌ده‌رییدا سوپای عێراق هێنده شپرزه بووبوو تا دوو ڕۆژ نه‌یانتوانی ئه‌و شۆڤڵه تێكبشكێنن، سه‌رئه‌نجا ڕۆژی سێیه‌م و له 16ی ئازار به فڕۆكه و تۆپباران تێكیان شكاند.
ئێران كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزبه كوردییه‌كان كردبوو كه پێكه‌وه هێرش بكه‌ن و هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زوور بگرن، حزبه‌كانیش هه‌موو قایل بوون،
،،
به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی هه‌ستی به‌و مه‌ترسییه كردبوو به‌تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تیی و جه‌ماوه‌ری بزووتنه‌وه‌بوو بۆیه نه‌یانده‌ویست بیخه‌نه ژێر چه‌قۆی جه‌نگ،
به‌پێی نامه‌یه‌كی مامۆستا مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز كه ڕابه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه بوو فه‌رمان ده‌كات بۆ مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ریی و پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌كانیان كه به‌شداریی هێرش بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه نه‌كه‌ن، چونكه سه‌رئه‌نجام قوربانییه‌كه‌ی گه‌وره ده‌بێت بۆ ئه‌و شاره و ناوچه‌كه.
تەنانەت دەڵێت: من لای ئێرانییەکان بەرپرسیارێتی ئەو بەشدارینەکردنە ئەخەمە ئەستۆی خۆم. هه‌روه‌ها حزبی شیوعی عێراقیش ڕه‌تی كرده‌وه به‌شداریی شه‌ڕی داگیركردنی هه‌ڵه‌بجه بكات.
به‌ڵام دواتر كه ئێران و حزبه‌كانی دیکە هێرشه‌كه‌یان كرد و ناوچه‌كه‌یان گرت، بزووتنه‌وه‌ش هاتنه‌وه بۆ ناوچه‌كه و به‌شدارییان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت.
یه‌كێتیی ساڵانی پێشتر ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئێران كردبوو كه له شه‌ڕی دژی عێراقدا هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن.
هاوپەیمانیی و پێشینەی هێرشەکەی سەرهەڵەبجە:
نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت "تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ شاندێكی یه‌كێتی كه پێكهاتبوو له: فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، دكتۆر كه‌مال خۆشناو، محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم، شێردڵ حه‌وێزی ..چوونه تاران. له مانگی 10ی 1986دا له تاران، به نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی له‌لایه‌ن تاڵه‌بانی و به نوێنه‌رایه‌تی ئێران له‌لایه‌ن محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در (فه‌رمانده‌ی ئه‌وسای قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان) ڕێكه‌وتنێكی جه‌نگی و سیاسی و لۆجستی بۆ هاوكاری و هاوئاهه‌نگی هێزه‌كانی هه‌ردوولا دژی جه‌یشی عێراق له هه‌موو بواره‌كان ئیمزا كرا.
به پێی ئه‌م ڕێكه‌وتنه ئه‌بوو هێزه‌كانی یه‌كێتی له هه‌موو بوارێكی جه‌نگیدا هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران بكا و تا ڕووخانی سه‌دام درێژه‌ی به شه‌ڕ بدا و بێ ئاگاداری ئێران و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و، هیچ مفاوه‌زه و ئاشتیه‌ك له‌گه‌ڵ عێراق نه‌كا".
به‌ڵام كاتێك ئێران شاری هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامانی گرت، ئیتر سیاسه‌تی گۆڕا و ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌ردوو ناوچه‌كه‌دا گرت و حسابی بۆ حزبه كوردییه هاوپه‌یمانه‌كانی دوێنێی نه‌كرده‌وه‌و ڕێككه‌وتنه‌كانی پشتگوێ خست، ته‌نانه‌ت بازگه‌ی له هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان دانا و به‌بێ پرس و ڕه‌زامه‌ندیی خۆی كه‌س مافی هاووچۆی نه‌ما.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، باسی ئه‌وه ده‌كات، پاش كیمیاییبارانه‌كه ئێران قائیمقامێكی به ناوی (ڕه‌زائی) بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه داناوه و نه‌یهێشتووه به بێ وه‌ره‌قه‌ی ئه‌وان یه‌ك پێشمه‌رگه‌ش بچێته ناو شاره‌وه، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ڤه‌ری هه‌ورامانیش ڕێیان له گرتوون و ڕێگه‌یان پێ نه‌داون هاتوچۆ بكه‌ن. هه‌ر وه‌ك ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حزبی سۆسیالیست ده‌ڵێت: "زۆر تووڕه‌بووین و وتمان ئه‌گه‌ر ئاوابێت هیچمان به هیچ نه‌كردووه. به‌ڵام مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیزی جێگری ئه‌وسای ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی به توڕه‌بوونه‌وه وتویه‌تی با ته‌نیا یه‌ك شتمان كردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه جاران به عه‌ره‌بی داوای هه‌ویه‌مان لێ ده‌كرا، ئێستا به فارسی".
لێره‌دا بیرتیژیی مامۆستا مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز به‌سه‌ر هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كورددا ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌ده‌بوو ڕێگه خۆش بكه‌ن بۆ شه‌ڕێكی ئاوا، به‌ڵام یه‌كێتی له‌ژێر فشارێكی گه‌وره‌دابوو هێرش بۆ سه‌رناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تییان ده‌ستی پێكردبوو،
،،
بۆ ئه‌وه‌ی سوپای عێراق سه‌رقاڵ بكه‌ن به شه‌ڕێكی تره‌وه و فشار له‌سه‌ر ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تییان كه‌م بكه‌نه‌وه ئه‌و هێرشه‌كردنه سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یان قۆسته‌وه و به‌چڕیی به‌شدارییان تێدا كرد، سه‌رئه‌نجامه‌كه‌یشی هه‌ر ئه‌وه‌بوو كه ڕابه‌ری بزووتنه‌وه پێشبینی كردبوو.
پرسیاری جه‌وهه‌ریی ئه‌وه‌یه ئایا سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ستیان به‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه ده‌كرد و پێشبنییان ده‌كرد حكومه‌تی عێراق كاره‌ساتی ئاوا له هه‌ڵه‌بجه‌دا بخوڵقێنێت؟ بێگومان به‌ڵێ، ئه‌ویش له‌سه‌رزاری سه‌ركرده‌كانی كورده‌وه ده‌ڵێین به‌ڵێ، ته‌نانه‌ت مه‌ترسیی كیمیاییبارانیش هه‌بووه. مام جه‌لال خۆی ئه‌و ڕاستییه ده‌دركێنێت و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌یگێڕێته‌وه.
تاڵه‌بانی بۆخۆی ده‌ڵێت "حكومه‌ت پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ ناردبووین، كه هه‌ر په‌لامارێك له‌گه‌ڵ پاسداران بۆ سه‌ر هه‌ر شوێنێك، به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی جوابی ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شاری سلێمانیش بێت".
نه‌وشیروان مسته‌فا له كتێبی (له هاوخه‌باتییه‌وه بۆ ته‌خوین) وشه‌ی ئاغا بۆ تاڵه‌بانی به‌كار ده‌هێنێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئێرانیچێتی سكرتێره‌كه‌ی پێشووی خۆی. له‌و كتێه‌بدا نه‌وشیروان مسته‌فا نهێنییه‌كی ده‌ربڕیوه كه هێنده‌ی قوربانییه‌كان قورسه، ئه‌و ده‌ڵێت " ئاغای تاڵه‌بانی بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ئه‌یوت: كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه مه‌سه‌له‌ی كوردی برده ناو مه‌یدانی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه، ئاخ بۆ دوو سێ هه‌ڵه‌بجه‌ی تر".
ئه‌مه‌ش مانای وایه سه‌ركرده‌كان حه‌زیان كردووه هه‌زاران ڕۆڵه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌كوشت بده‌ن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا ئاوڕێكیان لێ بداته‌وه.
هه‌ندێك له خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێن: هه‌ستیان به نیازی چه‌په‌ڵی به‌عس كردووه و ویستوویانه شاره‌كه چۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام حزبە کوردییەکان ڕێگرییان لێكردوون و نه‌یانهێشت خه‌ڵك شاره‌كه چۆڵ بكه‌ن، تا سه‌رئه‌نجام ئه‌و كاره‌ساته جه‌رگبڕه‌ی لێكه‌وته‌وه.
سابیر كۆكه‌یی یه‌كێكه له پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی یه‌كێتی جه‌خت له هه‌مان ڕاستی ده‌كاته‌وه. ئه‌و له كتێبه‌كه‌یدا (ناڵه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆ مێژوو) ئاماژه به‌وه ده‌دات كه له كیمیاییبارانه‌كه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا یه‌كێتی ڕێگریی له خه‌ڵك كرد و ئه‌و كاره‌ساتیان خوڵقاند، "كۆمه‌ڵانی شاری هه‌ڵه‌بجه له ڕۆژانی 13ـ 14ـ 15ی 3ی 1988 هه‌وڵیان دابوو شاره‌كه‌یان چۆڵ بكه‌ن له ترسی نیازی گڵاوی به‌عسییه‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن لێرسراوانی یه‌كێتی نیشتمانییه‌وه ڕێگه‌یان نه‌درابوو شاره‌كه‌یان چۆڵ بكه‌ن، به‌ڵینیان پێ درابوو كه پارێزگاری‌یان لێ ئه‌كرێ. دواییش له‌لایه‌ن چه‌ند لێپرسراوێكی بێویژدانی یه‌كێتیی نیشتمانی سه‌روه‌ت و سامانی له‌دوا به‌جێماوی هه‌ڵه‌بجه‌ییه ئه‌نفال كراوه‌كان ڕاگوێزی قووڵایی شاره‌كانی ئێران كران و بۆیان فرۆشرا و پاره‌كه‌یان خسته گیرفانیانی خۆیان".
نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، له كتێبی (قه‌ڵه‌م و شمشێر)دا ئۆباڵی تاوانه‌كانی ڕژێم بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت " تا پدك به‌ره‌و حاجی هۆمه‌ران پێش له‌شكری ئێران نه‌كه‌وت، به‌عس بارزانییه‌كانی قوشته‌په‌ی ئه‌نفال نه‌كرد. تا نه‌وشیروان ئێرانی نه‌گه‌یانده بیره نه‌وته‌كانی كه‌ركووك، به‌عس گه‌رمیانی ئه‌نفال نه‌كرد. تا هێلی كۆپته‌ری ئێران له به‌رگه‌ڵوو نه‌نیشته‌وه، هێرشی ڕژێم به‌ره‌و دۆڵی جافه‌تی ده‌ستی پێ نه‌كرد. تا ینك ئێرانی نه‌گه‌یانده هه‌ڵه‌بجه، به‌عس كیمیابارانی شاره‌كه‌ی نه‌كرد. تا ینك پاسداری نه‌هێنایه كۆیه، به‌عس په‌لاماری هه‌ولێری نه‌دا".
ئه‌و نووسه‌ره له كتێبه‌كه‌یدا تاوانی ڕێگریی له ده‌ربازبوونی هاووڵاتیانی سیڤیل و به كۆمه‌ڵ تیاچوونیان بۆ خودی حزبه‌كان ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت "به‌هاری 1988 كه ئێران شاره‌زووری داگیركرد، حسك و پارتی خه‌ڵكی خورماڵ و سیروانیان له نێوان مانه‌وه و هه‌ڵاتندا سه‌رپشك كرد، هه‌ر بۆیه فڕۆكه‌وانه‌كانی ڕژێم كه هه‌ستیان كرد ئه‌و دوو شارچكه‌یه چۆڵ كراون، نزیكه‌ی هه‌رچی بۆمبیان پێ بوو، به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یاندا باراند، كه یه‌كێتی ڕێگای ده‌رچوونی له خه‌ڵكه‌كه گرتبوو".
ناوبراو پشكی شێر له‌و كاره‌ساتانه‌دا بۆ یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ده‌ڵێت "14/3/1988 شه‌وكه‌تی حاجی موشیر له بڵندگۆی مزگه‌وتی گه‌وره‌وه به خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی گوت "نابێ شار چۆڵ بكه‌ن. ترستان نه‌بێ، ده‌ستی ڕژێمتان ناگاتێ". ئه‌وه‌ی ده‌یویست شار به‌جێبهێڵێ، پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی پێی ده‌گوت "شه‌رم ناكه‌ی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمدا، ئه‌م شاره‌ت جێنه‌هێشووه، ئێستا كه پێشمه‌رگه ئازادی كردووه لێی هه‌ڵدێی؟".
سه‌باره‌ت به تاڵانكردن و ده‌ستبردن بۆ سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییان نموونه‌ی زۆر ده‌بیسترێت، شایتحاڵه‌كان خۆیان ده‌یگێڕنه‌وه، له‌و باره‌یه‌وه محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود له به‌رگی سێیه‌می كتێبی (ڕۆژژمێری پێشمه‌رگه‌یه‌ك)دا هه‌مان ڕاستی تاڵانكردنی ئه‌و شاره قوربانیده‌ره دووپات ده‌كاته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت "دوو لاندكرۆز وه‌ستابوو قوماشی ژنانه‌یان بار ده‌كرد له دوكانێكدا، ئه‌و كه‌سه‌ی كه شته‌كانی بار ده‌كرد مه‌سئولێكی یه‌كێتی بوو، نیوه‌ی له‌ودیو دوكانه‌كه‌وه بوو نیوه‌شی له ژێر ده‌ڕابه‌كه‌وه‌بوو. ئه‌ندام لقی پارتی‌یش هه‌روا خه‌ریكبوو، ئه‌ویش وا تێگه‌یشتبوو كه هه‌ستمان به‌و كاره‌ی نه‌كردووه".
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین: خولانه‌وه له ناو بازنه‌دا. دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌كانی كوردستانی عیراق 1984 ـ 1988. چاپی دووه‌م، 1999.
2ـ حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن: قه‌ڵه‌م و شمشێر، خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنگرانه‌ی بیروه‌رییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، 2000 سوێد.
3ـ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: رۆژژمێری پێشمه‌رگه‌یه‌ك، به‌رگی سێیه‌م
4ـ نه‌وشیروان مسته‌فا: له هاوخه‌باتیه‌وه بۆ ته‌خوین، چاپی یه‌كه‌م، 2010.
5ـ سابیر كۆكه‌یی: ناڵه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆ مێژوو، به‌شی یه‌كه‌م، 2001.
6ـ ڕۆژژمێری هاوسه‌ر 1988، بیره‌وه‌ری ڕۆژانه‌ی خۆم.