ساڵح ژاژڵەیی
مانگی ئازاری هەموو ساڵێك یادی ڕاپەِرینە مەزنەكەی ساَی 1991 جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كوردستانمان وەبیر دێنێتەوە . ئەو ڕاپەڕینەی هیواو ئومێدی بۆ گەلەكەمان گەڕاندەوە . ئەو ڕاپەڕینەی هەموو چین و توێژەكانی گەلەكەمانی تێدا بەشدار بوو . ئەو ڕاپەڕینەی ئاشتەوایی گشتی گەڕاندەوە بۆ ناو ڕیزەكانی گەلەكەمان .
،،
بەڵام سەد مەخابن دوای 30 ساڵ لەو ڕاپەڕینە ئێستا تێدەگەین كە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری بێگانەمان گوڕیوە بەدەسەڵاتێكی دیكتاتۆری دزو تاڵانچی و مافیا ئاسا بەناو كوردی .
ماوەی چەندین ساڵە ئەم دەسەڵاتە تاڵانچییە ڕۆژێك بەناوی پاشەكەوتی موچەو ڕۆژێك بەناوی لێبڕینی موچەوە ڕۆژێك بە پاساوی ئەوەی بەغدا پارەمان بۆ نانێرێت و ڕۆژێكی تر بەناوی ئەوەی نرخی نەوت دابەزیوە داهاتی هاوڵاتیان ئەدزن .
كاتێك كە بەرمیلی نەوت بە 25 دۆلار بوو هەرچۆنێك بێت بە دوو مانگ جارێك موچە دەدرا . بەڵام كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت لە سەرو 100 دۆلارەوەیە ، ئەوە ماوەی دوو مانگە موچە نەدراوە . ئاشتی هەورامی باش دەیزانی ئەمانە چییان كردوە بۆیە وتی ئەگەر بەرمیلی نەوت بگاتە 100 دۆلاریش موچە هەر وا دەبێت . بۆیە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بشگاتە 200 دۆلار هەر مانگی 350 ملیۆن دۆلار بۆ حكومەت دەگەرێتەوە و یەك دلار زیاد ناكات . كەواتە ئەو سیناریۆیەی مافیاكانی كورد لە پشتی پەردەوە ئەیانگێڕا كەوتە سەر پەردەو ئاشكرا بوو . ئێستا دەركەوت كە ئەم حكومەتەی ئێستا تەنها ناوەو دوو ئیدارەیی تەواوە . ئێدارەكەی سلێمانی داهاتی ناوخۆ ناخاتە خەزینەی حكومەتەوە بە پاساوی ئەوەی ئێدارەكەی هەولێریش هەموو پارەی نەوت ئاشكرا ناكەن . دوای 31 ساڵ حوكمڕانی بەناو كورد ئێستا سامانی ئەم نیشتمانە لەلایەن دوو تاقم مافیاوە بە كەڵەگایی دەستی بەسەردا گیراوە .
ئێسستا و دوای ئەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت سەرو 100 دۆلارە چ پاساوێك هەیە كە دوو مانگە موچە نادرێت ؟ لە كاتێكدا لە بەغدا باج لە سەر چەندین جۆری خواردن لابراوە . یارمەتی ئەوانەی دەرامەتیان كەمە زیاد كراوە . لیتری بەنزین بە 450 دینارە لە بەرامبەردا لە هەرێمی كوردستان لیتری بەنزین 1025 دینارە بۆ نۆرماڵ و نرخی زوربەی كاڵاكانیش زۆر بەرز بۆتەوە .
هاوڵاتیانی دڵسۆزی گەل و نیشتمان ، ڕۆشنبیران ، مامۆستایانی زانكۆ و گشت مامۆستایانی تر . فەرمانبەران ، كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان ، كاسبكاران ، دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە لە ماڵەوە دانیشتۆن و دانەمەزراون . خوێندكارانی زانكۆكان كە خوێندنتان تەواوكرد بیكار لە ماڵەوە دەبن .
هێزی پێشمەرگەو هەمو هێزە چەكداروكانی پارێزەری ئەم نیشتمانە . كاتی ئەوەیە هەمومان بیرێك لە دواڕۆژی خۆمان و نەوەكانمان و ئەم نیشتمانە بكەینەوە . ئەگەر خۆمان فریای خۆمان نەكەوین نابێ چاوەڕوانی كەسیش بكەین بگاتە فریامان . ئەگەر خۆمان لە خەمی خۆماندا نەبین ، ئەوە باش بزانن كەس لە خەمی ئێمەدا نابێت چونكە هەموان خەمی خۆیان هەیە .
ئەگەر تا ئێستا هیوایەك بۆ گەنجەكان ئەوە بوبێت كە ڕوبەكەنە هەندەران ، بە هۆی شەڕی ڕوسیاو ئۆكرانیا ئەو هەلەش نەماو چیتر كەس جێگەی نابێتـەوە لە ئەوروپا . ئەوەتا سەرۆكی حیزبێكی ڕاست ڕەوی هۆڵەندی بە ئاشكرا داوا لە حكومەتەكەی دەكات ئاوارەكانی سوریا دەربكەن و ئاوارەكانی ئۆكرانیا وەربگرن. كەواتە كاتی ئەوە نییە بێرێك لە خۆمان بكەینەوەو كەمێك خۆمان كۆبكەینەوەو چیتر ڕێگا نەدەین ئەم مافیاو تاڵانچیانە سامانەكەمان تاڵان بكەن ؟. ئاخر ئەگەر ئەمانە ویژدانیا هەبێت چۆن قوتی ماڵ و مناڵی خەڵك ئەدزن. ئەوەتا بەناو سەرۆكی حكومەتەكەمان دەڵی خۆ ئێمە سواڵ كەر نین هەموو مانگێك بچین سواڵ لە بەغدا بكەین .
ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆیی و بنەماڵەكەی نێوەی داهاتی نەوت بەتاڵان و بەهانەی پێنەدانی موچەش دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بەغدا پارە نادات . ئەم جۆرە هەڵس و كەوتانە لە كوردەواریدا پێی دەگوترێت گوندەیی یان كاڵەگایی . واتە بە ئارەزو موچە نادەم . فەرمون چیتان لە دەست دێت بیكەن . ئەگەر ئەم قسەیە وانییە بۆچی موچە نادەن ؟ .
،،
هاوڵاتیانی خۆشەویست ، خەمخۆران هیچ ڕێگایەك لەپێشماندا نەماوەتەوە جگە لە خۆكۆكردنەوەمان بۆ ِراپەڕین .
ئەگەر لە سەرەتاوە خەڵك ڕازی نەبوایا بە پاشەكەوت و لێبڕینی موچە كار نەدەگەیشتە ئێستا . كاتێك زانییان خەڵك بێدەنگەو بە هەموو شتێك ڕازییە . بەردەوام بون لەسەر ڵێبرین و پاشەكەوتی موچە لە كاتێكدا پارەی موچەش هەبوە . ئەوەتا ئێستا بایكۆتی دەوام كراوە .
بابزانین ئەمە بەكوێ دەگات . مامۆستایان بایكۆت دەكەن مناڵی خەڵك زەرەر دەكات . فەرمانبەران بایكۆت دەكەن ، كاری هاوڵاتیان دوەستێت . ئەوەتا ئێستا بایكۆت هەیە بابزانین چ كاریگەرییەكی هەیە ؟ ئایا ئەم مافیایانە هیچ وەڵامێكیان هەیەو هیچ هەست بەوە دەكەن ئەمانە لە خەمی خەڵكدابن ؟ . نەخەیر هەر بەخەیاڵیاندا نایەت . ئەگەر كار ئاوا بڕوات بایكۆتیش بایەخی نامێنێـت و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەمانە نابێـت .
كاتی ئەوەیە هەموو ئەو بەڕێزانەی كە نوسین دەنوسن و لەسایتەكان بڵاو دەكرێتەوە ، شێوازی نوسینەكانیان بگۆڕن و بە ئاشكرا جەماوەر جۆش بدەن بۆ خۆپیشاندان و ڕاپەڕین . ئەونوسینانەی ئەو بەڕێزانە بۆ كەسانێكی دەسەڵاتدارە كە ویژدانیان هەبێـت و لە خەمی مناڵی خەڵك بن . ئەم جۆرە نوسینانە بۆ ئەوەیە دەسەڵات لە كەمو كوڕیەكان ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی هەڵەكان چاك بكەنەوە .
ئەمانە دزن و بە ئاشكرا دزی دەكەن و حساب بۆ كەس ناكەن . ئەو هەمو خەڵكە قسەی كردو نوسینی بڵاو كردەوە لەسەر ئەوەی ڕیفراندۆم خراپە ، سەرۆكە خێڵەكیەكە بە قسەی كەسی كرد؟ نێچیر بارزانی بۆ ماوەی 50 ساڵ نەوتی كوردستانی هەڕاج كرد ، پرسی بە كەس كرد؟. ئەی سەرۆكی بەناو حكومەتەكەمان جەنابیان لەگەڵ كوڕەكەی نەچو بۆ قەتەر بۆ هەڕاج كردنی غازی كوردستان ، پرسی بەكەس كرد؟.
،،
كەواتە كاتی ئەوە هاتوە بە نوسینە جوانەكانتان ڕێگا لەبەردەم جەماوەردا ڕەوشەن بكەنەوەو با ئەشكرا هانیان بدەن بێنە سەرشەقام و داوای مافی خۆیان بكەن .
بانگی محمد بە ئاشكرا خۆشەو نابێ بترسین . داوا لە جەماوەر بكەن یەك بگرن و ئەم دزو مافیایانە لەم وڵاتە دەربكەن . ئەمانە بەوە ناڕۆن چەند مامۆستایەك لەشوێنێك كۆببنەوەو ئاسایش بە چەكەوە دەوریان بگرن . كاتی ئەوەیە هەموو چین و توێژەكان بێنە سەرشەقام . كاتی ئەوەیە هەموو ئوتومبێلەكان لەسەر شەقامەكان بكوژێننەوەو ڕێگای هاتوچۆ بگرن . كاتی ئەوەیە ڕێگای مەرزەكان بگرن .
كاتی ئەوەیە هەمومان بە ژن و منال َو قوتابیانەوە بچینە سەر شەقام و داوابكەین ئەم مافیایانە ئێرە جێبهێڵن و چیتر سامانی ئەم وڵاتە تاڵان نەكەن . كات نەماوەو زۆریش درەنگ بوەو هاوڵاتیان چاوەڕوانی چی لەم دەسەڵاتە دەكەن ؟