ستراتیژی ڕوسیا لەجەنگی دژ بە ئۆکرانیا

2022-03-16

هەنوکە جیهان لەبەردەم بەرجەستبوون و ئەزمونکردنی بەڕێوەچونی جەنگێکی بێ ئامان و دۆخێکی ئاڵۆزی و مەتریسداردایە.. ئەویش بەرمەبنایی ڕاگەیاندن و دەستپێکی جەنگی ڕووسیا لەدژی ئۆکراین، ترسناکی جەنگەکە تەنها لەوەدا نییە کە لەنێوان دوو دەوڵەتی هاوسنوردا بێت.. بەڵکو جەنگی ڕوسیایە لەگەڵ هەژمونخوازی ئەمریکا و ناتۆ و ئەوورپادایە ، بۆیە جیهانی دابەشکردوە بەسەر چەند بەرەو و ڕیزبەندیدا ، کەئەمەش هێمایە بۆ ترسناکی جەنگەکە..

،،

هەروەها لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتەوە ڕووسیا نەزعەی ڕابەرایەتی جەمسەریبوون لەلا کاڵ نەبۆتەوە و وەک ستراتیژ کاری لەسەر کردوە..


"لەساڵی 2008 سەرکێشی ڕووسیا لەسیاسەتی جیهانی بەمەبەستی کۆتایهێنان بە سیستمی تاک جەمسەری ئەمریکی لەو کاتەوە دەستپێدەکات هەتا ئێستاکە بەردەوامە، پۆتین هەر لەسەرەتایی هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکی ڕووسیا، هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی ڕووسیا خاوەنی سیاسەتی دەرەکی بەهێز و سەربەخۆ بێت، بۆ گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ڕابەرایەتی جەمسەرگیری ڕووسیایەکی نوێ، ڕوونە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە پشتی بەچاککردنی بارودۆخی ئابووری و سەقامگیری سیاسی و بەدیهێنانی ئاسایشی ناوخۆی کەزەمینەی گەڕانەوە و شکۆمەندی بۆ هێزی جیهانی ڕووسیا بسازێنت"


ئەوەی لەستراتیژی ڕووسیادا هەستی پێدەکرێت بۆ گەڕانەوەی جەمسەری ڕووسیا "یەکێک لەبەرژەژەوەندییە باڵاکانی مۆسکۆ بریتییە: لەپارێزگاریکردن لەناوچەی بواری زیندوو... بواری زیندوو بۆ مۆسکۆ خۆی دەبینێتەوە لەسنوری جوگرافی نزیک لەوڵاتەکەی کە لەڕووی جیۆپۆلتیکییەوە بەناوچەی ئۆرسیا ناودەبرێت، یاخود ئەو ناوچانەی کەبەڕۆژەهەڵاتی ئەوروپا ناودەبرێن و سنوری ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە" لەو نێوەندەدا "ڕووسیا لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە دەیەوێت خۆی تاکە زلهێزی ناوچەی ئۆڕاسیا بێت" لەو ڕووەوە (مێرشهاریمەر) بەڕابەری مۆدێلی تیۆریی ڕیالیزمی هێرشخۆاز هەژمار دەکرێت ، "ئەم نوسەرە گریمانە بونیادی ئانارکی سیستمی نێودەوڵەتی،دەوڵەتان ناچار دەکا پەنابگرنەبەر وەرگرتنی سیاسەتێکی دەرەکی هێرشخوازی"


هەڵبەتە لەپێشینەی ڕووسیادا چەسپاوە بۆ گەڕانەوەی جارێکی دیکە سەرۆکایەتی جەمسەری ڕووسیای نوێ و لەبەرامبەر تاک جەمسەری ئەمریکا و هەژموونی ناتۆدا، ئەمەش دەگەرێتەوە: " بۆ ساڵی 2008 لەقەیرانی جۆرجیا بەڕوونی بەدیارکەوت و جێبەجێکرا، ئەویش دوای بێدەنگبوونێکی درێژ لەئاست دەستوەردان و نزیکبوونەوەی ناتۆ وڵاتانی خۆرئاوایی لەوڵاتانی نزیک لەسنوری ڕووسیا و جیابووەوەی یەکێتی سوڤیەت(دەرەوەی نزیک) بەتایبەتیش دوای جێگیرکردنی قەڵغانی موشەکی لەپۆڵەندا لەلایەن ئەمریکاوە"

،،

بەردەوام ڕووسیا ئامانجی و ستراتیژی ئەوەبووکە هێز و توانای سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی جارانی بۆ بگەڕێتەوە بۆ ئەمەش ڕێگر بوو لە هەژموونی ئەمریکا و ئەوورپا ، هەر ئەوەش وای لە ڕووسیا کرد جەنگ لەدژی ئۆکرانیا ڕابگەێنت .

چونکە ئەمریکا و ناتۆ نزیک ببوونەوە لەگەماڕۆدان و خکاندنی یەکجارەکی ڕووسیا و لەباربردنی نەخشەی بەجەمسەرکردنەوەی ، هەروەها ڕووسیا"چاوی لەوەیه کەپێگەی خۆی لەناوچەی ئاسیا و دەریا هێمن وەک گرنگترین ناوچەکانی ستراتیژی لەهەمبەر ئەجیندای سیاسەتی دەرەکی خۆیدا تۆکمەتر بکات" ئەوە لەستراتیژی ڕووسیادا بەڕوونی لەهەڵوێست و سیاسەتی ڕوسیا و پۆتین دەردەکەوێت کە"چەند جارێک لەبری ڕووسیای فیدراڵ، ناوی ڕووسیای نوێ دەهێینت وەک ئاماژەیەک بۆ ڕووسیای سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی قەیسەری سەدەی( 17 - 18)" کەواتە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا تەنها بۆ ڕاگرتنی هەژمونی و ئەمریکا و ناتۆ نییە، بەڵکۆ سیاسەتێکی دوورمەودایه کە بریتییە: لەگەڕانەوەیە بۆ جەمسەرگیری سەردەمی قەیسەر و یەکێتی شورەویی جاران...

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لە کتێبی 1-سیاسەتی دەرەکی د. شەماڵ حسین
2- گۆڤاری جوڕناڵ ژمارە 68 تویژینەوەی
م. کارزان عومەر عەلی.