ئەو، فارووق جەلیزادە، ئێستا تەمەنی نەوەدو پێنج ساڵە، كوڕی مەلای گەورەی كۆیەو برای بیریاری گەورەی كورد مەسعود محەمەدە، لە دیدارێكی دورو درێژدا لەگەڵ " گروپی گوڵنار"دا دەربارەی مەلای گەورەی كۆیەو مەسعود محەمەدی برای گفتوگۆ دەكاتو باسلەوە دەكات كە برایم ئەحمەدو مام جەلال بەرانبەر مەسعود محەمەدی برای بێوەفابوون.
لەو دیدارەدا كە لە كتێبی " دیداری گەورەكان"دا بڵاوكراوەتەوە ئەوە دەگێرێتەوە كە مام جەلالو برایم ئەحمەد، مەسعود محەمەدیان ناچار كردووە كە لەسەر پشكی كورد بچێتە پەرلەمانی عێراق، فارووق جەلیزادە دەڵێت:" ساڵی 1952 مەسعود محەمەدی كاكم حاكم بوو لە سلێمانی، منو سورەیای خوشكمو خوشكە گەورەكەشم لەگەڵی بووین ڕۆژێك برایم ئەحمەدو مام جەلال هاتن بۆ لای، منیش لەگەڵیان دانیشتبووم، گوتیان هەڵبژاردن لە گۆڕێدایەو دەبێت خۆت كاندید بكەیت" كاكیشم وتی، ئێ باشە ئەوە من چەند مانگێكە لێرە بوومەتە حاكم، لێرە ماڵم داناوەو خوشكو برام لەگەڵن، چۆن دەكرێت ئەم حاڵو ماڵە هەڵوەشێنمەوە؟ گوتیان وەڵا هەر دەبێ بیكەی، ئەگەر نەیكەی خائینی، كاكیشم وتی جا نایكەم، بەڵام بەزۆر ئیستیقالەیان پێدا، ئەوە بوو چووە ناو هەڵبژاردنەوەو حیزبی شیوعی هەستانو چوون سندوقی هەڵبژاردنیان شكاند، بۆ ئەوەی كاندیدی حكومەت سەركەوێو مەسعود محەمەد كە نوێنەری پارتییەو ڕۆشنبیترین كەسە لە كورددا سەر نەكەوێـت، بەڵام هەر سەركەوت".
وەكو فارووق جەلیزادە باسیدەكات بۆجاری دووەمیش مەسعود محەمەد بە تەزكییە سەركەوتووە بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەمجارە برایم ئەحمەدو مام جەلال كەوتوونەتە دژایەتیكردنی، "جاری دووەمیش هەر بە تەزكییە سەركەوتەوە، كەچی ئەمجارە مام جەلالو برایم ئەحمەد كەوتنە دژایەتیكردنیو چوون عومەر دەبابەیان هێناو گەورەیان كردو مونافیسیان بۆ پەیدا كرد، شیوعیو كەونو كائینات ڕوویان لەماڵی ئێمە كردو دەیانووت:" چیت دەوێت تا ئێمە بۆت بكەین" كاكیشم وتی من نەهاتووم ئەو عالەمە تێك وەردەم، نە نیابەتم دەوێو نە هیچ" مەبەستم ئەوەیە ئەوانە بێوەفا بوون لەگەڵی"،
فارووق جەلیزادە ئاماژە بەوە دەدات كە لە میانی دژایەتیكردنی براكەیدا، برایم ئەحمەد بە مەسعود محەمەدی وتووە تۆ پیاوی ئەمەریكای، جەلیزادە دەڵێت:" یەكێكی وەكو ئیبراهیم ئەحمەد دەیگوت وەڵا مەسعود محەمەد موخابەراتی ئەمەریكییەو بۆ ئەوان ئیش ئەكات، كاكیشم پێی وتبوو ئەگەر موخابەراتی ئەمەریكی بوومایە منیش وەكو تۆ پێیەكم لە لەندەنو پێیەكم لە كوردستان دەبوو و مووچەشم بۆ دەهات، بەڵام من ئێستاش خانوویەكم نییەو لە خانووی كرێدامو زۆرجاریش كرێیەكەم پێنادرێ لە بەغداد، من ئەگەر موخابەراتی ئەمەریكی بوومایە، ناچار نە دەبووم بە نوسین كتێب پارە پەیدا بكەم".
فارووقی جەلیزاد دەشڵێت:" تەنانەت برایم ئەحمەد دەیووت كە دەڵێن مەلای گەورەی كۆیە، ئەو گەورەییە هی ئەوە نییە كە زانایەكی گەورە بێتو عیلمیو تێگەشتنەكانی گەورەو كاریگەربن
،،
بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە لەشو تەنی گەرەیە، ئەوانە ئاوا دژی ئێمە بوونو بێوەفا بوون لەگەڵمان"
لە كۆتاییەكانی تەمەنیداو ئەوكاتەی كە لەهەولێر نیشتەجێبوو، مەسعود محەمەد ڕەخنەی گرتووەو وتوویەتی " هەولێر شەوەزەنگەو دهۆكیش چراخانە".
ئەو قسەیەی مەسعود محەمەد، مەسعود بارزانی توڕەو نیگەران دەكاتو ئەوەش وادەكات مەسعود محەمەد هەولێر جێبهێڵیتو بێت بۆ سلێمانی، دەربارەی ئەو ڕووداوەی بەسەرمەسعود محەمەدی برایدا هاتووە، فاروقی جەلیزادە دەڵێت:" لە وڵاتێكدا ڕەخنە بگرە كە یاسا سەروەربێت نەك ئەشخاس، من مەسعود محەمەدی برام بوومایە بەراوردم دەكرد لەنێوان چراخانی دهۆكو و شەوەزەنگی هەولێرداو دەمگوت دیارە ئەوە بەدەست پارتیەوەیەو ئیشەڵا پێ بەپێو قۆناغ بە قۆناغ ئەو ڕووناكیەش دەگاتە هەولێرو هەولێریش وەك دهۆك ڕوانك دەبێتەوەو دەبێتە چراخان، بەڵام تۆ بێیت بە مەسعود بارزانییەك وا بڵێیت كە بتهێنێتەوەو خانووت بۆ بكڕێت بە 400 هەزاردیناری سویسریو 200 هەزار دیناریشت بۆڕێكخستنو تەئسیسی خانووەكەت بداتێو مانگانەش 25 هەزار دەیناری سویسریت بداتێ، من ناڵێم ببە بە شەیتانی ئەخرەسو گوێی خۆت بەرانبەری كەڕ بكەو بێدەنگبە بەرانبەری، بەڵام لەوحاڵەتەی دەبێت ڕەخنە بەشێوازێك بگریت كە شعوری بەرانبەر بریندار نەكەیت".
فارووق جەلیزادە زۆرتر دەربارەی ئەو ڕووداوە لەگەڵ " گروپی گوڵنار"دا دواوەو وتوویەتی": كاكم ئەوەی نەبوو، دوای ئەوە چووە سلێمانی، منیان نارد بەشوێنیدا گوتم كاكە مادام وایە هاتوویتە سلێمانی مام جەلالیش لێرە بەهەمان شێوە خزمەتت دەكات، گوتی تازە نایەمەوە هەولێر، لە هۆتێل چوارچرا دادەنیشتو میوانی یەكێتی بوو، بەڵام دوای پێنج شەش ڕۆژ هاتەوە بۆ هەولێر، وتم بۆ هاتیتەوە وتی ئەوەی ڕێگربوو نەماو ئیتر هاتمەوە، بەڵام مەسعود بارزانی هەر قسەكەی مەسعود محمەدی پێناخۆش بوو، هەر مابوویەوە لە دڵیدا".
لە نیگەرانیو توڕەبوونەكەی مەسعود بارزانییەوە بەرانبەر مەسعود محەمەدی برای، فارووق جەلیزادە باس لە خاسەیەتێكی مەسعود بارزانی دەكاتو ئاماژە بەوە دەدات كە لەو خاسیەتەدا لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەددا هاوبەشن:" با بۆ مێژوو پێتان بڵێم ئیبراهیم ئەحمەدو مەسعود بارزانی نایانەوێ كەس لەخۆیان گەورەتر بێت، تەبیعەتی ئیبراهیم ئەحمەدیش ئاوا بوو، شتی لەدڵ دەگرتو قین لەدڵ بوو، نەیدەویست كەس ئاغاو گەورەی بێت، تەنانەت بۆیە مەسعود محەمەدی خۆش نەدەویست چونكە مەسعود محەمەد لە سەقافەتو فیكردا زۆر لەمێژبوو ئیبراهیم ئەحمەدی تێپەڕاندبوو، تەنانەت هۆكاری جیابوونەوەكەشی لە مەلا مستەفا هەر ئەوە بوو كە مەلا مستەفای پێقبوڵ نەدەكرا كە گەورەو سەرۆكی بێت".